لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 19:1-51

یۆحەنا 19:1-51 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌مه‌ش گه‌واهییه‌كه‌ی یوخه‌ننه‌نه‌، كاتێ جووی یروشلایم، كاهین و لیوییان نارده‌ لای پرسی لێ بكه‌ن: “تۆ كێیت؟” دانی پیا نا و نكۆڵی نه‌كرد، وتی: “من مه‌سیحه‌كه‌ نیم”. ئینجا لێیان پرسی: “ئه‌ی كێیت؟ ئیلییای؟” وتی: “نا، ئه‌و نیم”. “ئه‌ی تۆ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی؟” وتی: “نه‌خێر”. ئینجا پێیان وت: “باشه‌ تۆ كێیت؟ تا وه‌ڵامێک بده‌ینه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ ئێمه‌یان ناردووه‌، ده‌رباره‌ی خۆت چی ده‌ڵێی؟” وتی: “ {من ده‌نگی هاوارگه‌رێكم له‌ ده‌شتوده‌ره‌وه‌ دێ: “ڕێگای په‌روه‌ردگار ئاماده‌ بكه‌ن، ڕێبازه‌كانی ڕاست بكه‌ن} . وه‌ک ئێشه‌عیای پێغه‌مبه‌ر وتوویه‌تی”. نێردراوانیش له‌ په‌ڕیشییه‌كان بوون، پرسیان لێكرد و پێیان وت: “ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌ نیت و ئیلییا نیت و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ش نیت، ئیتر بۆچی عه‌ماد ده‌كه‌یت؟” یوخه‌ننه‌نیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و وتی: “من به‌ ئاو عه‌مادتان ده‌كه‌م، به‌ڵام یه‌كێک له‌نێوانتان ڕاوه‌ستاوه‌ كه‌ نایناسن، ئه‌و دوای من دێت، من شایسته‌ نیم ئاوه‌زێنه‌ی سۆله‌كانی بكه‌مه‌وه‌”. ئه‌مانه‌ له‌ بتعه‌بڕا ڕوویدا، له‌وبه‌ری یوردنه‌نه‌وه‌، كه‌ یوخه‌ننه‌ن عه‌مادی ده‌كرد. بۆ به‌یانی یوخه‌ننه‌ن بینی ئیشۆع به‌ره‌و لای دێت، وتی: “ئه‌وه‌تا به‌رخی خودا، ئه‌وه‌ی گوناهی جیهان هه‌ڵده‌گرێت! ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باسم كرد، پیاوێک دوای من دێت پێشم كه‌وت، چونكه‌ پێش من بووه‌. منیش نه‌مده‌ناسی، به‌ڵام تاكو بۆ ئیسڕائیل ده‌ربكه‌وێت، بۆیه‌ هاتووم به‌ ئاو عه‌ماد بكه‌م”. یوخه‌ننه‌ن گه‌واهیی دا و وتی: “بینیم ڕووح وه‌ک كۆترێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زی و له‌سه‌ری نیشته‌وه‌. من نه‌مده‌ناسی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی منی ناردووه‌ به‌ ئاو عه‌مادبكه‌م، ئه‌و پێی فه‌رمووم: ئه‌وه‌ی ده‌یبینیت ڕووحه‌كه‌ داده‌به‌زێت و له‌سه‌ری ده‌نیشێته‌وه‌، ئه‌و به‌ ڕووحی پارسا عه‌مادتان ده‌كات. خۆم بینیم و گه‌واهیم دا كه‌ ئه‌مه‌ ڕۆڵه‌ی خودایه‌”. بۆ به‌یانی دیسان یوخه‌ننه‌ن له‌گه‌ڵ دوو قوتابی خۆی ڕاوه‌ستابوو، ئیشۆعی بینی ڕێی ده‌كرد، وتی: “ئه‌وه‌تا به‌رخی خودا!” دوو قوتابییه‌كه‌ بیستیان قسه‌ی ده‌كرد، دوای ئیشۆع كه‌وتن. ئیشۆع ئاوڕی دایه‌وه‌ و بینی به‌ دوایدا دێن، فه‌رمووی: “چیتان ده‌وێت؟” وتیان: “ڕابی” واتا مامۆستا، له‌كوێ ده‌مێنیته‌وه‌؟” پێی فه‌رموون: “وه‌رن، ببینن”. ئه‌وانیش هاتن و بینییان له‌كوێ ده‌مایه‌وه‌، ئه‌و ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵی مانه‌وه‌، نزیكه‌ی كاژێری ده‌ بوو. ئه‌ندراوسی برای شیمعون په‌تڕۆس، یه‌كێک بوو