لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 1:19-41

کردار 1:19-41 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌پۆلۆس له‌ قۆرنتێ بوو، پۆڵۆس به‌ ڕێگا به‌رزه‌كانه‌وه‌ تێپه‌ڕی و هاته‌ ئه‌پیسۆس. له‌وێ هه‌ندێک قوتابیی بینی، پێی وتن: “كاتێ باوه‌ڕتان هێنا، ڕووحی پارساتان وه‌رگرت؟” پێیان وت: “ته‌نانه‌ت نه‌شمانبیستووه‌ كه‌ ڕووحی پارسا هه‌یه‌!” پێی وتن: “كه‌واته‌ به‌ چی عه‌مادكران؟” وتیان: “به‌ عه‌مادكردنه‌كه‌ی یوخه‌ننه‌ن”. پۆڵۆس وتی: “عه‌مادكردنه‌كه‌ی یوخه‌ننه‌ن عه‌مادكردنی تۆبه‌كردن بوو، به‌ گه‌لی ده‌ووت باوه‌ڕ بهێنن به‌وه‌ی له‌دوای دێت، واتا به‌ ئیشۆعی مه‌سیح”. كاتێ ئه‌مه‌یان بیست به‌ ناوی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار عه‌مادكران. جا كاتێ پۆڵۆس ده‌ستی له‌سه‌ر دانان، ڕووحی پارسا هاته‌ سه‌ریان، به‌ زمانان دووان و پێشبینییان كرد. به‌ هه‌موویان نزیكه‌ی دوازده‌ پیاو ده‌بوون. ئینجا پۆڵۆس چووه‌ كه‌نیشت، بۆ زیاتر له‌ سێ مانگ به‌ئاشكرا ده‌دووا، گفتوگۆی ده‌كرد و ده‌رباره‌ی پاشایه‌تیی خودا قه‌ناعه‌تی به‌ خه‌ڵک ده‌هێنا. به‌ڵام هه‌ندێ كه‌س كه‌للـه‌ڕه‌قییان كرد و قه‌ناعه‌تیان نه‌هێنا، له‌به‌رده‌م خه‌ڵكه‌كه‌ جنێویان به‌ ڕێگاكه‌ دا. لێیان جیابووه‌وه‌ و قوتابییه‌كانی دوورخسته‌وه‌، ڕۆژانه‌ له‌ قوتابخانه‌ی تیرانۆس گفتوگۆی ده‌كرد. دوو ساڵ وابوو، تاكو هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ئاسیادا دانیشتبوون، جوو و یۆنانی، وشه‌كه‌ی په‌روه‌ردگاریان بیست. خوداش په‌رجوی سه‌رسوڕهێنه‌ری به‌ ده‌ستی پۆڵۆس ئه‌نجام ده‌دا، ته‌نانه‌ت ده‌سته‌سڕ و به‌روانكه‌ی سه‌ر پێستیان ده‌هێنا، ده‌یانخسته‌ سه‌ر نه‌خۆش و نه‌خۆشی نه‌ده‌ما، ڕووحه‌ به‌ده‌كانیش ده‌رده‌چوون. هه‌ندێک له‌و جوو گه‌ڕۆكانه‌ی ڕووحی گڵاو ده‌رده‌كه‌ن، هه‌وڵیان دا ناوی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار بۆ ئه‌وانه‌ به‌كاربهێنن كه‌ ڕووحی گڵاویان تێدایه‌، ده‌یانووت: “سوێندت ده‌ده‌م به‌ ئیشۆع، ئه‌وه‌ی پۆڵۆس ڕایده‌گه‌ێنێت!”