لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 1:5-47

یۆحەنا 1:5-47 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

دوای ئه‌وه‌ جه‌ژنێكی جووه‌كان هه‌بوو و ئیشۆع سه‌ركه‌وته‌ یروشلایم. له‌ یروشلایم له‌لای ده‌روازه‌ی كاوڕ گۆماوێک هه‌بوو به‌ عیبری پێیان ده‌ووت بتحه‌سدا، پێنج هه‌یوانی هه‌بوو. له‌وێ جه‌ماوه‌رێكی زۆر ڕاكشابوون، نه‌خۆش و كوێر و شه‌ل و گۆج، چاوه‌ڕێی جوڵانی ئاوه‌كه‌ بوون، چونكه‌ هه‌ندێک جار فریشته‌یه‌ک بۆ گۆمه‌كه‌‌ داده‌به‌زی و ئاوه‌كه‌ی ده‌جوڵاند، جا ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م كه‌س بچووبووایه‌ نێو گۆمه‌كه‌، له‌ هه‌ر نه‌خۆشییه‌ک هه‌یبووایه‌ چاک ده‌بووه‌وه‌. كابرایه‌ک له‌وێ بوو سی و هه‌شت ساڵ نه‌خۆش بوو. ئیشۆع ئه‌م كابرایه‌ی بینی پاڵكه‌وتووه‌ و زانی ماوه‌یه‌كی درێژه‌ وایه‌، پێی فه‌رموو: “ده‌ته‌وێ چاكبیته‌وه‌؟” نه‌خۆشه‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “گه‌وره‌م، كاتێ ئاوه‌كه‌ ده‌جوڵێت كه‌سم نییه‌ بمخاته‌ نێو گۆمه‌كه‌. كاتێكیش دێم، یه‌كێكی دیكه‌ پێش من ده‌چێته‌ نێوی”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “هه‌سته‌! نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و ڕێ بكه‌” یه‌كسه‌ر كابرا چاكبووه‌وه‌، نوێنه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و ڕێی كرد. ئه‌و ڕۆژه‌ش شه‌ممه‌ بوو. جووه‌كان به‌ چاكبووه‌وه‌یان وت: “شه‌ممه‌یه‌! دروست نییه‌ نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگریت”. وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “ئه‌وه‌ی چاكیكردمه‌وه‌ ئه‌و پێی فه‌رمووم: نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و ڕێ بكه‌”. لێیان پرسی: “ئه‌و پیاوه‌ كێیه‌ كه‌پێی وتی: نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و ڕێ بكه‌؟” به‌ڵام چاكبووه‌وه‌كه‌ نه‌یده‌زانی كێیه‌، چونكه‌ ئیشۆع له‌نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌ خۆی كێشایه‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ ئیشۆع ئه‌وی له‌ په‌رستگا بینییه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ئه‌وه‌تا چاكبوویته‌وه‌. ئیتر گوناه‌ مه‌كه‌، نه‌وه‌ک خراپترت به‌سه‌ر بێت”. كابراش چوو و به‌ جووه‌كانی وت كه‌ ئیشۆع بووه‌ چاكیكردۆته‌وه‌. بۆیه‌ جووه‌كان ئیشۆعیان قاوده‌دا و هه‌وڵیان ده‌دا بیكوژن، چونكه‌ ئه‌م شته‌ی له‌ شه‌ممه‌دا كرد. جا ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “تا ئێستا باوكم كارده‌كات، منیش كار ده‌كه‌م”. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ جووه‌كان زیاتر هه‌وڵیان ده‌دا بیكوژن، چونكه‌ ته‌نها شه‌ممه‌ی نه‌ده‌شكاند، به‌ڵكو ده‌یووت كه‌ خودا باوكییه‌تی، خۆی له‌گه‌ڵ خودا یه‌كسان ده‌كرد. ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ڕۆڵه‌ ناتوانێت له‌ خۆیه‌وه‌ شتێک بكات ته‌نها ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بینێت باوک ده‌یكات، چونكه‌ هه‌رچی ئه‌و ده‌یكات، ڕۆڵه‌ش هه‌مان شت ده‌كات. چونكه‌ باوک ڕۆڵه‌ی خۆشده‌وێت و هه‌موو كاره‌كانی خۆی پیشان ده‌دات، كاری له‌مانه‌ش مه‌زنتری پیشان ده‌دات، تاكو ئێوه‌ سه‌رسام بن. چونكه‌ وه‌ک باوک مردووان هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه‌ و زیندوو ده‌كاته‌وه‌، ڕۆڵه‌ش ئه‌وه‌ی بیه‌وێت زیندووی ده‌كاته‌وه‌. چونكه‌ باوک كه‌س حوكم نادات، به‌ڵكو هه‌موو حوكمدانی داوه‌ته‌ ڕۆڵه‌، تاكو هه‌مووان ڕێزی ڕۆڵه‌ بگرن هه‌روه‌ک ڕێزی باوک ده‌گرن. ئه‌وه‌ی ڕێزی ڕۆڵه‌ نه‌گرێ، ڕێزی باوكیش ناگرێ كه‌ ناردوویه‌تی. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی گوێ له‌ قسه‌كه‌م بگرێت و باوه‌ڕ بهێنێت به‌وه‌ی ناردوومی ژیانی جاویدانی ده‌بێت و نایه‌ته‌ حوكمدان، به‌ڵكو له‌ مه‌رگه‌وه‌ بۆ ژیان گواستراوه‌ته‌وه‌. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: كاتێک دێت كه‌ ئێستایه‌، كاتێک مردووان ده‌نگی ڕۆڵه‌ی خودا ده‌بیستن، گوێگرانیش ده‌ژین. چونكه‌ وه‌ک باوک ژیانی له‌ خۆیدا هه‌یه‌، به‌ ڕۆڵه‌شی داوه‌ ژیانی له‌ خۆیدا هه‌بێت. ده‌سه‌ڵاتی حوكمدانیشی پێی داوه‌، چونكه‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ی مرۆڤه‌. له‌مه‌ سه‌رسام مه‌بن، چونكه‌ كاتێک دێت هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌نێو گۆڕدان ده‌نگی ده‌بیستن و ئه‌وانه‌ی كرداری چاكیان كردووه‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی ژیان ده‌رده‌چن، ئه‌وانه‌ش كه‌ كرداری خراپیان كردووه‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی حوكمدان. من له‌خۆمه‌وه‌ ناتوانم هیچ بكه‌م. وه‌ک ده‌بیستم حوكم ده‌ده‌م، حوكمدانه‌كه‌شم دادپه‌روه‌رانه‌یه‌، چونكه‌ داوای خواستی خۆم ناكه‌م، به‌ڵكو خواستی ئه‌وه‌ی ناردوومی. ئه‌گه‌ر گه‌واهی بۆ خۆم بده‌م گه‌واهییه‌كه‌م ڕه‌وا نییه‌. یه‌كێكی دیكه‌ گه‌واهیم بۆ ده‌دات، منیش ده‌زانم ئه‌و گه‌واهییه‌ی بۆ منی ده‌دات ڕه‌وایه‌. له‌دوای یوخه‌ننه‌نتان نارد، ئه‌ویش گه‌واهیی بۆ ڕه‌وا دا. من گه‌واهیی له‌ مرۆڤ په‌سه‌ند ناكه‌م، به‌ڵام ئه‌مانه‌ ده‌ڵێم تاكو ئێوه‌ ڕزگاربن. ئه‌و چرایه‌كی هه‌ڵگیرساو و بریسكه‌دار بوو، ئێوه‌ش ده‌تانویست ماوه‌یه‌ک به‌ ڕووناكییه‌كه‌ی دڵخۆش بن. به‌ڵام من گه‌واهییه‌كم هه‌یه‌ له‌وه‌ی یوخه‌ننه‌ن مه‌زنتره‌، چونكه‌ ئه‌و كارانه‌ی باوكم پێی داوم ته‌واوی بكه‌م، ئه‌م كارانه‌ خۆیان گه‌واهیم بۆ ده‌ده‌ن كه‌ باوكم ناردوومی. باوكیش كه‌ ناردوومی، خۆی گه‌واهیم بۆ ده‌دات. ئێوه‌ هه‌رگیز ده‌نگیتان نه‌بیستووه‌ و ڕواڵه‌تیتان نه‌بینیوه‌، وشه‌كه‌شی له‌ ئێوه‌دا جێگیر نییه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناردوویه‌تی ئێوه‌ باوه‌ڕی پێ ناهێنن. سیپاره‌كان بپشكنن، چونكه‌ ده‌زانن ژیانی جاویدانی بۆ ئێوه‌ تێدایه‌. ئه‌وانه‌ش گه‌واهیم بۆ ده‌ده‌ن، به‌ڵام ناتانه‌وێ بێنه‌ لام تاكو ژیانتان هه‌بێت. من شكۆ له‌ خه‌ڵک په‌سه‌ند ناكه‌م. به‌ڵام ئێوه‌م ناسی كه‌ خۆشویستنی خوداتان له‌ دڵدا نییه‌. به‌ ناوی باوكمه‌وه‌ هاتووم، په‌سه‌ندیشم ناكه‌ن، ئه‌گه‌ر یه‌كێكی دیكه‌ به‌ ناوی خۆیه‌وه‌ بێت، په‌سه‌ندی ده‌كه‌ن. چۆن ده‌توانن باوه‌ڕ بهێنن ئه‌گه‌ر شكۆ له‌ یه‌كتری وه‌رده‌گرن، به‌ڵام ئه‌و شكۆیه‌ی له‌ تاكه‌ خوداوه‌یه‌ داوا ناكه‌ن؟ وا مه‌زانن من له‌لای باوک سكاڵاتان لێ ده‌كه‌م. یه‌كێک هه‌یه‌ سكاڵاتان لێ بكات، كه‌ مووشێیه‌، ئه‌وه‌ی هیواتان پێیه‌تی. چونكه‌ ئه‌گه‌ر بڕواتان به‌ مووشێ بكردایه‌، بڕواتان به‌ منیش ده‌كرد، چونكه‌ له‌ باره‌ی منه‌وه‌ نووسیویه‌تی. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕیش به‌ په‌رتووكه‌كانی ئه‌و نه‌كه‌ن، چۆن باوه‌ڕ به‌ وته‌كانی من ده‌كه‌ن؟”

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 5 بخوێنەوە

یۆحەنا 1:5-47 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پاش ماوەیەک لە کاتی جەژنێکی جولەکەدا، عیسا چوو بۆ ئۆرشەلیم. لە ئۆرشەلیم لەلای دەروازەی مەڕ حەوزێک هەبوو بە عیبری پێیان دەگوت بێت‌حەسدا، بە دەوریدا پێنج ڕێڕەوی سەر داپۆشراو هەبوو کە هەردوو لایان بە کۆڵەکە گیرابوون. لەوێ خەڵکێکی زۆر ڕاکشابوون، نەخۆش و کوێر و شەل و گۆج، [چاوەڕێی جوڵانی ئاوەکە بوون، چونکە هەندێک جار فریشتەیەکی یەزدان دادەبەزی بۆ ناو حەوزەکە و ئاوەکەی دەجوڵاند، جا ئەوەی یەکەم کەس دەچووە ناو حەوزەکەوە، هەر نەخۆشییەکی هەبووایە چاک دەبووەوە.] کابرایەک لەوێ بوو کە سی و هەشت ساڵ نەخۆش بوو. کاتێک عیسا ئەم کابرایەی بینی پاڵکەوتووە و زانی ماوەیەکی زۆرە وایە، پێی فەرموو: «دەتەوێ چاکبیتەوە؟» نەخۆشەکە وەڵامی دایەوە: «گەورەم، کاتێک ئاوەکە دەجوڵێت، کەسم نییە بمخاتە ناو حەوزەکەوە. هەروەها کاتێکیش هەوڵ دەدەم بڕۆم، یەکێکی دیکە پێش من دەچێتە ناوی.» عیساش پێی فەرموو: «هەستە! نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ!» دەستبەجێ کابرا چاک بووەوە، نوێنەکەی هەڵگرت و ڕۆیشت. ئەو ڕۆژەش شەممە بوو، لەبەر ئەوە ڕابەرانی جولەکە بە کابرای چاکبووەوەیان گوت: «شەممەیە و دروست نییە نوێنەکەت هەڵگریت.» کابرا وەڵامی دانەوە: «ئەوەی چاکیکردمەوە پێی فەرمووم: ”نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ.“» لێیان پرسی: «ئەو پیاوە کێیە کە پێی گوتی: ”هەڵیبگرە و بڕۆ“؟» بەڵام کابرای چاک بووەوە نەیدەزانی کێیە، چونکە عیسا لەناو ئەو خەڵکەی لەوێ بوون بە نهێنی دوور کەوتەوە. دوای ئەوە عیسا ئەوی لە پەرستگا بینییەوە و پێی فەرموو: «ئەوەتا چاکبوویتەوە. ئیتر گوناه مەکە، نەوەک خراپترت بەسەربێت.» کابراش چوو و بە ڕابەرانی جولەکەی گوت کە عیسا بووە چاکیکردووەتەوە. لەبەر ئەوەی کە عیسا ئەم کارانەی لە ڕۆژی شەممەدا دەکرد، ڕابەرانی جولەکە دەستیان کرد بە چەوساندنەوەی. بەڵام عیسا لە بەرامبەردا فەرمووی: «هەتا ئێستا باوکم کار دەکات، منیش کار دەکەم.» لەبەر ئەم هۆیە جولەکەکان زیاتر هەوڵیان دەدا بیکوژن، چونکە تەنها شەممەی نەدەشکاند، بەڵکو دەیگوت کە خودا باوکیەتی، خۆی لەگەڵ خودا یەکسان دەکرد. لەبەر ئەوە عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کوڕەکە ناتوانێت لە خۆیەوە هیچ شتێک بکات ئەوە نەبێت کە دەیبینێت باوک دەیکات، چونکە هەرچی باوک دەیکات، کوڕەکەش دەیکات. باوک کوڕی خۆی خۆشدەوێت و هەموو ئەوەی پیشان دەدات کە دەیکات، کاری لەمانەش مەزنتری