لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئیشایا 12:40-26 - بەراوردکردنی هەموو وەشەنەکان

ئیشایا 12:40-26 KSS (كوردی سۆرانی ستانده‌رد)

کێ بە چنگ ئاوی پێواوە و بە بست ئاسمان؟ کێ خۆڵی زەوی بە قزناغ پێواوە؟ کێ چیاکانی بە قەپان کێشاوە و گردەکانیش بە تەرازوو؟ کێ لەبیری یەزدان تێگەیشتووە یاخود وەک ڕاوێژکار فێری کردووە؟ یەزدان ڕاوێژی بە کێ کرد و تێیگەیاند، ڕێگای دادپەروەری فێرکرد؟ کێ زانینی فێرکرد و ڕێگای تێگەیشتنی پێ ناساند؟ ئەوەتا نەتەوەکان وەک دڵۆپێک ئاوی ناو سەتڵ و بە تۆزی تەرازوو دادەنرێن. ئەوەتا دوورگەکان وەک پووش هەڵدەگرێت. داری لوبنان بەس نییە بۆ سووتەمەنی قوربانگا و ئاژەڵەکانی بەس نین بۆ قوربانی سووتاندن. هەموو نەتەوەکان وەک هیچن لەبەردەمی، لەلای ئەو بە نەبوو و پووچ دادەنرێن. جا خودا بە چی هاوشێوە دەکەن، چ وێنەیەک بەو یەکسان دەکەن؟ پەیکەرێک کە وەستا دایدەڕێژێت، زێڕنگەریش بە زێڕ ڕووکەشی دەکات، زنجیری زیویش زیوگەر. دەستکورتیش بۆ پێشکەشکردنی پیتاک دارێکی ساغ هەڵدەبژێرێت کە نەڕزیبێت. داوای وەستایەکی شارەزا دەکات بۆ ئەوەی پەیکەرێکی نەلەقیوی بۆ دابنێت. ئایا نازانن؟ ئایا نابیستن؟ ئەی لە سەرەتاوە پێتان ڕانەگەیەنراوە؟ ئایا لەو کاتەوەی زەوی بەدیهێنراوە تێنەگەیشتوون کە ئەو لەسەر ئاسۆی زەوی دادەنیشێت و دانیشتووانەکەی وەک پێکوڕە وان؟ ئەو ئاسمان وەک پڵاس بڵاو دەکاتەوە، وەک ڕەشماڵ هەڵیدەدات بۆ نیشتەجێبوون. ئەو مەزنەکان وەک نەبوو لێدەکات و حوکمڕانانی جیهان دەکات بە هیچ. هەر ئەوەندەی نێژران، چێنران و قەدیان لە زەوی ڕەگی داکوتا، فووی لێکردن و وشک هەڵگەڕان، ڕەشەبا وەک پووش هەڵیاندەگرێت. خودای پیرۆز دەفەرموێت: «لەگەڵ کێ هاوشێوەم دەکەن؟ من هاوتای کێم؟ چاوتان بۆ بەرزی هەڵبڕن و ببینن کێ ئەمەی بەدی هێناوە، کێ ئەستێرەکانی بە ژمارە دەردەهێنێت و ناو لە هەموویان دەنێت؟ لەبەر زۆری هێز و توندی توانای هیچ کامیان ون نابێت.

هاوبەشی بکە
ئیشایا 40 KSS