کردار 1:17-34
کردار 1:17-34 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
ئینجا به ئه‌مفیپۆلیس و ئه‌پۆلۆنیادا تێپه‌ڕین و گه‌یشتنه تسلۆنیقێ كه كه‌نیشتی جووی لێ‌بوو. پۆڵۆس وه‌كو دابی خۆی چووه لایان، سێ شه‌ممه له‌سه‌ر یه‌ک به سیپاره‌كان گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌كردن، ڕوونی ده‌كرده‌وه و ده‌ریده‌خست كه ده‌بووایه مه‌سیح ئازار بچێژێت و له‌نێو مردووان هه‌ستێته‌وه. پێی وتن: ئه‌م ئیشۆعه‌ی من پێتانی ڕاده‌گه‌یه‌نم، مه‌سیحه‌كه‌یه. هه‌ندێكیان قه‌ناعه‌تیان هێنا و چوونه پاڵ پۆڵۆس و شیلا، هه‌روه‌ها جه‌ماوه‌رێكی زۆر له یۆنانیی خواپه‌رست و له ژنه خانه‌دانه‌كانیش كه ژماره‌یان كه‌م نه‌بوو. جووه‌كانیش ئیره‌ییان پێ هات، هه‌ندێک پیاوخراپی بازاڕیان هێنا، خه‌ڵكیان كۆكرده‌وه و ئاژاوه‌یان له شار نایه‌وه. چوونه سه‌ر ماڵی ئیاسون و داوایان كرد پۆڵۆس و شیلا بهێنرێنه لای خه‌ڵک. كاتێ نه‌یاندۆزینه‌وه، ئیاسون و هه‌ندێک برایانیان بۆ لای فه‌رمانڕه‌وایانی شار ڕ‌اكێشا، هاواریان ده‌كرد: “ئه‌مانه كه جیهانیان هه‌ڵگێڕاوه‌ته‌وه، بۆ ئێره‌ش هاتوون، ئیاسون میوانداریی كردوون. هه‌موویان دژی فه‌رمانه‌كانی قه‌یسه‌ڕ كار ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن پاشایه‌كی دیكه هه‌یه، ناوی ئیشۆعه!”. به‌م قسانه كۆمه‌ڵه‌كه و فه‌رمانڕه‌وایانی شاریان وروژاند. ئه‌وانیش ده‌سته‌به‌ر په‌یامیان بۆ ئیاسون و ئه‌وانه‌ی دیكه كرد و ئازادیان كردن. كه شه‌و داهات برایان پۆڵۆس و شیلایان نارده بیڕووئا، كه گه‌یشتن چوونه كه‌نیشتی جووه‌كان. به‌ڵام خه‌ڵكی بیڕووئا له تسلۆنیقێیه‌كان ڕێزدارتر بوون، به‌وپه‌ڕی په‌رۆشییه‌وه وشه‌كه‌یان وه‌رگرت، هه‌موو ڕۆژێک له سیپاره‌كان ورد ده‌بوونه‌وه ئاخۆ شته‌كان ئاوان؟ جا زۆریان باوه‌ڕیان هێنا، هه‌روه‌ها زۆر له ژنه ڕێزداره یۆنانییه‌كان و پیاویش كه ژماره‌یان كه‌م نه‌بوو. كاتێ جووی تسلۆنیقێ زانییان پۆڵۆس له بیڕووئا‌ش وشه‌ی خودای ڕاگه‌یاندووه، هاتن له‌وێش كۆمه‌ڵانه‌كه جۆش بده‌ن. جا یه‌كسه‌ر برایان پۆڵۆسیان بۆ ده‌ریا نارد، به‌ڵام شیلا و تیماتیئوس له‌وێ مانه‌وه. ئه‌وانه‌ی یاوه‌ری پۆڵۆس بوون ئه‌ویان هێنایه ئه‌تینۆس، كاتێ ڕاسپارده‌یان بۆ شیلا و تیماتیئوس برد كه به زووترین كات بێنه لای، ڕۆیشتن. كاتێ پۆڵۆس له ئه‌تینۆس چاوه‌ڕێی ده‌كردن، له ڕووحیدا هه‌ڵچوو كه بینی شاره‌كه پڕه له بت. بۆیه له كه‌نیشت گفتوگۆی له‌گه‌ڵ جوو و خواپه‌رستان ده‌كرد، له بازاڕیش له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ڕۆژانه تووشیان ده‌هات. هه‌ندێک فه‌یله‌سوفی ئه‌پیقۆری و ستۆیكی گفتوگۆیان له‌گه‌ڵی ده‌كرد، هه‌ندێک ده‌یانووت: “ئه‌م چه‌نه‌بازه ده‌یه‌وێت چی بڵێت؟” هه‌ندێكی دیكه وتیان: “دیاره بانگه‌واز بۆ خوداوه‌ندێكی نامۆ ده‌كات”. چونكه موژده‌ی ئیشۆع و هه‌ستانه‌وه‌ی ده‌دا. ئینجا بردییانه ئاریۆپاگۆس و وتیان: “ده‌توانین بزانین ئه‌م فێركردنه نوێیه چییه باسی ده‌كه‌یت؟ چونكه شتی نامۆت لێ ده‌بیستین و ده‌مانه‌وێت واتاكه‌ی بزانین”. چونكه هه‌موو ئه‌تینۆسییه‌كان و بێگانه‌كانی تێدا ده‌ژیان، ده‌رفه‌تیان بۆ هیچ شتێک نه‌ده‌دا جگه له باس یان بیستنی شتی نوێ. پۆڵۆس له‌ناوه‌ڕاستی ئاریۆپاگۆسدا وه‌ستا و وتی: “پیاوانی ئه‌تینۆس! ده‌بینم له هه‌موو لایه‌كه‌وه زۆر دیندارن”. چونكه كاتێ ده‌گه‌ڕام و سه‌یری په‌رستراوه‌كانتانم ده‌كرد، قوربانگایه‌كم بینی له‌سه‌ری نووسرا بوو: “بۆ خودای نه‌ناسراو”. جا ئه‌وه‌تان بۆ ڕاده‌گه‌یه‌نم كه ده‌یپه‌رستن و نایناسن. ئه‌و خوداوه‌نده‌ی جیهان و هه‌موو شته‌كانی نێوی ئافراندووه، كه په‌روه‌ردگاری ئاسمان و زه‌وییه و له په‌رستگای ده‌ستكرد نیشته‌جێ نابێت. به ده‌ستی مرۆڤ ڕاژه ناكرێت وه‌ک پێویستی به شتێک بێت، چونكه ئه‌و به خۆی ژیان و هه‌ناسه و هه‌موو شتێک ده‌داته هه‌مووان. هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی له یه‌كێک دروستكردووه، تاكو له‌سه‌ر هه‌موو ڕووی زه‌وی نیشته‌جێ بن، كات و سنووره‌كانی نیشته‌جێبوونی ئه‌وانی داناوه و دیاری كردووه، تاكو به‌دوای خودا بگه‌ڕێن، به‌ڵكو بیگه‌نێ و بیدۆزنه‌وه، هه‌رچه‌نده له هه‌ر یه‌كێكمان دوور نییه. چونكه له‌ودا ده‌ژین و ده‌جووڵێین و هه‌ین. وه‌ک هه‌ندێک شاعیرانتان وتیان: “ئێمه‌ش نه‌وه‌ی ئه‌وین”. بۆیه جا كه نه‌وه‌ی خوداین، پێویسته بیرنه‌كه‌ینه‌وه كه خودایه‌تی له په‌یكه‌ری زێڕ یان زیو یان به‌ردینه، كه داهێنان و كارده‌ستی مرۆڤ نیگاری كێشاوه. ئێستا خودا فه‌رمان ده‌دات بۆ هه‌موو خه‌ڵک و له هه‌موو شوێنێک كه تۆبه بكه‌ن، بۆیه چاوپۆشی له سه‌رده‌مانی نه‌زانی ده‌دكات. چونكه ڕۆژێكی داناوه تیایدا به‌ته‌مایه به دادپه‌روه‌ری جیهان حوكم بدات، به پیاوێک كه دیاری كردووه، به‌ڵگه‌شی به هه‌مووان داوه كه له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه”. كاتێ گوێیان له هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان بوو، هه‌ندێكیان گاڵته‌یان پێكرد و هه‌ندێكیان وتیان: “جارێكی دیكه له‌م باره‌یه‌وه گوێت لێ ده‌گرین!”. ئیتر پۆڵۆس له‌نێویان ده‌رچوو. به‌ڵام هه‌ندێ كه‌س باوه‌ڕیان هێنا و جوداخوازیان كرد، له‌وانه: دیانیۆنیسییوسی ئاریۆپاگۆس و ژنێک ناوی داماریس بو و كه‌سانی دیكه‌ش له‌گه‌ڵیان.
