لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 11:23-35

کردار 11:23-35 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

بۆ شه‌وی پاشتر، په‌روه‌ردگار له‌لای ڕاوه‌ستا و فه‌رمووی: “متمانه‌ت هه‌بێت پۆڵۆس! چونكه‌ وه‌ک له‌ یروشلایم گه‌واهیت بۆ دام، ده‌بێ له‌ ڕۆماش ئاوا گه‌واهیی بده‌یت”. كاتێ خۆرهه‌ڵات جووه‌كان پیلانیان كێشا، سوێندیان خوارد و وتیان كه‌ نه‌ بخۆن و نه‌ بخۆنه‌وه‌ تاكو پۆڵۆس ده‌كوژن. ئه‌وانه‌ی ئه‌م پیلانه‌یان كێشا له‌ چل زیاتر بوون. چوونه‌ لای كاهینانی باڵا و پیران، وتیان: “سوێندمان خواردووه‌ تامی هیچ نه‌كه‌ین تاكو پۆڵۆس ده‌كوژین. ئێستاش ئێوه‌ و سه‌نهه‌دریم به‌ فه‌رمانده‌كه‌ ڕابگه‌یه‌نن، به‌ڵكو بۆ لاتان بینێرێت، وه‌ک بتانه‌وێت وردتر له‌ بابه‌ته‌كه‌ی بكۆڵنه‌وه‌. ئێمه‌ش، پێش نزیک كه‌وتنه‌وه‌ی، ئاماده‌ین بۆ كوشتنی”. به‌ڵام خوشكه‌زاكه‌ی پۆڵۆس به‌ بۆسه‌كه‌ی بیست، هاته‌ سه‌ربازگه‌ و هه‌واڵی دایه‌ پۆڵۆس. جا پۆڵۆس سه‌رپه‌لێكی بانگكرد و وتی: “ئه‌م گه‌نجه‌ ببه‌ لای فه‌رمانده‌كه‌، چونكه‌ هه‌واڵێكی پێیه‌ بیداتێ”. ئه‌ویش بردییه‌ لای فه‌رمانده‌كه‌. وتی: “پۆڵۆسی به‌ندكراو بانگی كردم و داوای لێكردم ئه‌م گه‌نجه‌ بهێنمه‌ لات، شتێكی هه‌یه‌ پێتی بڵێت”. فه‌رمانده‌كه‌ش ده‌ستی گرت و به‌ ته‌نها بردییه‌ ئه‌و لاوه‌، لێی پرسی: “چیت هه‌یه‌ پێمی بڵێی؟” وتی: “جووه‌كان ڕێككه‌وتوون داوات لێ بكه‌ن كه‌ سبه‌ینێ پۆڵۆس بنێریته‌ سه‌نهه‌دریم، وه‌ک بیانه‌وێت وردتر لێی بكۆڵنه‌وه‌. بۆیه‌ مه‌چووه‌ سه‌ر ڕای ئه‌وان، چونكه‌ زیاتر له‌ چل پیاویان له‌ بۆسه‌ دان بۆی، سوێندیان خواردووه‌ نه‌خۆن و نه‌خۆنه‌وه‌ تاكو ده‌یكوژن. ئێستا ئاماده‌ن و چاوه‌ڕێی به‌ڵێنی