لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یاقوب 1:2-26

یاقوب 1:2-26 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

برایانم، وه‌ک باوه‌ڕدار به‌ په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح، په‌روه‌ردگاری شكۆ، جوداخوازی مه‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر پیاوێک هاته‌ نێو كۆڕه‌كه‌تان، ئه‌نگوستیله‌ی زێڕی له‌ په‌نجه‌ بوو و به‌رگی نایاب بوو، هه‌روه‌ها هه‌ژارێكیش به‌ به‌رگی پیس، ته‌ماشای به‌رگه‌ نایابه‌كه‌تان كرد و وتتان: “لێره‌ دانیشه‌ باشه‌”، به‌ هه‌ژاره‌كه‌ش بڵێن: “له‌وێ ڕاوه‌سته‌” یان “له‌به‌رپێم دانیشه‌” ئایا له‌نێو خۆتان جیاوازی ناكه‌ن و بوونه‌ته‌ دادوه‌ری بیری خراپ؟ برا خۆشه‌ویسته‌كانم، گوێبگرن: ئایا خودا هه‌ژارانی ئه‌م جیهانه‌ی هه‌ڵنه‌بژاردووه‌ له‌ باوه‌ڕ ده‌وڵه‌مه‌ند بن و میراتگری پاشایه‌تی بن كه‌ به‌ڵێنی پێ داوه‌ته‌ ئه‌وانه‌ی خۆشیانده‌وێت؟ به‌ڵام ئێوه‌ سووكایه‌تیتان به‌ هه‌ژاره‌كه‌ كرد. ئایا ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان نین خۆیان به‌سه‌رتاندا ده‌سه‌پێنن و ڕاپێچی دادگاكانتان ده‌كه‌ن؟ ئایا ئه‌وان نین كفر به‌و ناوه‌ چاكه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پێی بانگكراون؟ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ته‌وراتی شاهانه‌تان هێناوه‌ته‌ دی كه‌ به‌گوێره‌ی په‌رتووكه‌كه‌ ده‌فه‌رمووێ: “نزیكه‌كه‌ت وه‌ک خۆت خۆشبووێ”. چاک ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر جوداخوازی بكه‌ن، ئه‌وا گوناه‌ ده‌كه‌ن و وه‌ک سه‌رپێچیكار له‌لایه‌ن ته‌وراته‌وه‌ سه‌رزه‌نشت ده‌كرێن. چونكه‌ ئه‌وه‌ی هه‌موو ته‌ورات بپارێزێت و ساتمه‌ له‌ یه‌كێكیان بكات، ئه‌وا له‌ هه‌مووی تاوانباره‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی فه‌رموویه‌تی: “داوێنپیسی مه‌كه‌”، هه‌روه‌ها