لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 13:4-37

کردار 13:4-37 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كاتێ ئازایه‌تی په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌نیان بینی و زانییان كه‌سێكی بێ ڕۆشنبیری و ساده‌ن، سه‌رسام بوون، زانییان كه‌ له‌گه‌ڵ ئیشۆعدا بوونه‌. به‌ڵام كه‌ ئه‌و پیاوه‌یان بینی له‌گه‌ڵیان ڕاوه‌ستابوو، ئه‌وه‌ی چاكبووه‌وه‌، هیچیان نه‌بوو وه‌ڵامی پێ بده‌نه‌وه‌. ئه‌وسا فه‌رمانیان پێدان له‌ سه‌نهه‌دریم بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌نێو خۆیاندا پیلانیان گێڕا و وتیان: “چی له‌م دوو پیاوه‌ بكه‌ین؟ چونكه‌ ئاشكرایه‌ بۆ هه‌موو دانیشتووانی یروشلایم كه‌ په‌رجوێكی به‌رچاو به‌هۆی ئه‌مانه‌وه‌ كراوه‌، ناتوانین نكۆڵی لێ بكه‌ین. به‌ڵام نه‌وه‌ک زیاتر له‌نێو گه‌ل بڵاو بێته‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌كه‌ین ئیتر له‌لای خه‌ڵک باسی ئه‌م ناوه‌ نه‌كه‌ن”. ئینجا بانگیان كردن و ڕایانسپاردن كه‌ هه‌رگیز به‌ ناوی ئیشۆع ده‌م نه‌كه‌نه‌وه‌ و كه‌سیش فێرنه‌كه‌ن. په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌نیش وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “ئێوه‌ حوكم بده‌ن، ئه‌گه‌ر ڕاسته‌ له‌به‌رده‌م خودا گوێ له‌ ئێوه‌ بگرین زیاتر له‌ خودا. چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بینیوومانه‌ و بیستوومانه‌ ناتوانین باسی نه‌كه‌ین”. دوای هه‌ڕه‌شه‌ی زیاتر، به‌ریاندان، له‌به‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ نه‌یانزانی چۆن سزایان بده‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕوویدابوو، چونكه‌ هه‌موو خودایان شكۆدار ده‌كرد. چونكه‌ ئه‌و پیاوه‌ی ئه‌م په‌رجوه‌ی چاكبوونه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتبوو له‌ چل ساڵ زیاتر بوو. كه‌ به‌ربوون، هاتنه‌ لای هاوڕێیه‌كانیان و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كاهینانی باڵا و پیران پێیان وتبوون بۆیان گێڕانه‌وه‌. كه‌ ئه‌مه‌یان بیست، به‌ یه‌ک دڵ هاواریان بۆ خودا كرد و وتیان: “ئه‌ی گه‌وره‌، تۆی خوداوه‌ندی دروستكاری ئاسمان و زه‌وی و ده‌ریا و هه‌موو ئه‌وانه‌ی تیایاندایه‌. له‌سه‌ر زاری داویدی ڕاژه‌وانت فه‌رمووت: {بۆچی نه‌ته‌وه‌كان وروژاون وگه‌لان بیری ناڕه‌وا ده‌كه‌ن؟ پاشایانی زه‌وی هه‌ستان، سه‌رۆكه‌كان پێكه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ دژی په‌روه‌ردگار و مه‌سیحه‌كه‌ی} . چونكه‌ به‌ ڕاستی، هیڕوودس و پیڵاتوسی پونتی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ و گه‌لانی ئیسڕائیل دژی ئیشۆع یه‌كیان گرت، ڕاژه‌وانه‌ پارسا‌كه‌ت، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ستنیشانت كرد، تاكو هه‌رچی له‌پێشا ده‌ستت و خواستت نه‌خشه‌ی بۆ كێشابوو بیكه‌ن. ئێستاش په‌روه‌ردگار، سه‌یری هه‌ڕه‌شه‌كانیان بكه‌، به‌ كۆیله‌كانی خۆت ببه‌خشه‌ كه‌ به‌وپه‌ڕی ئاشكرایی به‌ فه‌رمووده‌كانت بدوێن، كاتێ ده‌ستت ده‌به‌یت تاكو چاكبوونه‌وه‌ و نیشانه‌ و په‌رجو به‌ ناوی ئیشۆعی ڕاژه‌وانی پارساته‌وه‌ بكرێت”. كاتێ نوێژیان ده‌كرد، ئه‌و شوێنه‌ی تیایدا كۆببوونه‌وه‌ له‌رزی و هه‌موو له‌ ڕووحی پارسا پڕبوون، ئاشكرا به‌ وشه‌ی خودا ده‌دووان. كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداران یه‌ک دڵ و گیان بوون، كه‌س نه‌یده‌ووت ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی هی خۆیه‌تی، به‌ڵكو هه‌موو شتێكیان هاوبه‌ش بوو. په‌یامبه‌ران به‌ هێزێكی مه‌زن گه‌واهیی هه‌ستانه‌وه‌ی ئیشۆعی په‌روه‌ردگاریان ده‌دا، به‌خششێكی گه‌وره‌ش به‌سه‌ر هه‌موویانه‌وه‌ بوو. كه‌سی نه‌بوونیان تێدا نه‌بوو، چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن كێڵگه‌ و ماڵ بوون ده‌یانفرۆشت، پاره‌كه‌یان ده‌هێنا و له‌به‌رپێی په‌یامبه‌ران دایانده‌نا، ئه‌وانیش دابه‌شیان ده‌كرد، هه‌ر یه‌كێک به‌گوێره‌ی پێویستی. یۆسپ، لیوییه‌كی ڕه‌گه‌ز قوبڕسییه‌، كه‌ په‌یامبه‌ران ناویان لێنا به‌رنڤا، واتا ڕۆڵه‌ی هانده‌ر، كێڵگه‌یه‌كی هه‌بوو، فرۆشتی و پاره‌كه‌ی هێنا، خستییه‌ به‌رپێی په‌یامبه‌ران.

