یۆحەنا 1:18-40
یۆحەنا 1:18-40 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
ئیشۆع ئه‌مانه‌ی فه‌رموو و له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی ده‌رچوون بۆ ئه‌وبه‌ری دۆڵی قه‌درون كه باخچه‌یه‌كی لێ‌بوو، خۆی و قوتابییه‌كانی چوونه نێوی. ئیهووداش ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی كرد، شوێنه‌كه‌ی ده‌ناسی، چونكه ئیشۆع زۆر جار له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی له‌وێ كۆده‌بووه‌وه. ئینجا ئیهوودا سه‌رباز و ڕاژه‌وانه‌كانی كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كانی برد، به مه‌شخه‌ڵ و چرا و چه‌كه‌وه هاته ئه‌وێ. ئیشۆعیش هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ده‌زانی كه به‌سه‌ری ده‌هات، ده‌رچوو و پێی فه‌رموون: “كێتان ده‌وێ؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه: “ئیشۆعی ناسڕه‌تی”. پێی فه‌رموون: “من ئه‌وم”. ئیهووداش كه ڕاده‌ستی ده‌كات له‌گه‌ڵیان ڕاوه‌ستابوو. كاتێ پێی فه‌رموون: “من ئه‌وم”، گه‌ڕانه‌وه دواوه و كه‌وتنه سه‌ر زه‌وی. دیسان لێی پرسینه‌وه: “كێتان ده‌وێ؟” وتیان: “ئیشۆعی ناسڕه‌تی”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه: “پێم وتن: من ئه‌وم”. ئه‌گه‌ر منتان ده‌وێ، با ئه‌مانه بڕۆن”. بۆ هاتنه‌دیی ئه‌و قسه‌یه‌ی كه فه‌رمووی: “ئه‌وانه‌ی پێت دابووم كه‌سیانم له‌ناونه‌برد”. شیمعون په‌تڕۆس شمشێرێكی پێ‌بوو، ده‌ریهێنا و له كۆیله‌ی كاهینی باڵای دا و گوێی ڕاستی بڕی. ناوی كوێله‌كه‌ش مه‌لخۆس بوو. ئیشۆع به پهتڕۆسی فه‌رموو: “شمشێره‌كه‌ت بگه‌ڕێنه‌وه كێلانه‌كه‌ی! ئه‌و جامه‌ی باوک پێی داوم نه‌یخۆمه‌وه؟”. ئیتر سه‌ربازه‌كان و فه‌رمانده‌كه‌یان و ڕاژه‌وانانی جووه‌كان ئیشۆعیان گرت و به‌ستیانه‌وه. یه‌كه‌مجار بردییانه لای خه‌ننه‌ن، چونكه خه‌زووری قه‌یاپا بوو كه ئه‌وساڵه كاهینی باڵا بوو. قه‌یاپاش ئه‌و پیاوه بوو ڕاوێژی بۆ جووه‌كان كردبوو كه باشتر وایه پیاوێک له‌جیاتی هه‌موو گه‌ل بمرێت. شیمعون په‌تڕۆس له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كی دیكه شوێنی ئیشۆع كه‌وت. چونكه ئه‌و قوتابییه له‌لای كاهینی باڵا ناسراو بوو، له‌گه‌ڵ ئیشۆع چووه خانووی كاهینی باڵا، به‌ڵام په‌تڕۆس له ده‌ره‌وه له‌لای ده‌رگاكه ڕاوه‌ستابوو. به‌ڵام قوتابییه‌كه‌ی دیكه كه كاهینی باڵا ده‌یناسی هاته ده‌ره‌وه و قسه‌ی له‌گه‌ڵ كچه ده‌رگاوانه‌كه كرد و پهتڕۆسی هێنایه ژووره‌وه. كه‌نیزه ده‌رگاوانه‌كه به پهتڕۆسی وت: “تۆش له قوتابییه‌كانی ئه‌م كابرایه نیت؟” ئه‌ویش وتی: “من نیم!”. كۆیله و ڕاژه‌وانه‌كان ڕاوه‌ستابوون، ئاگریان كردبووه‌وه و خۆیان گه‌رم ده‌كرده‌وه، چونكه سه‌رما بوو، په‌تڕۆسیش له‌گه‌ڵیان وه‌ستابوو، خۆی گه‌رم ده‌كرده‌وه. كاهینی باڵا ده‌رباره‌ی قوتابییه‌كانی و فێركردنه‌كه‌ی له ئیشۆعی پرسی. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه: “به ئاشكرا بۆ جیهان دوام، من هه‌رده‌م له كه‌نیشت و په‌رستگادا خه‌ڵكم فێرده‌كرد، كه هه‌میشه هه‌موو جوو لێی كۆده‌بنه‌وه. هیچم به نهێنی نه‌ووتووه. بۆچی پرس له من ده‌كه‌یت؟ له‌وانه بپرسه كه گوێیان لێبووه چیم پێیان وتووه. ئه‌وانه ده‌زانن من چیم وتووه”. كاتێ ئه‌مه‌ی فه‌رموو یه‌كێک له ڕاژه‌وانان كه له‌لای ڕاوه‌ستابوو زللـه‌یه‌كی له ئیشۆع دا و وتی: “ئاوا وه‌ڵامی كاهینی باڵا ده‌ده‌یته‌وه؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه: “ئه‌گه‌ر قسه‌ی خراپم كردووه، گه‌واهیی له‌سه‌ر خراپه‌كه بده. ئه‌گه‌ر باشیشه، بۆچی لێم ده‌ده‌یت؟” ئینجا خه‌ننه‌ن به به‌ستراوه‌یی بۆ قه‌یاپا كاهینی باڵای نارد. شیمعون په‌تڕۆسیش ڕاوه‌ستابوو، خۆی گه‌رم ده‌كرده‌وه، پێیان وت: “تۆش له قوتابییه‌كانی ئه‌و نیت؟” ئه‌ویش نكۆڵیی كرد و وتی: “من نیم!”. یه‌كێک له كۆیله‌كانی كاهینی باڵا خزمی ئه‌وه‌بوو كه په‌تڕۆس گوێی لێكرده‌وه، وتی: “ئه‌ی له باخچه‌كه‌دا تۆم له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌بینی؟” دیسان په‌تڕۆس نكۆڵیی كرد. یه‌كسه‌ر كه‌ڵه‌شێر قوولاندی. به‌یانییه‌كه‌ی ئیشۆعیان له‌لای قه‌یاپاوه بۆ كۆشكی فه‌رمانڕه‌وایی برد. خۆیان نه‌چوونه ژووره‌وه‌ی كۆشک، نه‌وه‌ک گڵاو ببن، به‌ڵكو بتوانن په‌سخه بخۆن. پیڵاتوسیش هاته ده‌ره‌وه و وتی: “چ سكاڵایه‌كتان له‌سه‌ر ئه‌م پیاوه هه‌یه؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه و پێیان وت: “ئه‌گه‌ر خراپه‌كار نه‌بووایه، نه‌مانده‌دایه ده‌ستته‌وه!” پیڵاتوسیش پێی وتن: “خۆتان بیبه‌ن، به‌گوێره‌ی ته‌وراتی خۆتان حوكمی بده‌ن”. جووه‌كان پێیان وت: “دروست نییه ئێمه كه‌س بكوژین”. تاكو فه‌رمووده‌ی ئیشۆع بێته دی كه ئاماژه‌ی كرد بۆ ئه‌و مردنه‌ی كه ده‌مرێت. ئینجا پیڵاتوس چووه نێو كۆشكه‌كه، بانگی ئیشۆعی كرد و پێی وت: “تۆ پاشای جووی؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه: “له خۆته‌وه ئه‌مه ده‌ڵێی، یان خه‌ڵكی دیكه باسی منیان بۆ كردووی؟” پیڵاتوس وه‌ڵامی دایه‌وه: “خۆ من جووم نیم؟ نه‌ته‌وه‌كه‌ت و كاهینانی باڵا تۆیان ڕاده‌ستی منیان كردووه. چیت كردووه؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه: “شانشینیه‌كه‌م له‌م جیهانه‌دا نییه. ئه‌گه‌ر شانشینیه‌كه‌م له‌م جیهانه بووایه، ڕاژه‌وانانم ده‌جه‌نگان تاكو ڕاده‌ستی جووه‌كان نه‌كرێم. به‌ڵام شانشینیه‌كه‌م لێره نییه”. ئینجا پیڵاتوس پێی وت: “كه‌واته تۆ پاشای؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه: “تۆ ده‌ڵێی كه من پاشام. بۆیه له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته جیهان، تاكو گه‌واهیی بۆ ڕه‌وا بده‌م. هه‌ر كه‌سێک له ڕه‌واوه بێت ده‌نگم ده‌بیستێت”. پیڵاتوس پێی وت: “ڕه‌وا چییه؟” كه ئه‌مه‌ی وت دیسان بۆ لای جووه‌كان ده‌رچوو و پێی وتن: “یه‌ک خراپه‌ی تێدا نابینم. به‌ڵام نه‌ریتێكتان هه‌یه كه له په‌سخه‌دا یه‌كێكتان بۆ ئازاد بكه‌م. ئایا ده‌تانه‌وێت پاشای جووتان بۆ ئازاد بكه‌م؟” هه‌موویان هاواریان كرد و وتیان: “ئه‌مه نا به‌ڵكو به‌ڕئه‌ببا!”. به‌ڕئه‌بباش دز بوو.
