حزقیێل 6:36-15
حزقیێل 6:36-15 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
لەبەر ئەوە پێشبینی لەسەر خاکی ئیسرائیل بکە و بە چیا و گردەکان، بە شیو و دۆڵەکان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دڵگەرمی و لە تووڕەیی خۆمدا قسەم کرد، لەبەر ئەوەی کەوتنە بەر تانە و تەشەری نەتەوەکان. لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خۆم سوێند دەخۆم کە ئەو نەتەوانەی کە لە دەوروبەرتانن خۆیان بکەونە بەر تانە و تەشەر. «”بەڵام ئەی چیاکانی ئیسرائیل، ئێوە لقەکانی خۆتان دەڕوێنن و بەروبوومی خۆتان بۆ ئیسرائیلی گەلی من دەگرن، چونکە هاتنیان نزیکە. من بۆ ئێوەم و ئاوڕتان لێ دەدەمەوە، جا دەکێڵدرێن و دەچێنرێن و خەڵکتان لەسەر زۆر دەکەم، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل، جا شارۆچکەکان ئاوەدان دەکرێنەوە و کەلاوەکان بنیاد دەنرێنەوە. خەڵک و ئاژەڵتان لەسەر زۆر دەکەم، جا زۆر دەبن و بە بەروبووم دەبن و وەک دۆخی جارانتان خەڵکتان تێدا نیشتەجێ دەکەم، زیاتر لە پێشینانتان بۆتان باش دەبم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. وا لە ئیسرائیلی گەلی خۆم دەکەم بەسەرتاندا بێن و بچن، جا دەتانخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان و دەبن بە میراتیان و چیتر ئێوە لە ڕۆڵەکانیان بێبەش ناکەن. «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی بە ئێوە دەڵێن، ’ئێوە مرۆڤ دەخۆن و نەتەوەکەی خۆتان لە ڕۆڵەکانیان بێبەش دەکەن،‘ لەبەر ئەوە چیتر ئێوە مرۆڤ ناخۆن و چیتر جەرگی نەتەوەکەی خۆتان ناسووتێنن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. وا دەکەم ئەو گاڵتەجاڕییەی کە نەتەوەکان پێتان دەکەن چیتر ئێوە نەیبیستن، هەروەها چیتر تانە و تەشەری گەلان هەڵناگرن و چیتر نابنە هۆی کەوتنی نەتەوەکەتان. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»