لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 1:20-38

کردار 1:20-38 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

دوای نه‌مانی ئاژاوه‌كه‌، پۆڵۆس قوتابییه‌كانی بانگكرد و ماڵئاوایی لێكردن و ده‌رچوو تاكو بڕواته‌ ماقیدۆنیا. كاتێ به‌و ناوچانه‌دا تێپه‌ڕی، به‌ زۆر وته‌ ئامۆژگاریی كردن، هاته‌ یۆنان، له‌وێ سێ مانگی به‌سه‌ربرد. كه‌ به‌ته‌مابوو به‌ بڕواته‌ سوریا، جووه‌كان پیلانیان بۆی گێڕا، بڕیاری دا به‌ ماقیدۆنیادا بگه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌مانه‌ی له‌گه‌ڵ بوو: له‌ بیڕووئا‌ سوپاتڕۆسی كوڕی پیڕۆ، له‌ تسلۆنیقێیان ئه‌رستارخۆس و سه‌كوندۆس، گائیوس له‌ ده‌ڕبێ و تیماتیئوس، له‌ ئاسیاش تۆخیقۆس و ترۆپیمۆس. ئه‌مانه‌ پێشمان كه‌وتن و له‌ ترۆئۆسدا چاوه‌ڕێیان ده‌كردین. ئێمه‌ش دوای ڕۆژانی فه‌تیره‌، به‌ ده‌ریاوه‌ له‌ پیلیۆس ده‌رچووین، بۆ ترۆئۆس و به‌ پێنج ڕۆژ گه‌یشتینه‌ لایان و حه‌وت ڕۆژ له‌وێ ماینه‌وه‌. له‌ یه‌كه‌می هه‌فته‌دا بۆ نان له‌تكردن كۆبووینه‌وه‌، پۆڵۆس گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌كردن، چونكه‌ به‌ته‌مابوو بۆ به‌یانی بڕوات، تاكو نیوه‌ شه‌و درێژه‌ به‌ قسه‌كانی دا. ئه‌و ژووره‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ لێی كۆببووینه‌وه‌ چرای زۆری لێبوو. گه‌نجێک ناوی یوتیخۆس بوو له‌ نێو په‌نجه‌ره‌دا دانیشتبوو، خه‌وه‌ێكی قورس ده‌یبرده‌وه‌، پۆڵۆس وتارێكی درێژی ده‌دا، جا خه‌وی لێ كه‌وت و له‌ نهۆمی سێیه‌مڕا كه‌وته‌ خواره‌وه‌، به‌ مردوویه‌تی هه‌ڵگیرایه‌وه‌. جا پۆڵۆس هاته‌ خواره‌وه‌ خۆی به‌سه‌ریدا دا و له‌ باوه‌شی گرت، وتی: “مه‌په‌شۆكێن، ژیانی تێدایه‌!” ئینجا پۆڵۆس چووه‌ سه‌ره‌وه‌، نانی له‌ت كرد و خواردی، تاكو به‌ره‌به‌یان قسه‌ی كرد، پاشان ڕۆیشت. گه‌نجه‌كه‌شیان به‌ زیندوویه‌تی برد و زۆر دڵنه‌وایی كران. ئێمه‌ش به‌ره‌و كه‌شتییه‌كه‌ پێشكه‌وتین و پێی چووینه‌ ئاسۆس، به‌ نیازی ئه‌وه‌ی له‌وێ پۆڵۆس هه‌ڵگرین، چونكه‌ ئاوای ڕێكخستبوو، به‌ نیاز بوو به‌ پێیان بێت. كاتێ له‌ ئاسۆس تووشمان بوو، هه‌ڵمانگرت و هاتینه‌ میتیلینی. له‌وێش به‌ ده‌ریادا ڕۆیشتین و بۆ سبه‌ینێ گه‌یشتینه‌ به‌رامبه‌ر خییۆس، بۆ ڕۆژی پاشتر گه‌یشتینه‌ سامۆس. دوایی له‌ له‌ترۆگیلیۆن ماینه‌وه‌، ڕۆژی دواتر هاتینه‌ میلیتۆس. جا پۆڵۆس بڕیاری دابوو به‌ده‌ریاوه‌ له‌ ئه‌پیسۆسدا تێپه‌ڕێت، نه‌وه‌ک ماوه‌یه‌ک له‌ ئاسیادا بمێنێته‌وه‌، چونكه‌ په‌له‌ی ده‌كرد، به‌ڵكو بتوانێت له‌ ڕۆژی په‌نجایه‌مین بگاته‌ یروشلایم. له‌ میلیتۆسه‌وه‌ ناردی بۆ ئه‌پیسۆس، بانگی قه‌شه‌كانی وارگه‌ی كرد. كاتێ هاتنه‌ لای پێی وتن: “ئێوه‌ ده‌زانن له‌ یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ كه‌ هاتمه‌ نێو ئاسیا، به‌ درێژایی كاته‌كه‌ چۆن بووم له‌گه‌ڵتان، به‌و په‌ڕی خاكساری و فرمێسكه‌وه‌ ڕاژه‌ی په‌روه‌ردگارم ده‌كرد، به‌ پیلانی جووه‌كان تووشی ئه‌زموون بوومه‌، چۆن هیچم له‌و شتانه‌ دوانه‌خستووه‌ كه‌ سوودبه‌خشن و بۆم ڕاگه‌یاندوون، به‌ ئاشكرا و ماڵه‌وماڵ فێرم كردوون. گه‌واهیم بۆ جوو و یۆنانییه‌كان داوه‌ بۆ تۆبه‌كردن به‌ره‌و خودا و باوه‌ڕ به‌ ئیشۆعی په‌روه‌ردگارمان. ئه‌وه‌تا من وا به‌ ڕووحی پارسا به‌ستراوم، ده‌ڕۆمه‌ یروشلایم و نازانم چیم به‌سه‌ر دێت. به‌ڵام ڕووحی پارسا له‌ هه‌موو شارێک گه‌واهیم بۆ ده‌دات كه‌ كۆتكردن و ته‌نگانه‌ چاوه‌ڕێم ده‌كات. به‌ڵام باكم به‌ هیچ شتێک نیه‌ و گیانم به‌ گرنگ نازانم، تاكو كۆششی خۆم و ئه‌و ڕاژه‌ی له‌ ئیشۆعی په‌روه‌ردگار وه‌رمگرتووه‌ به‌ دڵشادیه‌وه‌ ته‌واوی بكه‌م، ڕاژه‌ی گه‌واهیدان بۆ موژده‌ی به‌خششی خودا. ئه‌وه‌تا من ده‌زانم ئیتر ڕووم نابیننه‌وه‌، هه‌مووتان كه‌ به‌ نێوتاندا ده‌گه‌ڕام بانگه‌وازی پاشایه‌تی خودام ده‌دا. بۆیه‌ ئه‌مڕۆ گه‌واهیتان بۆ ده‌ده‌م، كه‌ له‌ خوێنی هه‌مووان بێتاوانم، چونكه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنی ته‌واوی خواستی خودا بۆتان دوانه‌كه‌وتم. كه‌واته‌ ئاگاتان له‌ خۆتان و له‌ هه‌موو مێگه‌له‌كه‌ بێت، ئه‌وه‌ی ڕووحی پارسا به‌ چاودێری داناون بۆی، تاكو شوانایه‌تی وارگه‌ی خودا بكه‌ن، ئه‌وه‌ی به‌ خوێنی خۆی كڕیویه‌تی. چونكه‌ ده‌زانم پاش ڕۆیشتنم گورگی ڕفێنه‌ر دێنه‌ نێوتان، به‌زه‌ییان به‌ مێگه‌له‌كه‌ نایه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌نێو خۆتاندا پیاوانێک په‌یدا ده‌بن، باسی شتی چه‌وت ده‌كه‌ن، تاكو قوتابییه‌كان به‌دوای خۆیاندا ڕابكێشن. بۆیه‌ بێدار بن، له‌ یادتان بێت ماوه‌ی سێ ساڵ شه‌و و ڕۆژ به‌ فرمێسكه‌وه‌ سارد نه‌بوومه‌ته‌وه‌ له‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كێكتان. ئێستاش به‌ خودا و وشه‌ی به‌خششه‌كه‌یتان ده‌سپێرم، كه‌ توانای هه‌یه‌ بنیادتان بنێت و له‌گه‌ڵ هه‌موو پارساكان میراتتان پێ ببه‌خشێت. ئاره‌زووی زیو و زێڕ و جلی كه‌سم نه‌كردووه‌. خۆتان ده‌زانن پێویستی خۆم و یاوه‌رانم، ئه‌م ده‌ستانه‌ ڕاژه‌یان كردووه‌. هه‌موو شتێكم پیشانتان دا كه‌ پێویسته‌ ئاوا ڕه‌نج بده‌ن بۆ یارمه‌تیدانی لاوازان، وشه‌كانی ئیشۆعی په‌روه‌ردگارتان له‌یاد بێت كه‌ فه‌رمووی: به‌خشین له‌ وه‌رگرتن به‌خته‌وه‌ریتره‌”. كه‌ ئه‌مانه‌ی وت، له‌گه‌ڵ هه‌موویان چۆكی دادا و نوێژی كرد. هه‌موو زۆر گریان، باوه‌شیان به‌ پۆڵۆسه‌وه‌ كردبوو و ماچیان ده‌كرد، به‌و قسه‌ی كردی خه‌مبار بوون كه‌ وتی جارێكی دیكه‌ ڕووی نابیننه‌وه‌. ئینجا تاكو لای كه‌شتییه‌كه‌ ڕه‌وانه‌یان كرد.

