لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دانیال 6:6-11 - Compare All Versions

دانیال 6:6-11 KSS (كوردی سۆرانی ستانده‌رد)

جا ئەو وەزیر و میرانە لەلای پاشا کۆبوونەوە و پێیان گوت: «ئەی داریوش پاشا، هەتاهەتایە هەر بژی! هەموو وەزیرەکانی پاشایەتییەکە و فەرمانڕەوا و میر و ڕاوێژکار و پارێزگارەکان ڕاوێژیان کرد وابکەن پاشا فەرمانێک دەربکات و بڕیارەکە جێبەجێ بکات کە هەرکەسێک بۆ ماوەی سی ڕۆژ هەر داوایەک لە خوداوەندێک یان مرۆڤێک بکات، جگە لە تۆ، ئەی پاشا، با فڕێبدرێتە ناو چاڵی شێرەکان. ئێستاش ئەی پاشا فەرمانەکە دەربکە و ئیمزای لەسەر بکە، بۆ ئەوەی هەروەک یاساکانی ماد و فارس نەگۆڕ بێت کە پووچەڵ نابێتەوە.» ئیتر داریوشی پاشا فەرمانەکەی نووسی و ئیمزای کرد. کە دانیال بە ئیمزاکردنی فەرمانەکەی زانی، گەڕایەوە ماڵەوە، چووە ژوورەکەی سەرەوە کە پەنجەرەکەی ڕووەو ئۆرشەلیم دەکرایەوە. سێ جار لە ڕۆژێکدا چووە سەر چۆک و لەبەردەم خوداکەی نوێژی کرد و سوپاسی کرد، هەروەک پێش ئەوە دەیکرد. ئینجا ئەو پیاوانە پێکەوە کۆبوونەوە، بینییان دانیال لەبەردەم خوداکەیدا نوێژ دەکات و دەپاڕێتەوە.

هاوبەشی بکە
دانیال 6 KSS