تۆن‌”. فه‌رمانده‌كه‌ گه‌نجه‌كه‌ی به‌ڕێكرد و ڕایسپارد: “به‌ كه‌س نه‌ڵێیت كه‌ ئه‌مه‌ت به‌ من وتووه‌”. ئینجا دووان له‌ سه‌رپه‌له‌كانی بانگكرد و وتی: “دووسه‌د سه‌رباز له‌گه‌ڵ حه‌فتا سوار و دووسه‌د ڕم هه‌ڵگر ئاماده‌ بكه‌ن، تاكو له‌ كاژێر سێی شه‌و بچنه‌ قه‌یسه‌ڕییه‌. هه‌روه‌ها وڵاخ ئاماده‌ بكرێ تاكو پۆڵۆس سواری بێت و به‌ سه‌لامه‌تی بیگه‌یێننه‌ لای پیلیكسی فه‌رمانڕه‌وا”. په‌یامێكی نووسی ئه‌مه‌ی تێدابوو: “له‌ قله‌ودییوس لیسیاس بۆ به‌ڕێز فیلیكسی فه‌رمانڕه‌وا، سڵاو. ئه‌م پیاوه‌، جوو گرتییان و خه‌ریک بوو بیكوژن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌ربازان چووم و ڕزگارم كرد، چونكه‌ بیستم كه‌ ڕۆمانییه‌. ده‌مویست بزانم به‌ چی تاوانباری ده‌كه‌ن، بردمه‌ سه‌نهه‌دریمه‌كه‌یان. بینیم له‌به‌ر كاروباری ته‌وراته‌كه‌یان تاوانبار كراوه‌، به‌ڵام تاوانێكی له‌سه‌ر نه‌بوو كه‌ شایانی مه‌رگ یان به‌ندكردن بێت. دواتر زانیمه‌وه‌ پیلانێک له‌لایه‌ن جووه‌كانه‌وه‌ له‌م پیاوه‌ ده‌كرێت، یه‌كسه‌ر بۆ لای تۆم نارد، فه‌رمانم به‌ سكاڵاكاران كرد چییان له‌سه‌ری هه‌یه‌ له‌لای تۆ باسی بكه‌ن. هه‌ر سه‌لامه‌ت بیت”. جا سه‌ربازان وه‌ک فه‌رمانیان پێ كرابوو، پۆڵۆسیان برد و به‌ شه‌و بۆ ئه‌نتیپاتریسیان هێنا. بۆ به‌یانی سواره‌كانیان له‌گه‌ڵ نارد و خۆیان بۆ سه‌ربازگه‌ گه‌ڕانه‌وه‌. سواره‌كانیش چوونه‌ قه‌یسه‌ڕییه‌ و په‌یامه‌كه‌یان دایه‌ فه‌رمانڕه‌وا و پۆڵۆسیان برده‌ به‌رده‌می. كاتێ فه‌رمانڕه‌وا په‌یامه‌كه‌ی خوێندییه‌وه‌ و پرسی خه‌ڵكی چ ناوچه‌یه‌كه‌. زانی خه‌ڵكی قیلیقیایه‌، وتی: “كه‌ی سكاڵاكاران گه‌یشتن، گوێت لێ ده‌گرم”. ئینجا فه‌رمانی دا له‌ كۆشكی هیڕوودس پاسه‌وانی بكرێت.

