لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

عیبرانییەکان 1:11-40

عیبرانییەکان 1:11-40 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

باوه‌ڕ دڵنیاییه‌ به‌وه‌ی هیوامان پێیه‌تی، بێگومانییه‌ له‌وه‌ی نایبینین. چونكه‌ به‌مه‌ پێشینان په‌سه‌ند كراون. به‌ باوه‌ڕ تێده‌گه‌ین كه‌ گه‌ردوون به‌ وشه‌ی خودا ئافریده‌ كراوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی ده‌یبینین نه‌هاتۆته‌كایه‌وه‌. به‌ باوه‌ڕ هاویل قوربانییه‌كی باشتری له‌وه‌ی قائین پێشكه‌شی خودا كرد. به‌ باوه‌ڕ گه‌واهیی بۆ درا كه‌ خوداناسه‌ كاتێ خودا گه‌واهیی بۆ خۆی و قوربانییه‌كه‌ی دا. هه‌رچه‌نده‌ مرد، هه‌روا به‌ باوه‌ڕ ده‌دوێت! به‌ باوه‌ڕ ئه‌خنوخ بردرا تاكو مه‌رگ نه‌بینێ، ئیتر نه‌دۆزرایه‌وه‌، چونكه‌ خودا بردییه‌وه‌. پێش بردنیشی گه‌واهیی وه‌رگرت كه‌ خودای ڕازی كردووه‌. بێ باوه‌ڕ مه‌حاڵه‌ ڕازی بكرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌و نزیک بێته‌وه‌، ده‌بێ باوه‌ڕی به‌ بوونی ئه‌و هه‌بێت و پاداشتی ئه‌وانه‌ش ده‌داته‌وه‌ كه‌ داوای ده‌كه‌ن. به‌ باوه‌ڕ نووخ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هێشتا نابینرێت ئاگادار كرایه‌وه‌، ترسا، كه‌شتییه‌كی بنیاد نا بۆ ڕزگاریی ماڵه‌كه‌ی. به‌ باوه‌ڕ جیهانی حوكم دا و بوو به‌ میراتگری بێتاوانی كه‌ به‌گوێره‌ی باوه‌ڕه‌. به‌ باوه‌ڕ كاتێ ئه‌وڕاهه‌م بانگكرا بچێته‌ ئه‌و شوێنه‌ی خه‌ریک بوو به‌ میرات وه‌ریبگرێت، ده‌رچوو بێ ئه‌وه‌ی بزانێت بۆ كوێ ده‌چێت. به‌ باوه‌ڕ وه‌ک بێگانه‌ له‌ خاكی به‌ڵێنپێدراو نامۆ بوو، له‌ ڕه‌شماڵدا ژیا، وه‌ک ئسخه‌ق و یاقوو كه‌ له‌گه‌ڵیدا له‌ میراتی هه‌مان به‌ڵێن هاوبه‌شن. چونكه‌ چاوه‌ڕێی شاره‌كه‌ی ده‌كرد كه‌ بناغه‌كانی هه‌یه‌، كه‌ دروستگه‌ر و په‌یداگه‌ری خودایه‌. به‌ باوه‌ڕ، خودی سارا هه‌رچه‌نده‌ نه‌زۆک بوو توانای سک كردنی وه‌رگرت، كه‌ دوای ته‌مه‌نی ئاسایی منداڵی بوو، چونكه‌ دڵنیابوو ئه‌وه‌ی به‌ڵێنی