هاوبەشی بکە
کردار 4 بخوێنەوە

کردار 13:4-37 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک ئازایەتی پەترۆس و یۆحەنایان بینی و زانییان خەڵکێکی نەخوێندەوار و سادەن، سەرسام بوون و بۆیان دەرکەوت کە ئەم پیاوانە پێشتر لەگەڵ عیسادا بوون. بەڵام کاتێک ئەو پیاوەشیان بینی لەگەڵیان ڕاوەستابوو، ئەوەی چاک بووەوە، هیچیان نەبوو وەڵامی پێ بدەنەوە. ئەوسا فەرمانیان پێدان لە ئەنجومەنی باڵا بچنە دەرەوە و لەناو خۆیاندا کەوتنە گفتوگۆ: «چی لەم پیاوانە بکەین؟ ئاشکرایە بۆ هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم کە نیشانەیەکی بەرچاو لە ڕێگەی ئەمانەوە کراوە، ناتوانین نکۆڵی لێ بکەین. بەڵام نەوەک زیاتر لەنێو گەل بڵاو بێتەوە، هەڕەشەیان لێ دەکەین ئیتر لەلای کەس باسی ئەم ناوە نەکەن.» ئینجا بانگیان کردن و فەرمانیان پێدان کە بە هیچ شێوەیەک بە ناوی عیسا دەم نەکەنەوە و کەسیش فێرنەکەن. بەڵام پەترۆس و یۆحەنا وەڵامیان دایەوە: «بەلای خوداوە کامیان دروستترە: گوێ لە ئێوە بگرین یان لە ئەو؟ ئێوە حوکم بدەن! بەڵام ئێمە ئەوەی بینیومانە و بیستوومانە ناتوانین باسی نەکەین.» دوای هەڕەشەی زیاتر، بەریاندان. نەیانزانی چۆن سزایان بدەن، لەبەر ئەوەی هەموو ستایشی خودایان دەکرد بەهۆی ئەوەی ڕوویدابوو، چونکە ئەو پیاوەی ئەم نیشانەی چاکبوونەوەی بەسەرهاتبوو لە چل ساڵ زیاتر بوو. کە پەترۆس و یۆحەنا بەربوون، هاتنە لای هاوڕێیەکانیان و ئەو شتانەی کاهینانی باڵا و پیران پێیان گوتبوون بۆیان گێڕانەوە. کاتێک هاوڕێیەکانیان ئەمەیان بیست، هەموویان بە یەک دەنگ هاواریان بۆ خودا کرد: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆی دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە. لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆز لەسەر زاری داودی باوکمان و بەندەی خۆت فەرمووت: «﴿بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟ پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن، سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی‏.﴾ لەبەر ئەوەی بە ڕاستی لەم شارەدا، هێرۆدس و پیلاتۆسی پۆنتی و ناجولەکەکان و گەلی ئیسرائیل لە دژی عیسای خزمەتکاری پیرۆزت یەکیانگرت، ئەوەی کە دەستنیشانت کرد. ئەو کارەیان ئەنجام دا کە هێز و خواستی تۆ پێشوەخت نەخشەیان بۆ کێشابوو کە دەبێت ڕووبدەن. ئێستاش ئەی یەزدان، سەیری هەڕەشەکانیان بکە، توانای ئەوە بە خزمەتکارەکانت ببەخشە کە بەوپەڕی ئازایەتییەوە بە وشەکانت بدوێن. دەستت درێژ بکە تاکو چاکبوونەوە و نیشانە و پەرجوو بە ناوی عیسای خزمەتکاری پیرۆزتەوە بکرێت.» کاتێک لە خودا دەپاڕانەوە، ئەو شوێنەی کە تێدا کۆببوونەوە هاتە لەرزین و هەموویان پڕبوون لە ڕۆحی پیرۆز، بە چاونەترسییەوە پەیامی خودایان ڕادەگەیاند. کۆمەڵی باوەڕداران یەک دڵ و گیان بوون، کەس نەیدەگوت ئەوەی هەیەتی هی خۆیەتی، بەڵکو لە هەموو شتێکدا هاوبەش بوون. نێردراوان بە هێزێکی گەورەوە شایەتی هەستانەوەی عیسای خاوەن شکۆیان دەدا، نیعمەتێکی گەورەش بەسەر هەموویانەوە بوو. کەسی نەبوونیان تێدا نەبوو، چونکە هەموو ئەوانەی خاوەن کێڵگە و ماڵ بوون دەیانفرۆشت، پارەکەیان دەهێنا و لەبەرپێی نێردراوان دایاندەنا، ئەوانیش بەگوێرەی پێویستی کەسەکان دابەشیان دەکرد. یەکێک لەوان پیاوێک بوو بە ناوی یوسف کە لێڤییەکی قوبرسی بوو. نێردراوان پێیان دەگوت بەرناباس کە بە واتای «کوڕی هاندەر» دێت. کێڵگەیەکی هەبوو، فرۆشتی و پارەکەی هێنا، خستییە بەرپێی نێردراوان.

هاوبەشی بکە
کردار 4 بخوێنەوە