لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئەفەسۆس 1:5-21

ئەفەسۆس 1:5-21 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كه‌واته‌ لاسایی خودا بكه‌نه‌وه‌، وه‌ک ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویست، له‌ خۆشویستندا ڕه‌فتار بكه‌ن، وه‌ک مه‌سیح خۆشیویستین و له‌ پێناوی ئێمه‌دا خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ دا، قوربانییه‌ک و سه‌ربڕاوێک، بۆنخۆش بۆ خودا. به‌ڵام داوێنپیسی و هه‌موو گڵاوییه‌ک یان چڵێسییه‌ک با له‌نێوتاندا ناوی نه‌بێت، وه‌ک له‌ پارساكان ده‌وه‌شێته‌وه‌، نه‌ک بێ شه‌رمی و قسه‌ی ناشیرین و سووک كه‌وا ناشێت، به‌ڵكو له‌ جیاتی ئه‌مه‌ سوپاسكردن. چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌زانن كه‌ هه‌موو داوێنپیسێک یان گڵاو یان چڵێس ئه‌وه‌ی بتپه‌رسته‌ له‌ پاشایه‌تیی مه‌سیح و خودا میراتی نییه‌. كه‌س به‌ قسه‌ی ناڕه‌وا هه‌ڵتان نه‌خه‌ڵه‌تێنێ، چونكه‌ به‌هۆی ئه‌مانه‌ تووڕه‌یی خودا دێته‌ سه‌ر ڕۆڵه‌كانی یاخیبوون. بۆیه‌ هاوبه‌شییان مه‌كه‌ن. چونكه‌ پێشتر ئێوه‌ تاریكی بوون، به‌ڵام ئێستا ڕووناكین له‌ په‌روه‌ردگاردا. وه‌ک ڕۆڵه‌كانی ڕووناكی ڕه‌فتار بكه‌ن، چونكه‌ به‌روبوومی ڕووناكی له‌ هه‌موو چاكه‌ و خوداناسی و ڕه‌وایه‌كدایه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندی خودایه‌ بیدۆزنه‌وه‌. به‌شداری كرداری تاریكی بێبه‌رهه‌م مه‌كه‌ن، به‌ڵكو سه‌رزه‌نشتی بكه‌ن. چونكه‌ ئه‌و كارانه‌ی به‌ دزی ده‌یكه‌ن، ته‌نانه‌ت ناوهێنانیشی شه‌رمه‌زارییه‌. به‌ڵام هه‌موو شتێک ئاشكرا بكرێت له‌ ڕووناكی، ده‌بینرێت، چونكه‌ هه‌ر شتێک ببینرێت ڕووناكییه‌. بۆیه‌ ده‌فه‌رمووێ: “ئه‌ی نووستوو هه‌سته‌، له‌نێو مردووان هه‌سته‌وه‌، مه‌سیح بۆت ده‌دره‌وشێته‌وه‌”. بۆیه‌ ئاگاداربن چۆن ڕه‌فتار ده‌كه‌ن، نه‌ک وه‌ک نه‌زان، به‌ڵكو وه‌ک دانا، كات بكڕنه‌وه‌، چونكه‌ ڕۆژگار به‌دكاره‌. بۆیه‌ گێل مه‌بن، به‌ڵكو تێبگه‌ن خواستی په‌روه‌ردگار چییه‌. به‌ مه‌ی سه‌رخۆش مه‌بن كه‌ به‌ڕه‌ڵایی تێدایه‌، به‌ڵكو پڕبن له‌ ڕووح، له‌گه‌ڵ یه‌كتری به‌ په‌سنی و ستایش و گۆرانی ڕووحی بدوێن، له‌ دڵتانه‌وه‌ په‌سنی و ستران بۆ په‌روه‌ردگار بڵێن، هه‌موو كاتێ به‌ ناوی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان بۆ هه‌موو شتێک سوپاسی خودای باوک بكه‌ن، به‌ ترسی مه‌سیح ملكه‌چی یه‌كتری بن.

ئەفەسۆس 1:5-21 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کەواتە وەک ڕۆڵەی خۆشەویست، لاسایی خودا بکەنەوە، لە خۆشەویستیدا بژین، وەک مەسیح خۆشیویستین و لە پێناوی ئێمەدا خۆی بەختکرد، قوربانییەک و سەربڕاوێک، بۆنخۆش بۆ خودا. بەڵام داوێنپیسی و هەموو گڵاوییەک یان چاوچنۆکییەک با لەنێوتاندا ناوی نەبێت، چونکە ئەمانە لە گەلی پیرۆزی خودا ناوەشێتەوە، نەک بێ شەرمی و قسەی ناشیرین و سووک کە ناشێت، بەڵکو لە جیاتی ئەمە سوپاسکردن. بێگومان بن لەوەی هەموو داوێنپیسێک یان گڵاو یان چاوچنۆکێک لە شانشینی مەسیح و خودا میراتی نییە، چونکە چاوچنۆک بتپەرستە. کەس بە قسەی پووچ هەڵتاننەخەڵەتێنێ، چونکە بەهۆی ئەمانە تووڕەیی خودا دێتە سەر کوڕەکانی یاخیبوون. بۆیە هاوبەشییان مەکەن. پێشتر ئێوە تاریکی بوون، بەڵام ئێستا ڕووناکین بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی باڵادەست. وەک ڕۆڵەی ڕووناکی بژین، چونکە بەروبوومی ڕووناکی لە هەموو چاکە و ڕاستودروستی و ڕاستییەکدایە، هەروەها بزانن کە چی جێگەی ڕەزامەندی مەسیحی خاوەن شکۆیە. بەشداری کرداری تاریکی بێ بەرهەم مەکەن، بەڵکو ئاشکرای بکەن، چونکە ئەو کارانەی بە دزی دەیکەن، تەنانەت ناوهێنانیشی شەرمەزارییە. بەڵام هەموو شتێک لە ڕووناکیدا ئاشکرا بکرێت دەبینرێت، چونکە هەر شتێک ببینرێت ڕووناکییە. بۆیە دەڵێت: «ئەی نوستوو هەستە، لەنێو مردووان هەستەوە، مەسیح بەسەرتدا دەدرەوشێتەوە.» ئاگاداربن چۆن دەژین، نەک وەک نەفام، بەڵکو وەک دانا، کات بقۆزنەوە، چونکە زەمانە بەدکارە. گێل مەبن، بەڵکو تێبگەن خواستی مەسیحی باڵادەست چییە. بە شەراب سەرخۆش مەبن کە بەڕەڵایی تێدایە، بەڵکو پڕبن لە ڕۆحی پیرۆز: لەگەڵ یەکتری بە زەبوور و سروود و گۆرانی ڕۆحی بدوێن، لە دڵتانەوە گۆرانی و ستران بۆ یەزدان بڵێن، هەموو کاتێک و بۆ هەموو شتێک بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان سوپاسی خودای باوک بکەن، بە ترسی مەسیح ملکەچی یەکتری بن.