یۆحەنا 1:18-40 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
لەدوای ئەوەی عیسا نوێژەکەی تەواو کرد، لەگەڵ قوتابییەکانی بەڕێکەوت بۆ ئەوبەری دۆڵی قدرۆن کە باخچەیەکی لێ‌بوو، خۆی و قوتابییەکانی چوونە ناوی. یەهوزاش ئەوەی بە گرتنی دا، شوێنەکەی دەزانی، چونکە عیسا زۆر جار لەگەڵ قوتابییەکانی لەوێ کۆدەبووەوە. ئینجا یەهوزا تیپێک سەرباز و خزمەتکارانی کاهینانی باڵا و فەریسییەکانی برد، بە مەشخەڵ و چرا و چەکەوە هاتە ئەوێ. عیساش هەموو ئەو شتانەی دەزانی کە بەسەری دەهات، چوو و پێی فەرموون: «کێتان دەوێت؟» وەڵامیان دایەوە: «عیسای ناسیرەیی». عیسا پێی فەرموون: «من ئەوم». یەهوزاش ئەوەی بە گرتنی دا لەگەڵیان ڕاوەستابوو. کاتێک عیسا پێی فەرموون: «من ئەوم،» گەڕانەوە دواوە و کەوتنە سەر زەوی. لێی پرسینەوە: «کێتان دەوێت؟» گوتیان: «عیسای ناسیرەیی.» عیسا وەڵامی دایەوە: «پێم گوتن من ئەوم. ئەگەر بەدوای مندا دەگەڕێن، با ئەمانە بڕۆن.» بەمەش ئەو قسەیەی هێنایە دی کە فەرمووبووی: «ئەوانەی پێت دابووم کەسیانم ون نەکرد.» شیمۆن پەترۆس شمشێرێکی پێ‌بوو دەریهێنا، لە کۆیلەی سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی ڕاستی بڕی. ئەو کۆیلەیەش ناوی مەلخۆس بوو. عیسا بە پەترۆسی فەرموو: «شمشێرەکەت بگەڕێنەوە کێلانەکەی. ئایا ئەو جامەی کە باوک پێی‌داوم نەیخۆمەوە؟» ئیتر تیپە سەربازەکە و فەرماندەکەیان و خزمەتکارانی جولەکەکان عیسایان گرت و بەستیانەوە. یەکەم جار بردیانە لای حەنا، چونکە خەزووری قەیافا بوو کە ئەو ساڵە سەرۆکی کاهینان بوو. قەیافاش ئەو پیاوە بوو ڕاوێژی بۆ ڕابەرانی جولەکە کردبوو کە باشتر وایە پیاوێک لە جیاتی گەل بمرێت. شیمۆن پەترۆس لەگەڵ قوتابییەکی دیکە شوێن عیسا کەوتن. لەبەر ئەوەی ئەو قوتابییە لەلای سەرۆکی کاهینان ناسراو بوو، لەگەڵ عیسا چوو بۆ کۆشکی سەرۆکی کاهینان، بەڵام پەترۆس ناچار بوو لە دەرەوە لەبەردەرگاکە ڕابوەستێت. قوتابییەکەی دیکە کە سەرۆکی کاهینان دەیناسی هاتە دەرەوە و قسەی لەگەڵ کارەکەرە دەرگاوانەکەدا کرد و پەترۆسی هێنایە ژوورەوە. کارەکەرەکە بە پەترۆسی گوت: «تۆش لە قوتابییەکانی ئەم کابرایە نیت؟» گوتی: «نەخێر.» خزمەتکار و پاسەوانەکان ئاگریان کردبووەوە و ڕاوەستابوون خۆیان گەرم دەکردەوە، چونکە سەرما بوو، پەترۆسیش لەگەڵیان وەستابوو، خۆی گەرم دەکردەوە. سەرۆکی کاهینان دەربارەی قوتابییەکانی و فێرکردنەکەی پرسیاری لە عیسا کرد. عیساش وەڵامی دایەوە: «بە ئاشکرا بۆ جیهان دوام، بەردەوام لە کەنیشت و پەرستگادا خەڵکم فێردەکرد، کە هەموو جولەکەکان لێی کۆدەبنەوە. هیچم بە نهێنی نەگوتووە. بۆ پرسیارم لێ دەکەیت؟ لەوانە بپرسە کە گوێیان لێبووە چیم پێیان گوتووە. ئەمانە دەزانن چیم گوتووە.» کاتێک ئەمەی فەرموو یەکێک لە خزمەتکاران کە لەلایەوە ڕاوەستابوو زللەیەکی لە عیسا دا و گوتی: «ئاوا وەڵامی سەرۆکی کاهینان دەدەیتەوە؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر قسەی خراپم کردووە، شایەتی لەسەر خراپەکە بدە. ئەگەر ڕاستیشە، بۆچی لێم دەدەیت؟» ئینجا حەنا عیسای بە دەستی بەستراوەوە بۆ قەیافای سەرۆکی کاهینان نارد. شیمۆن پەترۆسیش هێشتا لەوێ ڕاوەستابوو و خۆی گەرم دەکردەوە، بۆیە لێیان پرسی: «تۆش لە قوتابییەکانی ئەو نیت؟» نکۆڵیی کرد و گوتی: «نەخێر.» یەکێک لە کۆیلەکانی سەرۆکی کاهینان خزمی ئەوە بوو کە پەترۆس گوێی لێکردەوە، گوتی: «ئەی لە باخچەکەدا تۆم لەگەڵ ئەو نەبینی؟» دیسان پەترۆس نکۆڵیی کرد. دەستبەجێ کەڵەشێر خوێندی. بەیانی زوو ڕابەرانی جولەکە عیسایان لەلای قەیافاوە بۆ کۆشکی فەرمانڕەوایەتی برد. ئەوان نەچوونە ژوورەوەی کۆشک، نەوەک گڵاو ببن و نەتوانن نانی پەسخە بخۆن. پیلاتۆسیش هاتە دەرەوە و گوتی: «چ سکاڵایەکتان لەسەر ئەم پیاوە هەیە؟» وەڵامیان دایەوە: «ئەگەر خراپەکار نەبووایە، نەماندەدا بە دەستتەوە.» پیلاتۆسیش پێی گوتن: «بیبەن، بەگوێرەی شەریعەتی خۆتان حوکمی بدەن.» جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «دروست نییە ئێمە کەس بکوژین.» ئەمەش ڕوویدا تاکو ئەو قسەیەی عیسا بێتە دی کە لەسەر شێوازی مردنەکەی فەرمووبووی. لەبەر ئەوە پیلاتۆس چووە ناو کۆشکەکە، بانگی عیسای کرد و پێی گوت: «تۆ پاشای جولەکەی؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ لە خۆتەوە ئەمە دەڵێی، یاخود خەڵکی دیکە باسی منیان بۆ کردووی؟» پیلاتۆس وەڵامی دایەوە: «ئایا من جولەکەم؟ گەلەکەت و کاهینانی باڵا تۆیان داوەتە دەستی من. چیت کردووە؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «پاشایەتی من سەر بەم جیهانە نییە. ئەگەر پاشایەتی من سەر بەم جیهانە بووایە، ئەوسا خزمەتکارەکانم دەجەنگان تاکو نەدرێمە دەست ڕابەرانی جولەکە. بەڵام پاشایەتی من سەر بە ئێرە نییە.» ئینجا پیلاتۆس پێی گوت: «کەواتە تۆ پاشای؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ دەڵێی کە من پاشام. بۆ ئەمە لەدایک بووم و بۆ ئەمەش هاتوومەتە جیهان، تاکو شایەتی بۆ ڕاستی بدەم. هەرکەسێک لە ڕاستییەوە بێت گوێ لە دەنگم دەگرێت.» پیلاتۆس پێی گوت: «ڕاستی چییە؟» کە ئەمەی گوت دیسان چووە دەرەوە بۆ لای جولەکەکان و پێی گوتن: «هیچ خراپەیەکی تێدا نابینم. بەڵام نەریتێکتان هەیە کە لە جەژنی پەسخەدا یەکێکتان بۆ ئازاد بکەم. بۆیە دەتانەوێت پاشای جولەکەتان بۆ ئازاد بکەم؟» هاواریان کرد: «ئەمە نا! بەڵکو باراباس!» باراباسیش یەکێک بوو لە یاخیبووان.