دەرچوون 32:39-43
دەرچوون 32:39-43 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ئیتر هەموو کاری چادری پەرستن کە چادری چاوپێکەوتنە تەواو بوو، نەوەی ئیسرائیل بەو شێوەیەیان کرد کە یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو. ئینجا چادرەکەی پەرستنیان هێنایە لای موسا کە پێکهاتبوو لە: چادرەکە و هەموو کەلوپەلەکانی و فاق و چوارچێوە و کاریتە و کۆڵەکە و بنکەکانی؛ پۆشەرێک لە پێستی بەران کە بە ڕەنگی سوور ڕەنگکرابوو و پۆشەرێکی دیکە لە پێستی مانگای دەریا، لەگەڵ پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز؛ سندوقی پەیمان و دارەکانی و قەپاغی کەفارەت؛ مێزەکە و هەموو قاپوقاچاغەکانی و نانی تەرخانکراو بۆ خودا؛ چرادانەکەش کە لە زێڕی بێگەرد بوو لەگەڵ چراکانی کە لەسەری بوون و هەموو قاپوقاچاغەکانی و زەیت بۆ ڕووناکی؛ قوربانگا زێڕینەکە و زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش و پەردەی دەروازەی چادرەکە؛ قوربانگا بڕۆنزییەکە و کەتیبە بڕۆنزییەکەی، دوو دارەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکەی و حەوزەکە و ژێرەکەی؛ پەردەکانی حەوشە و کۆڵەکە و بنکەکانی و پەردەی دەروازەی حەوشەکە و گوریس و سنگەکانی و هەموو کەلوپەلی خزمەتی چادری پەرستن کە چادری چاوپێکەوتنە؛ جلوبەرگە چنراوەکانی خزمەتکردن لە پیرۆزگا، جلوبەرگە پیرۆزەکەی هارونی کاهین و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ کاهینیێتی. وەک هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، نەوەی ئیسرائیل ئاوا هەموو کارەکەیان کرد. موسا تەماشای هەموو کارەکەی کرد و بینی وا وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی دا ئاوایان کردووە، ئیتر موسا داوای بەرەکەتی بۆ کردن.