لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 1:4-43

یۆحەنا 1:4-43 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كاتێ په‌روه‌ردگار زانی كه‌ په‌ڕیشییان بیستیان كه‌وا ئیشۆع له‌ یوخه‌ننه‌ن زیاتر قوتابی دروست ده‌كات و عه‌مادیان ده‌كات هه‌رچه‌نده‌ ئیشۆع خۆی عه‌مادی نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو قوتابییه‌كانی. بۆیه‌ ئیهوودی به‌جێهێشت و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ گلیلا. جا ده‌بووایه‌ به‌ شمرندا تێپه‌ڕێت، گه‌یشته‌ شارێكی شمرنی پێی ده‌ووترا سوخار، نزیک ئه‌و پارچه‌ زه‌وییه‌ی یاقوو دابوویه‌ یۆسپی كوڕی. بیری یاقووش له‌وێ بوو. جا ئیشۆع له‌ گه‌شته‌كه‌ ماندوو بوو، له‌لای بیره‌كه‌ دانیشت، نزیكه‌ی كاژێر شه‌ش بوو. ژنێكی شمرنی هات ئاو ببات، ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ئاوم بده‌رێ با بخۆمه‌وه‌”. چونكه‌ قوتابییه‌كانی چووبوونه‌ شار تاكو خواردن بكڕن. جا ژنه‌ شمرنیه‌كه‌ پێی وت: “تۆ جوویت و منیش ژنێكی شمرنیم، چۆن داوای ئاوم لێ ده‌كه‌یت تا بخۆیته‌وه‌؟” چونكه‌ جوو تێكه‌ڵی شمرنیه‌كان نابن. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ئه‌گه‌ر به‌خششی خودات ده‌زانی و ده‌تزانی كێیه‌ ئه‌وه‌ی پێت ده‌ڵێت ئاوم بده‌رێ تا بخۆمه‌وه‌، ئه‌وسا تۆ داوات لێ ده‌كرد و ئه‌ویش ئاوی زیندووی پێ ده‌دایت”. ژنه‌كه‌ پێی وت: “گه‌وره‌م، دۆلكه‌ت پێ نییه‌ و بیره‌كه‌ش قووڵه‌. ئیتر ئاوی زیندووت له‌كوێ بوو؟ خۆ له‌ یاقووی باوكمان مه‌زنتر نیت كه‌ بیره‌كه‌ی پێ داوین، خۆی و كوڕه‌كانی و ماڵاتیشی لێیان خوارده‌وه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “هه‌ر كه‌سێک له‌م ئاوه‌ بخواته‌وه‌ تینووی ده‌بێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و ئاوه‌ بخواته‌وه‌ كه‌ من ده‌یده‌مێ، تاهه‌تایه‌ تینووی نابێ، به‌ڵكو ئه‌و ئاوه‌ی ده‌یده‌مێ تیایدا ده‌بێته‌ كانیاوێک و هه‌ڵده‌قوڵێت و ژیانی جاویدانی ده‌به‌خشێ”. ژنه‌كه‌ش پێی وت: “گه‌وره‌م، ئه‌و ئاوه‌م بده‌رێ تاكو تینوو نه‌بم و نه‌یه‌مه‌وه‌ ئێره‌ بۆ ئاوكێشان”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “بڕۆ، مێرده‌كه‌ت بانگ بكه‌ و وه‌ره‌وه‌ ئێره‌”. ژنه‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “مێردم نییه‌”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ڕاست ده‌كه‌یت كه‌ ده‌ڵێی مێردم نییه‌. چونكه‌ پێنج مێردت هه‌بوو، ئێستاش ئه‌وه‌ی هه‌ته‌ مێردت نییه‌. ڕاست ده‌كه‌یت”. ژنه‌كه‌ پێی وت: “گه‌وره‌م، ده‌بینم تۆ پێغه‌مبه‌ریت! باوكانمان له‌سه‌ر ئه‌م شاخه‌ كڕنۆشیان برد، به‌ڵام ئێوه‌ ده‌ڵێن یروشلایم ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ كڕنۆشی تیادا ببرێت”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “خانم، بڕوام پێ بكه‌، كاتێ دێت‌ نه‌ له‌سه‌ر ئه‌م شاخه‌ و نه‌ له‌ یروشلایم كڕنۆش بۆ باوک ده‌به‌ن. ئه‌وه‌ی ئێوه‌ كڕنۆشی بۆ ده‌به‌ن نایناسن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ كڕنۆشی بۆ ده‌به‌ین ده‌یناسین، چونكه‌ ڕزگاری له‌ جووه‌وه‌یه‌. به‌ڵام كاتێ دێت وا ئێستایه‌ كه‌ كڕنۆشبه‌ره‌ ڕاسته‌قینه‌كان به‌ ڕووح و ڕه‌وا كڕنۆش بۆ باوک ده‌به‌ن، چونكه‌ باوک داوای ئه‌م جۆره‌ كڕنۆشبه‌رانه‌ ده‌كات. خودا ڕووحه‌، پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی كڕنۆشی بۆ ده‌به‌ن به‌ ڕووح و ڕه‌وا كڕنۆشی بۆ ببه‌ن”. ژنه‌كه‌ پێی وت: “ده‌زانم مه‌سیا دێت، كه‌ پێی ده‌ووترێ مه‌سیح، كه‌ ئه‌و هات هه‌موو شتێكمان پێ ڕاده‌گه‌یه‌نێت”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “من ئه‌وم، ئه‌وه‌ی قسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كات”. لێره‌دا قوتابییه‌كانی گه‌یشتن، سه‌رسام بوون كه‌ له‌گه‌ڵ ژنێک قسه‌ده‌كات. به‌ڵام كه‌س نه‌یووت: “چیت ده‌وێت؟” یان “بۆچی قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌یت؟” ئینجا ژنه‌كه‌ گۆزه‌كه‌ی به‌جێهێشت، چووه‌ نێو شار و به‌ خه‌ڵكی وت: “وه‌رن كه‌سێک ببینن هه‌رچییه‌كم كردووه‌ پێی فه‌رمووم! ده‌بێ ئه‌وه‌ مه‌سیح نه‌بێت؟” ئیتر له‌ شار ده‌رچون‌ و هاتنه‌ لای. له‌و كاته‌دا قوتابییه‌كان تكایان لێی ده‌كرد و وتیان: “ڕابی، بخۆ!” پێی فه‌رموون: “خواردنێكم هه‌یه‌ بیخۆم، كه‌ ئێوه‌ نایزانن”. قوتابییه‌كانیش به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “كه‌س هیچی بۆ هێناوه‌ بیخوات؟” ئیشۆع پێی فه‌رموون: “خواردنی من ئه‌وه‌یه‌ به‌ خواستی ئه‌وه‌ بكه‌م كه‌ ناردوومی و كاره‌كه‌ی ته‌واو بكه‌م. ئه‌ی ناڵێن: پاش چوار مانگ دروێنه‌ دێت؟ ئه‌وه‌تا من پێتان ده‌ڵێم: چاوتان هه‌ڵبڕن و سه‌یری كێڵگه‌كان بكه‌ن وا زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاون بۆ دروێنه‌. سه‌پانیش كرێ وه‌رده‌گرێ و بۆ ژیانی جاویدانی به‌رهه‌م كۆده‌كاته‌وه‌، تاكو تۆوده‌ر و سه‌پان پێكه‌وه‌ دڵشاد بن. چونكه‌ ئه‌و په‌نده‌ ڕاسته‌ كه‌ ده‌ڵێت: یه‌كێک تۆو ده‌كات و یه‌كێكی دیكه‌ دروێنه‌ ده‌كات. من ئێوه‌م بۆ دروێنه‌یه‌ک ناردووه‌ كه‌ پێوه‌ی ماندوو نه‌بوون. كه‌سانی دیكه‌ ماندوو بوون و ئێوه‌ هاتنه‌ سه‌ر ماندووبوونیان”. زۆر له‌ شمرنیه‌كانی ئه‌و شاره‌ باوه‌ڕیان به‌ ئیشۆع هێنا، له‌به‌ر قسه‌ی ئه‌و ژنه‌ی كه‌ گه‌واهیی ده‌دا و وتی: “هه‌رچییه‌كم كردووه‌ پێی فه‌رمووم”. كاتێ شمرنیه‌كان هاتنه‌ لای، تكایان لێكرد له‌لایان بمێنێته‌وه‌، ئه‌ویش دوو ڕۆژ له‌وێ مایه‌وه‌. زۆر زیاتریش به‌هۆی فه‌رمووده‌كانییه‌وه‌ باوه‌ڕیان هێنا و به‌ ژنه‌كه‌یان ده‌ووت: “ئیتر به‌ قسه‌ی تۆ نییه‌ كه‌ باوه‌ڕ ده‌هێنین، چونكه‌ خۆمان بیستمان و ده‌زانین كه‌ ئه‌مه‌ به‌ ڕاستی مه‌سیحی ڕزگاریده‌ری جیهانه‌”. پاش ئه‌و دوو ڕۆژه‌ له‌وێوه‌ چووه‌ گلیلا،

