لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 1:17-15

کردار 1:17-15 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئینجا به‌ ئه‌مفیپۆلیس و ئه‌پۆلۆنیادا تێپه‌ڕین و گه‌یشتنه‌ تسلۆنیقێ كه‌ كه‌نیشتی جووی لێبوو. پۆڵۆس وه‌كو دابی خۆی چووه‌ لایان، سێ شه‌ممه‌ له‌سه‌ر یه‌ک به‌ سیپاره‌كان گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌كردن، ڕوونی ده‌كرده‌وه‌ و ده‌ریده‌خست كه‌ ده‌بووایه‌ مه‌سیح ئازار بچێژێت و له‌نێو مردووان هه‌ستێته‌وه‌. پێی وتن: ئه‌م ئیشۆعه‌ی من پێتانی ڕاده‌گه‌یه‌نم، مه‌سیحه‌كه‌یه‌. هه‌ندێكیان قه‌ناعه‌تیان هێنا و چوونه‌ پاڵ پۆڵۆس و شیلا، هه‌روه‌ها جه‌ماوه‌رێكی زۆر له‌ یۆنانیی خواپه‌رست و له‌ ژنه‌ خانه‌دانه‌كانیش كه‌ ژماره‌یان كه‌م نه‌بوو. جووه‌كانیش ئیره‌ییان پێ هات، هه‌ندێک پیاوخراپی بازاڕیان هێنا، خه‌ڵكیان كۆكرده‌وه‌ و ئاژاوه‌یان له‌ شار نایه‌وه‌. چوونه‌ سه‌ر ماڵی ئیاسون و داوایان كرد پۆڵۆس و شیلا بهێنرێنه‌ لای خه‌ڵک. كاتێ نه‌یاندۆزینه‌وه‌، ئیاسون و هه‌ندێک برایانیان بۆ لای فه‌رمانڕه‌وایانی شار ڕاكێشا، هاواریان ده‌كرد: “ئه‌مانه‌ كه‌ جیهانیان هه‌ڵگێڕاوه‌ته‌وه‌، بۆ ئێره‌ش هاتوون، ئیاسون میوانداریی كردوون. هه‌موویان دژی فه‌رمانه‌كانی قه‌یسه‌ڕ كار ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن پاشایه‌كی دیكه‌ هه‌یه‌، ناوی ئیشۆعه‌!”. به‌م قسانه‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ و فه‌رمانڕه‌وایانی شاریان وروژاند. ئه‌وانیش ده‌سته‌به‌ر په‌یامیان بۆ ئیاسون و ئه‌وانه‌ی دیكه‌ كرد و ئازادیان كردن. كه‌ شه‌و داهات برایان پۆڵۆس و شیلایان نارده‌ بیڕووئا‌، كه‌ گه‌یشتن چوونه‌ كه‌نیشتی جووه‌كان. به‌ڵام خه‌ڵكی بیڕووئا‌ له‌ تسلۆنیقێیه‌كان ڕێزدارتر بوون، به‌وپه‌ڕی په‌رۆشییه‌وه‌ وشه‌كه‌یان وه‌رگرت، هه‌موو ڕۆژێک له‌ سیپاره‌كان ورد ده‌بوونه‌وه‌ ئاخۆ شته‌كان ئاوان؟ جا زۆریان باوه‌ڕیان هێنا، هه‌روه‌ها زۆر له‌ ژنه‌ ڕێزداره‌ یۆنانییه‌كان و پیاویش كه‌ ژماره‌یان كه‌م نه‌بوو. كاتێ جووی تسلۆنیقێ زانییان پۆڵۆس له‌ بیڕووئا‌ش وشه‌ی خودای ڕاگه‌یاندووه‌، هاتن له‌وێش كۆمه‌ڵانه‌كه‌ جۆش بده‌ن. جا یه‌كسه‌ر برایان پۆڵۆسیان بۆ ده‌ریا نارد، به‌ڵام شیلا و تیماتیئوس له‌وێ مانه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی یاوه‌ری پۆڵۆس بوون ئه‌ویان هێنایه‌ ئه‌تینۆس، كاتێ ڕاسپارده‌یان بۆ شیلا و تیماتیئوس برد كه‌ به‌ زووترین كات بێنه‌ لای، ڕۆیشتن.

