لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یاقوب 1:1-18

یاقوب 1:1-18 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

یاقووی به‌نده‌ی خودا و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار، سڵاو پێشكه‌شی دوازده‌ هۆزه‌ په‌راگه‌نده‌كه‌ ده‌كات، سڵاو. برایانم، به‌وپه‌ڕی شادی دابنێن، كاتێ ده‌كه‌ونه‌ جۆره‌ها تاقیكردنه‌وه‌، ده‌زانن ئه‌زموونی باوه‌ڕتان دانبه‌خۆداگرتن دروست ده‌كات. با دانبه‌خۆداگرتن ته‌واو كاری خۆی هه‌بێت، تاكو ته‌واو و پێگه‌یشتوو بن، كه‌موكوڕیتان له‌ شتێک نه‌بێت. ئه‌گه‌ر یه‌كێكتان له‌ دانایی كه‌موكوڕی هه‌یه‌، با داوا له‌ خودا بكات، كه‌ به‌ دڵفراوانی به‌ هه‌مووان ده‌به‌خشێت و گله‌ییش ناكات، پێشی ده‌به‌خشرێت. به‌ڵام با به‌ باوه‌ڕه‌وه‌ داوا بكات و هه‌رگیز گومان نه‌كات، چونكه‌ ئه‌وه‌ی گومان ده‌كات وه‌ک شه‌پۆلی ده‌ریا وایه‌، با ده‌یهێنێت و ده‌یبات. ئه‌و مرۆڤه‌ با بیرنه‌كاته‌وه‌ شتێک له‌ په‌روه‌ردگار وه‌رده‌گرێت، چونكه‌ مرۆڤی ڕاڕا، له‌ هه‌موو ڕێگاكانی جێگیر نییه‌. با برای پایه‌نزم شانازی به‌ به‌رزییه‌كه‌ی بكات، ده‌وڵه‌مه‌ندیش به‌ نزمییه‌كه‌ی، چونكه‌ وه‌ک گوڵی گژوگیا له‌ناوده‌چێت. چونكه‌ خۆر به‌ گه‌رمییه‌كه‌ی هه‌ڵهات، گژوگیا وشک بوو و گوڵه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌ری و دیمه‌نی جوانی نه‌ما. به‌ هه‌مان شێوه‌، ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ ڕێگاكانی له‌ناوده‌چێت. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ به‌رگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ ده‌گرێت، چونكه‌ كه‌ سه‌لمێندرا “تاجی ژیان” وه‌رده‌گرێت، ئه‌وه‌ی خودا به‌ڵێنی پێ داوه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی خۆشیان ده‌وێت. با كه‌س كاتێ تاقی ده‌كرێته‌وه‌ نه‌ڵێت: “له‌لایه‌ن خوداوه‌ تاقی ده‌كرێمه‌وه‌”. چونكه‌ خودا به‌ خراپه‌ تاقی ناكرێته‌وه‌، كه‌سیش تاقی ناكاته‌وه‌. به‌ڵكو هه‌ر كه‌سێک به‌و هه‌وه‌سه‌ی هه‌یه‌تی تاقی ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر پێی ڕاكێشرا و هه‌ڵخه‌ڵه‌تا. كه‌ هه‌وه‌س سک بكات گوناهی لێ ده‌بێت، گوناهیش كه‌ گه‌شه‌ی كرد مه‌رگ به‌رهه‌م دێنێت. برایانی خۆشه‌ویستم، هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن. هه‌موو به‌خشینێكی چاک و هه‌موو به‌هره‌یه‌كی ته‌واو له‌لایه‌ن سه‌ره‌وه‌یه‌، له‌لای باوكی ڕووناكییه‌كانه‌وه‌ دێته‌ خواره‌وه‌، ئه‌وه‌ی ناگۆڕێت و سێبه‌ری خولانه‌وه‌ی نییه‌. خواستی له‌سه‌ر بوو كه‌وا به‌ وشه‌ی ڕه‌وا له‌دایكببین، تاكو ببینه‌ نۆبه‌ره‌ی ئافریده‌كانی.

هاوبەشی بکە
یاقوب 1 بخوێنەوە

یاقوب 1:1-18 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لە یاقوبی بەندەی خودا و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە، بۆ دوازدە هۆزەکە کە لەنێو نەتەوەکاندا پەرشوبڵاو بوونەتەوە: سڵاو. خوشکان و برایانم، بەوپەڕی خۆشیی دابنێن، کاتێک دەکەونە نێو جۆرەها تاقیکردنەوە و ناخۆشییەوە، چونکە دەزانن تاقیکردنەوەی باوەڕتان دانبەخۆداگرتن دروستدەکات. با دانبەخۆداگرتن کاری خۆی تەواو بکات، بۆ ئەوەی تەواو و پێگەیشتوو بن و کەموکوڕیتان لە هیچ شتێکدا نەبێت. ئەگەر یەکێکتان لە دانایی کەموکوڕی هەیە، با داوا لە خودا بکات، کە بە دڵفراوانی بە هەمووان دەبەخشێت و گلەییش ناکات، پێشی دەبەخشرێت. بەڵام با بە باوەڕەوە داوا بکات و گومان نەکات، چونکە ئەوەی گومان دەکات وەک شەپۆلی دەریا وایە، با دەیهێنێت و دەیبات. ئەو مرۆڤە با بیرنەکاتەوە کە شتێک لە مەسیحی باڵادەستەوە وەردەگرێت، چونکە مرۆڤی ڕاڕا، لە هیچ یەک لە ڕێگاکانی چەسپاو نییە. با برای پایەنزم شانازی بە بەرزییەکەیەوە بکات، دەوڵەمەندیش بە نزمییەکەی، چونکە وەک گوڵی گژوگیا لەناودەچێت. لەبەر ئەوەی ڕۆژ بە گەرمییە سووتێنەرەکەی هەڵدێت، گژوگیا وشک دەبێت و گوڵەکەی هەڵدەوەرێت و دیمەنی جوانی نامێنێت. بە هەمان شێوە، دەوڵەمەندیش کاتێک سەرقاڵە بە کارەکانییەوە لەناودەچێت. خۆزگە دەخوازرێت بەوەی بەرگەی تاقیکردنەوە دەگرێت، چونکە کە سەلمێنرا تاجی ژیان وەردەگرێت، ئەوەی خودا بەڵێنی داوە بیدات بەوانەی خۆشیان دەوێت. کاتێک کەسێک تاقی دەکرێتەوە، با نەڵێت: «لەلایەن خوداوە تاقی دەکرێمەوە،» چونکە خودا لە کاری خراپەدا تاقی ناکرێتەوە، ئەویش کەس بەو شێوەیە تاقی ناکاتەوە. بەڵام هەرکەسێک بەو ئارەزووە خراپەی کە هەیەتی تاقی دەکرێتەوە، ئەگەر پێی ڕاکێشرا و هەڵخەڵەتا. کە ئارەزووی خراپ سک بکات گوناهی لێ دەبێت، گوناهیش کە گەشەی کرد مردن بەرهەم دێنێت. خوشک و برایانی خۆشەویستم، هەڵمەخەڵەتێن. هەموو بەخشینێکی چاک و بەهرەیەکی تەواو لەلایەن سەرەوەیە، لەلای باوکی ڕووناکییەکانەوە دێتە خوارەوە، ئەوەی ناگۆڕێت و سێبەری خولانەوەی نییە. خواستی لەسەر بوو کە بە وشەی ڕاستی لەدایک ببین، تاکو ببینە نۆبەرەی بەدیهێنراوانی.

هاوبەشی بکە
یاقوب 1 بخوێنەوە