لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 1:18-10

یۆحەنا 1:18-10 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئیشۆع ئه‌مانه‌ی فه‌رموو و له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی ده‌رچوون بۆ ئه‌وبه‌ری دۆڵی قه‌درون كه‌ باخچه‌یه‌كی لێبوو، خۆی و قوتابییه‌كانی چوونه‌ نێوی. ئیهووداش ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی كرد، شوێنه‌كه‌ی ده‌ناسی، چونكه‌ ئیشۆع زۆر جار له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی له‌وێ كۆده‌بووه‌وه‌. ئینجا ئیهوودا سه‌رباز و ڕاژه‌وانه‌كانی كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كانی برد، به‌ مه‌شخه‌ڵ و چرا و چه‌كه‌وه‌ هاته‌ ئه‌وێ. ئیشۆعیش هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ده‌زانی كه‌ به‌سه‌ری ده‌هات، ده‌رچوو و پێی فه‌رموون: “كێتان ده‌وێ؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “ئیشۆعی ناسڕه‌تی”. پێی فه‌رموون: “من ئه‌وم”. ئیهووداش كه‌ ڕاده‌ستی ده‌كات له‌گه‌ڵیان ڕاوه‌ستابوو. كاتێ پێی فه‌رموون: “من ئه‌وم”، گه‌ڕانه‌وه‌ دواوه‌ و كه‌وتنه‌ سه‌ر زه‌وی. دیسان لێی پرسینه‌وه‌: “كێتان ده‌وێ؟” وتیان: “ئیشۆعی ناسڕه‌تی”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “پێم وتن: من ئه‌وم”. ئه‌گه‌ر منتان ده‌وێ، با ئه‌مانه‌ بڕۆن”. بۆ هاتنه‌دیی ئه‌و قسه‌یه‌ی كه‌ فه‌رمووی: “ئه‌وانه‌ی پێت دابووم كه‌سیانم له‌ناونه‌برد”. شیمعون په‌تڕۆس شمشێرێكی پێبوو، ده‌ریهێنا و له‌ كۆیله‌ی كاهینی باڵای دا و گوێی ڕاستی بڕی. ناوی كوێله‌كه‌ش مه‌لخۆس بوو.

یۆحەنا 1:18-10 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لەدوای ئەوەی عیسا نوێژەکەی تەواو کرد، لەگەڵ قوتابییەکانی بەڕێکەوت بۆ ئەوبەری دۆڵی قدرۆن کە باخچەیەکی لێبوو، خۆی و قوتابییەکانی چوونە ناوی. یەهوزاش ئەوەی بە گرتنی دا، شوێنەکەی دەزانی، چونکە عیسا زۆر جار لەگەڵ قوتابییەکانی لەوێ کۆدەبووەوە. ئینجا یەهوزا تیپێک سەرباز و خزمەتکارانی کاهینانی باڵا و فەریسییەکانی برد، بە مەشخەڵ و چرا و چەکەوە هاتە ئەوێ. عیساش هەموو ئەو شتانەی دەزانی کە بەسەری دەهات، چوو و پێی فەرموون: «کێتان دەوێت؟» وەڵامیان دایەوە: «عیسای ناسیرەیی». عیسا پێی فەرموون: «من ئەوم». یەهوزاش ئەوەی بە گرتنی دا لەگەڵیان ڕاوەستابوو. کاتێک عیسا پێی فەرموون: «من ئەوم،» گەڕانەوە دواوە و کەوتنە سەر زەوی. لێی پرسینەوە: «کێتان دەوێت؟» گوتیان: «عیسای ناسیرەیی.» عیسا وەڵامی دایەوە: «پێم گوتن من ئەوم. ئەگەر بەدوای مندا دەگەڕێن، با ئەمانە بڕۆن.» بەمەش ئەو قسەیەی هێنایە دی کە فەرمووبووی: «ئەوانەی پێت دابووم کەسیانم ون نەکرد.» شیمۆن پەترۆس شمشێرێکی پێبوو دەریهێنا، لە کۆیلەی سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی ڕاستی بڕی. ئەو کۆیلەیەش ناوی مەلخۆس بوو.