لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەرمیا 1:33-11

یەرمیا 1:33-11 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

یەرمیا کە هێشتا لە حەوشەی پاسەوانەکان بەند کرابوو، دووبارە فەرمایشتی یەزدانی بۆ هاتەوە: «یەزدانی دروستکەری زەوی کە شێوەی کێشاوە هەتا بیچەسپێنێت، ناوی یەزدانە، ئەمە دەفەرموێت: ”بانگم بکە، وەڵامت دەدەمەوە و شتە مەزنەکانت پێ ڕادەگەیەنم، شتە پەی پێ نەبراوەکان کە نایانزانیت.“ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بە خانووەکانی ئەم شارە و کۆشکەکانی پاشاکانی یەهودا، ئەوانەی تێکدران بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەتەرێز و شمشێر لە جەنگی دژی بابلییەکان، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”پڕ بکرێن لە لاشەی ئەو کەسانەی بە تووڕەیی و بە جۆشی خۆم لێم دان، ئەوانەی لەبەر هەموو خراپەکانی ئەوان ڕووی خۆم لەم شارە وەرگێڕا. «”لەگەڵ ئەوەشدا من تەندروستی و چاکبوونەوەی بۆ دێنم، گەلەکەم چاک دەکەمەوە، ئاشتی و ئارامییەکی فراوانیان بۆ فەراهەم دەکەم. یەهودا و ئیسرائیل لە ڕاپێچکراوی دەهێنمەوە و وەک پێشوویان بنیادیان دەنێمەوە. پاکیان دەکەمەوە لە هەموو گوناهەکانیان کە لە دژی من کردوویانە، لە هەموو گوناه و یاخیبوونەکانیان خۆشدەبم کە لە دژی من کردوویانە. جا ئەم شارە بۆم دەبێتە ناوبانگ و شادی، ستایشکردن و شانازی، لەلای هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی کە ئەم هەموو چاکەیە دەبیستنەوە من بۆی دەکەم. جا دەترسن و لەرز دەیانگرێت، لەبەر هەموو ئەو چاکەیە و هەموو ئەو ئاشتییەی کە من بۆی فەراهەم دەکەم.“ «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئێوە سەبارەت بەم شوێنەی دەڵێن، ’وێرانە، بێ مرۆڤ و بێ ئاژەڵە.‘ هەرچەندە شارۆچکەکانی یەهودا و شەقامەکانی ئۆرشەلیم وێرانن، بێ مرۆڤ و بێ دانیشتووان و بێ ئاژەڵن، بەڵام لەوێ دەنگی شادی و دەنگی خۆشی دەبیسترێت، دەنگی زاوا و دەنگی بووک، دەنگی ئەوانەی قوربانی سوپاسگوزاری دەهێننە ناو ماڵی یەزدان، کە دەڵێن: «” ’ستایشی یەزدانی سوپاسالار بکەن، چونکە یەزدان چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.‘ یەزدان دەفەرموێت، ڕاپێچکراوی خاکەکە دەگەڕێنمەوە و وەک پێشتریان لێدەکەمەوە.“