لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 1:14-12

یۆحەنا 1:14-12 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

دڵتان نه‌شڵه‌ژێت. ئێوه‌ باوه‌ڕتان به‌ خودا هه‌یه‌، باوه‌ڕتان به‌ منیش هه‌بێت. ماڵی باوكم ژووری زۆری لێیه‌، ئه‌گینا پێم ده‌ووتن. من ده‌ڕۆم تاكو شوێنتان بۆ ئاماده‌ بكه‌م. جا كه‌ ڕۆیشتم و شوێنم بۆ ئاماده‌كردن، دێمه‌وه‌ و ده‌تانبه‌مه‌ لای خۆم، ئه‌وسا ئێوه‌ش له‌و شوێنه‌ ده‌بن كه‌ من لێی ده‌بم. شه‌وێنه‌كه‌ش ده‌ناسن كه‌ بۆی ده‌ڕۆم و ڕێگاكه‌ش ده‌ناسن”. تۆما پێی وت: “گه‌وره‌م، نازانین بۆ كوێ ده‌ڕۆیت، چۆن ڕێگاكه‌ بزانین؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “منم ڕێگا و ڕه‌وا و ژیان. كه‌س نایه‌ته‌ لای باوک به‌هۆی منه‌وه‌ نه‌بێت. ئه‌گه‌ر منتان بناسیایه‌، باوكیشمتان ده‌ناسی. له‌ ئێستاوه‌ ده‌یناسن و بینیووتانه‌”. پیلیپوس پێی وت: “گه‌وره‌م، باوكمان پیشان بده‌ و به‌سمانه‌”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “پیلیپوس، ماوه‌یه‌كی درێژه‌ له‌گه‌ڵتانم و نه‌تناسیوم! ئه‌وه‌ی منی بینیوه‌ باوكی بینیوه‌. ئیتر چۆن ده‌ڵێی: باوكمان پیشان بده‌؟ باوه‌ڕ ناهێنی من له‌ باوكدام و باوكیش له‌ مندایه‌؟ ئه‌م قسانه‌ی پێتانی ده‌ڵێم له‌ خۆمه‌وه‌ نایڵێم، به‌ڵكو باوک كه‌ له‌ مندا نیشته‌جێیه‌، ئه‌و كاره‌كانی خۆی ده‌كات. بڕوام پێ بكه‌ن كه‌ من له‌ باوكدام و باوكیش له‌ مندایه‌، ئه‌گه‌ر نا به‌هۆی كاره‌كان خۆیانه‌وه‌ باوه‌ڕ بكه‌ن. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، ئه‌و كارانه‌ ده‌كات كه‌ من ده‌یكه‌م، له‌مانه‌ش مه‌زنتر ده‌كات، چونكه‌ من بۆ لای باوک ده‌ڕۆم.

یۆحەنا 1:14-12 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

«نیگەران مەبن. پشت بە خودا ببەستن، پشت بە منیش ببەستن. ماڵی باوکم ژووری زۆری لێیە، ئەگەر ئاوا نەبووایە پێم دەگوتن. من دەچم تاکو شوێنتان بۆ ئامادە بکەم. جا کە ڕۆیشتم و شوێنم بۆ ئامادەکردن، دێمەوە و دەتانبەمە لای خۆم، تاکو ئێوەش لەو شوێنە بن کە من لێی دەبم. ئێوەش ڕێگای ئەو شوێنە دەزانن کە بۆی دەچم.» تۆماس پێی گوت: «گەورەم، نازانین بۆ کوێ دەچیت، چۆن ڕێگاکە بزانین؟» عیساش پێی فەرموو: «منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان. کەس نایەتە لای باوک لە ڕێگەی منەوە نەبێت. ئەگەر ئێوە منتان بناسیایە، باوکیشمتان دەناسی. لە ئێستاوە دەیناسن و بینیوتانە.» فیلیپۆس پێی گوت: «گەورەم، باوکمان پیشان بدە و بەسمانە.» عیساش پێی فەرموو: «فیلیپۆس، ئایا تەنانەت لەدوای ئەم ماوە زۆرەش کە لەگەڵتانم، نەتناسیوم؟ ئەوەی منی بینیوە باوکی بینیوە. ئیتر چۆن دەڵێی: ”باوکمان نیشان بدە“؟ ئایا باوەڕ ناکەی من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە؟ ئەو قسانەی پێتانی دەڵێم لە خۆمەوە نایڵێم، بەڵکو باوک کە لە مندا نیشتەجێیە، ئەو کارەکانی خۆی دەکات. باوەڕم پێ بکەن کە من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە، ئەگەر نا بەهۆی کارەکان خۆیانەوە باوەڕ بکەن. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەو کارانە دەکات کە من دەیکەم، لەمانەش گەورەتر دەکات، چونکە بۆ لای باوک دەچم.