لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 1:13-20

یۆحەنا 1:13-20 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

پێش جه‌ژنی په‌سخه‌، ئیشۆع ده‌یزانی كاتی هاتووه‌ و ئه‌م جیهانه‌ به‌جێبهێڵێت بۆ لای باوک، جا ئه‌وانه‌ی هی خۆی بوون له‌ جیهاندا خۆشیویستن، تاكو ئه‌وپه‌ڕی خۆشویستن. ژه‌می ئێواره‌ بوو، شه‌یتان خستبوویه‌ دڵی ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی كوڕی شیمعون، كه‌وا ڕاده‌ستی بكات. ئیشۆعیش ده‌یزانی باوک هه‌موو شتێكی به‌ ده‌ستی داوه‌ و له‌ خوداوه‌ هاتووه‌ و بۆ خوداش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌سه‌ر خوان هه‌ستا، كراسه‌كه‌ی داكه‌ند و خاولییه‌كی هه‌ڵگرت و له‌ ناوقه‌دی به‌ستا، ئینجا ئاوی له‌ ده‌ستشۆرێكی كرد و ده‌ستی به‌ شوشتنی پێی قوتابییه‌كان كرد و به‌و خاولییه‌ی به‌ ناوقه‌دیه‌وه‌ به‌ستبووی ده‌یسڕییه‌وه‌. كاتێ گه‌یشته‌ لای شیمعون په‌تڕۆس، شیمعون پێی وت: “گه‌وره‌م، تۆ پێی من ده‌شۆیت!” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ئێستا ئه‌مه‌ی ده‌یكه‌م تێناگه‌یت، به‌ڵام دواتر تێده‌گه‌یت”. په‌تڕۆس پێی وت: “هه‌رگیز پێم ناشۆیت!”. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئه‌گه‌ر نه‌تشۆم، له‌گه‌ڵ من به‌شت نابێت”. جا شیمعون په‌تڕۆس پێی وت: “گه‌وره‌م، ته‌نها پێم نا، به‌ڵكو ده‌ست و سه‌ریشم!” ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئه‌وه‌ی خۆی شوشتبێت ته‌نها پێویستی به‌ پێ شوشتن هه‌یه‌، هه‌مووی بێگه‌رده‌. ئێوه‌ش بێگه‌ردن به‌ڵام هه‌مووتان نا”. چونكه‌ ده‌یزانی كێ ڕاده‌ستی ده‌كات، بۆیه‌ فه‌رمووی: “هه‌مووتان بێگه‌رد نین”. كه‌ پێیانی شوشت، كراسه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و دانیشته‌وه‌، پێی فه‌رموون: “ئایا له‌وه‌ی بۆم كردن تێگه‌یشتن؟ ئێوه‌ به‌ ڕابی و گه‌وره‌ بانگم ده‌كه‌ن و ڕاست ده‌كه‌ن، چونكه‌ وام. جا كه‌ من گه‌وره‌ و ڕابیم و پێم شوشتن، ئێوه‌ش له‌سه‌رتانه‌ پێی یه‌كتری بشۆن. چونكه‌ نموونه‌یه‌كم پێدان تاكو ئه‌وه‌ی من بۆم كردن ئێوه‌ش بیكه‌ن. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: كۆیله‌ له‌ گه‌وره‌كه‌ی مه‌زنتر نییه‌، په‌یامبه‌ریش له‌وه‌ی ناردوویه‌تی مه‌زنتر نییه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌تان زانی، به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر په‌یڕه‌وتان كرد. باسی هه‌مووتان ناكه‌م. ئه‌وانه‌ی هه‌ڵمبژاردوون ده‌یانناسم، به‌ڵام تاكو نووسراوه‌كه‌ بێته‌ دی: {ئه‌وه‌ی نانم له‌گه‌ڵ ده‌خوات، لێم هه‌ڵگه‌ڕا} . له‌ ئێستاوه‌ پێتان ده‌ڵێم پێش ڕوودانی، تاكو كاتێ ڕوویدا، باوه‌ڕ بهێنن كه‌ من ئه‌وم. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندی ئه‌وه‌ بكات كه‌ من ده‌ینێرم، ئه‌وا په‌سه‌ندی من ده‌كات، ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندی من بكات، په‌سه‌ندی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ناردوومی”.

