لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 12:2-25

یۆحەنا 12:2-25 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

دواتر له‌گه‌ڵ دایكی و برایانی و قوتابییه‌كانی به‌ره‌و كپه‌ڕناخوم دابه‌زین، چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م له‌وێ مانه‌وه‌. جه‌ژنی په‌سخه‌ی جوو نزیكبووه‌وه‌، ئیشۆع سه‌ركه‌وت بۆ یروشلایم. له‌ په‌رستگا فرۆشیارانی مانگا و كاوڕ و كۆتری بینی، پاره‌گۆڕه‌وانیش دانیشتبوون. قامچییه‌كی له‌ گوریس دروستكرد و هه‌مووانی له‌ په‌رستگا قاو دا، كاوڕ و مانگاكان. پاره‌ی پاره‌گۆڕه‌وانی هه‌ڵڕژاند و مێزه‌كانیان وه‌رگێڕا، به‌ كۆترفرۆشانی فه‌رموو: “ئه‌مانه‌ لێره‌ لاده‌ن! ماڵی باوكم مه‌كه‌نه‌ ماڵی بازرگانی!” جا قوتابییه‌كانی بیریان كه‌وته‌وه‌ كه‌ نووسراوه‌: {دڵگه‌رمی بۆ ماڵه‌كه‌ت ده‌مخوات} . جووه‌كان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و پێیان وت: “چ په‌رجوێكمان پیشان ده‌ده‌یت تاكو ئه‌م شتانه‌ بكه‌یت؟” ئیشۆعیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێیان فه‌رموو: “ئه‌م په‌رستگایه‌ بڕوخێنن، به‌ سێ ڕۆژ هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌”. جووه‌كان وتیان: “ئه‌م په‌رستگایه‌ به‌ چل و شه‌ش ساڵ بنیادنراوه‌، تۆ به‌ سێ ڕۆژ هه‌ڵیده‌ستێنیته‌وه‌؟” به‌ڵام ئه‌و باسی په‌رستگای جه‌سته‌ی خۆی ده‌كرد. بۆیه‌ كاتێ له‌نێو مردووان هه‌ستایه‌وه‌، قوتابییه‌كانی بیریان كه‌وته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ی وتبوو، ئینجا باوه‌ڕیان هێنا به‌ سیپاره‌كه‌ و به‌و فه‌رمووده‌یه‌ی ئیشۆع فه‌رمووی. كه‌ له‌ جه‌ژنی په‌سخه‌ له‌ یروشلایم بوو، زۆر كه‌س باوه‌ڕیان به‌ ناوی هێنا، چونكه‌ په‌رجوه‌كانیان ده‌بینی كه‌ ده‌یكرد. به‌ڵام ئیشۆع له‌لای خۆیه‌وه‌ متمانه‌ی پێ نه‌كردن، چونكه‌ هه‌مووی ده‌ناسی. چونكه‌ پێویستی به‌ كه‌س نه‌بوو ده‌رباره‌ی مرۆڤ گه‌واهیی بۆ بدات، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌یزانی مرۆڤ چی تێدایه‌.

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 2 بخوێنەوە

یۆحەنا 12:2-25 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

دواتر لەگەڵ دایکی و براکانی و قوتابییەکانی بەرەو شاری کەفەرناحوم دابەزین، چەند ڕۆژێک لەوێ مانەوە. کە جەژنی پەسخەی جولەکەکان نزیک بووەوە، عیسا چوو بۆ ئۆرشەلیم. لە حەوشەکانی پەرستگا فرۆشیارانی گا و مەڕ و کۆتری بینی، پارەگۆڕەوانیش دانیشتبوون. قامچییەکی لە گوریس دروستکرد و هەمووانی لە حەوشەکانی پەرستگا دەرکرد، مەڕ و گا پێکەوە. پارەی پارەگۆڕەوانی پەرشوبڵاو کردەوە و مێزەکانی سەرەوژێر کرد، ئینجا بە کۆترفرۆشانی فەرموو: «ئەم شتانە لێرە هەڵگرن! ماڵی باوکم مەکەنە بازاڕ!» جا قوتابییەکانی هاتەوە بیریان کە نووسراوە: ﴿دڵگەرمی بۆ ماڵەکەت دەمسووتێنێت.﴾ جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «چ پەرجووێکمان نیشان دەدەیت تاکو دەسەڵاتی ئەنجامدانی هەموو ئەم کارانەت بسەلمێنێ؟» عیساش وەڵامی دانەوە: «ئەم پەرستگایە بڕووخێنن، بە سێ ڕۆژ هەڵیدەستێنمەوە.» ئینجا جولەکەکان گوتیان: «ئەم پەرستگایە بە چل و شەش ساڵ بنیاد نراوە، تۆ بە سێ ڕۆژ هەڵیدەستێنیتەوە؟» بەڵام ئەو باسی پەرستگای لەشی خۆی دەکرد. لەبەر ئەوە کاتێک لەناو مردووان هەستایەوە، قوتابییەکانی هاتەوە بیریان کە ئەمەی گوتبوو، ئینجا باوەڕیان هێنا بە نووسراوە پیرۆزەکە و بەو قسەیەی عیسا فەرمووی. کاتێک عیسا لە جەژنی پەسخە لە ئۆرشەلیم بوو، زۆر کەس باوەڕیان بە ناوی هێنا، چونکە ئەو پەرجووانەیان بینی کە دەیکرد. بەڵام عیسا لەلای خۆیەوە متمانەی پێ نەکردن، چونکە هەموو خەڵکی دەناسی. ئەو پێویستی بە کەس نەبوو دەربارەی مرۆڤ شایەتی بۆ بدات، چونکە خۆی دەیزانی دڵی مرۆڤ چی تێدایە.

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 2 بخوێنەوە