لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 23:12-36

یۆحەنا 23:12-36 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

به‌ڵام ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “كاتی شكۆداركردنی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هاتووه‌. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ده‌نكه‌ گه‌نم ئه‌گه‌ر نه‌كه‌وێته‌ نێو زه‌وی و نه‌مرێت، به‌ ته‌نها ده‌مێنێته‌وه‌. به‌ڵام كه‌ مرد، ئه‌وسا به‌رهه‌می زۆر ده‌دات. ئه‌وه‌ی خۆی خۆشده‌وێت، ده‌یدۆڕێنێت. ئه‌وه‌ش كه‌ له‌م جیهانه‌دا ڕقی له‌ خۆی ده‌بێته‌وه‌، بۆ ژیانی جاویدانی هه‌ڵیده‌گرێت. ئه‌وه‌ی ڕاژه‌م ده‌كات با به‌دوام بكه‌وێت. جا له‌ هه‌ر شوێنێک بم، ڕاژه‌وانیشم له‌وێیه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێک ڕاژه‌م بكات باوک ڕێزی لێ ده‌گرێت. ئێستا دڵم شڵه‌ژاوه‌، چی بڵێم؟ باوكه‌ له‌م كاته‌ ڕزگارم بكه‌؟ به‌ڵام من بۆ ئه‌م كاته‌ هاتووم. باوكه‌، ناوت شكۆدار بكه‌!” جا ده‌نگێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ هات: “شكۆدارم كردووه‌ و شكۆداریشی ده‌كه‌مه‌وه‌!”. كۆمه‌ڵه‌كه‌ كه‌ ڕاوه‌ستابوون و گوێیان لێبوو، وتیان: “هه‌وره‌تریشقه‌ بوو!” هه‌ندێكی دیكه‌ وتیان: “فریشته‌یه‌ک قسه‌ی له‌گه‌ڵ كرد!”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌م ده‌نگه‌ی هات بۆ من نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ ئێوه‌ بوو. ئێستا حوكمدانی ئه‌م جیهانه‌یه‌. ئێستا سه‌رۆكی ئه‌م جیهانه‌ ده‌كرێته‌ ده‌ره‌وه‌. كاتێ منیش له‌ زه‌وییه‌وه‌ به‌رز كرامه‌وه‌، ئه‌وا هه‌مووان بۆ لای خۆم ڕاده‌كێشم”. ئه‌مه‌ی فه‌رموو ئاماژه‌ی ده‌كرد به‌و مردنه‌ی كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌مرێت. كۆمه‌ڵه‌كه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “ئێمه‌ له‌ ته‌وراتدا بیستوومانه‌ كه‌ مه‌سیح تاهه‌تایه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، ئیتر چۆن ده‌ڵێی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت به‌رز بكرێته‌وه‌؟ ئه‌م ڕۆڵه‌ی مرۆڤه‌ كێیه‌؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ڕووناكییه‌كه‌ كاتێكی كه‌م له‌گه‌ڵتانه‌. ئینجا تا ئه‌وه‌ی ڕووناكییه‌كه‌تان هه‌یه‌ ڕێ بكه‌ن نه‌وه‌ک تاریكیتان به‌سه‌ردا بێت. ئه‌وه‌ی به‌ تاریكیدا ڕێ ده‌كات نازانێ بۆ كوێ ده‌ڕوات. تاوه‌كو ڕووناكییه‌كه‌تان هه‌یه‌ باوه‌ڕ به‌ ڕووناكییه‌كه‌ بهێنن، تاكو ببنه‌ ڕۆڵه‌ی ڕووناكییه‌كه‌”. ئیشۆع ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، ڕۆیشت و لێیان شاردرایه‌وه‌.

یۆحەنا 23:12-36 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

عیساش وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «کاتی شکۆدارکردنی کوڕی مرۆڤ هاتووە. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەنکە گەنم ئەگەر نەکەوێتە ناو زەوی و نەمرێت، بە تەنها دەمێنێتەوە. بەڵام کە مرد، ئەوسا بەرهەمی زۆر دەدات. ئەوەی ژیانی خۆی خۆشدەوێت دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لەم جیهانەدا ڕقی لە ژیانی خۆی دەبێتەوە، ئەوا بۆ هەتاهەتایە ژیانی دەپارێزێت. ئەوەی خزمەتم دەکات با بەدوام بکەوێت. ئیتر من لە هەر شوێنێک بم، خزمەتکاریشم لەوێیە. ئەگەر یەکێک خزمەتم بکات باوکم ڕێزی لێ دەگرێت.» «ئێستا خەمبارم، چی بڵێم؟ ”باوکە لەم کاتە ڕزگارم بکە“؟ بەڵام نەخێر، من بۆ ئەم کاتە هاتووم. ئەی باوک، ناوت شکۆدار بکە!» جا دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «شکۆدارم کردووە و شکۆداریشی دەکەمەوە.» ئەو خەڵکەی لەوێ ئامادەبوون گوێیان لێبوو و گوتیان: «هەورەتریشقە بوو!» هەندێکی دیکەیان گوتیان: «فریشتەیەک بوو قسەی لەگەڵ کرد.» عیسا فەرمووی: «ئەو دەنگەی هات بۆ من نەبوو، بەڵکو بۆ ئێوە بوو. ئێستا کاتی حوکمدانی ئەم جیهانەیە. ئێستا سەرۆکی ئەم جیهانە دەردەکرێت. کاتێک منیش لە زەوییەوە بەرز دەکرێمەوە، ئەوا هەمووان بۆ لای خۆم ڕادەکێشم.» ئەمەی گوت ئاماژەی کرد بەو شێوە مردنەی کە دەبێت بمرێت. خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «لە تەوراتدا بیستوومانە کە مەسیح هەتاهەتایە دەمێنێتەوە، ئیتر چۆن دەڵێی ”کوڕی مرۆڤ دەبێت بەرز بکرێتەوە“؟ ئەم کوڕی مرۆڤە کێیە؟» عیساش پێی فەرموون: «ڕووناکییەکەتان بۆ کاتێکی کورت لەسەر دەمێنێتەوە. بڕۆن هەتا ڕووناکیتان لەگەڵە، نەوەک تاریکیتان بەسەردا بێت، چونکە ئەوەی بە تاریکیدا دەڕوات نازانێ بۆ کوێ دەڕوات. باوەڕ بە ڕووناکییەکە بهێنن هەتا ڕووناکییەکەتان لەگەڵدایە، تاکو ببنە ڕۆڵەی ڕووناکییەکە.» عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆیشت و خۆی لێیان شاردەوە.