یۆحەنا 1:13-20 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پێش جەژنی پەسخە، عیسا دەیزانی کاتی هاتووە ئەم جیهانە بەجێبهێڵێت و بۆ لای باوک بگەڕێتەوە، جا ئەوانەی هی خۆی بوون لە جیهاندا خۆشی دەویستن، هەتا ئەوپەڕی خۆشویستن. ژەمی ئێوارە بوو، شەیتان خستبوویە دڵی یەهوزای ئەسخەریوتی کوڕی شیمۆن، کە عیسا بەدەستەوە بدات. عیساش کە دەیزانی باوک هەموو شتێکی خستووەتە ژێر دەستی، هەروەها لە خوداوە هاتووە و بۆ خوداش دەگەڕێتەوە، لەسەر خوان هەستا و کەواکەی داکەند و خاولییەکی هەڵگرت و لە ناوقەدی بەست. پاشان عیسا ئاوی کردە ناو لەگەنێک و دەستی بە شوشتنی پێی قوتابییەکان کرد و بەو خاولییەی کە بە ناوقەدیەوە بەستبووی پێیانی دەسڕییەوە. کاتێک گەیشتە سەر شیمۆن پەترۆس، شیمۆن پێی گوت: «گەورەم تۆ پێی من دەشۆیت؟» عیسا لە وەڵامدا پێی فەرموو: «ئەمەی ئێستا دەیکەم تۆ لێی تێیناگەیت، بەڵام دواتر تێیدەگەیت.» پەترۆس پێی گوت: «هەرگیز پێم ناشۆیت.» عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر پێت نەشۆم، لەگەڵ من بەشت نابێت.» جا شیمۆن پەترۆس پێی گوت: «گەورەم، تەنها پێم نا، بەڵکو دەست و سەریشم!» عیساش پێی فەرموو: «ئەوەی خۆی شوشتبێت تەنها پێویستی بە پێ شوشتن هەیە، تەواوی جەستەی پاکە. ئێوەش پاکن بەڵام هەمووتان نا.» عیسا فەرمووی: «هەمووتان پاک نین،» چونکە دەیزانی کێ بە گرتنی دەدات. پاش شوشتنی پێیان کەواکەی خستەوە سەر شانی و دانیشتەوە، لێی پرسین: «ئایا لەوە تێگەیشتن کە بۆم کردن؟ ئێوە بە ”مامۆستا“ و ”گەورە“ بانگم دەکەن و ڕاست دەکەن، چونکە من وام. جا کە من گەورە و مامۆستاتانم و پێم شوشتن، ئێوەش لەسەرتانە پێی یەکتری بشۆن. من نموونەیەکم پێدان تاکو ئەوەی بۆم کردن ئێوەش بیکەن. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کۆیلە لە گەورەکەی زیاتر نییە، نێردراویش لەوەی ناردوویەتی زیاتر نییە. ئەگەر ئەمانەتان زانی، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە ئەگەر پەیڕەوتان کرد. «باسی هەمووتان ناکەم. ئەوانەی هەڵمبژاردوون دەیانناسم، بەڵام تاکو ئەوەی لە نووسراوە پیرۆزەکە هاتووە بێتە دی: ﴿ئەوەی نمەکی کردووم، ناپاکی لەگەڵم کرد‏.﴾ «لە ئێستاوە پێتان دەڵێم پێش ئەوەی ڕووبدات، تاکو کاتێک ڕوویدا باوەڕ بکەن کە من ئەوم. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی پێشوازی لەوە بکات کە دەینێرم، ئەوا پێشوازی لە من دەکات، ئەوەی پێشوازی لە من بکات، پێشوازی لەوە دەکات کە ناردوومی.»