دووەم تیمۆساوس 1:1-18
دووەم تیمۆساوس 1:1-18 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
پۆڵۆس، په‌یامبه‌ری ئیشۆعی مه‌سیح به خواستی خودا له‌پێناوی به‌ڵێنی ژیان له ئیشۆعی مه‌سیحدا، بۆ ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویستم تیماتیئوس: به‌خشش و به‌زه‌یی و ئاشتی له خودای باوک و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان. سوپاسی خودا ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ی هه‌روه‌ک باوباپیرانم به ویژدانێكی بێگه‌رد ده‌یپه‌رستم، كاتێ شه‌و و ڕۆژ بێ بڕانه‌وه له نزاكانم یادت ده‌كه‌م، كاتێ یادی فرمێسكه‌كانت ده‌كه‌مه‌وه، تامه‌زرۆی بینینت ده‌بم تاكو پڕبم له شادی. باوه‌ڕی بێ ڕووپامایی تۆم وه‌بیر دێته‌وه كه له تۆدایه، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مجار له لوئیسی نه‌نكت و ئه‌فنیكی دایكت نیشته‌جێ بوو، دڵنیام له تۆشدایه. له‌به‌ر ئه‌مه وه‌بیرت دێنمه‌وه به‌هره‌ی خودا هه‌ڵبگیرسێنی، ئه‌وه‌ی له تۆ دایه به ده‌ستدانانی من. چونكه خودا ڕووحی شكستهێنانی پێمان نه‌داوه، به‌ڵكو ڕووحی هێز و خۆشویستن و خۆڕاگری. بۆیه شه‌رمت به گه‌واهیی په‌روه‌ردگارمان نه‌بێت، هه‌روه‌ها به منیش كه به‌ندكراوی ئه‌وم، به‌ڵكو به‌شداریی ئازار بكه له‌پێناوی ئینجیل، به‌گوێره‌ی هێزی خودا، ئه‌وه‌ی ڕزگاری كردین و به بانگه‌وازێكی پارسا بانگی كردین، نه‌ک به‌گوێره‌ی كردارمان، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی مه‌به‌ست و به‌خششی خۆی كه پێش ده‌ستپێكی زه‌مانه ئه‌زه‌لیه‌كان به ئیشۆعی مه‌سیح پێمان دراوه، ئێستاش ئاشكرا بوو به ده‌ركه‌وتنی ئیشۆعی مه‌سیحی ڕزگاریده‌رمان، ئه‌وه‌ی مه‌رگی پووچه‌ڵ كرده‌وه، ژیان و نه‌مری به‌هۆی ئینجیل ڕووناک كرده‌وه، ئه‌وه‌ی من بۆی ده‌ستنیشان كرام به بانگه‌وازده‌ر و په‌یامبه‌ر و فێرگه‌ری نه‌ته‌وه‌كان. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش ئه‌م ئازارانه ده‌چێژم، به‌ڵام شه‌رم ناكه‌م، چونكه ده‌زانم باوه‌ڕم به كێ هێناوه، دڵنیام ئه‌و ده‌توانێ پارێزگاری سپارده‌كه‌م بكات تا ئه‌و ڕۆژه. دوای په‌ندی ئه‌و وشه دروستانه بكه‌وه كه له منت بیستووه، له باوه‌ڕ و خۆشویستن له ئیشۆعی مه‌سیحدا. سپارده چاكه‌كه به ڕووحی پارسا بپارێزه كه تیاماندا نیشته‌جێیه. تۆ ئه‌مه ده‌زانی، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ئاسیادان لێم هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه، له‌وانه فیجلۆس و هرمۆجینیس. په‌روه‌ردگار به‌زه‌یی بداته خێزانی ئۆنیسیفۆرس، چونكه زۆر جار منی حه‌ساندوه‌ته‌وه و شه‌رمی به زنجیرم نه‌بووه. به‌ڵكو كاتێ له ڕۆما بوو، به په‌رۆشیه‌وه به‌دوامدا گه‌ڕا و منی دۆزییه‌وه. له‌و ڕۆژه‌دا په‌روه‌ردگار پێی بدات به‌زه‌یی په‌روه‌ردگار بدۆزێته‌وه. باش ده‌زانیت له ئه‌پیسۆسدا له چه‌ند لایه‌ک ڕاژه‌ی كرد.