هاوبەشی بکە
کردار 20 بخوێنەوە

کردار 1:20-38 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

دوای نەمانی ئاژاوەکە، پۆڵس قوتابییەکانی بانگکرد و ورەی بەرزکردنەوە، ماڵئاوایی لێکردن و بەرەو مەکدۆنیا بەڕێکەوت. کاتێک بەو ناوچانەدا تێپەڕی، بە زۆر وشە ورەی باوەڕدارانی بەرز کردەوە. لە کۆتاییدا گەیشتە یۆنان و سێ مانگی لەوێ بەسەربرد. کاتێک بەتەمابوو بە دەریادا بچێتە سوریا، جولەکە پیلانیان بۆی گێڕا، بۆیە بڕیاری دا بە مەکدۆنیادا بگەڕێتەوە. ئەم کەسانەی لەگەڵ بوو: لە بیریە سوپاترۆسی کوڕی پیڕۆس، لە سالۆنیکییان ئەریستارخۆس و سەکوندۆس، گایۆس لە دەربە و تیمۆساوس، لە ئاسیاش تیخیکۆس و تروفیمۆس. ئەمانە پێشمان کەوتن و لە ترۆئاس چاوەڕێیان دەکردین. بەڵام ئێمە دوای جەژنی فەتیرە، سواری کەشتی بووین و فیلیپیمان بەجێهێشت، پاش گەشتی پێنج ڕۆژ گەیشتینە بەندەری ترۆئاس، لەوێ بەوانەی دیکە شاد بووینەوە و حەوت ڕۆژ لەوێ ماینەوە. لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا بۆ نانلەتکردن کۆبووینەوە. پۆڵس گفتوگۆی لەگەڵ خەڵک دەکرد، چونکە بەتەمابوو ڕۆژی دواتر بڕوات، بۆیە هەتا نیوە شەو قسەی بۆ کردن. ئەو ژوورەی سەرەوە کە لێی کۆببووینەوە چرای زۆری لێبوو. گەنجێک ناوی یوتیخۆس بوو لەناو پەنجەرەدا دانیشتبوو، خەوەکوتکێیەکی قورس دەیبردەوە، پۆڵس وتارێکی درێژی دەدا، جا خەوی لێ کەوت و لە نهۆمی سێیەمەوە کەوتە خوارەوە، بە مردوویی هەڵگیرایەوە. پۆڵس هاتە خوارەوە خۆی بەسەریدا دا و لە باوەشی گرت و گوتی: «مەشێوێن، ژیانی تێدایە!» دوایی پۆڵس چووە سەرەوە، نانی لەتکرد و خواردی، هەتا بەرەبەیان قسەی کرد، پاشان لەوێ ڕۆیشت. گەنجەکەشیان بە زیندووێتی برد و زۆر دڵنەوایی کران. پۆڵس بە ڕێگای وشکانی چوو بۆ ئەسۆس، ئێمەش بە سواری کەشتی بەرەو ئەوێ بەڕێکەوتین، چونکە بڕیاری دابوو کە لەوێ چاومان پێی بکەوێت. کاتێک لە ئەسۆس تووشمان بوو، هەڵمانگرت و هاتینە میتیلینی. لەوێش بە دەریادا ڕۆیشتین و بۆ بەیانی گەیشتینە بەرامبەر خیۆس، بۆ ڕۆژی دواتر گەیشتینە سامۆس، ڕۆژی دوای ئەوەش هاتینە میلیتۆس. جا پۆڵس بڕیاری دابوو کە ئەفەسۆس بەجێبهێڵێت نەوەک ماوەیەک لە ئاسیادا بمێنێتەوە، چونکە پەلەی دەکرد، بەڵکو بتوانێت لە ڕۆژی پەنجایەمین بگاتە ئۆرشەلیم. پۆڵس لە میلیتۆسەوە ناردی بۆ ئەفەسۆس، بانگی پیرانی کڵێسای کرد. کاتێک هاتنە لای، پێی گوتن: «ئێوە دەزانن لە یەکەم ڕۆژەوە کە پێم خستە ناو ئاسیا، بە درێژایی ئەو کاتەی کە لەگەڵتان بووم، چۆن