کردار 1:17-34 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)
پاش ئەوەی پۆڵس و هاوڕێکانی بە شاری ئەمفیپۆلیس و ئەپۆلۆنیادا تێپەڕین، گەیشتنە سالۆنیکی کە کەنیشتی جولەکەی لێ‌بوو. پۆڵس وەک کردبوویە پیشە چووە لایان، سێ ڕۆژی شەممە لەسەر یەک بە نووسراوە پیرۆزەکان گفتوگۆی لەگەڵ دەکردن، ڕوونی دەکردەوە و دەریدەخست کە دەبووایە مەسیح ئازار بچێژێت و لەنێو مردووان هەستێتەوە. پێی گوتن: «ئەم عیسایەی من پێتانی ڕادەگەیەنم، مەسیحەکەیە.» هەندێکیان قایل بوون و چوونە پاڵ پۆڵس و سیلا، هەروەها زۆر لە یۆنانی خواپەرست و لە ژنە خانەدانەکانیش کە ژمارەیان کەم نەبوو. بەڵام هەندێک لە جولەکەکانی دیکە ئیرەییان پێ هات، چەند پیاوخراپێکی بازاڕیان هێنا و خەڵکیان کۆکردەوە و ئاژاوەیان لە شاردا نایەوە. چوونە سەر ماڵی یاسون و داوایان کرد پۆڵس و سیلا بهێنرێنە لای خەڵک. کاتێک نەیاندۆزینەوە، یاسون و هەندێک برایانیان بۆ لای فەرمانڕەوایانی شار ڕاکێشا، هاواریان دەکرد: «ئەمانە کە جیهانیان هەڵگێڕاوەتەوە، بۆ ئێرەش هاتوون، یاسون میوانداری کردوون. هەموویان لە دژی فەرمانەکانی قەیسەر کار دەکەن، دەڵێن پاشایەکی دیکە هەیە، ناوی عیسایە.» بەم قسانە خەڵکەکە و فەرمانڕەوایانی شاریان وروژاند. ئەوانیش دەستەبەرنامەیان بۆ یاسون و ئەوانەی دیکە کرد و ئازادیان کردن. کە شەو داهات برایان پۆڵس و سیلایان ناردە بیریە، کە گەیشتن چوونە کەنیشتی جولەکە. خەڵکی بیریە لە سالۆنیکییەکان تێگەیشتووتر بوون، چونکە بەوپەڕی پەرۆشییەوە پەیامەکەیان وەرگرت و بۆ دڵنیابوون لە ڕاستیی قسەکانی پۆڵس، ڕۆژانە لە نووسراوە پیرۆزەکان ورد دەبوونەوە. ئیتر زۆریان باوەڕیان هێنا، هەروەها ژمارەیەک لە ژنە خانەدانە یۆنانییەکان و ژمارەیەکی زۆریش لە پیاوانی یۆنانی. بەڵام کاتێک جولەکەی سالۆنیکی زانییان پۆڵس لە بیریەش پەیامی خودای ڕاگەیاندووە، هاتن لەوێش خەڵک جۆش بدەن و بیانوروژێنن. دەستبەجێ برایان پۆڵسیان بەرەو کەناری دەریا نارد، بەڵام سیلا و تیمۆساوس لەوێ مانەوە. ئەوانەی یاوەری پۆڵس بوون ئەویان هێنایە ئەسینا، ئینجا گەڕانەوە پاش ئەوەی پۆڵس ڕایسپاردن بە زووترین کات سیلا و تیمۆساوس بێن بۆ لای. کاتێک پۆڵس لە ئەسینا چاوەڕێی دەکردن، زۆر پەست و بێزار بوو کە بینی شارەکە پڕە لە بت. بۆیە لە کەنیشت گفتوگۆی لەگەڵ جولەکە و خواپەرستان دەکرد، لە بازاڕیش لەگەڵ ئەوانەی ڕۆژانە تووشیان دەبوو. کۆمەڵێک فەیلەسوفی ئەپیکوری و ستۆیکی گفتوگۆیان لەگەڵی دەکرد. هەندێکیان دەیانگوت: «ئەم چەنەبازە دەیەوێت چی بڵێت؟» هەندێکی دیکەشیان دەیانگوت: «دیارە بانگەواز بۆ چەند خوداوەندێکی نامۆ دەکات،» چونکە باسی عیسا و زیندووبوونەوەی دەکرد. ئینجا بردیانە ئاریۆپاگۆس و گوتیان: «دەتوانین بزانین ئەم فێرکردنە نوێیە چییە باسی دەکەیت؟ چونکە شتی سەیرت لێ دەبیستین و دەمانەوێت واتاکەی بزانین.» لەبەر ئەوەی هەموو ئەسیناییەکان و ئەو بێگانانەی تێدا دەژیان دەرفەتیان بە هیچ شتێک نەدەدا جگە لە باسکردن و گوێگرتن لە بیروڕا نوێیەکان. پۆڵس لە ناوەڕاستی ئاریۆپاگۆسدا وەستا و گوتی: «پیاوانی ئەسینا، دەبینم لە هەموو لایەکەوە زۆر دیندارن. کاتێک دەگەڕام و سەیری پەرستراوەکانتانم دەکرد، قوربانگایەکم بینی لەسەری نووسرا بوو: ”بۆ خودای نەناسراو.“ جا ئەوەتان بۆ ڕادەگەیەنم کە دەیپەرستن و نایناسن. «ئەو خودایەی کە جیهان و هەموو شتەکانی ناوی دروستکردووە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوییە و لە پەرستگای دەستکرد نیشتەجێ نابێت. بە دەستی مرۆڤ خزمەت ناکرێت وەک ئەوەی پێویستی بە شتێک بێت، چونکە ئەو خۆی ژیان و هەناسە و هەموو شتێک بە هەمووان دەبەخشێت. هەموو نەتەوەکانی لە یەک کەسەوە دروستکردووە، تاکو لەسەر هەموو ڕووی زەوی نیشتەجێ بن، کات و سنوورەکانی نیشتەجێبوونی ئەوانی داناوە و دیاری کردووە، تاکو ڕوو لە خودا بکەن، بەڵکو بیگەنێ و بیدۆزنەوە، هەرچەندە لە هەر یەکێکمان دوور نییە. ”چونکە لە ئەودا دەژین و دەجوڵێین و هەین،“ وەک هەندێک شاعیرانتان گوتیان: ”ئێمەش نەوەی ئەوین.“ «لەبەر ئەوەی کە نەوەی خوداین، پێویستە وا بیرنەکەینەوە کە خودا وەکو پەیکەری زێڕ یان زیو یان بەردینە، کە داهێنان و بیری مرۆڤ شێوەی کێشاوە. لە سەردەمانی نەزانیدا خودا چاوپۆشی کردووە، بەڵام ئێستا فەرمان دەدات بە هەموو کەسێک لە هەموو شوێنێک کە تۆبە بکەن، چونکە ڕۆژێکی دیاری کردووە کە تێیدا لە ڕێگەی ئەو پیاوەی کە دەستنیشانی کردووە، بە دادپەروەری جیهان حوکم بدات. بەڵگەشی بە هەمووان داوە کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.» کاتێک گوێیان لە هەستانەوەی مردووان بوو، هەندێکیان گاڵتەیان پێ‌کرد، بەڵام هەندێکی دیکەیان گوتیان: «جارێکی دیکە لەم بارەیەوە گوێت لێ دەگرین.» ئیتر پۆڵس ئەوێی بەجێهێشت، بەڵام هەندێک کەس لایەنگری پۆڵسیان کرد و باوەڕیان هێنا، لەوانە: دیونیسیۆسی ئەندامی ئاریۆپاگۆس، هەروەها ژنێک بە ناوی داماریس و چەند کەسێکی دیکەش لەگەڵیان.