لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 20:12-50

یۆحەنا 20:12-50 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

هه‌ندێک یۆنانی له‌نێو ئه‌وانه‌ بوون كه‌ هاتبوون له‌ جه‌ژندا كڕنۆش ببه‌ن، ئه‌مان هاتنه‌ لای پیلیپوسی خه‌ڵكی بتسه‌یده‌نی گلیلا، پێیان وت: “گه‌وره‌م، ده‌مانه‌وێت ئیشۆع ببینین”. پیلیپوسیش هات و به‌ ئه‌ندراوسی وت، ئینجا ئه‌ندراوس و فلیپۆس هاتن و به‌ ئیشۆعیان وت. به‌ڵام ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “كاتی شكۆداركردنی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هاتووه‌. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ده‌نكه‌ گه‌نم ئه‌گه‌ر نه‌كه‌وێته‌ نێو زه‌وی و نه‌مرێت، به‌ ته‌نها ده‌مێنێته‌وه‌. به‌ڵام كه‌ مرد، ئه‌وسا به‌رهه‌می زۆر ده‌دات. ئه‌وه‌ی خۆی خۆشده‌وێت، ده‌یدۆڕێنێت. ئه‌وه‌ش كه‌ له‌م جیهانه‌دا ڕقی له‌ خۆی ده‌بێته‌وه‌، بۆ ژیانی جاویدانی هه‌ڵیده‌گرێت. ئه‌وه‌ی ڕاژه‌م ده‌كات با به‌دوام بكه‌وێت. جا له‌ هه‌ر شوێنێک بم، ڕاژه‌وانیشم له‌وێیه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێک ڕاژه‌م بكات باوک ڕێزی لێ ده‌گرێت. ئێستا دڵم شڵه‌ژاوه‌، چی بڵێم؟ باوكه‌ له‌م كاته‌ ڕزگارم بكه‌؟ به‌ڵام من بۆ ئه‌م كاته‌ هاتووم. باوكه‌، ناوت شكۆدار بكه‌!” جا ده‌نگێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ هات: “شكۆدارم كردووه‌ و شكۆداریشی ده‌كه‌مه‌وه‌!”. كۆمه‌ڵه‌كه‌ كه‌ ڕاوه‌ستابوون و گوێیان لێبوو، وتیان: “هه‌وره‌تریشقه‌ بوو!” هه‌ندێكی دیكه‌ وتیان: “فریشته‌یه‌ک قسه‌ی له‌گه‌ڵ كرد!”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌م ده‌نگه‌ی هات بۆ من نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ ئێوه‌ بوو. ئێستا حوكمدانی ئه‌م جیهانه‌یه‌. ئێستا سه‌رۆكی ئه‌م جیهانه‌ ده‌كرێته‌ ده‌ره‌وه‌. كاتێ منیش له‌ زه‌وییه‌وه‌ به‌رز كرامه‌وه‌، ئه‌وا هه‌مووان بۆ لای خۆم ڕاده‌كێشم”. ئه‌مه‌ی فه‌رموو ئاماژه‌ی ده‌كرد به‌و مردنه‌ی كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌مرێت. كۆمه‌ڵه‌كه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “ئێمه‌ له‌ ته‌وراتدا بیستوومانه‌ كه‌ مه‌سیح تاهه‌تایه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، ئیتر چۆن ده‌ڵێی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت به‌رز بكرێته‌وه‌؟ ئه‌م ڕۆڵه‌ی مرۆڤه‌ كێیه‌؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ڕووناكییه‌كه‌ كاتێكی كه‌م له‌گه‌ڵتانه‌. ئینجا تا ئه‌وه‌ی ڕووناكییه‌كه‌تان هه‌یه‌ ڕێ بكه‌ن نه‌وه‌ک تاریكیتان به‌سه‌ردا بێت. ئه‌وه‌ی به‌ تاریكیدا ڕێ ده‌كات نازانێ بۆ كوێ ده‌ڕوات. تاوه‌كو ڕووناكییه‌كه‌تان هه‌یه‌ باوه‌ڕ به‌ ڕووناكییه‌كه‌ بهێنن، تاكو ببنه‌ ڕۆڵه‌ی ڕووناكییه‌كه‌”. ئیشۆع ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، ڕۆیشت و لێیان شاردرایه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ زۆر په‌رجوی له‌به‌رده‌میان كرد، باوه‌ڕیان پێ نه‌هێنا، تاكو فه‌رمووده‌ی ئێشه‌عیا پێغه‌مبه‌ر بێته‌ دی كه‌ فه‌رمووی: {ئه‌ی په‌روه‌ردگار، كێ باوه‌ڕی به‌ په‌یامه‌كه‌مان كرد؟ بازووی په‌روه‌ردگار بۆ كێ ده‌ركه‌وت؟} بۆیه‌ نه‌یانتوانی باوه‌ڕ بهێنن، چونكه‌ ئێشه‌عیا فه‌رموویه‌تی: {چاویانی كوێر و دڵیانی ڕه‌ق كردبوو، نه‌وه‌ک به‌ چاویان ببینن و به‌ دڵیان تێبگه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ و منیش چاكیان بكه‌مه‌وه‌} . ئێشه‌عیا ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، كاتێ شكۆی ئه‌وی بینی و باسی كرد. هه‌رچه‌نده‌ زۆر له‌ سه‌رۆكه‌كانیش باوه‌ڕیان پێی هێنا، به‌ڵام له‌به‌ر په‌ڕیشییه‌كان ڕایاننه‌ده‌گه‌یاند نه‌وه‌ک له‌ كه‌نیشت ده‌ربكرێن، چونكه‌ زیاتر حه‌زیان له‌ شكۆی خه‌ڵكی بوو نه‌ک شكۆی خودا. ئیشۆعیش هاواری كرد و فه‌رمووی: “ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، باوه‌ڕ به‌ من ناهێنێ، به‌ڵكو به‌وه‌ی ناردوومی، ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌مبینێت، ئه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ ناردوومی. من وه‌ک ڕووناكی هاتوومه‌ته‌ جیهان، تاكو هه‌ر كه‌سێک باوه‌ڕم پێ بهێنێت له‌ تاریكیدا نه‌مێنێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێک گوێی له‌ وته‌كانم بوو و باوه‌ڕی نه‌هێنا، من حوكمی ناده‌م، چونكه‌ نه‌هاتووم تاكو جیهان حوكم بده‌م، به‌ڵكو جیهان ڕزگار بكه‌م. ئه‌وه‌ی ڕه‌تم بكاته‌وه‌ و وته‌كانم په‌سه‌ند نه‌كات، یه‌كێكی هه‌یه‌ حوكمی بدات، ئه‌و قسه‌یه‌ی كردم له‌ ڕۆژی دوایی حوكمی ده‌دات. چونكه‌ له‌ خۆمه‌وه‌ قسه‌م نه‌كردووه‌، به‌ڵكو باوک كه‌ ناردوومی، ئه‌و ڕایسپاردووم كه‌ چی بڵێم و قسه‌ی چی بكه‌م. ده‌زانم ڕاسپارده‌ی ئه‌و ژیانی جاویدانیه‌، جا هه‌رچی ده‌یڵێم، چۆن باوک پێی فه‌رمووم ئاوا ده‌ڵێم”.

یۆحەنا 20:12-50 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

هەندێک یۆنانی لەنێو ئەوانە بوون کە هاتبوون لە جەژندا خواپەرستی بکەن. ئەوان هاتنە لای فیلیپۆسی خەڵکی بێت‌سەیدای جەلیل و پێیان گوت: «گەورەم، دەمانەوێت عیسا ببینین.» فیلیپۆسیش هات و بە ئەندراوسی گوت، ئینجا ئەندراوس و فیلیپۆس هاتن و بە عیسایان گوت. عیساش وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «کاتی شکۆدارکردنی کوڕی مرۆڤ هاتووە. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەنکە گەنم ئەگەر نەکەوێتە ناو زەوی و نەمرێت، بە تەنها دەمێنێتەوە. بەڵام کە مرد، ئەوسا بەرهەمی زۆر دەدات. ئەوەی ژیانی خۆی خۆشدەوێت دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لەم جیهانەدا ڕقی لە ژیانی خۆی دەبێتەوە، ئەوا بۆ هەتاهەتایە ژیانی دەپارێزێت. ئەوەی خزمەتم دەکات با بەدوام بکەوێت. ئیتر من لە هەر شوێنێک بم، خزمەتکاریشم لەوێیە. ئەگەر یەکێک خزمەتم بکات باوکم ڕێزی لێ دەگرێت.» «ئێستا خەمبارم، چی بڵێم؟ ”باوکە لەم کاتە ڕزگارم بکە“؟ بەڵام نەخێر، من بۆ ئەم کاتە هاتووم. ئەی باوک، ناوت شکۆدار بکە!» جا دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «شکۆدارم کردووە و شکۆداریشی دەکەمەوە.» ئەو خەڵکەی لەوێ ئامادەبوون گوێیان لێبوو و گوتیان: «هەورەتریشقە بوو!» هەندێکی دیکەیان گوتیان: «فریشتەیەک بوو قسەی لەگەڵ کرد.» عیسا فەرمووی: «ئەو دەنگەی هات بۆ من نەبوو، بەڵکو بۆ ئێوە بوو. ئێستا کاتی حوکمدانی ئەم جیهانەیە. ئێستا سەرۆکی ئەم جیهانە دەردەکرێت. کاتێک منیش لە زەوییەوە بەرز دەکرێمەوە، ئەوا هەمووان بۆ لای خۆم ڕادەکێشم.» ئەمەی گوت ئاماژەی کرد بەو شێوە مردنەی کە دەبێت بمرێت. خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «لە تەوراتدا بیستوومانە کە مەسیح هەتاهەتایە دەمێنێتەوە، ئیتر چۆن دەڵێی ”کوڕی مرۆڤ دەبێت بەرز بکرێتەوە“؟ ئەم کوڕی مرۆڤە کێیە؟» عیساش پێی فەرموون: «ڕووناکییەکەتان بۆ کاتێکی کورت لەسەر دەمێنێتەوە. بڕۆن هەتا ڕووناکیتان لەگەڵە، نەوەک تاریکیتان بەسەردا بێت، چونکە ئەوەی بە تاریکیدا دەڕوات نازانێ بۆ کوێ دەڕوات. باوەڕ بە ڕووناکییەکە بهێنن هەتا ڕووناکییەکەتان لەگەڵدایە، تاکو ببنە ڕۆڵەی ڕووناکییەکە.» عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆیشت و خۆی لێیان شاردەوە. هەرچەندە زۆر پەرجووی لەبەردەمیان کرد، بەڵام باوەڕیان پێ نەهێنا، تاکو وتەی ئیشایا پێغەمبەر بێتە دی کە گوتی: ﴿ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد و هێزی یەزدان بۆ کێ دەرکەوت؟﴾ لەبەر ئەوە نەیانتوانی باوەڕ بهێنن، چونکە ئیشایا لە شوێنێکی دیکە گوتی: ﴿چاویانی کوێر و دڵیانی ڕەقکردووە، بۆ ئەوەی بە چاویان نەبینن و بە دڵیان تێنەگەن، نەوەک بگەڕێنەوە و منیش چاکیان بکەمەوە.﴾ ئیشایا ئەمانەی گوت، چونکە شکۆی ئەوی بینی و باسی کرد. هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە ڕابەرەکانیش باوەڕیان پێی هێنا، بەڵام لەبەر فەریسییەکان ڕایاننەدەگەیاند نەوەک لە کەنیشت دەربکرێن، چونکە شکۆی خەڵکیان لە شکۆی خودا زیاتر خۆشدەویست. ئینجا عیسا بە دەنگی بەرز فەرمووی: «ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، باوەڕ بە من ناهێنێت، بەڵکو بەوەی ناردوومی، ئەوەش کە دەمبینێت، ئەوە دەبینێت کە ناردوومی. من وەک ڕووناکی هاتوومەتە جیهان، تاکو هەرکەسێک باوەڕم پێ بهێنێت لە تاریکیدا نەمێنێتەوە. «ئەگەر یەکێک گوێی لە وتەکانم بوو و کاری پێ نەکرد، من حوکمی نادەم، چونکە نەهاتووم تاکو جیهان حوکم بدەم، بەڵکو جیهان ڕزگار بکەم. ئەوەی ڕەتم بکاتەوە و وتەکانم وەرنەگرێت، یەکێک هەیە حوکمی بدات، ئەو قسەیەی کە من کردم لە ڕۆژی دواییدا حوکمی دەدات. من لە خۆمەوە قسەم نەکردووە، بەڵکو ئەو باوکەی کە ناردوومی، ڕایسپاردووم کە چی بڵێم و چ قسەیەک بکەم. دەزانم ڕاسپاردەی ئەو خەڵکی بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەبات، هەر بۆیە هەرچی بڵێم، بەو جۆرە دەیڵێم کە باوکم پێی فەرمووم.»