پیشان دەدات، تاکو سەرسام بن. وەک چۆن باوک مردووان هەڵدەستێنێتەوە و زیندوو دەکاتەوە، کوڕەکەش ئەوەی بیەوێت زیندووی دەکاتەوە. هەروەها باوک کەس حوکم نادات، بەڵکو هەموو حوکمدانی داوەتە دەست کوڕەکە، تاکو هەموو ڕێزی کوڕەکە بگرن وەک چۆن ڕێزی باوک دەگرن. ئەوەی ڕێزی کوڕەکە نەگرێ، ڕێزی باوکیش ناگرێ کە ناردوویەتی. «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی گوێ لە وشەکەم بگرێت و باوەڕ بهێنێت بەوەی ناردوومی ژیانی هەتاهەتایی دەبێت و حوکم نادرێت، بەڵکو لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراوەتەوە. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کاتێک دێت کە ئێستایە، کاتێک مردووان دەنگی کوڕی خودا دەبیستن، گوێگرانیش زیندوو دەبنەوە، چونکە وەک باوک ژیانی لە خۆیدا هەیە، بە کوڕەکەشی داوە ژیانی لە خۆیدا هەبێت. دەسەڵاتی حوکمدانیشی داوەتێ، چونکە ئەو کوڕی مرۆڤە. «لەمە سەرسام مەبن، چونکە کاتێک دێت هەموو ئەوانەی لەناو گۆڕدان دەنگی دەبیستن و دێنە دەرەوە، ئەوانەی کرداری چاکیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی بژین، بەڵام ئەوانەی کرداری خراپیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی حوکم بدرێن. لە خۆمەوە ناتوانم هیچ بکەم. وەک دەبیستم حوکم دەدەم، حوکمدانەکەشم دادپەروەرانەیە، چونکە داوای خواستی خۆم ناکەم، بەڵکو خواستی ئەوەی ناردوومی. «ئەگەر خۆم شایەتی بۆ خۆم بدەم شایەتییەکەم ڕاست نییە. یەکێکی دیکە شایەتیم بۆ دەدات، منیش دەزانم ئەو شایەتییەی بۆ منی دەدات ڕاستە. «نێردراوتان ناردە لای یەحیا، ئەویش شایەتی بۆ ڕاستی دا. من شایەتی مرۆڤ وەرناگرم، ئەمانەش دەڵێم تاکو ئێوە ڕزگاربن. ئەو چرایەکی هەڵگیرساو و بریسکەدار بوو، دەتانویست ماوەیەک بە ڕووناکییەکەی دڵخۆش بن. «بەڵام من شایەتییەکم هەیە لەوەی یەحیا گرنگترە، چونکە ئەو کارانەی باوکم پێیداوم تەواوی بکەم، ئەم کارانە خۆیان شایەتیم بۆ دەدەن کە باوکم منی ناردووە. باوکیشم کە ناردوومی، خۆی شایەتیم بۆ دەدات. ئێوە هەرگیز دەنگیتان نەبیستووە و ڕواڵەتیتان نەبینیوە، فەرمایشتەکەشی لە دڵی ئێوەدا نامێنێتەوە، چونکە ئەوەی ئەو ناردوویەتی ئێوە باوەڕی پێ ناکەن. نووسراوە پیرۆزەکان دەپشکنن، چونکە وا دەزانن ژیانی هەتاهەتایی بۆ ئێوە تێدایە. ئەم نووسراوانەش شایەتیم بۆ دەدەن، بەڵام ناتانەوێ بێنە لام تاکو ژیانتان هەبێت. «من شکۆ لە خەڵک وەرناگرم. بەڵام ئێوەم ناسی کە خۆشەویستی خوداتان لە دڵدا نییە. بە ناوی باوکمەوە هاتووم، پێشوازیم لێ ناکەن، بەڵام ئەگەر یەکێکی دیکە بە ناوی خۆیەوە بێت، پێشوازی لێدەکەن. چۆن دەتوانن باوەڕ بهێنن ئەگەر شکۆمەندی لە یەکتری وەربگرن و داوای ئەو شکۆمەندییە نەکەن کە لە تاکە خوداوەیە؟ «وا مەزانن من لەلای باوک سکاڵاتان لێ دەکەم. یەکێک هەیە سکاڵاتان لێ بکات، کە موسایە، ئەوەی هیواتان پێیەتی. ئەگەر باوەڕتان بە موسا بکردایە، باوەڕتان بە منیش دەکرد، چونکە لەبارەی منەوە نووسیویەتی. ئەگەر باوەڕیش بە نووسراوی ئەو نەکەن، چۆن باوەڕ بە وتەکانی من دەکەن؟»

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 5 بخوێنەوە