. سكاوا كه‌ كاهینێكی باڵای جوو بوو، حه‌وت كوڕی ئه‌مه‌یان ده‌كرد. ڕووحه‌ به‌ده‌كه‌ش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “ئیشۆع ده‌ناسم و ده‌رباره‌ی پۆڵۆسیش ده‌زانم، به‌ڵام ئێوه‌ كێن؟” ئینجا پیاوه‌كه‌ وا ڕووحه‌ گڵاوه‌كه‌ی تێدابوو په‌لاماری دان و به‌سه‌ر هه‌موویاندا زاڵبوو، ده‌ره‌قه‌تیان هات، ته‌نانه‌ت به‌ ڕووتی و بریندارییه‌وه‌ له‌و ماڵه‌ هه‌ڵاتن. ئه‌مه‌ش زانرا له‌لایه‌ن هه‌موو ئه‌و جوو و یۆنانییانه‌ی له‌ ئه‌پیسۆس ده‌ژیان، هه‌موو ترس دایگرتن و ناوی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار به‌رز ده‌بووه‌وه‌. هه‌روه‌ها زۆر له‌وانه‌ی باوه‌ڕیان هێنا، ده‌هاتن و دانیان به‌ كرده‌وه‌كانیان ده‌نا. زۆر له‌وانه‌ی جادوویان به‌كارده‌هێنا، په‌رتووكه‌كانیان كۆده‌كرده‌وه‌ و له‌به‌رده‌م هه‌مووان ده‌یانسووتاندن. نرخه‌كانیان ژمارد، بینییان په‌نجا هه‌زار زیوه‌. به‌م شێوه‌یه‌ وشه‌كه‌ی په‌روه‌ردگار به‌ تواناوه‌ گه‌شه‌ی ده‌كرد و به‌هێز ده‌بوو. كاتێ ئه‌مانه‌ ته‌واو بوون، پۆڵۆس بڕیاری دا به‌ ماقیدۆنیا و ئه‌خائیه‌دا تێپه‌ڕێت و بڕواته‌ یروشلایم، وتی: “پاش ئه‌وه‌ی له‌وێ ده‌بم، ده‌بێت ڕۆماش ببینم”. ئینجا دووان له‌وانه‌ی ڕاژه‌ی ئه‌ویان ده‌كرد ناردنی بۆ ماقیدۆنیا: تیماتیئوس و ئه‌ڕاستۆس، به‌خۆی ماوه‌یه‌ک له‌ ئاسیا مایه‌وه‌. له‌و كاته‌دا له‌به‌ر ئه‌م ڕێگایه‌ ئاژاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ ڕوویدا. چونكه‌ زیوگه‌رێک به‌ ناوی دیمه‌ترییوس كه‌ په‌رستگای بچووكی زیوینی ئه‌رتامیسی دروست‌ ده‌كرد. ئه‌مه‌ قازانجێكی كه‌می نه‌بوو بۆ پیشه‌داران. ئیتر له‌گه‌ڵ پیشه‌دارانی ئه‌و هاوپیشه‌، كۆی كردنه‌وه‌ و وتی: “كوڕینه‌، ئێوه‌ ده‌زانن خۆشگوزه‌رانیمان له‌م پیشه‌یه‌یه‌، ده‌بینن و ده‌بیستن كه‌ نه‌ک ته‌نها له‌ ئه‌پیسۆس، بگره‌ له‌ هه‌موو ئاسیا، ئه‌م پۆڵۆسه‌ قه‌ناعه‌تی به‌ كۆمه‌ڵێكی زۆری هێناوه‌ و له‌ ڕێ لایداون، ده‌ڵێت: ئه‌وانه‌ی ده‌ستكردن خودا نین. نه‌ک ته‌نها ئه‌م به‌شه‌مان له‌ مه‌ترسیدایه‌ ڕێزی لێ نه‌گیرێت، به‌ڵكو په‌رستگاكه‌ی ئه‌رتامیسی خواژنی گه‌وره‌ش هیچ به‌هایه‌كی نامێنێت، ئه‌وه‌ی هه‌موو ئاسیا و جیهان ده‌یپه‌رستن، پایه‌ به‌رزییه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات”. كاتێ گوێیان لێبوو تووڕه‌ بوون و هاواریان كرد: “مه‌زنه‌ ئه‌رتامیسی ئه‌پیسۆسییه‌كان!” شڵه‌ژان هه‌موو شاری گرته‌وه‌، یه‌كده‌ست گائیوس و ئه‌رستارخۆسی ماقیدۆنیاییان ڕاكێشایه‌ شانۆ، كه‌ هاوڕێی پۆڵۆس بوون له‌ گه‌شتدا. پۆڵۆس ویستی بچێته‌ نێو گه‌له‌كه‌، به‌ڵام قوتابییه‌كان نه‌یانهێشت. هه‌روه‌ها هه‌ندێک گه‌وره‌ پیاوی ئاسیا كه‌ دۆستی بوون، ناردیانه‌ لای و لێی پاڕانه‌وه‌ كه‌ نه‌چێته‌ شانۆكه‌. ئیتر هه‌ندێک هاواری شتێكیان ده‌كرد و هه‌ندێک شتێكی دیكه‌، چونكه‌ كۆڕه‌كه‌ شێوابوو، زۆربه‌شیان نه‌یانده‌زانی بۆچی كۆبوونه‌ته‌وه‌! ئینجا ئه‌سكه‌نده‌ریان له‌نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌ ڕاكێشا، جووه‌كانیش پاڵیان پێوه‌ ده‌نا، ئه‌سكه‌نده‌ریش ده‌ستی به‌رزكرده‌وه‌ ده‌یویست له‌به‌رده‌م گه‌له‌كه‌ به‌رگری له‌ خۆی بكات. به‌ڵام كه‌ زانییان جووه‌، نزیكه‌ی دوو كاژێر هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه‌ هاواریان ده‌كرد: “مه‌زنه‌ ئه‌رتامیسی ئه‌پیسۆسییه‌كان!”. ئینجا فه‌رمانڕه‌وای شار خه‌ڵكه‌كه‌ی هێمن كرده‌وه‌ و وتی: “پیاوانی ئه‌پیسۆس، كێ هه‌یه‌ نه‌زانێت كه‌ شاری ئه‌پیسۆسییه‌كان پاسه‌وانی په‌رستگای ئه‌رتامیسی مه‌زن و ئه‌و په‌یكه‌ره‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاتۆته‌ خواره‌وه‌؟ بۆیه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ نكۆڵییان لێ ناكرێت، پێویسته‌ هێمن ببنه‌وه‌ و شتێک به‌ سه‌ره‌ڕۆیی نه‌كه‌ن. چونكه‌ ئه‌م دوو پیاوه‌تان هێناوه‌، كه‌ نه‌ په‌رستگا دزن، نه‌ كفریان به‌ خواژنه‌كه‌تان كردووه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دیمه‌ترییوس و پیشه‌داره‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌ون سكاڵایان دژی كه‌سێک هه‌یه‌، ئه‌وا دادگاكان كراونه‌ته‌وه‌ و دادوه‌ر هه‌یه‌، با سكاڵا له‌ یه‌كتری بكه‌ن. ئه‌گه‌ر داوای شتێكی دیكه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌وا له‌ كۆڕی یاساییدا سه‌یر ده‌كرێت. چونكه‌ له‌ مه‌ترسی داین تاوانبار بكرێن به‌ ئاژاوه‌نانه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ، هیچ پاساوێكیشمان نییه‌ بۆ پاكانه‌ی ئه‌م گردبوونه‌وه‌یه‌”. كه‌ ئه‌مه‌ی وت، كۆمه‌ڵه‌كه‌ی به‌ڕێكرد.