فه‌رمووشیه‌تی: “مه‌كوژه‌”. ئه‌گه‌ر داوێنپیسیت نه‌كرد به‌ڵام یه‌كێكت كوشت، ئه‌وا سه‌رپێچی ته‌وراتت كردووه‌. ئاوا بدوێن و ئاوا كار بكه‌ن، وه‌ک به‌ ته‌وراتی ئازادی حوكم بدرێن. چونكه‌ حوكمدان بێ به‌زه‌ییانه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌زه‌یی نه‌بووه‌. به‌زه‌ییش له‌ حوكمدان ده‌باته‌وه‌. برایانم، چ سوودێكی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێک بڵێت باوه‌ڕم هه‌یه‌، به‌ڵام كرداری نه‌بێت؟ باوه‌ڕ ده‌توانێ ڕزگاری بكات؟ ئه‌گه‌ر خوشک و برایه‌ک ڕووت بوون و پێویستییان به‌ خۆراكی ڕۆژانه‌ هه‌بوو، یه‌كێكتان پێتان وتن: “به‌خێرچن، خۆتان گه‌رم بكه‌نه‌وه‌ و تێر بخۆن” به‌ڵام پێداویستییه‌كانی ژیانیان نه‌ده‌نێ، چ سوودێكی هه‌یه‌؟ به‌م شێوه‌یه‌ش، باوه‌ڕ ئه‌گه‌ر كرداری نه‌بێت، له‌ خۆیدا مردووه‌. به‌ڵام یه‌كێک ده‌ڵێت: “تۆ باوه‌ڕت هه‌یه‌، منیش كردارم هه‌یه‌” باوه‌ڕی خۆتم پیشان بده‌ بێ كردار، منیش به‌ كرداره‌كانم باوه‌ڕی خۆمت پیشان ده‌ده‌م. تۆ باوه‌ڕت هه‌یه‌ كه‌ خودا یه‌كه‌، چاک ده‌كه‌یت. شه‌یتانه‌كانیش باوه‌ڕ ده‌كه‌ن و ده‌له‌رزن! ئه‌ی مرۆڤی ناڕه‌وا، ده‌ته‌وێت بزانیت كه‌ باوه‌ڕ بێ كردار مردووه‌؟ ئایا ئه‌وڕاهه‌می باوكمان به‌ كردار بێتاوان نه‌بوو، كاتێ له‌سه‌ر قوربانگا ئسخه‌قی كوڕی پێشكه‌ش كرد؟ ده‌بینیت باوه‌ڕ به‌ كرداره‌كه‌ی له‌ كاردا بوو، باوه‌ڕه‌كه‌ش به‌ كردار ته‌واو بوو. سیپاره‌كه‌ش هاته‌ دی كه‌ ده‌فه‌رمووێ: “ئه‌وڕاهه‌م باوه‌ڕی به‌ خودا هێنا، ئه‌مه‌شی به‌ بێتاوانیی بۆ دانرا” هه‌روه‌ها ناوی لێنرا دۆستی خودا. ده‌بینن كه‌وا مرۆڤ به‌ كردار بێتاوان ده‌بێت نه‌ک ته‌نها به‌ باوه‌ڕ. به‌م شێوه‌یه‌ ڕاخه‌وی داوێنپیس، ئایا به‌ كردار بێتاوان نه‌بوو، كه‌ پێشوازی له‌ سیخوڕه‌كان كرد و به‌ ڕێگایه‌كی دیكه‌دا به‌ڕێی كردن؟ چۆن له‌ش بێ ڕووح مردووه‌، باوه‌ڕیش بێ كردار مردووه‌.

