لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 1:26-32

کردار 1:26-32 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌گریپاس به‌ پۆڵۆسی وت: “ڕێگات دراوه‌تێ باسی خۆت بكه‌یت”. ئینجا پۆڵۆس ده‌ستی درێژكرد و به‌رگری كرد: “شا ئه‌گریپاس، خۆم به‌ به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم كه‌ ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م تۆ به‌رگری له‌ خۆم بكه‌م، سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی جوو منیان پێ تۆمه‌تبار كردووه‌، به‌ تایبه‌تی تۆ له‌ هه‌موو نه‌ریت و كێشه‌ی جوو شاره‌زایت، بۆیه‌ لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌ به‌ بشوودرێژی گوێم لێ بگریت. شێوازی ژیانم له‌ لاویه‌تیم و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌نێو نه‌ته‌وه‌كه‌م و له‌ یروشلایم بووه‌، هه‌موو جووه‌كانیش ده‌یزانن. له‌سه‌ره‌تاوه‌ منیان ناسیوه‌، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت گه‌واهیی بده‌ن كه‌وا وه‌ک په‌ڕیشی ژیاوم، كه‌ توندترین ڕێبازی ئایینه‌كه‌مانه‌. ئێستاش له‌سه‌ر ئه‌و هیوایه‌ ڕاوه‌ستاوم و دادگایی ده‌كرێم كه‌ به‌و به‌ڵێنانه‌یه‌ خودا به‌ باوكانمانی داوه‌، ئه‌وه‌ی دوازده‌ هۆزه‌كه‌مان شه‌و و ڕۆژ به‌ په‌رۆشه‌وه‌ خواپه‌رستی ده‌كه‌ن، به‌ هیوای ده‌ستكه‌وتنی. ئه‌ی پاشا، له‌به‌ر ئه‌م هیوایه‌ جوو دادگاییم ده‌كه‌ن. بۆچی ئێوه‌ بڕوا ناكه‌ن كه‌ خودا مردووان هه‌ڵده‌ستێنیته‌وه‌؟ من خۆم پێم وابوو كه‌ پێویسته‌ زۆر شت دژی ناوی ئیشۆعی ناسڕه‌تی بكه‌م. له‌ یروشلایمیش ئه‌وه‌م كرد، ده‌سه‌ڵاتم له‌ كاهینانی باڵا وه‌رگرت و زۆر له‌ پارساكانم خسته‌ زیندان، بۆ كوشتنیان ده‌نگم ده‌دا. له‌ هه‌موو كه‌نیشته‌كاندا زۆر جار سزام ده‌دان تاكو ناچاریان بكه‌م كفر بكه‌ن. ئه‌وه‌نده‌ لێیان به‌ كینه‌ بووم ته‌نانه‌ت له‌ شاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ش ده‌مچه‌وساندنه‌وه‌. له‌وه‌دا به‌ ده‌سه‌ڵات و ڕاسپارده‌ی كاهینانی باڵا چوومه‌ دره‌مسوق. جا ئه‌ی پاشا، له‌ نیوه‌ڕۆدا به‌ ڕێگاوه‌ ڕووناكییه‌كم له‌ ئاسمانه‌وه‌ بینی، دره‌وشاوه‌تر له‌ تیشكدانه‌وه‌ی خۆر، ده‌وروبه‌ری من و هاوڵانمی ڕووناک كرده‌وه‌. كاتێ هه‌موومان كه‌وتینه‌ سه‌ر زه‌وی. گوێم له‌ ده‌نگێک بوو به‌ زمانی عیبری پێی فه‌رمووم: شاوول، شاوول، بۆچی ده‌مچه‌وسێنیته‌وه‌؟ بۆت زه‌حمه‌ته‌ لوشكه‌ له‌ نه‌قیزه‌ من بده‌یت. منیش وتم: تۆ كێیت گه‌وره‌م؟ فه‌رمووی: من ئیشۆعم، ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یچه‌وسێنیته‌وه‌. به‌ڵام هه‌سته‌ و له‌سه‌ر پێیه‌كانت ڕاوه‌سته‌. چونكه‌ له‌به‌ر ئه‌مه‌ بۆت ده‌ركه‌وتم، تاكو وه‌ک ڕاژه‌وان و گه‌واهیده‌ر هه‌ڵتبژێرم بۆ ئه‌وه‌ی بینیت و ئه‌وه‌ی تیایدا بۆت ده‌رده‌كه‌وم. ڕزگارت ده‌كه‌م له‌و گه‌ل و له‌و نه‌ته‌وانه‌ی تۆیان بۆ ده‌نێرم بۆئه‌وه‌ی چاویان بكه‌یته‌وه‌، تاكو له‌ تاریكی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ڕووناكی، له‌ ده‌سه‌ڵاتی شه‌یتان بۆ خودا، ئه‌وسا به‌ باوه‌ڕیان به‌ من لێخۆشبوونی گوناه‌ وه‌رده‌گرن و له‌گه‌ڵ پارساكان به‌شیان ده‌بێت. له‌وساوه‌ سه‌رپێچی بینینی ئاسمانیم نه‌كردووه‌، ئه‌ی شا ئه‌گریپاس، به‌ڵكو یه‌كه‌مجار بۆ دانیشتووانی دره‌مسوق و یروشلایم ڕامگه‌یاند، تاكو هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كانی ئیهوود، ئینجا نه‌ته‌وه‌كانیش تۆبه‌ بكه‌ن و بۆ خودا بگه‌ڕێنه‌وه‌، كردارێک بكه‌ن له‌ تۆبه‌كردن بوه‌شێته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌مه‌ جووه‌كان له‌ په‌رستگادا منیان گرت و هه‌وڵیان دا بمكوژن. به‌ڵام له‌ خوداوه‌ یارمه‌تیم ده‌ستكه‌وت و تاكو ئه‌مڕۆ وه‌ستاوم، گه‌واهیی بۆ گه‌وره‌ و بچووک ده‌ده‌م. ته‌نها ئه‌مه‌ ده‌ڵێم كه‌ پێغه‌مبه‌ران و مووشێ ده‌رباه‌ری ئه‌وه‌ی خه‌ریكه‌ ڕووده‌دات وتوویانه‌، كه‌ مه‌سیحه‌كه‌ ئازار بچێژێت، یه‌كه‌می هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان بێت، خه‌ریكه‌ ڕووناكی بۆ گه‌له‌كه‌ و نه‌ته‌وه‌كان ڕابگه‌یه‌نێت”. كاتێ پۆڵۆس به‌م قسانه‌ به‌رگریی ده‌كرد، پستۆس به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد: “پۆڵۆس تۆ وڕینه‌ ده‌كه‌یت! زۆری په‌رتووكه‌كان واده‌كات وڕینه‌ بكه‌یت!” پۆڵۆس وتی: “پستۆسی پایه‌ به‌رز، وڕینه‌ ناكه‌م، به‌ڵكو قسه‌ی ڕاست و شیاو ده‌كه‌م. چونكه‌ ئه‌م پاشایه‌ی ئازادانه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، ئه‌م شتانه‌ ده‌زانێت، بڕوا ناكه‌م هیچ له‌مانه‌ له‌لای شاراوه‌ بێت، چونكه‌ له‌ سووچێک نه‌كراوه‌. ئه‌گریپاسی پاشا، باوه‌ڕت به‌ پێغه‌مبه‌ران هه‌یه‌؟ من ده‌زانم باوه‌ڕت هه‌یه‌”. ئه‌گریپاس به‌ پۆڵۆسی وت: “ده‌ته‌وێت به‌م كاته‌ كه‌مه‌ قه‌ناعه‌تم پێ بهێنی ببمه‌ مه‌سیحی؟” پۆڵۆس وتی: “كاتی كه‌م یان زۆر، له‌ خودا ده‌پاڕامه‌وه‌ نه‌ک ته‌نها تۆ، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ گوێم لێ ده‌گرن وه‌ک منتان لێ بێت، به‌ڵام بێ ئه‌م زنجیرانه‌”. كاتی ئه‌مه‌ی وت، پاشا و فه‌رمانڕه‌وا و به‌رنیكی و ئاماده‌بووان هه‌ستان، ڕۆیشتن و به‌ یه‌كتریان وت: “ئه‌م كابرایه‌ شتێكی نه‌كردووه‌ شایانی مه‌رگ یان كۆتكردن بێت”. ئه‌گریپاس به‌ پستۆسی وت: “ئه‌گه‌ر ئه‌م كابرایه‌ داواكارییه‌كه‌ی نه‌دابووایه‌ قه‌یسه‌ڕ، ده‌كرا ئازاد بكرایه‌”.