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 4 بخوێنەوە

یۆحەنا 1:4-43 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

فەریسییەکان بیستیان کە عیسا لە یەحیا زیاتر قوتابی دروستکردووە و لە ئاو هەڵکێشاوە، هەرچەندە عیسا خۆی خەڵکی لە ئاو هەڵنەدەکێشا، بەڵکو قوتابییەکانی. کاتێک عیسا ئەمەی زانی یەهودیای بەجێهێشت و گەڕایەوە جەلیل. جا دەبووایە بە ناوچەی سامیرەدا تێبپەڕێت. ئیتر گەیشتە شارۆچکەیەکی سامیرە کە ناوی سوخار بوو، نزیک ئەو پارچە زەوییەی یاقوب دابوویە یوسفی کوڕی. بیری یاقوبیش لەوێ بوو. جا لەبەر ئەوەی کە عیسا لە گەشتەکە ماندوو بوو، لەلای بیرەکە دانیشت، نزیکەی کاتژمێر دوازدە بوو. کاتێک ژنێکی سامیرەیی هات بۆ ئەوەی ئاو ببات، عیسا پێی فەرموو: «هەندێک ئاوم بدەرێ.» لەو کاتەدا قوتابییەکانی چووبوونە ناو شار تاکو خواردن بکڕن. جا ژنە سامیرەییەکە پێی گوت: «تۆ جولەکەیت و منیش ژنێکی سامیرەییم، چۆن داوای ئاوم لێ دەکەیت؟» چونکە جولەکەکان تێکەڵی سامیرەییەکان نابن. عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر بەخشینی خودات بزانیایە و هەروەها ئەوەش کێیە کە پێت دەڵێت ”ئاوم بدەرێ،“ ئەوسا تۆ داوات لێ دەکرد و ئەویش ئاوی ژیانی پێدەدایت.» ژنەکە پێی گوت: «بەڵام گەورەم، دۆلکەت پێ نییە و بیرەکەش قووڵە. ئیتر تۆ ئاوی ژیانت لەکوێ بوو؟ خۆ لە یاقوبی باوکمان گەورەتر نیت کە بیرەکەی پێداوین، خۆی و کوڕەکانی و ماڵاتەکانیشی لێیان خواردووەتەوە؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «هەرکەسێک لەم ئاوە بخواتەوە جارێکی دیکە تینووی دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی لەو ئاوە بخواتەوە کە من دەیدەمێ، هەرگیز تینووی نابێت، بەڵکو ئەو ئاوەی من دەیدەمێ تێیدا دەبێتە کانیاوێک و هەڵدەقوڵێت، ژیانی هەتاهەتایی دەبەخشێ.» ژنەکەش پێی گوت: «گەورەم، ئەو ئاوەم بدەرێ تاکو تینوو نەبم و نەیەمەوە ئێرە بۆ ئاوکێشان.» عیسا پێی فەرموو: «بڕۆ، مێردەکەت بانگ بکە و وەرەوە ئێرە.» ژنەکە وەڵامی دایەوە: «مێردم نییە.» عیساش پێی فەرموو: «ڕاست دەکەیت کە دەڵێی مێردم نییە. لە ڕاستیدا پێنج مێردت هەبوو، ئێستاش ئەوەی هەتە مێردت نییە. ئەمەشت بە ڕاستی گوت.» ژنەکە پێی گوت: «گەورەم، وای دەبینم کە تۆ پێغەمبەر بیت. باوباپیرانمان لەم شاخەدا خودایان