هاوبەشی بکە
کردار 17 بخوێنەوە

کردار 1:17-15 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پاش ئەوەی پۆڵس و هاوڕێکانی بە شاری ئەمفیپۆلیس و ئەپۆلۆنیادا تێپەڕین، گەیشتنە سالۆنیکی کە کەنیشتی جولەکەی لێبوو. پۆڵس وەک کردبوویە پیشە چووە لایان، سێ ڕۆژی شەممە لەسەر یەک بە نووسراوە پیرۆزەکان گفتوگۆی لەگەڵ دەکردن، ڕوونی دەکردەوە و دەریدەخست کە دەبووایە مەسیح ئازار بچێژێت و لەنێو مردووان هەستێتەوە. پێی گوتن: «ئەم عیسایەی من پێتانی ڕادەگەیەنم، مەسیحەکەیە.» هەندێکیان قایل بوون و چوونە پاڵ پۆڵس و سیلا، هەروەها زۆر لە یۆنانی خواپەرست و لە ژنە خانەدانەکانیش کە ژمارەیان کەم نەبوو. بەڵام هەندێک لە جولەکەکانی دیکە ئیرەییان پێ هات، چەند پیاوخراپێکی بازاڕیان هێنا و خەڵکیان کۆکردەوە و ئاژاوەیان لە شاردا نایەوە. چوونە سەر ماڵی یاسون و داوایان کرد پۆڵس و سیلا بهێنرێنە لای خەڵک. کاتێک نەیاندۆزینەوە، یاسون و هەندێک برایانیان بۆ لای فەرمانڕەوایانی شار ڕاکێشا، هاواریان دەکرد: «ئەمانە کە جیهانیان هەڵگێڕاوەتەوە، بۆ ئێرەش هاتوون، یاسون میوانداری کردوون. هەموویان لە دژی فەرمانەکانی قەیسەر کار دەکەن، دەڵێن پاشایەکی دیکە هەیە، ناوی عیسایە.» بەم قسانە خەڵکەکە و فەرمانڕەوایانی شاریان وروژاند. ئەوانیش دەستەبەرنامەیان بۆ یاسون و ئەوانەی دیکە کرد و ئازادیان کردن. کە شەو داهات برایان پۆڵس و سیلایان ناردە بیریە، کە گەیشتن چوونە کەنیشتی جولەکە. خەڵکی بیریە لە سالۆنیکییەکان تێگەیشتووتر بوون، چونکە بەوپەڕی پەرۆشییەوە پەیامەکەیان وەرگرت و بۆ دڵنیابوون لە ڕاستیی قسەکانی پۆڵس، ڕۆژانە لە نووسراوە پیرۆزەکان ورد دەبوونەوە. ئیتر زۆریان باوەڕیان هێنا، هەروەها ژمارەیەک لە ژنە خانەدانە یۆنانییەکان و ژمارەیەکی زۆریش لە پیاوانی یۆنانی. بەڵام کاتێک جولەکەی سالۆنیکی زانییان پۆڵس لە بیریەش پەیامی خودای ڕاگەیاندووە، هاتن لەوێش خەڵک جۆش بدەن و بیانوروژێنن. دەستبەجێ برایان پۆڵسیان بەرەو کەناری دەریا نارد، بەڵام سیلا و تیمۆساوس لەوێ مانەوە. ئەوانەی یاوەری پۆڵس بوون ئەویان هێنایە ئەسینا، ئینجا گەڕانەوە پاش ئەوەی پۆڵس ڕایسپاردن بە زووترین کات سیلا و تیمۆساوس بێن بۆ لای.

هاوبەشی بکە
کردار 17 بخوێنەوە