هاوبەشی بکە
کردار 26 بخوێنەوە

کردار 1:26-32 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەگریپاس بە پۆڵسی گوت: «ڕێگات دراوەتێ باسی خۆت بکەیت.» ئینجا پۆڵس دەستی درێژکرد و بەرگری کرد: «شا ئەگریپاس، خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە ئەمڕۆ لەبەردەم تۆ بەرگری لە خۆم بکەم، سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی جولەکە منیان پێ تۆمەتبار کردووە، بە تایبەتی تۆ لە هەموو نەریت و کێشەی جولەکە شارەزایت، بۆیە لێت دەپاڕێمەوە بە ئارامی گوێم لێ بگریت. «هەموو جولەکەکان بە باشی دەزانن کە ژیانی لاویەتیم چۆن بووە، هەر لە سەرەتای ژیانمەوە کە لەنێو گەلەکەم و لە ئۆرشەلیمدا بووم. ئەوان لەمێژە دەمناسن و ئەگەر بیانەوێت دەتوانن شایەتی بدەن کە وەک فەریسی ژیاوم، توندترین ڕێبازی ئایینەکەمان. ئێستاش حوکم دەدرێم لەبەر ئەوەی هیوام بەو بەڵێنە هەیە کە خودا بە باوباپیرانمانی داوە. ئەمە ئەو بەڵێنەیە کە دوازدە هۆزەکەمان شەو و ڕۆژ بە هیوای هاتنەدی، بە پەرۆشەوە خواپەرستی دەکەن. ئەی پاشا، لەبەر ئەم هیوایە جولەکە تۆمەتبارم دەکەن. بۆچی ئێوە باوەڕ ناکەن کە خودا مردووان هەڵدەستێنێتەوە؟ «لە ڕاستیدا خۆم پێم وابوو کە پێویستە زۆر شت لە دژی ناوی عیسای ناسیرەیی بکەم. لە ئۆرشەلیم ئەوەم کرد، دەسەڵاتم لە کاهینانی باڵا وەرگرت و زۆر کەسم لە گەلی پیرۆزی خودا خستە زیندانەوە، بۆ کوشتنیان دەنگم دەدا. لە هەموو کەنیشتەکان زۆر جار سزام دەدان تاکو ناچاریان بکەم کفر بکەن. ئەوەندە ڕقم لێیان بوو تەنانەت لە شارەکانی دەرەوەش دەمچەوساندنەوە. «جارێکیان بە دەسەڵات و مۆڵەتی کاهینانی باڵا دەچوومە دیمەشق. جا ئەی پاشا، لە نیوەڕۆدا بە ڕێگاوە ڕووناکییەکم لە ئاسمانەوە بینی، درەوشاوەتر لە تیشکدانەوەی ڕۆژ، دەوروبەری من و هاوڕێیانمی ڕووناک کردەوە. هەموومان کەوتینە سەر زەوی. ئینجا گوێم لە دەنگێک بوو بە زمانی عیبری پێی فەرمووم: ”شاول، شاول، بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟ بۆت زەحمەتە لوشکە لە نەقیزەی من باوێی.“ «منیش گوتم: ”تۆ کێیت گەورەم؟