لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 1:25-21

کردار 1:25-21 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كاتێ پستۆس گه‌یشته‌ هه‌رێمه‌كه‌، دوای سێ ڕۆژ له‌ قه‌یسه‌ڕییه‌وه‌ سه‌ركه‌وته‌ یروشلایم. كاهینانی باڵا و ڕابه‌رانی جوو سكاڵایان دژ به‌ پۆڵۆس كرد و لێی پاڕانه‌وه‌، تكایان لێكرد چاكه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ بكات به‌وه‌ی بینێرێته‌ یروشلایم. چونكه‌ له‌سه‌ر ڕێگا بۆسه‌یان بۆ نابووه‌وه‌ تاكو بیكوژن. پستۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ كه‌ پۆڵۆس له‌ قه‌یسه‌ڕییه‌ پاسه‌وانیی لێ بكرێت، به‌ خۆی به‌ته‌مایه‌ زوو به‌ڕێبكه‌وێت. ئینجا وتی: “با گه‌وره‌ پیاوانتان له‌گه‌ڵم بێن، ئه‌گه‌ر پیاوه‌كه‌ خراپه‌یه‌كی هه‌یه‌، با سكاڵای لێ بكه‌ن”. دوای هه‌شت تاكو ده‌ ڕۆژ له‌گه‌ڵیان مایه‌وه‌، چووه‌ قه‌یسه‌ڕییه‌. بۆ به‌یانی له‌سه‌ر ته‌ختی دادوه‌ری دانیشت، فه‌رمانی دا پۆڵۆس بهێنن. كاتێ ئاماده‌بوو، ئه‌و جووانه‌ی له‌ یروشلایم هاتبوون لێی كۆبوونه‌وه‌، تاوانی زۆر و ترسناكیان خسته‌ پاڵی، به‌ڵام نه‌یانتوانی بیسه‌لمێنن. ئه‌وسا پۆڵۆس به‌رگری له‌ خۆی كرد: “نه‌ دژی ته‌وراتی جوو و نه‌ دژی په‌رستگا و نه‌ دژی قه‌یسه‌ڕ گوناهم نه‌كردووه‌”. به‌ڵام پستۆس ده‌یویست چاكه‌ له‌گه‌ڵ جووه‌كاندا بكات، له‌ پۆڵۆسی پرسی: “ده‌ته‌وێ سه‌ربكه‌ویته‌ یروشلایم و له‌وێ سه‌باره‌ت به‌م شتانه‌ دادگاییت بكه‌م؟” پۆڵۆس وتی: “له‌به‌رده‌م ته‌ختی دادوه‌ری قه‌یسه‌ڕ وه‌ستاوم، ده‌بێت لێره‌ش دادگایی بكرێم. من سته‌مم له‌ جوو نه‌كردووه‌، خۆشت باش ده‌زانیت. چونكه‌ ئه‌گه‌ر تاوانبار بم یان شتێكم كردبێت شایانی سزای مه‌رگ بێت، ئه‌وا له‌ مه‌رگ ڕامنه‌ده‌كرد. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ئه‌مانه‌ سكاڵام لێ ده‌كه‌ن ڕاست نه‌بێت، ئه‌وا كه‌س ناتوانێت بمداته‌ ده‌ستیان. من داواكه‌م ده‌ده‌مه‌ قه‌یسه‌ڕ!” ئینجا پستۆس له‌گه‌ڵ ڕاوێژكاران قسه‌ی كرد و وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “داواكه‌ت درایه‌ قه‌یسه‌ڕ، ده‌چیته‌ لای قه‌یسه‌ڕ!”. دوای چه‌ند ڕۆژێک شا ئه‌گریپاس و به‌رنیكی هاتنه‌ قه‌یسه‌ڕییه‌ تاكو سڵاو له‌ پستۆس بكه‌ن. كاتێ چه‌ند ڕۆژێكیان له‌وێ به‌سه‌ربرد، پستۆس بابه‌تی پۆڵۆسی خسته‌ به‌رده‌م پاشا، وتی: “پیاوێک لێره‌یه‌ پیلیكس به‌ گیراوی به‌جێیهێشت. كاتێ چوومه‌ یروشلایم، كاهینانی باڵا و پیرانی جوو داوایان خسته‌ پێشم تاكو تاوانبار بكرێت. جا پێم وتن نه‌ریتی ڕۆمانییه‌كان نییه‌ پێش ڕووبه‌ڕووكردنه‌وه‌ی سكاڵا لێكراو و سكاڵاكاران كه‌سێک به‌ده‌سته‌وه‌ بده‌ن، تاكو ده‌رفه‌تی به‌رگری له‌ دژی سكاڵاكه‌ هه‌بێت. كاتێ لێره‌ كۆبوونه‌وه‌، خێرا بۆ به‌یانییه‌كه‌ی له‌سه‌ر ته‌ختی دادوه‌ری دانیشتم، فه‌رمانم دا پیاوه‌كه‌ بهێنن. كاتێ سكاڵاكاران له‌ده‌وروبه‌ری وه‌ستان، تاوانێكی وایان نه‌هێنا له‌وه‌ی بیرم بۆی ده‌چوو، به‌ڵكو مشتومڕیان له‌سه‌ر هه‌ندێک بابه‌ت هه‌بوو تایبه‌ت به‌ ئایینیان و ده‌رباره‌ی پیاوێكی مردوو به‌ ناوی ئیشۆعه‌ كه‌ پۆڵۆس ده‌ڵێت زیندووه‌. كاتێ به‌گومان بووم چۆن لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م شتانه‌ بكه‌م، وتم: له‌وانه‌یه‌ حه‌ز بكات بچێته‌ یروشلایم و له‌وێ ده‌رباره‌ی ئه‌م شتانه‌ دادگایی بكرێت. به‌ڵام كاتێ پۆڵۆس داواكارییه‌كه‌ی به‌رزكرده‌وه‌ كه‌ بۆ بڕیاری قه‌یسه‌ڕ بهێڵدرێته‌وه‌، فه‌رمانم دا بیهێڵنه‌وه‌ تاكو بۆ قه‌یسه‌ڕی ده‌نێرم”.

