لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئەفەسۆس 1:6-24

ئەفەسۆس 1:6-24 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ڕۆڵه‌كان، گوێڕایه‌ڵی دایبابتان بن له‌ په‌روه‌ردگار، چونكه‌ ئه‌مه‌ ڕه‌وایه‌. “ڕێزی باوک و دایكت بگره‌” ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ڕاسپارده‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڵێنه‌وه‌ دێت “تاكو چاكه‌ بێته‌ ڕێت و ته‌مه‌نت درێژ بێت له‌سه‌ر زه‌وی”. ئێوه‌ش ئه‌ی باوكان، منداڵه‌كانتان تووڕه‌ مه‌كه‌ن، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی ڕاسته‌ڕێكردن و ته‌مبێكردنی په‌روه‌ردگار په‌روه‌رده‌یان بكه‌ن. كۆیله‌كان، گوێڕایه‌ڵی گه‌وره‌كانتان بن به‌پێی جه‌سته‌، به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ به‌ ساكاری، وه‌ک بۆ مه‌سیح بێت، نه‌ک به‌ ڕاژه‌ی به‌رچاوان وه‌ک ئه‌وه‌ی خه‌ڵک ڕازی بكات، به‌ڵكو وه‌ک كۆیله‌ی مه‌سیح به‌دڵه‌وه‌ خواستی خودا به‌جێبهێنن. با ڕاژه‌تان له‌ دڵپاكیه‌وه‌‌ بێت، وه‌ک بۆ په‌روه‌ردگاری بكه‌ن نه‌ک بۆ خه‌ڵكی، چونكه‌ ده‌زانن هه‌ر یه‌كێک چ چاكه‌كارییه‌ک بكات ئه‌وه‌ له‌ په‌روه‌ردگار وه‌ریده‌گرێته‌وه‌، كۆیله‌ بێت یاخود ئازاد. ئێوه‌ش گه‌وره‌كان، هه‌مان شتیان بۆ بكه‌ن، واز له‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن بێنن، بزانن گه‌وره‌ی ئێوه‌ش له‌ ئاسماناندایه‌، ئه‌ویش جوداخوازی ناكات. له‌ كۆتاییدا برایان، به‌هێز بن له‌ په‌روه‌ردگار و له‌ هێزه‌ گه‌وره‌كه‌ی. به‌ چه‌كی ته‌واوی خودا خۆتان پۆشته‌ بكه‌ن، تاكو بتوانن به‌رامبه‌ر پیلانی ئیبلیس بوه‌ستن. چونكه‌ زۆرانبازیی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ گۆشت و خوێن نییه‌، به‌ڵكو دژی سه‌رۆكه‌كان، دژی ده‌سه‌ڵاتداران، دژی فه‌رمانڕه‌وایانی ئه‌م تاریكییه‌ی جیهانه‌، هه‌روه‌ها دژی سه‌ربازه‌ به‌دكاره‌ ڕووحییه‌كانه‌ له‌ شوێنه‌ ئاسمانیه‌كان. بۆیه‌ چه‌كی ته‌واوی خودا هه‌ڵبگرن، تاكو بتوانن له‌ ڕۆژی به‌دكاردا به‌رنگاری بكه‌ن و دوای ته‌واوبوونی هه‌موو شتێک، جێگیربن. به‌ به‌ستنی پشتێنی ڕه‌وا به‌ ناوقه‌دتان و له‌به‌ركردنی سپه‌ری خوداناسی جێگیربن، ئاماده‌یی له‌ پێ بكه‌ن بۆ ڕاگه‌یاندنی ئینجیلی ئاشتی، له‌ سه‌رووی هه‌مووان قه‌ڵغانی باوه‌ڕ هه‌ڵبگرن، تا بتوانن هه‌موو تیره‌ گڕداره‌كانی به‌دكار بكوژێننه‌وه‌. هه‌روه‌ها كڵاوی ئاسنینی ڕزگاری و شمشێری ڕووح هه‌ڵبگرن كه‌ وشه‌ی خودایه‌. به‌ هه‌موو نوێژ و پاڕانه‌وه‌یه‌ک، هه‌موو كاتێ له‌ ڕووحدا نوێژ بكه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش بێداربن به‌وپه‌ڕی به‌رده‌وامی و پاڕانه‌وه‌ له‌پێناوی هه‌موو پارساكان. نوێژ بۆ منیش بكه‌ن تاكو هه‌ر كاتێ زارم ده‌كه‌مه‌وه‌ قسه‌م بدرێتێ، ئاشكرا نهێنیی ئینجیل ڕابگه‌یێنم، كه‌ له‌پێناویدا له‌ زنجیردا باڵوێزم، تاكو وه‌ک پێویسته‌ ئاشكرا قسه‌ی پێویست بكه‌م. بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه‌ش هه‌واڵم بزانن وا خه‌ریكی چیم، تۆخیقۆس، برای خۆشه‌ویست و ڕاژه‌وانی سه‌رڕاست له‌ په‌روه‌ردگار، هه‌موو شتێكتان پێ ده‌ڵێت. تایبه‌ت بۆ ئه‌مه‌ ئه‌وم بۆ ناردن تاكو هه‌واڵی ئێمه‌ بزانن و دڵنه‌واییتان بكات. ئاشتی بۆ برایان و خۆشویستن به‌ باوه‌ڕ له‌ خودای باوك و ئـــیـــشـــۆعـــی مـــه‌ســـیـــحـــی پـــه‌روه‌ردگـــاره‌وه‌. بـه‌خـشـش لـه‌گـه‌ڵ هـه‌مـوو ئـه‌وانـه‌ بـێـت، كه‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگاری ئێمه‌یان بـه‌ مـیهـره‌بـانـیـه‌وه‌ خـۆشـده‌وێـت. ئامین.