“ «مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمووی: ”من عیسام، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە. بەڵام هەستە و لەسەر پێیەکانت ڕابوەستە. لەبەر ئەوە بۆت دەرکەوتم، کە وەک خزمەتکار و شایەت هەڵتبژێرم بۆ ئەوەی بینیت و ئەوەی تێیدا بۆت دەردەکەوم. ڕزگارت دەکەم لە گەلەکەت و لەو ناجولەکانەی تۆیان بۆ دەنێرم تاکو چاویان بکەیتەوە، تاکو لە تاریکی بگەڕێنەوە بۆ ڕووناکی، لە دەسەڵاتی شەیتان بۆ خودا، ئەوسا لێخۆشبوونی گوناه وەردەگرن و لەگەڵ ئەوانەی بە باوەڕیان بە من پیرۆزکراون بەشیان دەبێت.“ «ئەی شا ئەگریپاس، لەو کاتە بەلاوە سەرپێچی بینینی ئاسمانیم نەکردووە. یەکەم جار بۆ دانیشتووانی دیمەشق، پاشان ئۆرشەلیم و هەموو ناوچەکانی یەهودیا و دواتر بە ناجولەکەکانم ڕاگەیاند، کە تۆبە بکەن و بۆ لای خودا بگەڕێنەوە و لە ڕێگەی هەڵسوکەوتیانەوە تۆبەکردنەکەیان دەربخەن. لەبەر ئەمە جولەکەکان لە حەوشەکانی پەرستگادا منیان گرت و هەوڵیان دا بمکوژن. بەڵام هەتا ئەمڕۆش خودا یارمەتی داوم، بۆیە وەستاوم و شایەتی بۆ گەورە و بچووک دەدەم. هیچ ناڵێم جگە لەوەی کە پێغەمبەران و موسا لەبارەی ئەوەی خەریکە ڕوودەدات گوتوویانە، کە مەسیحەکە ئازار بچێژێت و یەکەمی هەستانەوەی مردووان بێت و ڕووناکی بۆ گەلەکەی و نەتەوەکان ڕابگەیەنێت.» کاتێک پۆڵس بەم قسانە بەرگری لە خۆی دەکرد، فێستۆس هاواری کرد: «پۆڵس شێت بوویت! ئەوەندەت خوێندووەتەوە کە شێت بوویت.» پۆڵس گوتی: «فێستۆسی پایەبەرز، شێت نیم، بەڵام قسەی ڕاست و شیاو دەکەم. ئەم پاشایەی ئازادانە قسەی لەگەڵ دەکەم، ئەم شتانە دەزانێت، دڵنیام هیچ لەمانە لەلای شاراوە نییە، چونکە ئەم کارانە لە سووچێک نەکراون. ئەگریپاسی پاشا، باوەڕت بە پێغەمبەران هەیە؟ دەزانم باوەڕت هەیە.» ئەگریپاس بە پۆڵسی گوت: «دەتەوێت بەم کاتە کەمە قەناعەتم پێ بهێنی ببمە مەسیحی؟» پۆڵس گوتی: «کاتی کەم یان زۆر، لە خودا دەپاڕێمەوە نەک تەنها تۆ، بەڵکو هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ گوێم لێ دەگرن وەک منتان لێ بێت، بەڵام بێ ئەم زنجیرانە.» جا پاشا و فەرمانڕەوا و بەرنیکی و ئامادەبووان هەستان، دەڕۆیشتن و بە یەکتریان دەگوت: «ئەم پیاوە شتێکی نەکردووە شایانی سزای مردن یان گرتن بێت.» ئەگریپاس بە فێستۆسی گوت: «ئەگەر ئەم پیاوە داواکارییەکەی نەدابووایە قەیسەر، دەکرا ئازاد بکرایە.»

هاوبەشی بکە
کردار 26 بخوێنەوە