دووەم تیمۆساوس 1:1-18 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)
لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، بەگوێرەی بەڵێنی ژیان کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بەدەستدێت، بۆ کوڕی خۆشەویستم تیمۆساوس: با نیعمەت و بەزەیی و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵت بێت. سوپاسی خودا دەکەم، ئەوەی هەروەک باوباپیرانم بە ویژدانێکی پاک دەیپەرستم، کاتێک بە شەو و ڕۆژ بێ بڕانەوە لە پاڕانەوەکانمدا یادت دەکەم. کاتێک یادی فرمێسکەکانت دەکەمەوە، پەرۆشی بینینت دەبم تاکو پڕبم لە خۆشی. باوەڕی بێ دووڕوویی تۆم وەبیر دێتەوە کە یەکەم جار لە ناخی لوئیسی داپیرەت و یونیکی دایکتدا نیشتەجێ بوو، دڵنیام لە تۆشدایە. لەبەر ئەمە وەبیرت دەهێنمەوە ئەو بەهرەیە دابگیرسێنیت کە لەدوای ئەوەی من دەستم لەسەرت دانا خودا پێی بەخشیت، چونکە خودا ڕۆحی ترسی پێمان نەبەخشیوە، بەڵکو ڕۆحی هێز و خۆشەویستی و خۆڕاگریی پێ بەخشیوین. بۆیە نە لە بەرامبەر پەیامەکە سەبارەت بە مەسیحی خاوەن شکۆمان و نە بەرامبەر بە من کە لە پێناوی ئەودا بەند کراوم هەست بە شەرمەزاری مەکە، بەڵکو لەگەڵ من و بە پشتبەستن بە هێزی خودا بەشداری لەو ئازارەدا بکە کە بەهۆی مزگێنییەوە دەیچێژیت. خودا ڕزگاری کردین و بە بانگەوازێکی پیرۆز بانگی کردین، نەک بەگوێرەی کردارمان، بەڵکو بەگوێرەی خواست و نیعمەتی خۆی کە پێش دەستپێکی زەمانە بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیحدا پێمان دراوە، ئێستاش ئاشکرا بوو بە دەرکەوتنی عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمان، ئەوەی مردنی لەناو برد و لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە ژیان و نەمریی ڕووناک کردەوە. بۆ ئەم مزگێنییە بە مزگێنیدەر و نێردراو و مامۆستا دەستنیشان کرام. لەبەر ئەم هۆیەش ئەم ئازارانە دەچێژم، بەڵام شەرمی پێوە ناکەم، چونکە دەزانم باوەڕم بە کێ هێناوە، دڵنیام مەسیح دەتوانێ پارێزگاری سپاردەکەم بکات هەتا ئەو ڕۆژە. بەدوای ئەو فێرکردنە دروستە بکەوە کە لە منت بیستووە، بیکە سەرمەشقی ژیانت، لەگەڵ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی کە لە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەیە. سپاردە چاکەکە بە ڕۆحی پیرۆز بپارێزە کە تیاماندا نیشتەجێیە. ئەمە دەزانی، هەموو ئەوانەی لە ئاسیادان وازیان لێ هێنام، لەوانە فیگەلۆس و هەرمۆگینیس. با مەسیحی باڵادەست بەزەیی بە خێزانی ئۆنیسیفۆرۆسدا بێتەوە، چونکە زۆر جار ورەی بەرز کردومەتەوە و شەرمی بە کۆت و زنجیرم نەبووە، بەڵکو کاتێک لە ڕۆما بوو، بە پەرۆشییەوە بەدوامدا گەڕا و منی دۆزییەوە. با لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا بەهۆی مەسیحی باڵادەستەوە بەزەیی خودای باوک بەدەستبهێنێت. تۆ باش دەزانیت کە لە ئەفەسۆس بە چەندین شێوە خزمەتی کردم.