ژیام. لە کاتێکدا کە بە پیلانی جولەکە بەرهەڵستکارەکان تووشی تاقیکردنەوەی سەخت بووم، بەوپەڕی بێفیزی و فرمێسکەوە خزمەتی عیسای خاوەن شکۆم دەکرد. هیچم لەو شتانە دوانەخستووە کە سوودبەخشن و بۆم ڕاگەیاندوون، بە ئاشکرا و ماڵەوماڵ فێرم کردوون. شایەتی ئەوەم داوە لای جولەکە و یۆنانییەکان کە دەبێت تۆبە بکەن و بۆ لای خودا بگەڕێنەوە و باوەڕ بە عیسای خاوەن شکۆمان بهێنن. «ئەوەتا ئێستا وا بە ڕۆحی پیرۆز بەستراوم، دەچمە ئۆرشەلیم و نازانم چیم بەسەردێت. تەنها ڕۆحی پیرۆز لە هەموو شارێک شایەتیم بۆ دەدات کە گرتن و ناخۆشی چاوەڕێم دەکات. بەڵام هیچ بەهایەکم بۆ ژیانی خۆم دانەناوە، تەنها ئامانجم ئەوەیە، ئەو پێشبرکێیە تەواو بکەم و ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنم کە عیسای خاوەن شکۆ بە منی سپارد، ئەویش ئەرکی شایەتیدانە بۆ مزگێنیی نیعمەتی خودا. «ئێستا دەزانم هیچکام لە ئێوە ئیتر ڕووم نابیننەوە کە بە ناوتاندا دەگەڕام و پاشایەتی خودام ڕادەگەیاند. هەر بۆیە ئەمڕۆ شایەتیتان بۆ دەدەم، کە لە خوێنی هەمووان بێتاوانم، چونکە لە ڕاگەیاندنی تەواوی خواستی خودا بۆتان دوانەکەوتم. ئاگاتان لە خۆتان و لە هەموو مێگەلەکە بێت، کە ڕۆحی پیرۆز ئێوەی کردووە بە چاودێر بەسەریانەوە. شوانایەتی کڵێسای خودا بکەن، کە بە خوێنی خۆی کڕیویەتی. دەزانم پاش ڕۆیشتنم گورگی ڕفێنەر دێنە ناوتان، بەزەییان بە مێگەلەکە نایەتەوە. هەروەها لەنێو خۆتاندا خەڵکانێک پەیدا دەبن کە ڕاستیی دەشێوێنن، تاکو قوتابییەکان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن. بۆیە ئێشک بگرن، لە بیرتان بێت بۆ ماوەی سێ ساڵ شەو و ڕۆژ بە فرمێسکەوە نەوەستاوم لە ئاگادارکردنەوەی هەر یەکێکتان. «ئێستاش بە خودا و وشەی نیعمەتەکەیتان دەسپێرم، کە توانای هەیە بنیادتان بنێت و لەگەڵ هەموو ئەوانەی پیرۆزکراون میراتتان پێ ببەخشێت. چاوم لە زێڕ و زیو و جلی کەس نەبوو. خۆتان دەزانن پێویستی خۆم و یاوەرانم، ئەم دەستانە دابینیان کردووە. هەموو شتێکم پیشانتاندا کە پێویستە چۆن ڕەنج بدەن بۆ یارمەتیدانی لاوازان، وشەکانی عیسای خاوەن شکۆتان لەیاد بێت کە خۆی فەرمووی: ”بەخشین لە وەرگرتن بەختەوەریترە.“» کاتێک پۆڵس قسەکانی تەواو کرد، لەگەڵ هەموویان چۆکی دادا و نوێژی کرد. هەمووان زۆر گریان، باوەشیان کردبوو بە پۆڵسدا و ماچیان دەکرد، بەو قسەی کردی خەمبار بوون کە گوتی جارێکی دیکە ڕووی نابیننەوە. ئینجا تاکو لای کەشتییەکە لەگەڵی ڕۆیشتن.

هاوبەشی بکە
کردار 20 بخوێنەوە