لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 1:17-26

یۆحەنا 1:17-26 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئیشۆع ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، چاوی به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵبڕی و فه‌رمووی: “باوكه‌، كاته‌كه‌ هات. ڕۆڵه‌ت شكۆدار بكه‌، تاكو ڕۆڵه‌شت شكۆدارت بكات. وه‌ک ده‌سه‌ڵاتت پێداوه‌ به‌سه‌ر هه‌موو جه‌سته‌یه‌كدا، تاكو ژیانی جاویدانی به‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ بدات كه‌ پێت داوه‌. ژیانی جاویدانیش ئه‌مه‌یه‌: كه‌ تۆ بناسن، ته‌نها خودای ڕاسته‌قینه‌ و ئیشۆعی مه‌سیح، ئه‌وه‌ی ناردووته‌. من له‌سه‌ر زه‌وی شكۆدارم كردیت، ئه‌و كاره‌ی پێت دابووم بیكه‌م ته‌واوم كرد. ئێستاش باوكه‌ له‌لای خۆت شكۆدارم بكه‌، به‌و شكۆیه‌ی پێش بوونی جیهان له‌لای تۆ هه‌مبوو. ناوی تۆم ده‌رخست بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ له‌ جیهاندا به‌ منت دان، هی تۆ بوون، خۆت به‌ منت دان و فه‌رمووده‌كه‌ی تۆیان پاراست. ئێستاش ده‌زانن هه‌رچییه‌كت پێم داوه‌ له‌ خۆته‌وه‌یه‌. چونكه‌ ئه‌و فه‌رموودانه‌م پێدان كه‌ تۆ پێت دابووم، ئه‌وانیش په‌سه‌ندیان كرد و به‌ ڕه‌وا زانییان له‌ تۆوه‌ ده‌رچووم، باوه‌ڕیان هێنا كه‌ تۆ منت ناردووه‌. له‌پێناوی ئه‌وان من داوا ده‌كه‌م. له‌پێناوی جیهان داوا ناكه‌م، به‌ڵكو له‌پێناوی ئه‌وانه‌ی به‌ منت داون، چونكه‌ هی تۆن. هه‌رچییه‌ک هی منه‌، هی تۆیه‌، هه‌رچییه‌كیش هی تۆیه‌، هی منه‌، منیش له‌ ئه‌واندا شكۆدار بووم. ئیتر له‌ جیهاندا نیم، به‌ڵام ئه‌مان له‌ جیهاندان، منیش دێمه‌وه‌ لای تۆ. ئه‌ی باوكی پارسا، به‌ ناوی خۆت بیانپارێزه‌ كه‌ به‌منت داوه‌، تاكو وه‌ک ئێمه‌ ببنه‌ یه‌ک. كاتێ له‌ جیهاندا له‌گه‌ڵیان بووم به‌ ناوی تۆ ده‌مپاراستن، كه‌سیان له‌ناونه‌چوو ڕۆڵی له‌ناوچوو نه‌بێت، تاكو سیپاره‌كه‌ بێته‌ دی. ئێستاش دێمه‌ لای تۆ، له‌ جیهاندا باسی ئه‌مه‌ ده‌كه‌م، تاكو شادیی من تیایاندا ته‌واو بێت. من فه‌رمووده‌ی تۆم دایه‌ ئه‌وان و جیهان ڕقی لێیان بووه‌وه‌، چونكه‌ هی جیهان نین، وه‌ک منیش هی جیهان نیم. داوا ناكه‌م له‌ جیهاندا بیانبه‌یته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ به‌دكار بیانپارێزی. ئه‌وان هی جیهان نین، وه‌ک منیش هی جیهان نیم. له‌ ڕه‌وای خۆتدا پارسایان بكه‌، فه‌رموده‌كه‌ت ڕه‌وایه‌. وه‌ک بۆ جیهانت ناردم، منیش بۆ جیهانم ناردن. له‌پێناوی ئه‌وان خۆم پارسا ده‌كه‌م، تاكو ئه‌وانیش له‌ ڕه‌وادا پارسا بن. ته‌نها له‌پێناوی ئه‌مان داوا ناكه‌م، به‌ڵكو له‌پێناوی ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌ قسه‌ی ئه‌مانه‌وه‌ باوه‌ڕم پێ ده‌هێنن، تاكو هه‌مووان یه‌ک بن، وه‌ک تۆ باوكه‌ له‌ مندای و منیش له‌ تۆدام، ئه‌وانیش یه‌ک بن له‌ ئێمه‌دا بن، تاكو جیهان باوه‌ڕ بهێنێت كه‌ تۆ منت ناردووه‌. منیش ئه‌و شكۆیه‌م داونه‌تێ كه‌ تۆ به‌ منت داوه‌، تاكو ببنه‌ یه‌ک وه‌ک ئێمه‌ یه‌كین. من له‌‌واندام و تۆ له‌ مندای، تاكو به‌ ته‌واوی یه‌ک بن، تاكو جیهانیش بزانێت تۆ منت ناردووه‌ و ئه‌وانت خۆشویست، وه‌ک منت خۆشویست. باوكه‌، ده‌مه‌وێت ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ منت داون له‌كوێ بم له‌گه‌ڵم بن، تاكو شكۆمه‌ندییه‌كه‌م ببینن كه‌ به‌ منت داوه‌، چونكه‌ پێش دامه‌زراندنی جیهان منت خۆشویست. باوكی چاک، جیهان تۆ ناناسێت، به‌ڵام من تۆ ده‌ناسم، ئه‌مانیش ده‌زانن تۆ منت ناردووه‌. ناوی تۆم پێ ناساندن و پێیان ده‌ناسێنم، تاكو ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ی منت پێی خۆشویست له‌واندا بێت و منیش له‌واندا بم”.

