لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 1:20-9

یۆحەنا 1:20-9 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌دا، هێشتا تاریک بوو، مه‌ریه‌می مه‌گدانی هاته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ و بینی به‌رده‌كه‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ گلۆر كراوه‌ته‌وه‌. ئه‌ویش ڕایكرد و هاته‌ لای شیمعون په‌تڕۆس و ئه‌و قوتابییه‌كه‌ی دیكه‌ كه‌ ئیشۆع خۆشیده‌ویست، پێی وتن: “گه‌وره‌یان له‌ گۆڕه‌كه‌دا بردووه‌ و نازانین له‌كوێ دایانناوه‌!” ئینجا په‌تڕۆس و قوتابییه‌كه‌ی دیكه‌ ده‌رچوون و هاتنه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌. هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه‌ ڕایان ده‌كرد، قوتابییه‌كه‌ی دیكه‌ پێش په‌تڕۆس كه‌وت و یه‌كه‌م گه‌یشته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌. دانه‌ویه‌وه‌ و بینی كفنه‌كه‌ دانراوه‌، به‌ڵام نه‌چووه‌ ژووره‌وه‌. ئینجا شیمعون په‌تڕۆس كه‌ دوایكه‌وتبوو هات و چووه‌ نێو گۆڕه‌كه‌، بینی كفنه‌كه‌ دانراوه‌. ده‌سته‌سڕه‌كه‌ش كه‌ به‌سه‌ری ئیشۆعه‌وه‌ بوو له‌گه‌ڵ كه‌تانه‌كه‌ دانه‌نرابوو، به‌ڵكو به‌ جیا له‌ جێیه‌ک پێچراوه‌ته‌وه‌. ئه‌وسا قوتابییه‌كه‌ی دیكه‌ش كه‌ یه‌كه‌مجار هاتبووه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ چووه‌ ژووره‌وه‌. بینی و باوه‌ڕی هێنا. چونكه‌ هێشتا له‌ په‌رتووكه‌كان تێنه‌گه‌یشتبوون كه‌ ده‌بێ له‌نێوان مردوواندا هه‌ستێته‌وه‌.

یۆحەنا 1:20-9 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، هێشتا تاریک بوو، مریەمی مەجدەلی هاتە سەر گۆڕەکە و بینی بەردەکە لەسەر گۆڕەکە گلۆر کراوەتەوە. ئەویش ڕایکرد و هاتە لای شیمۆن پەترۆس و ئەو قوتابییەی دیکە کە عیسا خۆشی دەویست، پێی گوتن: «گەورەیان لە گۆڕەکەدا بردووە و نازانین لەکوێ دایانناوە!» ئینجا پەترۆس و قوتابییەکەی دیکە بەرەو گۆڕەکە بەڕێکەوتن. هەردووکیان بەیەکەوە ڕایاندەکرد، بەڵام قوتابییەکەی دیکە پێش پەترۆس کەوت و زووتر گەیشتە سەر گۆڕەکە. دانەوییەوە و بینی کەتانەکە دانراوە، بەڵام نەچووە ژوورەوە. ئینجا شیمۆن پەترۆس کە دوایکەوتبوو هات و چووە ناو گۆڕەکە، بینی کەتانەکە دانراوە. ئەو دەسماڵەی کە بەسەری عیساوە پێچرابوو، لەگەڵ کەتانەکە دانەنرابوو، بەڵکو بە جیا لە جێیەک پێچرابووەوە. ئەوسا قوتابییەکەی دیکەش کە یەکەم جار هاتبووە سەر گۆڕەکە چووە ژوورەوە. بینی و باوەڕی هێنا. ئەو کاتە هێشتا لە نووسراوە پیرۆزەکان تێنەگەیشتبوون کە دەبێ عیسا لەنێو مردووان هەستێتەوە.