لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 1:14-29

یۆحەنا 1:14-29 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

دڵتان نه‌شڵه‌ژێت. ئێوه‌ باوه‌ڕتان به‌ خودا هه‌یه‌، باوه‌ڕتان به‌ منیش هه‌بێت. ماڵی باوكم ژووری زۆری لێیه‌، ئه‌گینا پێم ده‌ووتن. من ده‌ڕۆم تاكو شوێنتان بۆ ئاماده‌ بكه‌م. جا كه‌ ڕۆیشتم و شوێنم بۆ ئاماده‌كردن، دێمه‌وه‌ و ده‌تانبه‌مه‌ لای خۆم، ئه‌وسا ئێوه‌ش له‌و شوێنه‌ ده‌بن كه‌ من لێی ده‌بم. شه‌وێنه‌كه‌ش ده‌ناسن كه‌ بۆی ده‌ڕۆم و ڕێگاكه‌ش ده‌ناسن”. تۆما پێی وت: “گه‌وره‌م، نازانین بۆ كوێ ده‌ڕۆیت، چۆن ڕێگاكه‌ بزانین؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “منم ڕێگا و ڕه‌وا و ژیان. كه‌س نایه‌ته‌ لای باوک به‌هۆی منه‌وه‌ نه‌بێت. ئه‌گه‌ر منتان بناسیایه‌، باوكیشمتان ده‌ناسی. له‌ ئێستاوه‌ ده‌یناسن و بینیووتانه‌”. پیلیپوس پێی وت: “گه‌وره‌م، باوكمان پیشان بده‌ و به‌سمانه‌”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “پیلیپوس، ماوه‌یه‌كی درێژه‌ له‌گه‌ڵتانم و نه‌تناسیوم! ئه‌وه‌ی منی بینیوه‌ باوكی بینیوه‌. ئیتر چۆن ده‌ڵێی: باوكمان پیشان بده‌؟ باوه‌ڕ ناهێنی من له‌ باوكدام و باوكیش له‌ مندایه‌؟ ئه‌م قسانه‌ی پێتانی ده‌ڵێم له‌ خۆمه‌وه‌ نایڵێم، به‌ڵكو باوک كه‌ له‌ مندا نیشته‌جێیه‌، ئه‌و كاره‌كانی خۆی ده‌كات. بڕوام پێ بكه‌ن كه‌ من له‌ باوكدام و باوكیش له‌ مندایه‌، ئه‌گه‌ر نا به‌هۆی كاره‌كان خۆیانه‌وه‌ باوه‌ڕ بكه‌ن. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، ئه‌و كارانه‌ ده‌كات كه‌ من ده‌یكه‌م، له‌مانه‌ش مه‌زنتر ده‌كات، چونكه‌ من بۆ لای باوک ده‌ڕۆم. هه‌رچییه‌ک به‌ ناوی منه‌وه‌ داوا بكه‌ن ده‌یكه‌م، تاكو باوک له‌ ڕۆڵه‌دا شكۆدار بێت. ئه‌گه‌ر شتێكتان به‌ ناوی من داواكرد، ده‌یكه‌م. ئه‌گه‌ر منتان خۆشده‌وێ ڕاسپارده‌كانم بپارێزن. منیش داوا له‌ باوک ده‌كه‌م دڵنه‌واییده‌رێكی دیكه‌تان بداتێ تاكو تاهه‌تایه‌ له‌گه‌ڵتان بمێنێته‌وه‌، ڕووحی ڕه‌وا، كه‌وا جیهان ناتوانێت په‌سه‌ندی بكات، چونكه‌ نایبینێت و نایناسێت. به‌ڵام ئێوه‌ ده‌یناسن، چونكه‌ له‌گه‌ڵتان ده‌مێنێته‌وه‌ و له‌ ئێوه‌دا ده‌بێت. به‌ هه‌تیوی به‌جێتان ناهێڵیم، دێمه‌وه‌ لاتان. پاش كه‌مێک ئیتر جیهان نامبینێت، به‌ڵام ئێوه‌ ده‌مبینن. من زیندووم و ئێوه‌ش ده‌ژین. له‌و ڕۆژه‌دا ده‌زانن من له‌ باوكمدام، ئێوه‌ش له‌ مندان، منیش