لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئەفەسۆس 1:4-16

ئەفەسۆس 1:4-16 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

منی دیل له‌ په‌روه‌ردگار، داواتان لێ ده‌كه‌م به‌ شێوه‌یه‌ک ڕه‌فتار بكه‌ن كه‌ شایانی ئه‌م بانگه‌وازه‌ بێت كه‌وا پێی بانگكراون. به‌وپه‌ڕی خاكساری و دڵنه‌رمی و پشوودرێژی، به‌ خۆشویستن به‌رگه‌ی یه‌كتری بگرن. تێكۆشه‌ر بن بۆ پاراستنی یه‌كێتیی ڕووح به‌ پشتێنی ئاشتی. به‌یه‌ک له‌ش و یه‌ک ڕووح، بۆ یه‌ک هیوای بانگه‌وازه‌كه‌تان كه‌ بانگكران، یه‌ک په‌روه‌ردگار، یه‌ک باوه‌ڕ، یه‌ک عه‌ماد، یه‌ک خوداوه‌ند و یه‌ک باوک هی هه‌مووانه‌، ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رووی هه‌مووانه‌، به‌ هه‌مووان و له‌ هه‌مووتانه‌. به‌ڵام به‌گوێره‌ی پێوانه‌ی به‌خشینی مه‌سیح به‌خشش به‌ هه‌ر یه‌كێكمان دراوه‌، بۆیه‌ ده‌فه‌رمووێ: “كاتێ ئه‌و سه‌ركه‌وت بۆ به‌رزایی، ڕاپێچكراوانی ڕاپێچ كرد، دیاریی به‌ خه‌ڵكی به‌خشی”. مه‌به‌ست له‌ سه‌ركه‌وتن چییه‌، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ دابه‌زیوه‌ته‌ نزمترین شوێنی زه‌وی؟ ئه‌وه‌ی دابه‌زی هه‌ر خۆی سه‌ركه‌وت بۆ سه‌ر هه‌موو ئاسمانان، تاكو هه‌مووی پڕ بكاته‌وه‌. ئه‌ویش به‌ هه‌ندێكی دا ببنه‌ په‌یامبه‌ر، هه‌ندێک پێشبین، هه‌ندێک موژده‌ده‌ر، هه‌ندێک شوان و ڕابی، بۆ ته‌واوكردنی پارساكان بۆ كاری ڕاژه‌، بۆ بنیادنانی له‌شی مه‌سیح، تاكو هه‌موومان بگه‌ینه‌ یه‌كێتیی باوه‌ڕ و ناسینی ڕۆڵه‌ی خودا، ببینه‌ مرۆڤێكی پێگه‌یشتوو، بگه‌ینه‌ ئاستی ته‌واوی باڵای مه‌سیح. بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ولا ساوا نه‌بین، شێواوو هه‌ڵگیراو به‌ هه‌موو بایه‌كی فێركردن، به‌ فێڵی خه‌ڵكی، به‌ چه‌واشه‌ به‌ره‌و ته‌ڵه‌كه‌بازیی گومڕایی. به‌ڵكو له‌ خۆشویستندا ڕاستگۆ بین، با له‌ هه‌موو شتێک گه‌شه‌ بكه‌ین، له‌نێو ئه‌وه‌ی سه‌ره‌، كه‌ مه‌سیحه‌. له‌ ئه‌وه‌وه‌ هه‌موو له‌ش به‌یه‌كه‌وه‌ تێكهه‌ڵكێشراوه‌، به‌هۆی یارمه‌تی هه‌ر جومگه‌یه‌ک یه‌كده‌گرن، به‌گوێره‌ی كاركردنه‌كه‌ی به‌ پێوانه‌ی هه‌ر به‌شێک، له‌ش گه‌شه‌ ده‌كات بۆ بنیادنانی له‌ خۆشویستندا.

ئەفەسۆس 1:4-16 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

منی بەندکراو لە پێناوی مەسیحی خاوەن شکۆ لێتان دەپاڕێمەوە بە شێوەیەک بژین شایانی ئەم بانگەوازە بێت کە پێی بانگکراون. بەوپەڕی بێفیزی و دڵنەرمی و ئارامگرتنەوە، بە خۆشەویستی بەرگەی یەکتری بگرن. تێکۆشەر بن بۆ پاراستنی یەکێتی ڕۆحی پیرۆز بە پشتێنی ئاشتی. هەروەک یەک جەستە و یەک ڕۆح هەیە، بۆ یەک هیوای بانگەوازەکەتان کە بانگکران، یەک پەروەردگار، یەک باوەڕ، یەک لەئاوهەڵکێشان، یەک خودا، باوکی هەمووانە، گەورەی هەمووانە، لەناو ناخی هەموواندا کار دەکات و لەنێو هەموواندایە. بەڵام بەگوێرەی پێوانەی بەخشینی مەسیح نیعمەت بە هەر یەکێکمان دراوە، بۆیە دەفەرموێ: ﴿کاتێک ئەو بەرزبووەوە بۆ بەرزایی، دیلێکی زۆری لەگەڵ خۆی برد، دیاری بە خەڵکی بەخشی.﴾ مەبەست لە «بەرزبووەوە» چییە، جگە لەوەی کە دابەزیوەتە نزمترین شوێنی زەوی؟ ئەوەی دابەزی هەر خۆی بەرزبووەوە بۆ سەر هەموو ئاسمان، تاکو هەمووی پڕ بکاتەوە. ئیتر مەسیح بە هەندێکی دا ببنە نێردراو، هەندێک پێغەمبەر، هەندێک مزگێنیدەر، هەندێک شوان و مامۆستا، بۆ ئامادەکردنی گەلی پیرۆزی خۆی بۆ کاری خزمەت، بۆ بنیادنانی جەستەی مەسیح، هەتا هەموومان بگەین بە یەکێتی باوەڕ و ناسینی کوڕی خودا، ببینە مرۆڤێکی پێگەیشتوو، بگەینە ئەندازەی تەواوی پڕیێتی مەسیح. بۆ ئەوەی لەمەولا ساوا نەبین، شێواو و هەڵگیراو بە هەموو بایەکی فێرکردن، بە فێڵی خەڵکی، بە مەکر بەرەو چەواشەی تەڵەکەبازی، بەڵکو لە خۆشەویستیدا ڕاستگۆ بین، با لە هەموو شتێکدا گەشە بکەین، لەناو ئەوەی سەرە، واتا مەسیح. بەهۆی مەسیحەوە هەموو کڵێسا لە خۆشەویستیدا گەشە دەکات و خۆی بنیاد دەنێت، وەک چۆن ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ تێک هەڵکێشراون و بە جومگەکان بەیەکەوە بەستراونەتەوە، هاوکاری یەکتری دەکەن.