دواوتار 9:23-25 - بەراوردکردنی هەموو وەشەنەکان
دواوتار 9:23-25 KSS (كوردی سۆرانی ستاندهرد)
کاتێک لە دژی دوژمنەکانتان ئۆردوگا دادەمەزرێنن، لە هەموو شتێکی گڵاو خۆتان بەدوور بگرن. ئەگەر پیاوێکتان تێدابوو، گڵاو بوو لەبەر ئەوەی بە شەو تۆوی لێ هاتە دەرەوە، ئەوا دەچێتە دەرەوەی ئۆردوگاکە و ناگەڕێتەوە ناو ئۆردوگاکە. دەمەو ئێوارە بە ئاو خۆی دەشوات و لە ئاوابوونی خۆر دێتەوە ناو ئۆردوگاکە. دەبێت شوێنێکیشتان هەبێت لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بۆ پیساییکردن، لەگەڵ شتومەکەکەشتان خاکەنازێکتان هەبێت، بۆ ئەوەی چاڵی پێ هەڵبکەنن بۆ پیساییکردن و پاشان پیساییەکەتان داپۆشن. لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان لەناو ئۆردوگاکەتان هاتوچۆ دەکات بۆ ئەوەی فریاتان بکەوێت و دوژمنەکانتان بەدەستەوە بدات، جا با ئۆردوگاکەتان پیرۆز بێت نەوەک شتێکی پیستان تێدا ببینێت و ڕووتان لێ وەربگێڕێت. ئەگەر کۆیلەیەک پەنای بۆتان هێنا، مەیدەنەوە دەست گەورەکەی، لەلای ئێوە نیشتەجێ دەبێت لەنێوتاندا لەو شوێنەی هەڵیدەبژێرێت لە یەکێک لە شارۆچکەکانتان، لە هەرکوێ پێی خۆشە و ستەمی لێ مەکەن. کچانی ئیسرائیل بۆیان نییە ببنە لەشفرۆشی نزرگەکان و کوڕانی ئیسرائیلیش بۆیان نییە هەمان ئەم کارە بکەن. کرێی لەشفرۆشیی ژنان و پیاوان مەخەنە ناو ماڵی یەزدانی پەروەردگارتان لە نەزرکردن، چونکە ئەم کارە لەلای یەزدانی پەروەردگارتان قێزەونە. قەرز بە سوو بە براکەت مەدە، نە سووی زیو و نە سووی خۆراک و نە سووی هەر شتێک کە بە سوو بە قەرز دەدرێت. دەتوانیت قەرز بە سوو بدەیتە بێگانە، بەڵام قەرز بە سوو مەدە براکەت، بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارت بەرەکەتدارت بکات لە هەموو شتێک کە دەستی بۆ دەبەیت لەو خاکەی دەچیتە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگریت. ئەگەر نەزرێکت بۆ یەزدانی پەروەردگارت کرد بەجێهێنانی دوا مەخە، چونکە یەزدانی پەروەردگارت لێت داوا دەکات، جا بەسەرتەوە دەبێتە گوناه. بەڵام ئەگەر نەزرت نەکرد ئەوا گوناه نییە بەسەرتەوە. ئەوەی لە دەمت هاتە دەرەوە بیپارێزە و بیکە، چونکە ئازادانە بە دەمی خۆت نەزرت بۆ یەزدانی پەروەردگارت کرد. ئەگەر چوویتە ناو ڕەزەمێوی دراوسێکەت پڕ بە حەزی دڵت ترێ بخۆ هەتا تێر دەبیت، بەڵام هیچ مەکە ناو توورەکەکەتەوە. ئەگەر چوویتە ناو دەغڵی دراوسێکەت دەتوانیت بە دەستت گوڵەگەنم لێ بکەیتەوە، بەڵام داس لە دەغڵی دراوسێکەت بەرز مەکەرەوە.