پەرستووە، بەڵام ئێوە دەڵێن ئۆرشەلیم ئەو شوێنەیە کە پێویستە پەرستنی لێ بکرێت.» عیسا پێی فەرموو: «خانم، باوەڕم پێ بکە، کاتێک دێت ئێوە باوک دەپەرستن، بەڵام نە لەسەر ئەم شاخە و نە لە ئۆرشەلیم. ئەوەی ئێوە دەیپەرستن نایناسن، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیپەرستین دەیناسین، چونکە ڕزگاری لە جولەکەوەیە. بەڵام کاتێک دێت ئەویش کە ئێستایە خواپەرستە ڕاستەقینەکان بە ڕۆحی پیرۆز و ڕاستی باوک دەپەرستن، چونکە باوک داوای ئەم جۆرە خواپەرستانە دەکات. خودا ڕۆحە و پێویستە ئەوانەی دەیپەرستن بە ڕۆحی پیرۆز و ڕاستی بیپەرستن.» ژنەکە پێی گوت: «دەزانم مەسیا دێت، کە پێی دەگوترێ مەسیح، کە ئەو هات هەموو شتێکمان پێ ڕادەگەیەنێت.» عیساش پێی فەرموو: «من ئەوم، ئەوەی قسەت لەگەڵ دەکات.» لەو کاتەدا قوتابییەکانی گەیشتن و سەرسام بوون کە لەگەڵ ژنێک قسە دەکات. بەڵام کەس نەیگوت: «چیت دەوێت؟» یان «بۆچی قسەی لەگەڵ دەکەیت؟» ئینجا ژنەکە گۆزەکەی بەجێهێشت، چووە ناو شار و بە خەڵکی گوت: «وەرن ئەو پیاوە ببینن کە هەرچییەکم کردووە پێی فەرمووم! دەبێ مەسیح نەبێت؟» ئیتر خەڵکەکە لە شار هاتنە دەرەوە و چوونە لای. لەو کاتەدا قوتابییەکان تکایان لێی دەکرد: «ڕابی، شتێک بخۆ!» بەڵام پێی فەرموون: «من خواردنێکم هەیە دەیخۆم، کە ئێوە نایزانن.» لەبەر ئەوە قوتابییەکان بە یەکتریان دەگوت: «کەس هیچی بۆ هێناوە بیخوات؟» عیساش پێی فەرموون: «خواردنی من ئەوەیە خواستی ئەوە ئەنجام بدەم کە ناردوومی و کارەکەی تەواو بکەم. ئەی ئێوە ناڵێن: ”پاش چوار مانگ کاتی دروێنە دێت“؟ ئەوەتا پێتان دەڵێم: چاوتان هەڵبڕن و سەیری کێڵگەکان بکەن وا زەرد هەڵگەڕاون بۆ دروێنە. سەپانیش کرێ وەردەگرێت و بۆ ژیانی هەتاهەتایی بەرهەم کۆدەکاتەوە، تاکو تۆوچێن و سەپان پێکەوە دڵشاد بن. لەبەر ئەوە ئەو پەندە ڕاستە کە دەڵێت: ”یەکێک تۆو دەکات و یەکێکی دیکە دروێنە دەکات.“ من ئێوەم بۆ دروێنەیەک ناردووە کە پێوەی ماندوو نەبوون. کەسانی دیکە پێوەی ماندوو بوون و ئێوە بەرهەمی ماندووبوونیان دەخۆن.» زۆر لە سامیرەییەکانی ئەو شارە باوەڕیان بە عیسا هێنا، لەبەر قسەی ئەو ژنەی کە شایەتی دەدا: «هەرچییەکم کردووە پێی فەرمووم.» لەبەر ئەوە کاتێک سامیرەییەکان هاتنە لای عیسا، تکایان لێکرد لەلایان بمێنێتەوە، ئەویش دوو ڕۆژ لەوێ مایەوە. ژمارەیەکی زۆر زیاتریش بەهۆی قسەکانییەوە باوەڕیان هێنا. بە ژنەکەیان دەگوت: «چیتر بەهۆی قسەی تۆوە نییە کە ئێمە باوەڕ دەهێنین، چونکە خۆمان بیستمان و دەزانین کە ئەم پیاوە بەڕاستی ڕزگارکەری جیهانە!» پاش ئەو دوو ڕۆژە عیسا ئەوێی بەجێهێشت و چوو بۆ جەلیل،

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 4 بخوێنەوە