هاوبەشی بکە
کردار 19 بخوێنەوە

کردار 1:19-41 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لە کاتێکدا کە ئەپۆلۆس لە کۆرنسۆس بوو، پۆڵس بە ڕێگاکانی ناوەوە تێپەڕی و هاتە ئەفەسۆس. لەوێ چاوی بە هەندێک قوتابی کەوت، لێی پرسین: «کاتێک باوەڕتان هێنا، ڕۆحی پیرۆزتان وەرگرت؟» کەچی وەڵامیان دایەوە: «نەخێر! تەنانەت نەمانبیستووە کە ڕۆحی پیرۆز هەیە!» گوتی: «کەواتە چ جۆرە لە ئاو هەڵکێشانێکتان وەرگرتووە؟» گوتیان: «لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیا.» پۆڵس گوتی: «لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیا لەئاوهەڵکێشانی تۆبەکردن بوو، بە خەڵکی دەگوت باوەڕ بهێنن بەوەی لەدوای دێت، واتا بە عیسا.» کاتێک ئەمەیان بیست بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە لە ئاو هەڵکێشران. جا پۆڵس دەستی لەسەر دانان، ڕۆحی پیرۆز هاتە سەریان، بە زمانی ڕۆحی دوان و پێشبینییان کرد. بە هەموویان نزیکەی دوازدە پیاو دەبوون. ئینجا پۆڵس چووە کەنیشت و بۆ زیاتر لە سێ مانگ ئازایانە دەدوا، گفتوگۆی دەکرد و سەبارەت بە کاروباری شانشینی خودا قەناعەتی بە خەڵک دەهێنا. بەڵام هەندێک کەللەڕەقییان کرد و باوەڕیان نەهێنا، لەبەردەم خەڵکەکە جنێویان بە ڕێگاکە دا. جا پۆڵس لێیان کشایەوە و قوتابییەکانی برد، ڕۆژانە لە قوتابخانەی تیرانۆس گفتوگۆی دەکرد. بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر ئەمە بەردەوام بوو، هەتا وای لێهات هەموو ئەوانەی لە ئاسیادا دانیشتبوون، جولەکە و یۆنانی، پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان بیست. خوداش پەرجووی سەرسوڕهێنەری بە دەستی پۆڵس ئەنجام دەدا، تەنانەت ئەو دەستەسڕ و بەروانکانەش کە بەر لەشی پۆڵس کەوتبوون، دەهێنران و دەخرانە سەر نەخۆش و نەخۆشییەکەیان نەدەما و ڕۆحە پیسەکان لە لەشیان دەردەچوون. هەندێک لەو جولەکە گەڕۆکانەی ڕۆحی پیسیان دەردەکرد، هەوڵیان دا ناوی عیسای خاوەن شکۆ بۆ ئەوانە بەکاربهێنن کە ڕۆحی پیسیان تێدایە، دەیانگوت: «بە ناوی عیسا، ئەوەی پۆڵس ڕایدەگەیەنێت، فەرمانت پێ دەکەم، دەربچیت.» سکاوا کە کاهینێکی باڵای جولەکە بوو، حەوت کوڕی ئەم کارەیان دەکرد. ڕۆحە پیسەکەش وەڵامی دانەوە: «عیسا دەناسم و دەربارەی پۆڵسیش دەزانم، بەڵام ئێوە کێن؟» ئینجا ئەو پیاوەی کە ڕۆحە پیسەکەی تێدابوو پەلاماری دان و بەسەر هەموویاندا زاڵبوو، بە جۆرێک لێیدان کە بە ڕووتی و بریندارییەوە لەو ماڵەی کە لێی بوون ڕایانکرد. کاتێک ئەو جولەکە و یۆنانییانەی کە لە ئەفەسۆس دەژیان بەمەیان زانی، هەموو ترس دایگرتن و ناوی عیسای خاوەن شکۆ بەرزبووەوە. هەروەها زۆر لەوانەی باوەڕیان هێنا، دەهاتن و بە ئاشکرا دانیان بە کردەوەکانیاندا دەنا. ژمارەیەک لەوانەی خەریکی جادووگەریێتی بوون، پەڕتووکەکانیان کۆدەکردەوە و لەبەردەم هەموواندا دەیانسووتاندن. نرخەکانیان هەژمارد کرد، بینییان پەنجا هەزار پارچە زیوە. بەم شێوەیە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ بە تواناوە گەشەی