یەرمیا 5:17-14 - بەراوردکردنی هەموو وەشەنەکان
یەرمیا 5:17-14 KSS (كوردی سۆرانی ستاندهرد)
یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی پشت بە ئادەمیزاد دەبەستێت، متمانەی بە هێزی مرۆڤانە هەیە و دڵی لەسەر یەزدان لادەبات. وەک بنچکێک لە بیابان دەبێت، چاکە نابینێت کاتێک دێت، لە گەرمەسێر نیشتەجێ دەبێت لە چۆڵەوانی، لە زەوییەکی خوێیین کە کەسی تێدا ناژیێت. «بەڵام بەرەکەتدارە ئەو کەسەی پشت بە یەزدان دەبەستێت و متمانەی پێی هەیە. وەک دارێک دەبێت، شەتڵکراو لەدەم ئاو، لەدەم جۆگە ڕەگ دادەکوتێت، لە گەرما ناترسێت، گەڵاکانی سەوزن، گوێ بە وشکەساڵی نادات، لە بەروبووم دان ناوەستێت.» دڵ لە هەموو شتێک فریودەرترە و دەرمانی نییە، کێ دەیناسێت؟ «من یەزدانم، دڵ دەپشکنم، دەروون تاقی دەکەمەوە، بۆ ئەوەی هەریەکە بەگوێرەی ڕەفتارەکەی پێی بدەم، بەگوێرەی شایستەیی کردارەکانی.» وەک کەوێک کڕکەوتبێت بەسەر ئەو هێلکانەی خۆی نەیکردبێت، دەوڵەمەندێک بە ناڕەوایی دەوڵەمەند بووبێت، لە نیوەی تەمەنی وازی لێ دەهێنێت، لە کۆتاییشدا دەبێتە گێل. تەختی شکۆمەندییە، هەر لە سەرەتاوە بەرزە، شوێنی پیرۆزگاکەمان. ئەی یەزدان، هیوای ئیسرائیل! هەموو ئەوانەی وازت لێ دێنن، شەرمەزار دەبن، ئەوانەی لە تۆ لادەدەن، لەسەر خۆڵ دەنووسرێن، چونکە وازیان لە یەزدان هێنا، لە کانی ئاوی ژیان. ئەی یەزدان، چاکم بکەرەوە، چاک دەبمەوە، ڕزگارم بکە، ڕزگار دەبم، چونکە ستایشی من هەر بۆ تۆیە.