هاوبەشی بکە
یاقوب 2 بخوێنەوە

یاقوب 1:2-26 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی خوشکان و برایانم، ئێمەی باوەڕداران بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، نابێت جیاکاری لەنێوان خەڵکی بکەین. ئەگەر پیاوێک هاتە ناو کۆڕەکەتان، ئەنگوستیلەی زێڕی لە پەنجە بوو و بەرگی نایاب بوو، هەروەها هەژارێکیش بە بەرگی پیس، تەماشای بەرگە نایابەکەتان کرد و گوتتان: «لێرە دانیشە باشە،» بە هەژارەکەش بڵێن: «لەوێ ڕابوەستە» یان «لەبەرپێم دانیشە،» ئایا لەنێوان خۆتاندا جیاکاری ناکەن و بە بیری خراپ حوکم بەسەر یەکدا نادەن؟ خوشک و برا خۆشەویستەکانم، گوێ بگرن: ئایا خودا هەژارانی ئەم جیهانەی هەڵنەبژاردووە تاکو لە باوەڕ دەوڵەمەند بن و میراتگری شانشین بن، کە بەڵێنی داوە بیدات بەوانەی خۆشیان دەوێت؟ بەڵام ئێوە سووکایەتیتان بە هەژارەکە کرد. ئایا دەوڵەمەندەکان نین خۆیان بەسەرتاندا دەسەپێنن و ڕاپێچی دادگاکانتان دەکەن؟ ئایا ئەوان نین کفر بەو ناوە چاکە دەکەن کە پێی بانگکراون؟ ئەگەر بەڕاستی شەریعەتی شاهانەتان هێناوەتە دی کە بەگوێرەی نووسراوە پیرۆزەکە دەڵێ: ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت،﴾ چاک دەکەن. بەڵام ئەگەر جیاکاری بکەن، ئەوا گوناه دەکەن و وەک سەرپێچیکار لەلایەن شەریعەتەوە سەرزەنشت دەکرێن، چونکە ئەوەی هەموو شەریعەت بەجێبهێنێت، بەڵام تەنها بەندێکی بشکێنێت، ئەوا لە هەمووی تاوانبارە. ئەوەی فەرموویەتی: ﴿داوێنپیسی مەکە،﴾ هەروەها فەرمووشیەتی: ﴿مەکوژە.﴾ ئەگەر داوێنپیسیت نەکرد بەڵام یەکێکت کوشت، ئەوا سەرپێچی شەریعەتت کردووە. ئاوا بدوێن و ئاوا کار بکەن، وەک ئەوەی بە شەریعەتی ئازادی حوکم بدرێن، چونکە حوکمدان بێ بەزەییانەیە بۆ ئەو کەسەی کە بێ بەزەیی بووە، بەڵام بەزەیی بەسەر حوکمداندا سەردەکەوێت. خوشکان و برایانم، چ سوودێکی هەیە ئەگەر یەکێک بڵێت باوەڕم هەیە، بەڵام کرداری نەبێت؟ ئایا ئەم جۆرە باوەڕە دەتوانێت ڕزگاری بکات؟ ئەگەر خوشک یان برایەک پێویستی بە جلوبەرگ و خواردنی ڕۆژانە هەبوو، یەکێکتان پێتان گوتن: «بەخێر بچن، جلی گەرم لەبەر بکەن، تێر بخۆن،» و پێداویستییەکانی ژیانیان نەدەنێ، چ سوودێکی هەیە؟ بەم شێوەیەش، باوەڕ ئەگەر کرداری نەبێت، لە خۆیدا مردووە. لەوانەیە کەسێک بڵێ: «تۆ باوەڕت هەیە و من ‏کردار.» نیشانم بدە باوەڕت چۆن بێ کردار دەبێت، ئەوسا منیش بە کردارەکانم نیشانت دەدەم باوەڕم چۆنە‏. تۆ باوەڕت هەیە کە یەک خودا هەیە، چاک دەکەیت. تەنانەت ڕۆحە پیسەکانیش باوەڕ دەکەن و دەلەرزن. ئەی مرۆڤی گێل، دەتەوێت بزانیت کە باوەڕ بێ کردار نەزۆکە؟ ئایا ئیبراهیمی باوکمان بە کردار بێتاوان نەکرا، کاتێک لەسەر قوربانگا ئیسحاقی کوڕی پێشکەش کرد؟ دەبینیت باوەڕ بە کردارەکەی لە کاردا بوو، باوەڕەکەش بە کردار تەواو بوو. نووسراوە پیرۆزەکەش هاتە دی کە دەفەرموێ: ﴿ئیبراهیم باوەڕی بە خودا هێنا و ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا،﴾ هەروەها ناوی لێنرا دۆستی خودا. دەبینن کە مرۆڤ بە کردار بێتاوان دەبێت نەک تەنها بە باوەڕ. بەم شێوەیە ڕاحابی لەشفرۆش، ئایا بە کردار بێتاوان نەبوو، کە پێشوازی لە سیخوڕەکان کرد و بە ڕێگایەکی دیکەدا بەڕێی کردن؟ هەروەک چۆن جەستە بێ ڕۆح مردووە، باوەڕیش بێ کردار مردووە.

هاوبەشی بکە
یاقوب 2 بخوێنەوە