یەرمیا 7:31-14
یەرمیا 7:31-14 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «بە شادییەوە گۆرانی بۆ یاقوب بڵێن، هاواری خۆشی بکەن بۆ سەر باشترین نەتەوە. با ستایشتان ببیسترێت و بڵێن: ”ئەی یەزدان، گەلی خۆت ڕزگار بکە، پاشماوەکەی ئیسرائیل!“ ئەوەتا من لە خاکی باکوورەوە دەیانهێنمەوە، لە هەموو لایەکی زەوی کۆیان دەکەمەوە، لەنێویان شەل و نابینا دەبێت ژنی سکپڕ و ژانگرتوو پێکەوە، کۆمەڵێکی گەورە دەگەڕێنەوە بۆ ئێرە. بە گریانەوە دێن، لەو کاتەی دەیانگەڕێنمەوە دەپاڕێنەوە، بەلای ڕووبارە ئاوەکاندا دەیانبەم، بە ڕێگایەکی ڕاست، تێیدا ساتمە ناکەن و ناکەون، چونکە من باوکی ئیسرائیلم، ئەفرایم نۆبەرەمە. «ئەی نەتەوەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، لە کەنارە دوورەکان ڕابگەیەنن: ”ئەوەی ئیسرائیلی پەرتەوازە کرد، کۆیان دەکاتەوە، وەک شوان مێگەلی خۆی دەپارێزێت،“ چونکە یەزدان نرخی ئازادبوونی یاقوبی دا، لە دەست ئەوەی لەو بەهێزتر بوو کڕییەوە. جا دێن و لە بەرزاییەکانی سییۆن هاواری خۆشی دەکەن. لەبەر خێروبێری یەزدان دەگەشێنەوە، بەسەر دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەوە، بەسەر بەرخ و گوێرەکەوە. وەک باخچەیەکی تێر ئاو دەبن، جارێکی دیکە سیس نابن. ئەوسا پاکیزەکان سەما دەکەن و دڵشاد دەبن، گەنجان و پیران پێکەوە. شینیان دەگۆڕم بە شادی، دڵنەواییان دەکەم و لەدوای پەژارەییان دڵخۆشیان دەکەم. کاهینەکان تێر دەکەم لە چەوری، گەلەکەم لە خێروبێرم تێر دەبن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.