ئەفەسۆس 1:6-24 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی منداڵان، ئێوە وەک شوێنکەوتەی مەسیحی باڵادەست، گوێڕایەڵی دایک و باوکتان بن، چونکە دروستەکەی ئەوەیە. ﴿ڕێزی دایک و باوکتان بگرن.﴾ ئەمە یەکەم ڕاسپاردەیە لەگەڵ بەڵێنەوە دێت ﴿بۆ ئەوەی چاکە بێتە ڕێتان و تەمەن درێژ بن لەسەر زەوی.﴾ ئێوەش ئەی باوکان، منداڵەکانتان تووڕە مەکەن، بەڵکو بەگوێرەی ڕێنمایی و فێرکردنی مەسیحی باڵادەست پەروەردەیان بکەن. ئەی کۆیلەکان، بە ترس و لەرزەوە بە دڵپاکی گوێڕایەڵی گەورەکانتان بن لەسەر زەوی، وەک بۆ مەسیح بێت، نەک بە خزمەتی بەرچاوان وەک ئەوەی خەڵک ڕازی بکەن، بەڵکو وەک کۆیلەی مەسیح بەدڵ خواستی خودا بەجێبهێنن. با خزمەتتان لە دڵەوە بێت، وەک بۆ عیسای خاوەن شکۆی بکەن نەک بۆ خەڵکی، چونکە دەزانن عیسای خاوەن شکۆ پاداشتی هەرکەسێک دەداتەوە کە کاری چاک دەکات، جا کۆیلە بێت یاخود ئازاد. ئێوەش ئەی گەورەکان، هەمان شتیان بۆ بکەن، واز لە هەڕەشەلێکردنیان بهێنن، بزانن گەورەی ئەوان و ئێوە لە ئاسمانە، ئەویش لایەنگری ناکات. لە کۆتاییدا پێتان دەڵێم کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی باڵادەست و هێزە گەورەکەی بەهێز بن. بە چەکی تەواوی خودا خۆتان چەکدار بکەن، تاکو بتوانن بەرامبەر پیلانی شەیتان خۆتان ڕابگرن، چونکە زۆرانبازی ئێمە لەگەڵ گۆشت و خوێن نییە، بەڵکو لە دژی سەرۆک و دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوایانی ئەم جیهانە تاریکەیە، هەروەها لە دژی سەربازە بەدکارە ڕۆحییەکانە لە شوێنەکانی ئاسمان. بۆیە چەکی تەواوی خودا هەڵبگرن، تاکو بتوانن لە ڕۆژی بەدکاردا خۆڕاگر بن و دوای تەواوبوونی هەموو شتێک، بچەسپێن. بە بەستنی پشتێنی ڕاستی بە ناوقەدتان و زرێی ڕاستودروستی بە سنگتانەوە، ئامادەیی لە پێ بکەن بۆ ڕاگەیاندنی مزگێنیی ئاشتی، لە سەرووی هەموو ئەوانە قەڵغانی باوەڕ هەڵبگرن، بەمە دەتوانن هەموو تیرە گڕدارەکانی شەیتان بکوژێننەوە. هەروەها کڵاوی ئاسنینی ڕزگاری لەسەر بکەن و شمشێری ڕۆحی پیرۆز هەڵبگرن کە پەیامی خودایە. بە هەموو جۆرە نوێژ و پاڕانەوەیەک، هەموو کاتێک لە ڕۆحی پیرۆزدا نوێژ بکەن. بۆ ئەمەش ئێشک بگرن و بە بەردەوامی بۆ تەواوی گەلی پیرۆزی خودا بپاڕێنەوە. نوێژ بۆ منیش بکەن تاکو هەر کاتێک دەمم دەکەمەوە قسەی گونجاوم بدرێتێ و ئازایانە نهێنی پەیامی ئینجیل ڕابگەیەنم. من لێرە باڵوێزی ئینجیلم، هەرچەندە لە پێناویدا کۆت و بەند کراوم، نوێژ بکەن بۆ ئەوەی بەگوێرەی پێویست ئازابم بۆ قسەکردن. تیخیکۆس کە برایەکی خۆشەویست و بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح خزمەتکارێکی دڵسۆزە، هەموو شتێکتان پێ دەڵێت بۆ ئەوەی ئێوەش هەواڵی من بزانن و ئاگاداری ئەوە بن کە خەریکی چیم. بە تایبەتی بۆ ئەمە ناردمە لاتان، تاکو هەواڵی ئێمە بزانن و ورەتان بەرز بکاتەوە. لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە، ئاشتی و خۆشەویستییەکی لەگەڵ باوەڕ بۆ باوەڕداران. نیعمەت لەگەڵ هەموو ئەوانە بێت کە بە خۆشەویستییەکی نەمر عیسای مەسیحی پەروەردگاری ئێمەیان خۆشدەوێت.