هاوبەشی بکە
کردار 25 بخوێنەوە

کردار 1:25-21 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک فێستۆس گەیشتە هەرێمەکە، لەدوای سێ ڕۆژ لە قەیسەرییەوە چووە ئۆرشەلیم. کاهینانی باڵا و ڕابەرانی جولەکە سکاڵایان لە پۆڵس کرد و لە فێستۆس پاڕانەوە، تکایان لێکرد چاکەیەکیان لەگەڵ بکات بەوەی پۆڵس بنێرێتە ئۆرشەلیم، چونکە لەسەر ڕێگا بۆسەیان بۆ نابووەوە تاکو بیکوژن. فێستۆس وەڵامی دایەوە: «پۆڵس لە قەیسەرییە دەستبەسەرە و خۆشم بە زوویی دەچم بۆ ئەوێ.» ئینجا گوتی: «با گەورە پیاوانتان لەگەڵم بێن، ئەگەر پیاوەکە خراپەیەکی هەیە، با سکاڵای لێ بکەن.» دوای ئەوەی کە فێستۆس هەشت بۆ دە ڕۆژێک لەگەڵیان مایەوە، چوو بۆ قەیسەرییە. بۆ بەیانی لەسەر کورسی دادوەری دانیشت و فەرمانی دا پۆڵس بهێنن. کاتێک کە هێنایان، ئەو جولەکانەی لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون لێی کۆبوونەوە و تاوانی زۆر و ترسناکیان خستە پاڵی، بەڵام نەیانتوانی بیسەلمێنن. ئەوسا پۆڵس بەرگری لە خۆی کرد: «هیچ شتێکم لە دژی تەوراتی جولەکە یان پەرستگا یان قەیسەر نەکردووە.» بەڵام فێستۆس دەیویست چاکە لەگەڵ جولەکەدا بکات، لە پۆڵسی پرسی: «دەتەوێ بچیتە ئۆرشەلیم و لەوێ سەبارەت بەم شتانە دادگاییت بکەم؟» پۆڵس گوتی: «لەبەردەم کورسی دادوەری قەیسەر وەستاوم، دەبێت لێرەش دادگایی بکرێم. خراپەم لەگەڵ جولەکە نەکردووە، وەک چۆن خۆت باش دەزانیت. ئەگەر تاوانێکم کردبێت شایانی سزای مردن بێت، ئەوا لە مردن ڕامنەدەکرد. بەڵام ئەگەر ئەو شتانەی منی پێ تاوانبار دەکەن ڕاست نەبێت، ئەوا کەس ناتوانێت بمداتە دەستیان. داواکەم دەدەمە قەیسەر!» دوای ئەوەی کە فێستۆس لەگەڵ ڕاوێژکارانی قسەی کرد، گوتی: «داواکەت دایە قەیسەر، دەچیتە لای قەیسەر!» دوای چەند ڕۆژێک شا ئەگریپاس و بەرنیکی هاتنە قەیسەرییە تاکو سڵاو لە فێستۆس بکەن. کاتێک چەند ڕۆژێکیان لەوێ بەسەربرد، فێستۆس بابەتی پۆڵسی خستە بەردەم پاشا و گوتی: «پیاوێک لێرەیە فیلیکس بە گیراوی بەجێی هێشت. کاتێک چوومە ئۆرشەلیم، کاهینانی باڵا و پیرانی جولەکە داوایان خستە پێشم تاکو تاوانبار بکرێت. «جا پێم گوتن نەریتی ڕۆمانییەکان نییە پێش ڕووبەڕووکردنەوەی سکاڵا لێکراو و سکاڵاکاران کەسێک بەدەستەوە بدەن، تاکو دەرفەتی بەرگری لە دژی سکاڵاکە هەبێت. کاتێک لێرە کۆبوونەوە، خێرا بۆ بەیانییەکەی لەسەر کورسی دادوەری دانیشتم و فەرمانم دا کە پیاوەکە بهێنن. کاتێک سکاڵاکاران بەرامبەری وەستان، تۆمەتێکی وایان نەدایە پاڵی کە من چاوەڕێم دەکرد، بەڵکو مشتومڕیان لەسەر هەندێک بابەتی تایبەت بە ئایینەکەیان و پیاوێکی مردوو بوو بە ناوی عیسا، کە پۆڵس دەڵێت زیندووە. کاتێک دڵنیا نەبووم چۆن لێکۆڵینەوە لەم شتانە بکەم، گوتم لەوانەیە حەز بکات بچێتە ئۆرشەلیم و لەوێ لەسەر ئەم شتانە دادگایی بکرێت. بەڵام کاتێک پۆڵس داواکارییەکەی بەرزکردەوە کە بۆ بڕیاری ئیمپراتۆر بهێڵدرێتەوە، فەرمانم دا بیهێڵنەوە هەتا بۆ قەیسەری دەنێرم.»

هاوبەشی بکە
کردار 25 بخوێنەوە