هاوبەشی بکە
کردار 23 بخوێنەوە

کردار 11:23-35 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بۆ شەوی پاشتر، مەسیحی خاوەن شکۆ لەلای پۆڵس ڕاوەستا و فەرمووی: «ورەت بەرزبێت! وەک لە ئۆرشەلیم شایەتیت بۆ من دا، دەبێ لە ڕۆماش ئاوا شایەتی بدەیت.» کاتێک ڕۆژ هەڵات جولەکە پیلانیان کێشا، سوێندیان خوارد و گوتیان کە نە بخۆن و نە بخۆنەوە هەتا پۆڵس دەکوژن. ئەوانەی ئەم پیلانەیان کێشا لە چل پیاو زیاتر بوون. چوونە لای کاهینانی باڵا و پیران و گوتیان: «سوێندمان خواردووە تامی هیچ نەکەین هەتا پۆڵس دەکوژین. ئێستاش ئێوە و ئەنجومەنی باڵا بە فەرماندەکە ڕابگەیەنن، وەک ئەوەی بتانەوێت وردتر لە بابەتەکەی بکۆڵنەوە، پێویستە بیهێنێت بۆ لاتان. ئێمەش ئامادەین بۆ کوشتنی، پێش ئەوەی بگاتە لای ئەنجومەن.» بەڵام کاتێک خوشکەزاکەی پۆڵس بە پیلانەکەی زانی، هاتە سەربازگە و هەواڵی دایە پۆڵس. جا پۆڵس سەرپەلێکی بانگکرد و گوتی: «ئەم گەنجە ببە لای فەرماندەکە، چونکە هەواڵێکی پێیە بیداتێ.» ئەویش بردییە لای فەرماندەکە. گوتی: «پۆڵسی بەندکراو بانگی کردم و داوای لێکردم ئەم گەنجە بهێنمە لات، شتێکی هەیە پێتی بڵێت.» فەرماندەکەش دەستی گرت و بە تەنها بردییە ئەو لاوە و لێی پرسی: «چیت هەیە پێمی بڵێی؟» گوتی: «جولەکە ڕێککەوتوون داوات لێ بکەن کە بەیانی پۆڵس بنێریتە ئەنجومەنی باڵا، وەک بیانەوێت وردتر لێی بکۆڵنەوە. بۆیە ڕازی مەبە بە داواکارییەکەیان، چونکە زیاتر لە چل پیاویان لە بۆسەدان بۆی، سوێندیان خواردووە نەخۆن و نەخۆنەوە هەتا دەیکوژن. ئێستا ئامادەن و چاوەڕێی بەڵێنن لە تۆوە.» فەرماندەکە گەنجەکەی بەڕێکرد و فەرمانی پێدا: «بە کەس نەڵێیت کە ئەمەت بە من گوتووە.» ئینجا دووان لە سەرپەلەکانی بانگکرد و گوتی: «دوو سەد سەرباز لەگەڵ حەفتا سوار و دوو سەد ڕمهەڵگر ئامادە بکەن، تاکو لە کاتژمێر نۆی شەو بچنە قەیسەرییە. هەروەها وڵاخ ئامادە بکرێ تاکو پۆڵس سواری بێت و بە سەلامەتی بیگەیێننە لای فیلیکسی فەرمانڕەوا.» نامەیەکی نووسی ئەمەی تێدابوو: لە کلودیۆس لیسیاس، بۆ بەڕێز فیلیکسی فەرمانڕەوا، سڵاو. ئەم پیاوە، جولەکە گرتییان و خەریک بوو بیکوژن، بەڵام لەگەڵ سەربازان چووم و ڕزگارم کرد، چونکە بیستبووم کە هاوڵاتی ڕۆمانییە. دەمویست بزانم بە چی تاوانباری دەکەن، بردمە ئەنجومەنەکەیان. بینیم لەبەر کاروباری تەوراتەکەیان تاوانبار کراوە، بەڵام تاوانێکی لەسەر نەبوو کە شایانی سزای مردن یان بەندکردن بێت. کاتێک ئاگادار کرامەوە کە پیلانێک لەم پیاوە دەگێڕدرێت، دەستبەجێ بۆ لای تۆم نارد، فەرمانم بە سکاڵاکاران کرد چییان لەسەری هەیە لەلای تۆ باسی بکەن. بۆیە سەربازان وەک فەرمانیان پێ کرابوو، پۆڵسیان برد و بە شەو بۆ ئەنتیپاتریسیان هێنا. بۆ بەیانی سوارەکانیان لەگەڵ نارد و خۆیان بۆ سەربازگە گەڕانەوە. سوارەکانیش چوونە قەیسەرییە و نامەکەیان دایە فەرمانڕەوا و پۆڵسیان بردە بەردەمی. خوێندییەوە و پرسی خەڵکی چ ناوچەیەکە. زانی خەڵکی کیلیکیایە، گوتی: «کەی سکاڵاکاران گەیشتن، گوێت لێ دەگرم.» ئینجا فەرمانی دا لە کۆشکی هێرۆدس پاسەوانی بکرێت.

هاوبەشی بکە
کردار 23 بخوێنەوە