داوه‌ ڕاستگۆیه‌. بۆیه‌ له‌ پیاوێک له‌دایكبوو، هه‌روه‌ک مردووه‌، نه‌وه‌كان ژماره‌یان وه‌ک ئه‌ستێره‌ی ئاسمان، وه‌ک لمی سه‌ر كه‌ناری ده‌ریا له‌ ژماره‌ نه‌ده‌هات. هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ باوه‌ڕدا مردن و به‌ڵێنه‌كانیان وه‌رنه‌گرت، به‌ڵكو له‌ دووره‌وه‌ بینییان و بڕوایان پێ كرد و دانیان پیانا كه‌ ئه‌وان له‌سه‌ر زه‌ویدا نامۆ و بێگانه‌ن. ئه‌وانه‌ی ئه‌م شتانه‌ ده‌ڵێن، ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ داوای نیشتیمان ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌وان بیری نیشتیمانیان بكردایه‌وه‌ كه‌ لێی ده‌رچووبوون، ئه‌وا هه‌لی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆی ده‌بوو. به‌ڵام ئێستا ئاره‌زووی نیشتیمانێكی باشتر ده‌كه‌ن، كه‌ ئاسمانییه‌كه‌یه‌. بۆیه‌ خودا شه‌رمی پێیان نییه‌ به‌ خودای ئه‌وان ناوببردرێت، چونكه‌ شارێكی بۆ ئاماده‌كردن. به‌ باوه‌ڕ ئه‌وڕاهه‌م، كاتێ خودا خستییه‌ ئه‌زموونه‌وه‌، ئسخه‌قی تاقانه‌كه‌ی وه‌ک قوربانی پێشكه‌ش كرد. ئه‌وه‌ی به‌ به‌ڵێنه‌كان وه‌ریگرت، كه‌ پێی وترا: “له‌ ئسخه‌قه‌وه‌ وه‌چه‌ت ناوده‌بردرێت”. ئه‌وڕاهه‌م داینابوو كه‌ خودا ده‌توانێت مردوو هه‌ستێنێته‌وه‌، له‌وه‌شه‌وه‌ به‌ مه‌جازییانه‌ ئسخه‌قی وه‌رگرته‌وه‌. به‌ باوه‌ڕ ئسخه‌ق یاقوو و عیسۆی داڕشت كرد، بۆ داهاتووه‌كان. به‌ باوه‌ڕ یاقوو له‌ سه‌ره‌مه‌رگیدا هه‌ریه‌كه‌ له‌ كوڕه‌كانی یۆسپی داڕشت كرد و خۆی له‌سه‌ر ده‌سكی گۆچانه‌كه‌یدا دا و كڕنۆشی برد. به‌ باوه‌ڕ یۆسپ له‌ سه‌ره‌مه‌رگیدا باسی ده‌رچوونی نه‌وه‌ی ئیسڕائیلی كرد و ده‌رباره‌ی ئێسقانه‌كانی ڕایسپاردن. به‌ باوه‌ڕ كاتێ مووشێ له‌دایكبوو، سێ مانگ دایبابی شاردییانه‌وه‌، چونكه‌ بینییان كوڕه‌كه‌ جوانه‌، له‌ فه‌رمانی پاشا نه‌ترسان. به‌ باوه‌ڕ كاتێ مووشێ گه‌وره‌ بوو، نه‌یویست به‌ كوڕی كچی پڕعون ناوببردرێت. به‌لایه‌وه‌ باشتر بوو له‌گه‌ڵ گه‌لی خودا سووكایه‌تی پێ بكرێت، له‌وه‌ی له‌زه‌تێكی