لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 10:9-18

کردار 10:9-18 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌ دره‌مسوق قوتابییه‌ک هه‌بوو ناوی خه‌نه‌نیا بوو، په‌روه‌ردگار له‌ بینیندا پێی فه‌رموو: “خه‌نه‌نیا!” وتی: “ئه‌وه‌تام په‌روه‌ردگار!” په‌روه‌ردگار پێی فه‌رموو: “هه‌سته‌ و بڕۆ ئه‌و شه‌قامه‌ی پێی ده‌ووترێ ڕاست، له‌ ماڵی ئیهوودا پرس له‌ پیاوێكی ته‌رسوسی بكه‌ ناوی شاووله‌، وا نوێژ ده‌كات. له‌ بینیندا پیاوێكی بینی ناوی خه‌نه‌نیایه‌، دێته‌ لای و ده‌ستی له‌ سه‌ری داده‌نێت تاكو ببینێته‌وه‌”. خه‌نه‌نیا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “په‌روه‌ردگار، له‌ زۆر كه‌س ئه‌و خراپانه‌م بیستۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌م پیاوه‌ له‌ یروشلایم به‌ پارساكانی تۆی كردووه‌. ئه‌وه‌تا لێره‌ له‌لای كاهینانی باڵا ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ بگرێت كه‌ به‌ ناوی تۆ بانگه‌واز ده‌كه‌ن”. جا په‌روه‌ردگار پێی فه‌رموو: “بڕۆ! چونكه‌ ئه‌مه‌ بۆ من ده‌فرێكی هه‌ڵبژێردراوه‌ بۆ هه‌ڵگرتنی ناوی من له‌به‌رده‌م نه‌ته‌وه‌كان و پاشایان و نه‌وه‌ی ئیسڕائیل. چونكه‌ پیشانی ده‌ده‌م ده‌بێت له‌پێناوی ناوی من چه‌ند ئازار بچێژێت”. خه‌نه‌نیاش ڕۆیشت و چووه‌ ماڵه‌كه‌، ده‌ستی له‌سه‌ری دانا و وتی: “كاک شاوول، ئیشۆعی په‌روه‌ردگار ناردوومی، ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگایه‌ی پێیدا هاتی بۆت ده‌ركه‌وت تاكو ببینیت و پڕبیت له‌ ڕووحی پارسا”. ده‌ستبه‌جێ شتێكی وه‌ک توێكڵ له‌ چاوه‌كانی كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و یه‌كسه‌ر بینی، هه‌ستا و عه‌مادكرا.

هاوبەشی بکە
کردار 9 بخوێنەوە

کردار 10:9-18 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لە دیمەشق قوتابییەک هەبوو ناوی حەنانیا بوو، مەسیحی خاوەن شکۆ لە بینیندا پێی فەرموو: «حەنانیا!» گوتی: «ئەوەتام گەورەم!» مەسیح پێی فەرموو: «هەستە و بڕۆ ئەو شەقامەی پێی دەگوترێ ڕاست، لە ماڵی یەهوزا پرسیار لە پیاوێکی تەرسۆسی بکە ناوی شاولە، وا نوێژ دەکات. لە بینیندا پیاوێکی بۆ دەرکەوت بە ناوی حەنانیا کە دێتە لای و دەستی لە سەری دادەنێت تاکو بینایی بۆ بگەڕێتەوە.» حەنانیا وەڵامی دایەوە: «گەورەم، لە زۆر کەس ئەو خراپانەم بیستووەتەوە کە ئەم پیاوە لە ئۆرشەلیم بە گەلە پیرۆزەکەی تۆی کردووە. هەروەها لە کاهینانی باڵاوە دەسەڵاتی پێدراوە و هاتووە بۆ ئەوەی هەموو ئەوانە بگرێت کە بە ناوی تۆوە دەپاڕێنەوە.» بەڵام مەسیح پێی فەرموو: «بڕۆ! ئەم پیاوە بۆ من ئامێرێکی هەڵبژێردراوە بۆ هەڵگرتنی ناوی من لەبەردەم ناجولەکەکان و پاشایان و نەوەی ئیسرائیل. پیشانی دەدەم دەبێت لەبەر ناوی من چەند ئازار بچێژێت.» حەنانیاش ڕۆیشت و چووە ماڵەکە، دەستی لەسەری دانا و گوتی: «شاولی برام، عیسای خاوەن شکۆ منی ناردووە، ئەوەی لەو ڕێگایەی پێیدا هاتی بۆت دەرکەوت، تاکو دیسان ببینیت و پڕبیت لە ڕۆحی پیرۆز.» دەستبەجێ شتێکی وەک توێکڵ لە چاوەکانی کەوتە خوارەوە، ئینجا بینی، هەستا و لە ئاو هەڵکێشرا.

هاوبەشی بکە
کردار 9 بخوێنەوە