لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 1:14-22

کردار 1:14-22 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌وه‌بوو له‌ ئیقانون پێكه‌وه‌ چوونه‌ نێو كه‌نیشتی جووه‌كان و ئاوا قسه‌یان كرد تاكو جه‌ماوه‌رێكی زۆر له‌ جوو و یۆنانییه‌كان باوه‌ڕیان هێنا. به‌ڵام ئه‌و جووانه‌ی باوه‌ڕیان نه‌هێنا، نه‌ته‌وه‌كانیان جۆش دا و دژ به‌ برایان مێشكیان پڕ كردن. جا پۆڵۆس و به‌رنڤا ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ له‌وێ مانه‌وه‌ و به‌ئاشكرا باسی په‌روه‌ردگاریان ده‌كرد، ئه‌ویش گه‌واهیی بۆ وشه‌ی به‌خششی خۆی ده‌دا و ڕێی دابوو په‌رجوو و نیشانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستیان بكرێت. ئیتر دانیشتووانی ئیقانون بوونه‌ دوو به‌ش، هه‌ندێكیان له‌گه‌ڵ جوو بوون و هه‌ندێكیان له‌گه‌ڵ په‌یامبه‌ران. جا كاتێ نه‌ته‌وه‌كان و جوو و سه‌رۆكه‌كانیان هێرشیان كرده‌ سه‌ر په‌یامبه‌ران تاكو به‌ردبارانیان بكه‌ن، په‌یامبه‌ران هه‌ستیان كرد و بۆ شاری لیستره‌ و ده‌ڕبێی لیكاونیه‌ و بۆ ده‌ڤه‌ره‌كانی ده‌وروپشتیان هه‌ڵاتن و له‌وێش موژده‌یان ده‌دا. له‌ لیستره‌ كابرایه‌ک دانیشتبوو، هێز له‌ پێیه‌كانی نه‌بوو، به‌ زگماک ئیفلیج بوو، هه‌رگیز ڕێی نه‌كردبوو. پۆڵۆسی بیست كه‌ قسه‌ی ده‌كرد، پۆڵۆسیش چاوی تێبڕی، كاتێک بینی باوه‌ڕی هه‌یه‌ چاكبێته‌وه‌، به‌ ده‌نگێكی مه‌زن وتی: “هه‌سته‌ به‌ پێوه‌ ڕاوه‌سته‌!” كابرا یه‌كسه‌ر هه‌ڵبه‌زییه‌وه‌ و ڕێی كرد. كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ بینییان پۆڵۆس چی كرد، به‌ زمانی لیكاونیه‌ هاواریان كرد و وتیان: “خوداوه‌نده‌كان شێوه‌ی مرۆڤیان وه‌رگرتووه‌ و هاتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ نێومان!” جا به‌رنڤایان ناونا زییۆس، پۆڵۆسیش هرمس، چونكه‌ قسه‌كه‌ری سه‌ره‌كی بوو. ئینجا كاهینی زییۆس، كه‌ په‌رستگاكه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی شار بوو، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌كه‌ گا و تاجه‌گوڵینه‌ی هێنابوو و ده‌یویست قوربانی پێشكه‌ش بكات. كاتێ په‌یامبه‌ره‌كان، به‌رنڤا و پۆڵۆس، ئه‌مه‌یان بیست، جله‌كانیان دڕاند، خێرا چوونه‌ لای خه‌ڵكه‌كه‌، هاواریان كرد و وتیان: “خه‌ڵكینه‌، بۆچی ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن؟ ئێمه‌ش مرۆڤین، له‌ ژێر هه‌مان ئازارداین وه‌ک ئێوه‌، موژده‌تان ده‌ده‌ینێ واز له‌م شته‌ ناڕه‌وایانه‌ بهێنن و بۆ لای خودای زیندوو بگه‌ڕێنه‌وه‌، ئافرێنه‌ری ئاسمان و زه‌وی و ده‌ریا و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی تیایه‌تی. ئه‌وه‌ی له‌ نه‌وه‌كانی ڕابردوودا، هێشتی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان به‌ ڕێگای خۆیان بڕۆن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆی به‌ بێ گه‌واهیی نه‌هێشته‌وه‌، چاكه‌ ده‌كات، له‌ ئاسمانه‌وه‌ باران و وه‌رزی به‌روبووممان ده‌داتێ و دڵمان له‌ خواردن و له‌ شادی تێر ده‌كات”. به‌ وتنی ئه‌م قسانه‌ و هه‌وڵدانێكی زۆر توانییان وا له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ بكه‌ن كه‌ قوربانییان بۆ نه‌كه‌ن. هه‌ندێک جوو له‌ ئینتیاكیا و ئیقانونه‌وه‌ هاتن، قه‌ناعه‌تیان به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ هێنا، ئه‌وانیش پۆڵۆسیان به‌ردباران كرد و ڕایانكێشایه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار، وایانزانی مردووه‌. به‌ڵام كاتێ قوتابییه‌كان ده‌وریان دا، هه‌ستا و گه‌ڕایه‌وه‌ نێو شار. بۆ ڕۆژی دواتر له‌گه‌ڵ به‌رنڤا بۆ ده‌ڕبێ ڕۆیشت. موژده‌یان به‌و شاره‌ دا زۆر كه‌سیان كرده‌ قوتابی. ئینجا گه‌ڕانه‌وه‌ لیستره‌ و ئیقانون و ئینتیاكیا. وره‌ی قوتابییه‌كانیان به‌رز ده‌كرده‌وه‌ هانیان ده‌دان له‌ باوه‌ڕ جیگیر بن: پێویسته‌ به‌ ته‌نگانه‌ی زۆردا بچینه‌ نێو پاشایه‌تیی خودا.