كاتیی له‌ گوناهدا هه‌بێت. ئه‌و شووره‌یی مه‌سیح به‌ سامانێكی مه‌زنتری دانا له‌ گه‌نجینه‌كانی میسڕ، چونكه‌ ده‌ڕوانیه‌ پاداشت. به‌ باوه‌ڕ میسڕی به‌جێهێشت و له‌ تووڕه‌یی پاشا نه‌ترسا. دانی به‌خۆیدا گرت وه‌ک ئه‌وه‌ ببینێ كه‌ نه‌بینراوه‌. به‌ باوه‌ڕ په‌سخه‌ی كرد و خوێنه‌كه‌ی پرژاند، نه‌وه‌ک له‌ناوبه‌ری نۆبه‌ره‌ ده‌ستیان لێ بدات. به‌ باوه‌ڕ به‌ ده‌ریای سووردا په‌ڕینه‌وه‌ وه‌ک به‌ وشكانیدا، به‌ڵام میسڕییه‌كان كاتێ ویستیان بیكه‌ن نوقوم بوون. به‌ باوه‌ڕ شووراكانی ئه‌ریخو ڕووخان، دوای ئه‌وه‌ی حه‌وت ڕۆژ به‌ ده‌وریدا سووڕانه‌وه‌. به‌ باوه‌ڕ ڕاخه‌وی داوێنپیس له‌گه‌ڵ یاخیبووان له‌ناونه‌چوو، چونكه‌ پێشوازییه‌كی ئاشتییانه‌ی له‌ سیخوڕه‌كان كرد. چی دیكه‌ش بڵێم؟ چونكه‌ كاتم نییه‌ باسی جیدعون و باڕه‌ق و شیمشون و نه‌پته‌خ و داوید و شمووئێل و پێغه‌مبه‌ران بكه‌م، كه‌وا به‌ باوه‌ڕ پاشایه‌تییه‌كانیان به‌زاند، دادپه‌روه‌رییان هێنایه‌ كایه‌وه‌، به‌ڵێنه‌كانیان به‌ده‌ستهێنا، ده‌می شێریان داخست، هێزی ئاگریان كوژانده‌وه‌، له‌ تیخی شمشێر ده‌رباز بوون، له‌ لاوازیدا به‌هێزبوون، له‌ جه‌نگدا توند بوون، له‌شكری بێگانه‌یان گه‌ڕانده‌وه‌. هه‌ندێک ژن مردووه‌كانیان به‌ هه‌ستانه‌وه‌ وه‌رگرته‌وه‌. به‌ڵام خه‌ڵكی دیكه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ دران و ڕزگارییان نه‌ویست، تاكو هه‌ستانه‌وه‌یه‌كی باشتریان ده‌ست بكه‌وێت. هه‌ندێكی دیكه‌ كه‌وتنه‌ ئه‌زموونی سووكایه‌تی و به‌ر قامچیدان، هه‌روه‌ها كۆت و زیندان. به‌ردباران كران، كه‌رت كران، به‌ زه‌بری شمشێر كوژران. به‌ پێستی كاوڕ و بزن گه‌ڕێندراون، نه‌بوون و چه‌وسێنراوه‌ و زه‌لیل كران جیهان شایانی ئه‌وان نه‌بوو. ده‌ربه‌ده‌ری بیابان و شاخ و ئه‌شكه‌وت و كون و كه‌له‌به‌ری زه‌وی بوون. هه‌موو ئه‌وانه‌ش گه‌واهیی بۆ باوه‌ڕیان ده‌درێت، به‌ڵام به‌ڵێنیان ده‌ست نه‌كه‌وت. چونكه‌ خودا پێشتر شتێكی باشتری بۆمان بینی، تاكو بێ ئێمه‌ ته‌واو نه‌بن.