دەکرد و بەهێز دەبوو. لەدوای ئەوەی ئەم شتانە ڕوویاندا، پۆڵس بڕیاری دا بە مەکدۆنیا و ئەخایادا تێبپەڕێت و بچێتە ئۆرشەلیم، گوتی: «پاش ئەوەی لەوێ دەبم، دەبێت ڕۆماش ببینم.» جا پۆڵس دووان لە یاریدەدەرەکانی نارد بۆ مەکدۆنیا کە تیمۆساوس‏ و ئەراستۆس بوون، خۆشی ماوەیەک لە‏ هەرێمی ئاسیا مایەوە. لەو کاتەدا لەبەر ڕێگاکە ئاژاوەیەکی گەورە سەریهەڵدا. لەوێ زیوگەرێک بە ناوی دیمیتریۆس هەبوو کە پەرستگای بچووکی زیوینی ئەرتەمیسی دروستدەکرد و قازانجێکی باشی هەبوو بۆ پیشەوەران. ئیتر کرێکارەکانی خۆی و هاوپیشەکانی کۆکردەوە و گوتی: «کوڕینە، هەروەک دەزانن لەم پیشەیەوە داهاتێکی باشمان دەستدەکەوێت، بینیوتانە و بیستووتانە کە نەک تەنها لە ئەفەسۆس، بگرە لە هەموو ئاسیا، ئەم پۆڵسە قەناعەتی بە خەڵکێکی زۆر هێناوە و لەڕێ لایداون، دەڵێت ئەوانەی دەستکردن خودا نین. نەک تەنها ئیشەکەمان دەکەوێتە مەترسییەوە بەڵکو پەرستگاکەی ئەرتەمیسی خواژنی گەورەش هیچ بەهایەکی نامێنێت، ئەوەی هەموو ئاسیا و جیهان دەیپەرستن پایەبەرزییەکەی لەدەست دەدات.» کاتێک گوێیان لێبوو تووڕە بوون و هاواریان دەکرد: «پایە بەرزە ئەرتەمیسی ئەفەسۆسییەکان!» ئەم شڵەژانە هەموو شارەکەی گرتەوە، خەڵکەکە گایۆس و ئەریستارخۆسی مەکدۆنییان ڕاکێشایە ناو گۆڕەپانی شانۆی شار، کە هاوڕێی پۆڵس بوون لە گەشتەکەیدا. پۆڵس ویستی بچێتە ناو خەڵکەکە، بەڵام قوتابییەکان نەیانهێشت. هەروەها هەندێک گەورە پیاوی ئاسیا کە دۆستی بوون، پەیامیان بۆ نارد و لێی پاڕانەوە کە نەچێتە شانۆکە. ئیتر هەندێک هاواری شتێکیان دەکرد و هەندێک شتێکی دیکە، چونکە کۆڕەکە شێوا بوو، زۆربەشیان نەیاندەزانی بۆچی کۆبوونەتەوە. ئینجا جولەکەکان بۆ پێشەوە پاڵیان بە ئەسکەندەرەوە دەنا، هەندێک لەو خەڵکە هۆکاری ئەو ئاژاوەیان بۆ ئەو دەگەڕاندەوە. ئەویش دەستی بەرزکردەوە و دەیویست لەبەردەم خەڵکەکە بەرگری لە خۆی بکات. بەڵام کە زانییان جولەکەیە، نزیکەی دوو کاتژمێر هەموویان بەیەکەوە هاواریان دەکرد: «پایە بەرزە ئەرتەمیسی ئەفەسۆسییەکان!» ئینجا فەرمانڕەوای شارەکە خەڵکەکەی هێمن کردەوە و گوتی: «پیاوانی ئەفەسۆس، کێ هەیە نەزانێت کە شاری ئەفەسۆسییەکان پاسەوانی پەرستگای ئەرتەمیسی گەورە و ئەو پەیکەرەیە کە لە ئاسمانەوە کەوتە خوارەوە؟ بۆیە کە ئەمانە نکۆڵییان لێ ناکرێت، پێویستە هێمن بنەوە و هیچ شتێک بە سەرەڕۆیی نەکەن. ئێوە ئەم دوو پیاوەتان هێناوە، کە نە پەرستگایان بڕیوە نە کفریان سەبارەت بە خواژنەکەمان کردووە. بەڵام ئەگەر دیمیتریۆس و ئەو پیشەوەرانەی کە لەگەڵ ئەون سکاڵایان لە کەسێک هەیە، ئەوا دادگاکان کراونەتەوە و دادوەر هەیە، با سکاڵا لە یەکتری بکەن. ئەگەر داوای شتێکی دیکەش دەکەن، ئەوا لە کۆڕی یاساییدا سەیر دەکرێت. لە ڕاستیدا لە مەترسیداین بەوەی کە تاوانبار بکرێن بە ئاژاوەنانەوە، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ، هیچ پاساوێکمان نییە بۆ پاکانەی ئەم کۆبوونەوەیە.» کە ئەم شتانەی گوت، کۆمەڵەکەی بڵاوە پێکرد.

هاوبەشی بکە
کردار 19 بخوێنەوە