له‌و دووانه‌ی كه‌ گوێیان له‌ یوخه‌ننه‌ن بوو و دوای ئیشۆع كه‌وتن. یه‌كه‌مجار شیمعونی برای بینی، پێی وت: “مه‌سیامان دۆزییه‌وه‌” واتا مه‌سیح. هێنایه‌ لای ئیشۆع. ئیشۆعیش ته‌ماشای كرد و فه‌رمووی: “تۆ شیمعونی كوڕی یۆنای، به‌ڵام بانگ ده‌كرێیت كیپه‌”. واتا په‌تڕۆس. بۆ سبه‌ینێ ئیشۆع ویستی بۆ گلیلا ده‌ربچێت، پیلیپوسی بینی، پێی فه‌رموو: “دوام بكه‌وه‌”. پیلیپوس خه‌ڵكی بتسه‌یادا بوو، شاره‌كه‌ی ئه‌ندراوس و په‌تڕۆس. پیلیپوسیش نه‌تنیئێلی بینی، پێی وت: “ئه‌وه‌ی كه‌ مووشێ له‌ ته‌ورات و پێغه‌مبه‌ران له‌سه‌ریان نووسیوه‌ دۆزیمانه‌وه‌، ئیشۆعی كوڕی یۆسپی خه‌ڵكی ناسڕه‌ت”. نه‌تنیئێل پێی وت: “له‌ ناسڕه‌ت‌ شتی چاک هه‌ڵده‌كه‌وێ؟” پیلیپوس پێی وت: “وه‌ره‌ و ببینه‌”. ئیشۆع نه‌تنیئێلی بینی بۆ لای دێت، ده‌رباره‌ی فه‌رمووی: “ئه‌وه‌تا ئیسڕائیله‌كی ڕه‌وایه‌ كه‌ فێڵی تێدا نییه‌” نه‌تنیئێل پێی وت: “چۆن ده‌مناسیت؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “پێش ئه‌وه‌ی پیلیپوس بانگت بكات، له‌ ژێر دارهه‌نجیره‌كه‌ بوویت، تۆم بینی”. نه‌تنیئێل وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ڕابی، تۆ ڕۆڵه‌ی خودایت! تۆ پاشای ئیسڕائیلیت!” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “باوه‌ڕت هێنا، چونكه‌ پێم وتیت له‌ ژێر دارهه‌نجیره‌كه‌ تۆم بینی؟ وا شتی له‌مه‌ مه‌زنتر ده‌بینیت!” ئینجا پێی فه‌رموو: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: له‌ ئێستاوه‌ ده‌بینن ئاسمان كراوه‌ته‌وه‌ و فریشته‌ی خوداش له‌سه‌ر ڕۆڵه‌ی مرۆڤ سه‌رده‌كه‌ون و داده‌به‌زن”.

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 1 بخوێنەوە

یۆحەنا 19:1-51 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەمەش شایەتییەکەی یەحیایە، کاتێک ڕابەرانی جولەکەی ئۆرشەلیم کاهین و لێڤییان ناردە لای پرسیاری لێ بکەن: «تۆ کێیت؟» ئەو دانی پێدا نا و نکۆڵی نەکرد، بەڵکو گوتی: «من مەسیحەکە نیم.» ئینجا لێیان پرسی: «ئەی کێیت؟ ئەلیاسی؟» گوتی: «نا، ئەو نیم.» «ئەی تۆ پێغەمبەرەکەی؟» گوتی: «نەخێر.» لە کۆتاییدا پێیان گوت: «باشە تۆ کێیت؟ تاکو وەڵامێک بدەینەوە ئەوانەی کە ئێمەیان ناردووە، دەربارەی خۆت چی دەڵێی؟» یەحیا بە وشەکانی ئیشایای پێغەمبەر وەڵامی دانەوە و گوتی: «﴿من ئەو کەسەم کە لە چۆڵەوانی هاوار دەکات: ”ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن.“﴾» ئەوانەی لە‏لایەن فەریسییەکانەوە نێردرابوون، لێیان پرسی: «ئەگەر تۆ مەسیحەکە نیت و ئەلیاس نیت و پێغەمبەرەکەش نیت، ئیتر بۆچی خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشیت؟» یەحیاش وەڵامی دانەوە: «من خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک لەنێوانتان ڕاوەستاوە کە نایناسن، ئەو لەدوای من دێت، من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە.» ئەمانە لە بێت‌عەنیا ڕوویدا، لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە، لەو شوێنەی یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا. بۆ بەیانی کاتێک یەحیا بینی عیسا بەرەو ڕووی دێت، گوتی: «ئەوەتا بەرخی خودا، ئەوەی گوناهی جیهان لادەبات! ئەمە ئەوەیە کە باسم کرد، پیاوێک دوای من دێت کە پێشم کەوتووە، چونکە پێش من بووە. منیش نەمدەناسی، بەڵام هاتووم خەڵکی لە ئاو هەڵبکێشم بۆ ئەوەی ئەو بۆ ئیسرائیل دەربکەوێت.» ئینجا یەحیا شایەتی دا و گوتی: «بینیم ڕۆحی پیرۆز وەک کۆترێک لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و لەسەری نیشتەوە. من نەمدەناسی، بەڵام ئەوەی منی ناردووە خەڵک لەئاوهەڵکێشم، پێی گوتم: ”ئەوەی دەیبینیت ڕۆحی پیرۆز دێتە خوارەوە و لەسەری دەنیشێتەوە، ئەو لە ڕۆحی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت.“ خۆم بینیم و شایەتیم دا کە ئەمە کوڕی خودایە.» بۆ بەیانی دیسان یەحیا لەگەڵ دوو قوتابی خۆی ڕاوەستا بوو. کاتێک عیسای لە کاتی ڕۆیشتندا بینی، گوتی: «ئەوەتا بەرخی خودا!» کاتێک دوو قوتابییەکە گوێیان لەوە بوو، دوای عیسا کەوتن. عیسا ئاوڕی دایەوە و بینی بەدوایدا دێن، لێی پرسین: «چیتان دەوێت؟» پێیان گوت: «ڕابی، لەکوێ دەمێنیتەوە؟» ڕابی واتا مامۆستا. پێی فەرموون: «وەرن، تەماشا بکەن.» لەبەر ئەوە ئەوانیش ڕۆیشتن و بینییان لەکوێ دەمایەوە، ئەو ڕۆژەش لەگەڵی مانەوە، نزیکەی کاتژمێر چواری پاش نیوەڕۆ بوو. ئەندراوسی برای شیمۆن پەترۆس، یەکێک بوو لەو دووانەی کە گوێیان لە یەحیا بوو و دوای عیسا کەوتن. یەکەم جار ئەندراوس چوو شیمۆنی برای دۆزییەوە و پێی گوت: «مەسیحمان دۆزییەوە.» واتا دەست‏نیشانکراو. ئینجا شیمۆنی هێنایە لای عیسا. عیساش تەماشای کرد و فەرمووی: «تۆ شیمۆنی کوڕی یۆنای، بەڵام بە کێفاس ناو دەبردرێیت.» کێفاس واتا پەترۆس. بۆ بەیانی عیسا ویستی بچێتە جەلیل، فیلیپۆسی دۆزییەوە، پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» فیلیپۆس خەڵکی بێت‌سەیدا بوو، شارەکەی ئەندراوس و پەترۆس. فیلیپۆسیش ناتانئیلی دۆزییەوە، پێی گوت: «ئەوەی کە موسا لە تەورات و پێغەمبەرانیش لە پەڕتووکەکانیان لەسەریان نووسیوە دۆزیمانەوە، عیسای کوڕی یوسفی خەڵکی ناسیرەیە.» ناتانئیل پێی گوت: «ئایا لە ناسیرە شتی چاک هەڵدەکەوێ؟» فیلیپۆس پێی گوت: «وەرە و ببینە.» عیسا ناتانئیلی بینی بۆ لای دێت، دەربارەی فەرمووی: «ئەوەیە ئیسرائیلیی ڕەسەن، کە هیچ فێڵێکی تێدا نییە!» ناتانئیل پێی گوت: «چۆن دەمناسیت؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «پێش ئەوەی فیلیپۆس بانگت بکات، تۆم لەژێر دار هەنجیرەکەدا بینی.» ناتانئیل وەڵامی دایەوە: «ڕابی، تۆ کوڕی خودایت! پاشای ئیسرائیلیت!» عیسا وەڵامی دایەوە: «باوەڕت هێنا، چونکە پێم گوتیت لەژێر دار هەنجیرەکە تۆم بینی؟ شتی گەورەتر دەبینیت!» ئینجا پێی فەرموو: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەبینن ئاسمان کراوەتەوە و فریشتەی خوداش لەسەر کوڕی مرۆڤ سەردەکەون و دادەبەزن.»

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 1 بخوێنەوە