عیبرانییەکان 1:11-40 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

باوەڕ دڵنیاییە بەوەی هیوامان پێیەتی، بێگومانییە لەوەی نایبینین، چونکە بەم باوەڕە پێشینان پەسەند کراون. بە باوەڕ تێدەگەین کە گەردوون بە فەرمایشتی خودا بەدیهێنراوە، تەنانەت ئەوەی دەیبینین لەو شتانەی کە بینراوە نەهاتووەتە کایەوە. بە باوەڕ هابیل قوربانییەکی باشتری لەوەی قایین پێشکەشی خودا کرد. بە باوەڕ شایەتی بۆ درا کە ڕاستودروستە کاتێک خودا شایەتی بۆ قوربانییەکەی دا. هەرچەندە هابیل مرد بەڵام هێشتا بە باوەڕ قسە دەکات. بە باوەڕ حەنۆخ بەرزکرایەوە لای خودا تاکو مردن نەبینێ، ئیتر لەسەر زەوی نەما، چونکە خودا بردی بۆ لای خۆی. پێش بردنیشی شایەتی وەرگرت کە خودای ڕازی کردووە. بەبێ باوەڕ مەحاڵە ڕەزامەندی خودا بەدەستبهێنرێت، چونکە ئەوەی لەو نزیک بێتەوە، دەبێ باوەڕی بە بوونی ئەو هەبێت و پاداشتی ئەوانەش دەداتەوە کە بە پەرۆشەوە ڕوویان لەو دەکەن. بە باوەڕ نوح کاتێک لەلایەن خوداوە سەبارەت بەوەی کە هێشتا نەبینرابوو ئاگادار کرایەوە، ترسی خودای کەوتە دڵ و کەشتییەکی بنیاد نا بۆ ڕزگارکردنی خاووخێزانەکەی. بەم شێوەیە، بە باوەڕ جیهانی حوکم دا و بوو بە میراتگری ئەو ڕاستودروستییەی کە بەگوێرەی باوەڕ بوو. بە باوەڕ کاتێک ئیبراهیم بانگکرا بچێتە ئەو شوێنەی خەریک بوو بە میرات وەریبگرێت، گوێڕایەڵ بوو و ڕۆیشت، هەرچەندە نەیدەزانی بۆ کوێ دەچێت. بە باوەڕ وەک بێگانە لە خاکی بەڵێندراو نامۆ بوو، لە چادردا ژیا، وەک ئیسحاق و یاقوب کە ئەوانیش میراتگری هەمان بەڵێن بوون، چونکە ئیبراهیم چاوەڕێی ئەو شارەی دەکرد کە بناغەیەکی چەسپاوی هەیە، ئەوەی خودا ئەندازیار و دروستکەرەکەیەتی. بە باوەڕ سارا توانای سکوزای پێدرا، هەرچەندە نەزۆک بوو و تەمەنی سکوزاشی بەسەرچوو بوو، چونکە دڵنیا بوو ئەوەی بەڵێنی داوە دڵسۆزە. بۆیە لە پیاوێک کە هەر وەک مردوو وابوو، نەوەیەک دروست بوو کە وەک ئەستێرەی ئاسمان و لمی سەر کەناری دەریا لە ژمارە نەدەهات. هەموو ئەوانە لە باوەڕدا مردن و بەڵێنەکانیان وەرنەگرت، بەڵکو لە دوورەوە بینییان و پێشوازییان لێکرد، دانیان پێدا نا کە ئەوان لەسەر زەویدا نامۆ و بێگانەن. ئەوانەی ئەو شتانە دەڵێن، دەریدەخەن کە داوای نیشتیمان دەکەن. ئەگەر ئەوان بیریان لەو نیشتیمانە بکردایەوە کە بەجێیان هێشتبوو، ئەوا هەلی گەڕانەوەیان بۆی دەبوو. بەڵام ئێستا ئارەزووی نیشتیمانێکی باشتر دەکەن، کە ئاسمانییەکەیە. بۆیە خودا شەرمی پێیان نییە بە خودای ئەوان ناوببردرێت، چونکە شارێکی بۆ ئامادەکردن. بە باوەڕ ئیبراهیم ئیسحاقی کوڕی وەک قوربانی پێشکەش کرد، کاتێک خودا ئیبراهیمی تاقی کردەوە. ئەوەی بە بەڵێن لە خودا وەریگرت ئامادە بوو کوڕە تاقانەکەی بکاتە قوربانی، هەرچەندە خودا سەبارەت بەو فەرمووبووی: ﴿لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت.﴾ ئیبراهیم دڵنیابوو لەوەی کە خودا دەتوانێت ئیسحاق لەدوای مردنی زیندوو بکاتەوە. بە واتایەکی دیکە، خودا ئەوی بە شێوەیەکی نموونەیی لەنێو مردووان هەستاندەوە. بە باوەڕ ئیسحاق داوای بەرەکەتی خودای بۆ داهاتووی یاقوب و عیسۆ کرد. بە باوەڕ یاقوب لە سەرەمەرگیدا داوای بەرەکەتی بۆ هەریەکە لە کوڕەکانی یوسف کرد و خۆی بەسەر دەسکی گۆچانەکەیدا دا و ستایشی خودای کرد. بە باوەڕ یوسف لە سەرەمەرگیدا باسی چوونەدەرەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە میسر کرد و لەبارەی گواستنەوەی ڕوفاتەکەی وەسیەتی بۆ کردن. بە باوەڕ کاتێک موسا لەدایک بوو، سێ مانگ دایک و باوکی شاردییانەوە، چونکە بینییان منداڵەکە جوانە، لە فەرمانی پاشا نەترسان. بە باوەڕ کاتێک موسا گەورە بوو، نەیویست بە کچەزای فیرعەون بناسرێت. بەلایەوە باشتر بوو لەگەڵ گەلی خودا سووکایەتیی پێ بکرێت، لەوەی لەزەتێکی کاتیی لە گوناهدا هەبێت. موسا ئەو ڕیسواییەی لە پێناوی مەسیحدا چێژتی بە سامانێکی گەورەتری دانا لە گەنجینەی میسر، چونکە چاوی لەوە بوو کە خودا پاداشتی بداتەوە. بە باوەڕ میسری بەجێهێشت و لە تووڕەیی پاشا نەترسا. دانی بەخۆیدا گرت چونکە ئەوەی بینی کە نەبینراوە. بە باوەڕ پەسخەی کرد و خوێنەکەی پرژاند، نەوەک لەناوبەری نۆبەرە دەستیان لێ بدات. بە باوەڕ بە دەریای سووردا پەڕینەوە وەک بە وشکانیدا بڕۆن، بەڵام کاتێک میسرییەکان ویستیان بپەڕنەوە نوقوم بوون. بە باوەڕ شووراکانی ئەریحا ڕووخان، دوای ئەوەی حەوت ڕۆژ بە دەوریدا سووڕانەوە. بە باوەڕ ڕاحابی لەشفرۆش لەگەڵ یاخیبووان لەناونەچوو، چونکە پێشوازییەکی ئاشتییانەی لە سیخوڕەکان کرد. چی دیکەش بڵێم؟ کاتم نییە باسی گدعۆن و باراک و شەمشون و یەفتاح و داود و ساموئێل و پێغەمبەران بکەم، کە بە باوەڕ پاشایەتییەکانیان بەزاند، دادپەروەرییان هێنایە کایەوە، بەڵێنەکانیان بۆ هاتە دی، دەمی شێریان داخست، هێزی ئاگریان کوژاندەوە، لە تیخی شمشێر دەرباز بوون، لە لاوازیدا بەهێزبوون، لە شەڕدا توند بوون، لەشکری بێگانەیان گەڕاندەوە. هەندێک ژن مردووەکانیان بە هەستانەوە وەرگرتەوە. بەڵام خەڵکی دیکە ئەشکەنجە دران و ڕزگارییان نەویست، تاکو هەستانەوەیەکی باشتریان دەستبکەوێت. هەندێکی دیکە ڕووبەڕووی سووکایەتی و قامچی و کۆت و زیندان بوونەوە. بەردباران کران، بە مشار لەت لەت کران، بە شمشێر کوژران. هەندێکیش بە پێستی مەڕ و بزن خۆیان داپۆشی، تووشی نەبوونی و چەوسانەوە و زەلیلی بوون. جیهان شایانی ئەمان نەبوو. دەربەدەری بیابان و شاخ و ئەشکەوت و کون و کەلەبەری زەوی بوون. هەموو ئەمانەش بەهۆی باوەڕیانەوە شایەتییان بۆ درا، بەڵام بەڵێنی خودایان دەست نەکەوت، چونکە خودا پێشتر شتێکی باشتری بۆمان بینی، تاکو بێ ئێمە تەواو نەبن.