له‌ ئێوه‌دام. ئه‌وه‌ی ڕاسپارده‌كانی منی له‌لایه‌ و ده‌یپارێزێت، ئه‌وا منی خۆشده‌وێت. ئه‌وه‌ی منی خۆشبووێ، باوكم خۆشیده‌وێت، منیش خۆشمده‌وێت و خۆمی بۆ ده‌رده‌خه‌م”. ئیهووداش، ئه‌سخه‌ریوتییه‌كه‌ نا، پێی وت: “گه‌وره‌م، چی بووه‌ تاكو به‌ نیازیت خۆت بۆ ئێمه‌ ده‌ربخه‌یت، به‌ڵام بۆ جیهان نا؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ئه‌وه‌ی منی خۆشبووێ وته‌كه‌م ده‌پارێزێت، باوكیشم خۆشیده‌وێت و دێینه‌ لای، له‌لای ئه‌ویش ماڵێک سازده‌كه‌ین. ئه‌وه‌ی منیشی خۆشناوێت، وته‌كه‌م ناپارێزێت. ئه‌م وته‌ی ده‌یبیستن هی من نییه‌، به‌ڵكو هی ئه‌و باوكه‌یه‌ كه‌ ناردوومی. ئه‌مانه‌م پێ وتن كه‌ هێشتا له‌لاتانم. به‌ڵام دڵنه‌واییده‌ره‌كه‌، ڕووحی پارسا، ئه‌وه‌ی باوک به‌ ناوی من ده‌ینێرێت، ئه‌و هه‌موو شتێكتان فێرده‌كات و هه‌موو وته‌كانم بیرتان ده‌خاته‌وه‌. ئاشتیتان بۆ به‌جێ ده‌هێڵم، ئاشتیی خۆمتان ده‌ده‌مێ. ئه‌وه‌ی من ده‌تانده‌مێ وه‌ک ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ جیهان ده‌یدات. دڵتان نه‌شڵه‌ژێت و مه‌ترسن. بیستتان پێم وتن: ده‌ڕۆم و پاشان دێمه‌وه‌ لاتان. ئه‌گه‌ر منتان خۆشبووێ، دڵشاد ده‌بن كه‌ ده‌ڕۆمه‌ لای باوک، چونكه‌ باوک له‌ من مه‌زنتره‌. ئه‌وه‌تا پێش ڕوودانی ئێستا پێم وتن، تاكو كاتێ ڕوویدا باوه‌ڕ بهێنن.

یۆحەنا 1:14-29 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

«نیگەران مەبن. پشت بە خودا ببەستن، پشت بە منیش ببەستن. ماڵی باوکم ژووری زۆری لێیە، ئەگەر ئاوا نەبووایە پێم دەگوتن. من دەچم تاکو شوێنتان بۆ ئامادە بکەم. جا کە ڕۆیشتم و شوێنم بۆ ئامادەکردن، دێمەوە و دەتانبەمە لای خۆم، تاکو ئێوەش لەو شوێنە بن کە من لێی دەبم. ئێوەش ڕێگای ئەو شوێنە دەزانن کە بۆی دەچم.» تۆماس پێی گوت: «گەورەم، نازانین بۆ کوێ دەچیت، چۆن ڕێگاکە بزانین؟» عیساش پێی فەرموو: «منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان. کەس نایەتە لای باوک لە ڕێگەی منەوە نەبێت. ئەگەر ئێوە منتان بناسیایە، باوکیشمتان دەناسی. لە ئێستاوە دەیناسن و بینیوتانە.» فیلیپۆس پێی گوت: «گەورەم، باوکمان پیشان بدە و بەسمانە.» عیساش پێی فەرموو: «فیلیپۆس، ئایا تەنانەت لەدوای ئەم ماوە زۆرەش کە لەگەڵتانم، نەتناسیوم؟ ئەوەی منی بینیوە باوکی بینیوە. ئیتر چۆن دەڵێی: ”باوکمان نیشان بدە“؟ ئایا باوەڕ ناکەی من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە؟ ئەو قسانەی پێتانی دەڵێم لە خۆمەوە نایڵێم، بەڵکو باوک کە لە مندا نیشتەجێیە، ئەو کارەکانی خۆی دەکات. باوەڕم پێ بکەن کە من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە، ئەگەر نا بەهۆی کارەکان خۆیانەوە باوەڕ بکەن. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەو کارانە دەکات کە من دەیکەم، لەمانەش گەورەتر دەکات، چونکە بۆ لای باوک دەچم. هەرچییەک بە ناوی منەوە داوا بکەن دەیکەم، تاکو باوک لە کوڕەکەدا شکۆدار بێت. ئەگەر شتێکتان بە ناوی منەوە داوا کرد، دەیکەم. «ئەگەر منتان خۆشبوێ کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن. منیش داوا لە باوک دەکەم یارمەتیدەرێکی دیکەتان بداتێ کە هەتاهەتایە لەگەڵتان بمێنێتەوە، ڕۆحی ڕاستی، کە جیهان ناتوانێت وەریبگرێت، چونکە نایبینێت و نایناسێت. بەڵام ئێوە دەیناسن، چونکە لەگەڵتان دەمێنێتەوە و لەناو ئێوەدا دەبێت. بە هەتیوی بەجێتان ناهێڵیم، دێمەوە لاتان. پاش ماوەیەکی کەم ئیتر جیهان نامبینێت، بەڵام ئێوە دەمبینن. لەبەر ئەوەی من زیندووم، ئێوەش دەژین. لەو ڕۆژەدا دەزانن من لە باوکمدام، ئێوەش لە مندان، منیش لە ئێوەدام. ئەوەی ڕاسپاردەکانی منی لەلایە و کاریان پێ دەکات، ئەوا منی خۆشدەوێت. ئەوەی منی خۆشبوێ، باوکیشمی خۆشدەوێت، منیش خۆشمدەوێت و خۆمی بۆ دەردەخەم.» ئینجا یەهوزایەکی دیکە، کە یەهوزای ئەسخەریوتی نەبوو، لێی پرسی: «گەورەم، بۆچی دەتەوێ خۆت بۆ ئێمە دەربخەیت، بەڵام بۆ جیهان نا؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەوەی منی خۆشبوێ کار بە وتەکانم دەکات، باوکیشم خۆشی دەوێت و من و باوک دێینە لای و لەلای ئەویش نیشتەجێ دەبین. ئەوەش کە منی خۆشناوێت کار بە وتەکانم ناکات. ئەم وتانەی گوێتان لێی دەبێت هی من نییە، بەڵکو هی ئەو باوکەیە کە ناردوومی. «ئەمانەم پێ گوتن کە هێشتا لەلاتانم. بەڵام یارمەتیدەرەکە، ڕۆحی پیرۆز، ئەوەی باوک بە ناوی منەوە دەینێرێت، ئەو هەموو شتێکتان فێردەکات و هەموو ئەو شتانەی پێم گوتوون بیرتان دەخاتەوە. «ئاشتیتان بۆ بەجێدەهێڵم، ئاشتی خۆمتان دەدەمێ. ئەوەی من دەتاندەمێ وەک ئەوە نییە کە جیهان دەتانداتێ. نیگەران مەبن و مەترسن. «گوێتان لێبوو پێم گوتن: ”دەڕۆم و دێمەوە لاتان.“ ئەگەر منتان خۆشبوێ، دڵشاد دەبن کە دەچمە لای باوک، چونکە باوک لە من مەزنترە. ئەوەتا ئێستا پێش ڕوودانی پێم گوتن، تاکو کاتێک ڕوویدا باوەڕ بهێنن.