یۆحەنا 1:17-26 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کە عیسا ئەمانەی فەرموو، چاوی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و فەرمووی: «باوکە، کاتەکە هاتووە. کوڕەکەت شکۆدار بکە، تاکو کوڕەکەشت شکۆدارت بکات. هەروەک دەسەڵاتت پێداوە بەسەر هەموو خەڵکدا، تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە هەموو ئەوانە بدات کە پێت داون. ژیانی هەتاهەتاییش ئەوەیە کە تۆ بناسن، تەنها خودای ڕاستەقینە و عیسای مەسیح، ئەوەی کە ناردووتە. من لەسەر زەوی شکۆدارم کردیت بە تەواوکردنی ئەو کارەی پێت دابووم. ئێستاش باوکە لەلای خۆت شکۆدارم بکە، بەو شکۆیەی پێش بوونی جیهان لەلای تۆ هەمبوو. «ناوی تۆم بەوانە ناساند کە لە جیهاندا بە منت دان، هی تۆ بوون، خۆت بە منت دان و کاریان بۆ وتەکانت کرد. ئێستاش ئەوان دەزانن هەرچییەکت پێم داوە لە خۆتەوەیە. ئەو وشانەم پێدان کە تۆ پێت دابووم، ئەوانیش وەریانگرت و بە ڕاستی زانییان لە تۆوە هاتووم، باوەڕیان هێنا کە تۆ منت ناردووە. بۆ ئەوان داوا دەکەم. بۆ جیهان داوا ناکەم، بەڵکو بۆ ئەوانەی بە منت داون، چونکە هی تۆن. هەرچییەک هی منە، هی تۆیە، هەرچییەکیش هی تۆیە، هی منە، من لە ئەواندا شکۆدار بووم. ئەمان لە‏جیهان دەمێننەوە، بەڵام من تێیدا نامێنمەوە، چونکە من دەگەڕێمەوە لای تۆ. ئەی باوکی پیرۆز، بە ناوی خۆت بیانپارێزە کە بە منت داوە، تاکو ببنە یەک وەک ئێمە یەکین. کاتێک لەگەڵیان بووم بەو ناوەی کە تۆ بە منت دابوو دەمپاراستن و پاسەوانیم دەکردن. کەسیان لەناونەچوون کوڕی لەناوچوو نەبێت، بۆ ئەوەی نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی. «ئێستاش دێمە لای تۆ، بەڵام لە جیهاندا باسی ئەمانە دەکەم، تاکو بە تەواوی شادی منیان لە دڵدا بێت. من وشەی تۆم دایە ئەوان و جیهان ڕقی لێیان بووەوە، چونکە هی جیهان نین، وەک منیش هی جیهان نیم. داوا ناکەم لە جیهاندا بیانبەیتەوە، بەڵکو لە شەیتان بیانپارێزی. ئەوان هی جیهان نین، وەک منیش هی جیهان نیم. بە ڕاستیی خۆت پیرۆزیان بکە، وشەی تۆ ڕاستییە. وەک چۆن منت نارد بۆ جیهان، منیش ئەوانم نارد بۆ جیهان. بۆ ئەوان خۆم پیرۆز دەکەم، تاکو ئەوانیش لە ڕاستیدا پیرۆزکراو بن. «تەنها بۆ ئەمان داوا ناکەم، بەڵکو بۆ ئەوانەش کە بە قسەی ئەمانەوە باوەڕم پێ دەهێنن، تاکو هەموو یەک بن، باوکە، هەروەک تۆ لە مندای و منیش لە تۆدام. با ئەوانیش لە ئێمەدا بن، تاکو جیهان باوەڕ بهێنێت کە تۆ منت ناردووە. منیش ئەو شکۆیەم داونەتێ کە تۆ بە منت داوە، تاکو ببنە یەک، وەک چۆن ئێمە یەکین. من لەواندام و تۆ لە مندای، تاکو بە تەواوی یەک بن، بۆ ئەوەی جیهان بزانێت تۆ منت ناردووە و ئەوانت خۆشویستووە هەروەک چۆن منت خۆشویستووە. «باوکە، دەمەوێت ئەوانەی کە بە منت داون لەکوێ بم لەگەڵم بن، تاکو شکۆمەندییەکەم ببینن کە بە منت داوە، چونکە پێش دامەزراندنی جیهان منت خۆشویست. «ئەی باوکی ڕاستودروست، جیهان تۆ ناناسێت، بەڵام من تۆ دەناسم، ئەوانیش دەزانن تۆ منت ناردووە. ناوی تۆم پێ ناساندن و پێیان دەناسێنم، تاکو ئەو خۆشەویستییەی کە بۆ منت هەیە لەوانیشدا بێت و منیش لەواندا بم.»