لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

گەلاتیا 1:6-18

گەلاتیا 1:6-18 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

برایان، ئه‌گه‌ر یه‌كێک كه‌وته‌ گوناهێک، با ئێوه‌ی ڕووحیی، كه‌سی ئاوا به‌ ڕووحنه‌رمی ڕاست بكه‌نه‌وه‌. سه‌یری خۆشت بكه‌ نه‌وه‌ک تۆش بكه‌ویته‌ تاقیكردنه‌وه‌. باری یه‌كتری هه‌ڵگرن و ئاوا یاسای مه‌سیح بهێننه‌ دی. چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێک خۆی به‌ شتێک زانی، هیچیش نه‌بوو، ئه‌وا خۆی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت. به‌ڵام با هه‌ریه‌كه‌ كرداری خۆی ئه‌زموون بكات، ئه‌وسا با ته‌نها شانازی به‌خۆیه‌وه‌ بكات، نه‌ک به‌ كه‌سێكی دیكه‌، چونكه‌ هه‌ر كه‌س باری خۆی هه‌ڵده‌گرێت. ئه‌و كه‌سه‌ی وشه‌كه‌ی فێرده‌كرێت، با فێركاره‌كه‌ی له‌ هه‌موو شتێكی باش به‌شداری پێ بكات. هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن! خودا گاڵته‌ی پێ ناكرێت. چونكه‌ مرۆڤ چی بچێنێت، ئه‌وه‌ ده‌دروێته‌وه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی بۆ جه‌سته‌ی خۆی بچێنێت، گه‌نده‌ڵی له‌ جه‌سته‌ی ده‌دروێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ڕووح بچێنێت له‌ ڕووحه‌وه‌ ژیانی جاویدانی ده‌دروێته‌وه‌. كه‌واته‌ با له‌ چاكه‌كاری نه‌كه‌وین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وره‌ به‌رنه‌ده‌ین له‌ كاتی خۆیدا دروێنه‌ی ده‌كه‌ین. كه‌واته‌ هه‌روه‌ک ده‌رفه‌تمان هه‌یه‌، با چاكه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مووان بكه‌ین، به‌ تایبه‌تی له‌گه‌ڵ باوه‌ڕداران. سه‌یر بكه‌ن، ئه‌و پیتانه‌ كه‌ به‌ ده‌ستی خۆم نووسیومه‌ چه‌نده‌ درشتن! ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت له‌ جه‌سته‌دا ڕواڵه‌تێكی چاک دروست بكه‌ن، ئه‌وانه‌ ناچارتان ده‌كه‌ن خروسه‌بڕان بكرێن، ته‌نها تاكو له‌پێناوی خاچی مه‌سیح نه‌چه‌وسێندرێنه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌وانه‌ی خروسه‌بڕاون، خۆیان ته‌ورات په‌یڕه‌و ناكه‌ن، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت ئێوه‌ خروسه‌بڕان بكرێن، تاكو شانازی به‌ جه‌سته‌ی ئێوه‌ بكه‌ن. به‌ڵام حاشا بۆ من، شانازی به‌ هیچ ناكه‌م، خاچی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان نه‌بێت، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ جیهان بۆ من له‌خاچدراوه‌، منیش بۆ جیهان. چونكه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا نه‌ خروسه‌بڕان سوودی هه‌یه‌ و نه‌ خروسه‌نه‌بڕان، به‌ڵكو ئافریده‌ی نوێ. با ئاشتی و به‌زه‌یی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ بێت كه‌ ئه‌م یاسایه‌ په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، بۆ ئیسڕائیلی خوداش. ئیتر با كه‌س گرفتم بۆ دروست نه‌كات، چونكه‌ په‌رجوه‌كانی ئیشۆعی په‌روه‌ردگارم له‌ له‌شدا هه‌ڵگرتووه‌. برایان، به‌خششی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان له‌گه‌ڵ ڕووحتان بێت. ئامین.

گەلاتیا 1:6-18 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

خوشکان، برایان، ئەگەر کەسێک تووشی گوناهێک بوو، با ئێوەی ڕۆحانی کەسی ئاوا بە ڕۆح نەرمی ڕاست بکەنەوە. سەیری خۆشت بکە، نەوەک تۆش تاقی بکرێیتەوە. باری یەکتری هەڵبگرن و بەم شێوەیە شەریعەتی مەسیح بهێننە دی. ئەگەر یەکێک خۆی بە شتێک زانی، بەڵام لەڕاستیدا هیچ نەبوو، ئەوا خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت. بەڵام با هەریەکە کرداری خۆی تاقی بکاتەوە، ئەوسا با تەنها شانازی بە خۆیەوە بکات، نەک بە کەسێکی دیکەوە، چونکە هەرکەسێک باری خۆی هەڵدەگرێت. ئەو کەسەی فێری وشەی خودا دەکرێت، دەبێت فێرکارەکەی لە هەموو شتێکی باشدا بەشدار بکات. خۆتان هەڵمەخەڵەتێنن، خودا گاڵتەی پێ ناکرێت. مرۆڤ چی بچێنێت، ئەوە دەدروێتەوە. ئەوەی بۆ سروشتی دنیایی خۆی بچێنێت، گەندەڵی لە سروشتی دنیایی دەدروێتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ ڕۆحی پیرۆز بچێنێت لە ڕۆحەکەوە ژیانی هەتاهەتایی دەدروێتەوە. کەواتە با لە چاکەکاری نەکەوین، چونکە ئەگەر ورە بەرنەدەین لە کاتی خۆیدا دروێنەی دەکەین. ئینجا هەتا دەرفەتمان هەیە، با چاکە لەگەڵ هەمووان بکەین، بە تایبەتی لەگەڵ خێزانی باوەڕداران. سەیر بکەن، ئەو پیتانە کە بە دەستی خۆم نووسیومە چەندە گەورەن. ئەوانەی دەیانەوێت لە جەستەدا ڕواڵەتێکی چاک دروستبکەن، ئەوانە ناچارتان دەکەن خەتەنە بکرێن، تەنها تاکو لەبەر خاچی مەسیح نەچەوسێنرێنەوە. ئەوانەی خەتەنەکراون، شەریعەتی تەورات پەیڕەو ناکەن، تەنها دەیانەوێت ئێوە خەتەنە بکرێن، تاکو شانازی بە جەستەی ئێوەوە بکەن. لە من بەدوور بێت شانازی بە هیچ شتێکەوە بکەم، جگە لە خاچی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، کە بەهۆیەوە جیهان بۆ من لە خاچ دراوە، منیش بۆ جیهان، چونکە نە خەتەنەکردن سوودی هەیە و نە خەتەنەنەکردنیش، بەڵکو بەدیهێنراوی نوێ. با ئاشتی و بەزەیی بۆ هەموو ئەوانە بێت کە ئەم یاسایە پەیڕەو دەکەن، بۆ گەلی ئیسرائیلی خوداش. ئیتر با کەس گرفتم بۆ دروستنەکات، چونکە نیشانەکانی عیسام لە لەشدا هەڵگرتووە. خوشکان و برایان، با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵ ڕۆحتان بێت. ئامین.