لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دەرچوون 1:8-15

دەرچوون 1:8-15 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ لای فیرعەون و پێی بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ڕێ بە گەلەکەم بدە بڕۆن بۆ ئەوەی بمپەرستن. ئەگەر ڕازی نەبیت و ڕێیان نەدەیت، هەموو خاکەکەت پڕدەبێت لە بۆق. ڕووباری نیل پڕدەبێت لە بۆق، سەردەکەون و دێنە ناو ماڵەکەت و ژووری نوستنەکەت و سەر قەرەوێڵەکەت، هەروەها دەچنە ماڵی خزمەتکارەکانت و سەر گەلەکەت و ناو تەنوورەکانت و تەشتە هەویرەکانت. بۆق دێتە سەر خۆت و گەلەکەت و خزمەتکارەکانت.“» ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «بە هارون بڵێ: ”بە گۆچانەکەت دەست درێژبکە بۆ سەر جۆگە و نۆکەند و گۆماوەکان، بۆق سەربخە بۆ سەر خاکی میسر.“» هارونیش دەستی درێژکردە سەر ئاوی میسر، بۆق سەرکەوتن و خاکی میسریان داپۆشی. جادووگەرەکانیش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد، بۆقیان هێنایە سەر خاکی میسر. فیرعەون بانگی موسا و هارونی کرد و گوتی: «لە یەزدان بپاڕێنەوە بۆ ئەوەی بۆق لە خۆم و گەلەکەم دووربخاتەوە، منیش ڕێ بە گەلەکە دەدەم بڕۆن قوربانی بۆ یەزدان سەرببڕن.» موساش بە فیرعەونی گوت: «کاتێکم پێ بفەرموو کە بپاڕێمەوە لە پێناوی خۆت و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت، بۆ بڕانەوەی بۆق لە تۆ و لە ماڵەکانت، بەڵام بۆق لە ڕووباری نیل دەمێننەوە.» ئەویش گوتی: «بەیانی.» موساش گوتی: «وەک ئەوە دەبێت کە گوتت، بۆ ئەوەی بزانیت کە هیچ خودایەک نییە وەک یەزدانی پەروەردگارمان. بۆقەکانیش لە خۆت و ماڵەکانت و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت دوور دەکەونەوە، بەڵام لە ڕووباری نیل دەمێننەوە.» لەدوای ئەوەی موسا و هارون لەلای فیرعەون هاتنە دەرەوە، موسا هاواری بۆ یەزدان کرد لەبەر ئەو بۆقانەی کە وەک بەڵا بەسەر فیرعەونی هێنابوو. یەزدانیش بە قسەی موسای کرد، بۆقەکان لە ماڵ و حەوشە و کێڵگەکان مردن. کۆمەڵ کۆمەڵ کۆیان کردنەوە و خاکەکە گەندەڵ بوو. بەڵام کاتێک فیرعەون بینی خامۆشی هاتە کایەوە، دڵی ڕەق کردەوە و گوێی لە موسا و هارون نەگرت، هەروەک یەزدان فەرمووی.