هاوبەشی بکە
کردار 14 بخوێنەوە

کردار 1:14-22 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لە کۆنیا پۆڵس‏ و بەرناباس وەک هەمیشە چوونە ناو کەنیشتی جولەکەکان و بە شێوەیەک قسەیان کرد کە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکە و یۆنانییەکان باوەڕیان هێنا. بەڵام ئەو جولەکانەی باوەڕیان نەهێنا، ناجولەکەکانیان جۆشدا و لە دژی برایان مێشکیان پڕکردن. بۆیە پۆڵس و بەرناباس ماوەیەکی دوورودرێژ لەوێ مانەوە و ئازایانە سەبارەت بە عیسای خاوەن شکۆ قسەیان دەکرد، ئەویش شایەتی بۆ پەیامی نیعمەتی خۆی دەدا و ڕێی دابوو نیشانە و پەرجوو لەسەر دەستیان بکرێت. ئیتر دانیشتووانی کۆنیا بوونە دوو بەش، هەندێکیان لەگەڵ جولەکە بوون و هەندێکیان لەگەڵ نێردراوان. کاتێک ناجولەکەکان و جولەکە و سەرۆکەکانیان بەتەمابوون سووکایەتی بە نێردراوان بکەن و بەردبارانیان بکەن، نێردراوان زانییان و بۆ شاری لیسترا و دەربەی لیکاونیا و بۆ ناوچەکانی دەوروپشتیان هەڵاتن و لەوێش مزگێنییان دەدا. لە لیسترا کابرایەک دانیشتبوو، هێز لە پێیەکانیدا نەبوو، بە زگماک ئیفلیج بوو، هەرگیز بە پێی خۆی نەڕۆیشتبوو. گوێی لە پۆڵس بوو کە قسەی دەکرد، پۆڵسیش چاوی تێبڕی، کاتێک بینی باوەڕی هەیە چاک بێتەوە، بە دەنگێکی بەرز گوتی: «هەستە بە پێوە ڕابوەستە!» کابرا دەستبەجێ هەڵبەزییەوە و دەستی بە ڕۆیشتن کرد. کاتێک خەڵکەکە بینییان پۆڵس چی کرد، بە زمانی لیکاونیا هاواریان کرد: «خوداوەندەکان شێوەی مرۆڤیان وەرگرتووە و هاتوونەتە خوارەوە بۆ ناومان!» جا بەرناباسیان ناو نا زییۆس، پۆڵسیش هەرمەس، چونکە قسەکەری سەرەکی بوو. ئینجا کاهینی زییۆس، کە پەرستگاکەی لە دەرەوەی شار بوو، لەگەڵ خەڵکەکە گا و تاجەگوڵینەی هێنابووە لای دەروازەکان و دەیویست قوربانی پێشکەش بکات. بەڵام کاتێک نێردراوەکان، پۆڵس و بەرناباس، ئەمەیان بیست، جلەکانیان دڕاند، خێرا چوونە لای خەڵکەکە، هاواریان کرد: «خەڵکینە، بۆچی ئەمە دەکەن؟ ئێمەش مرۆڤین، لە هەمان سروشتی ئێوە، مزگێنیتان دەدەینێ واز لەم شتە پووچانە بهێنن و بۆ لای خودای زیندوو بگەڕێنەوە، دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە. ئەوەی لە نەوەکانی ڕابردوودا، هێشتی هەموو نەتەوەکان بە ڕێگای خۆیاندا بڕۆن. لەگەڵ ئەوەی خۆی بە بێ شایەتی نەهێشتەوە، چاکە دەکات، لە ئاسمانەوە باران و وەرزی بەروبوومتان دەداتێ و دڵتان لە خواردن و لە خۆشی تێر دەکات.» بە گوتنی ئەم قسانە و هەوڵدانێکی زۆر توانییان وا لە خەڵکەکە بکەن کە قوربانییان بۆ نەکەن. هەندێک جولەکە لە ئەنتاکیا و کۆنیاوە هاتن، قەناعەتیان بە خەڵکەکە هێنا، ئەوانیش پۆڵسیان بەردباران کرد و ڕایانکێشایە دەرەوەی شار، وایانزانی مردووە. بەڵام کاتێک قوتابییەکان دەوریان دا، هەستا و گەڕایەوە ناو شار. بۆ ڕۆژی دواتر لەگەڵ بەرناباس بۆ دەربە ڕۆیشت. مزگێنییان بەو شارە دا و ژمارەیەکی زۆریان کردە قوتابی. ئینجا گەڕانەوە لیسترا و کۆنیا و ئەنتاکیا، ورەی قوتابییەکانیان بەرز دەکردەوە هانیان دەدان لە باوەڕ بچەسپێن: «پێویستە بە تەنگانەی زۆردا بچینە ناو شانشینی خودا.»

هاوبەشی بکە
کردار 14 بخوێنەوە