لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 17:11-35

یۆحەنا 17:11-35 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كاتێ ئیشۆع هات، زانی وا چوار ڕۆژه‌ له‌ گۆڕدایه‌. بتعه‌نیاش نزیكه‌ی پازده‌ تیرهاوێژ له‌ یروشلایمه‌وه‌ دوور بوو. زۆر جوو هاتنه‌ لای مه‌رتا و مه‌ریه‌م تاكو سه‌ره‌خۆشی براكه‌یان لێ بكه‌ن. كاتێ مه‌رتا بیستی ئیشۆع هاتووه‌، به‌ره‌وپیری چوو، مه‌ریه‌میش له‌ ماڵ مایه‌وه‌. ئینجا مه‌رتا به‌ ئیشۆعی وت: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر لێره‌ بووای، براكه‌م نه‌ده‌مرد! به‌ڵام من ئێستاش ده‌زانم هه‌رچی له‌ خودا داوا بكه‌یت، خودا ده‌تداتێ”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “براكه‌ت هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. مه‌رتاش پێی وت: “ده‌زانم له‌ هه‌ستانه‌وه‌ی ڕۆژی دوایی هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “منم هه‌ستانه‌وه‌ و ژیان. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، ئه‌گه‌ر بشمرێت ده‌ژیێته‌وه‌. هه‌ر كه‌سێكیش كه‌ زیندووه‌ و باوه‌ڕم پێ بهێنێت تاهه‌تایه‌ نامرێت. باوه‌ڕ به‌مه‌ ده‌كه‌یت؟” پێی وت: “به‌ڵێ گه‌وره‌م. باوه‌ڕم هێناوه‌ كه‌ تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، ڕۆڵه‌ی خودای، ئه‌وه‌ی بۆ جیهان دێت”. كه‌ ئه‌مه‌ی وت، چوو مه‌ریه‌می خوشكی بانگكرد و به‌ نهێنی وتی: “ڕابی هاتووه‌، بانگت ده‌كات”. ئه‌ویش كه‌ ئه‌مه‌ی بیست خێرا هه‌ستا و هاته‌ لای. ئیشۆع هێشتا نه‌هاتبووه‌ نێو گونده‌كه‌، به‌ڵكو له‌و شوێنه‌ بوو كه‌ مه‌رتای لێ بینی. ئه‌و جووانه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵی بوون و دڵنه‌واییان ده‌كرد، بینییان مه‌ریه‌م خێرا هه‌ستا و چووه‌ ده‌ره‌وه‌، دوای كه‌وتن و وتیان: “دیاره‌ ده‌چێته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ تاكو له‌وێ بگریێت”. كاتێ مه‌ریه‌م گه‌یشته‌ ئه‌و شوێنه‌ی ئیشۆعی لێبوو و ئه‌وی بینی، به‌سه‌ر پێیدا كه‌وت و پێی وت: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر لێره‌ بووای، براكه‌م نه‌ده‌مرد”. ئیشۆعیش كه‌ بینی ده‌گریێت و ئه‌و جووانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی هاتبوون ده‌گریێن، كاری له‌ ڕووحی كرد و په‌شۆكا، فه‌رمووی: “له‌كوێتان داناوه‌؟” پێیان وت: “گه‌وره‌م، وه‌ره‌ و ببینه‌”. ئیشۆع گریا.

یۆحەنا 17:11-35 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک عیسا گەیشت، زانی لەعازر وا چوار ڕۆژە لە گۆڕدایە. بێت‌عەنیاش نزیکەی پازدە تیرهاوێژ لە ئۆرشەلیمەوە دوور بوو. ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان هاتبوونە لای مەرسا و مریەم تاکو سەرەخۆشی براکەیان لێ بکەن. کاتێک مەرسا بیستی عیسا هاتووە، بەرەوپیری چوو، بەڵام مریەم لە ماڵ مایەوە. ئینجا مەرسا بە عیسای گوت: «گەورەم، ئەگەر لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد. ئێستاش دەزانم هەرچی لە خودا داوا بکەیت، خودا دەتداتێ.» عیسا پێی فەرموو: «براکەت زیندوو دەبێتەوە.» مەرساش پێی گوت: «دەزانم لە زیندووبوونەوەی ڕۆژی دواییدا هەڵدەستێتەوە.» عیسا پێی فەرموو: «منم زیندووبوونەوە و ژیان. ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەگەر بشمرێت زیندوو دەبێتەوە. هەروەها هەرکەسێک کە زیندووە و باوەڕم پێ بهێنێت، هەرگیز نامرێت. باوەڕ بەمە دەکەیت؟» پێی گوت: «بەڵێ گەورەم. باوەڕم هێناوە کە تۆ مەسیحەکەیت، کوڕی خودای، ئەوەی بۆ جیهان دێت.» پاشان کە ئەمەی گوت، چوو مریەمی خوشکی بانگکرد و بە نهێنی گوتی: «مامۆستا لێرەیە، بانگت دەکات.» ئەویش کە ئەمەی بیست خێرا هەستا و هاتە لای. عیسا هێشتا نەهاتبووە ناو گوندەکە، بەڵکو لەو شوێنە بوو کە مەرسای لێ بینی. ئەو جولەکانەی لە ماڵەوە لەگەڵی بوون و دڵنەواییان دەکرد، بینییان مریەم خێرا هەستا و چووە دەرەوە، دوای کەوتن، وایانزانی دەچێتە سەر گۆڕەکە تاکو لەوێ بگریێت. کاتێک مریەم گەیشتە ئەو شوێنەی عیسای لێبوو و ئەوی بینی، بەسەر پێیدا کەوت و پێی گوت: «گەورەم، ئەگەر لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد.» عیساش کە بینی دەگریێت و ئەو جولەکانەش کە لەگەڵی هاتبوون دەگریێن، کاری لە ڕۆحی کرد و خەمبار بوو، لێی پرسین: «لەکوێتان داناوە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «گەورەم، وەرە و ببینە.» جا عیسا گریا.