یۆحەنا 1:8-59
یۆحەنا 1:8-59 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
به‌ڵام ئیشۆع چووه كێوی زه‌یتوون. له به‌ره‌به‌یاندا له په‌رستگادا ئاماده‌بوو، هه‌موو گه‌ل هاتنه لای و ئه‌ویش دانیشت و ئامۆژگاریی كردن. ته‌وراتزانه‌كان و په‌ڕیشییه‌كان ژنێكیان هێنایه لای كه له كاتی داوێنپیسیدا گیرابوو، كاتێ له ناوه‌ڕاستدا ڕایانگرت، پێیان وت: “ڕابی، ئه‌م ژنه له داوێنپیسیكردندا گیراوه. مووشێش له ته‌وراتدا ڕایسپاردووین ژنی ئاوا به‌ردباران بكرێت. تۆ چی ده‌ڵێی؟” ئه‌مه‌یان بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی وت، تاكو شتێكیان هه‌بێت سكاڵای لێ بكه‌ن. به‌ڵام ئیشۆع خۆی چه‌مانده‌وه و به په‌نجه له‌سه‌ر زه‌وی ده‌ینووسی. كاتێ به‌رده‌وام بوون له پرسكردن، هه‌ستاوه و پێی فه‌رموون: “كامه‌تان بێ گوناهه با یه‌كه‌م بێت به‌ردێكی تێبگرێ!”. دیسان خۆی چه‌مانده‌وه و له‌سه‌ر زه‌وی ده‌ینووسی. ئه‌وانه‌ی گوێیان لێ‌بوو، ویژدانیان سه‌ركۆنه‌ی كردن و یه‌ک له‌دوای یه‌ک ڕۆیشتن، ده‌ستپێک له پیرانه‌وه. ئه‌وسا ئیشۆع به ته‌نها مایه‌وه، ژنه‌كه‌ش له‌ناوه‌ڕاست. كاتێ ئیشۆع ڕاست بووه‌وه له ژنه‌كه زیاتر كه‌سی نه‌بینی، پێی فه‌رموو: “خانم، كوا ئه‌وانه‌ی سكاڵایان لێت ده‌كرد؟ كه‌س تاوانباری نه‌كردوویت؟ وتی: “كه‌س، گه‌وره‌م”. ئیشۆع فه‌رمووی: “منیش حوكمت ناده‌م. بڕۆ ئیتر گوناه مه‌كه”. دیسان ئیشۆع قسه‌ی بۆ كردن و فه‌رمووی: “منم ڕووناكیی جیهان. ئه‌وه‌ی دوام بكه‌وێت ئیتر به تاریكی‌دا ڕێ ناكات، به‌ڵكو ڕووناكیی ژیانی ده‌بێت”. جا په‌ڕیشییه‌كان پێیان وت: “تۆ گه‌واهیی بۆ خۆت ده‌ده‌یت. گه‌واهییه‌كه‌ت ڕه‌وا نییه”. ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه و پێی فه‌رموون: “ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر من گه‌واهیش بۆ خۆم بده‌م، گه‌واهییه‌كه‌م ڕه‌وایه، چونكه ده‌زانم له‌كوێوه هاتووم و بۆ كوێ ده‌ڕۆم. به‌ڵام ئێوه نازانن له‌كوێوه هاتووم و بۆ كوێ ده‌ڕۆم”. ئێوه به‌گوێره‌ی جه‌سته حوكم ده‌ده‌ن، به‌ڵام من كه‌س حوكم ناده‌م. ئه‌گه‌ر حوكمیش بده‌م حوكمدانه‌كه‌م ڕه‌وایه، چونكه به ته‌نها نیم، به‌ڵكو من و باوكین، ئه‌وه‌ی ناردوومی. هه‌روه‌ها له ته‌وراتی ئێوه‌شدا نووسراوه كه گه‌واهیی دوو كه‌س ڕه‌وایه. منم گه‌واهیی بۆ خۆم ده‌ده‌م، باوكیش كه ناردوومی گه‌واهیم بۆ ده‌دات. پێیان وت: “باوكت له‌كوێیه؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه: “نه من ده‌ناسن و نه باوكیشم. ئه‌گه‌ر منتان بناسیبایه باوكی منیشتان ده‌ناسی”. ئه‌م فه‌رموودانه‌ی له گه‌نجینه‌دا فه‌رموو، كاتێ له په‌رستگا ئامۆژگاریی ده‌كرد، كه‌سیش نه‌یگرت، چونكه هێشتا كاتی نه‌هاتبوو. دیسان ئیشۆع پێی فه‌رموون: “من ده‌ڕۆم و داوام ده‌كه‌ن، له‌نێو گوناهه‌كانتان ده‌مرن. ئێوه ناتوانن بێنه ئه‌و شوێنه‌ی من بۆی ده‌ڕۆم”. جووه‌كان وتیان: “ئایا خۆی ده‌كوژێت؟ چونكه ده‌ڵێ: ئێوه ناتوانن بێنه ئه‌و شوێنه‌ی من بۆی ده‌ڕۆم؟”. پێی فه‌رموون: “ئێوه هی خواره‌وه‌ن، به‌ڵام من هی سه‌ره‌وه‌م. ئێوه هی ئه‌م جیهانه‌ن، به‌ڵام من هی ئه‌م جیهانه نیم. بۆیه پێم وتن: له‌نێو گوناهه‌كانتان ده‌مرن، چونكه ئه‌گه‌ر ئێوه باوه‌ڕ نه‌هێنن كه من ئه‌وم، له‌نێو گوناهه‌كانتان ده‌مرن”. پێیان وت: “تۆ كێیت؟” ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌وه‌یه كه له سه‌ره‌تاوه پێم وتوون. زۆر شتم له‌سه‌رتان هه‌یه بیڵێم و حوكمی پێ بده‌م. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناردوومی ڕه‌وایه، هه‌رچیم له‌و بیستووه به جیهانی ده‌ڵێم”. ئه‌وان تێنه‌گه‌یشتن كه باسی باوكیان بۆ ده‌كات. جا ئیشۆع پێی فه‌رموون: “كاتێ ڕۆڵه‌ی مرۆڤتان به‌رزكرده‌وه، ئه‌وسا تێده‌گه‌ن كه من ئه‌وم، له خۆمه‌وه هیچ ناكه‌م، به‌ڵكو وه‌ک باوک فێری كردووم قسه ده‌كه‌م. ئه‌وه‌ی ناردوومی له‌گه‌ڵمدایه، باوكیش به ته‌نها به‌جێی نه‌هێشتووم، چونكه من هه‌میشه به‌گوێره‌ی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و ده‌كه‌م”. كاتێ ئه‌م قسانه‌ی ده‌فه‌رموو، زۆر كه‌س باوه‌ڕیان پێی هێنا. ئه‌وسا ئیشۆع به جووه‌كانی فه‌رموو كه باوه‌ڕیان پێی هێنابوو: “ئه‌گه‌ر ئێوه له قسه‌كه‌مدا جێگیربن، ئه‌وا به ڕاستی قوتابی منن و ڕه‌وا ده‌ناسن، ڕه‌واش ئازادتان ده‌كات”. وه‌ڵامیان دایه‌وه: “ئێمه نه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌مین، هه‌رگیز كۆیله‌ی كه‌س نه‌بووینه! ئیتر چۆن ده‌فه‌رمووی: ئازاد ده‌بن؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه: ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: هه‌ر كه‌سێک گوناه بكات كۆیله‌ی گوناهه. كۆیله تاهه‌تایه له ماڵ نامێنێته‌وه، به‌ڵام ڕۆڵه تاهه‌تایه ده‌مێنێته‌وه. بۆیه ئه‌گه‌ر ڕۆڵه ئازادی كردن، ئه‌وا به ڕاستی ئازاد ده‌بن. من ده‌زانم ئێوه نه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌من. به‌ڵام هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن، چونكه قسه‌كه‌م له ئێوه‌دا جێگه‌ی نییه. چیم له‌لای باوكم بینیوه ده‌یڵێم، ئێوه‌ش چیتان له باوكتانه‌وه بینیوه ده‌یكه‌ن. وه‌ڵامیان دایه‌وه و پێیان وت: “باوكمان ئه‌وڕاهه‌مه”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ی ئه‌وڕاهه‌م بوونایه، كرداره‌كانی ئه‌وڕاهه‌متان ده‌كرد! به‌ڵام ئێستا هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن، منیش ئه‌و كه‌سه‌م ئه‌و ڕه‌وایه‌ی له خوداوه بیستم پێم وتن. ئه‌مه‌ش ئه‌وڕاهه‌م نه‌یكردووه. ئێوه كرداره‌كانی باوكتان ده‌كه‌ن”. جا پێیان وت: “به داوێنپیسی له‌دایک نه‌بووین. یه‌ک باوكمان هه‌یه كه خودایه”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر خودا باوكتان بووایه، منتان خۆشده‌ویست، چونكه له خوداوه ده‌رچووم و هاتووم. چونكه له خۆمه‌وه نه‌هاتووم، به‌ڵكو ئه‌و ناردوومی. بۆچی له قسه‌كانم تێناگه‌ن؟ چونكه ناتوانن گوێ له قسه‌كه‌م بگرن. ئێوه له باوكێكن كه ئیبلیسه، ده‌تانه‌وێت به ئاره‌زووه‌كانی باوكتان بكه‌ن. ئه‌و له سه‌ره‌تاوه بكوژ بووه، له ڕه‌وادا جێگیر نه‌بووه، چونكه ڕه‌وا له‌ودا نییه. كاتێكیش درۆ ده‌كات، باسی شتی خۆی ده‌كات، چونكه درۆزنه و باوكی درۆیه. به‌ڵام من چونكه ڕه‌وا ده‌ڵێم باوه‌ڕم پێ ناهێنن. كامه‌تان ده‌توانێت گوناهێكم له‌سه‌ر بسه‌لمێنێ؟ جا ئه‌گه‌ر ڕه‌وا ده‌ڵێم، بۆچی باوه‌ڕم پێ ناهێنن؟ ئه‌وه‌ی له خوداوه‌یه، گوێ له وته‌ی خودا ده‌گرێت. بۆیه ئێوه گوێ ناگرن، چونكه له خوداوه نین”. جووه‌كان وه‌ڵامیان دایه‌وه و پێیان وت: “ئایا ئێمه ڕاست ناڵێین كه تۆ شمرنیت و شه‌یتانت تێدایه؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه: “من شه‌یتانم تێدا نییه، به‌ڵام ڕێزی باوكم ده‌گرم و ئێوه‌ش سووكایه‌تیم پێ ده‌كه‌ن. داوای شكۆ بۆ خۆم ناكه‌م، به‌ڵام هه‌یه بۆم داوا بكات و حوكم بدات. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر یه‌كێک قسه‌كانم بپارێزێت تاهه‌تایه مه‌رگ نابینێت”. جووه‌كان پێیان وت: “ئێستا زانیمان شه‌یتانت تێدایه. ئه‌وڕاهه‌م و پێغه‌مبه‌ران مردن، كه‌چی تۆ ده‌ڵێی: ئه‌گه‌ر یه‌كێک وشه‌كانم بپارێزێت هه‌رگیز مه‌رگ ناچێژێت. ئایا تۆ له ئه‌وڕاهه‌می باوكمان مه‌زنتری كه مرد؟ پێغه‌مبه‌رانیش مردن. خۆت به چی داده‌نێیت؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه: “ئه‌گه‌ر خۆم شكۆدار بكه‌م، ئه‌وا شكۆكه‌م هیچ نییه. باوكمه كه‌وا شكۆدارم ده‌كات، ئه‌وه‌ی ئێوه ده‌ڵێن خودامانه، كه نایناسن. به‌ڵام من ده‌یناسم. ئه‌گه‌ر بڵێم نایناسم، وه‌ک ئێوه ده‌بمه درۆزن. به‌ڵام ده‌یناسم و قسه‌كه‌ی ده‌پارێزم. ئه‌وڕاهه‌می باوكتان دڵشاد بوو كه ڕۆژی من ببینێت، جا بینی و دڵخۆش بوو”. جووه‌كانیش پێیان وت: “تۆ جارێ په‌نجا ساڵ نیت، ئه‌وڕاهه‌مت بینیوه؟” ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌م ببێت، من هه‌م”. ئه‌وسا به‌ردیان هه‌ڵگرت تاكو به‌ردبارانی بكه‌ن، به‌ڵام ئیشۆع له‌به‌رچاو نه‌ما و له په‌رستگاكه ده‌رچوو.
یۆحەنا 1:8-59 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)
بەڵام عیسا چوو بۆ کێوی زەیتوون. لە بەرەبەیاندا گەڕایەوە حەوشەکانی پەرستگا، هەموو خەڵک هاتنە لای و ئەویش دانیشت و دەستی کرد بە فێرکردنیان. مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان ژنێکیان هێنا کە لە کاتی داوێنپیسیدا گیرابوو، لە ناوەڕاستی خەڵکەکە ڕایانگرت، پێیان گوت: «مامۆستا، ئەم ژنە لە کاتی ئەنجامدانی داوێنپیسیدا گیراوە. موساش لە تەوراتدا فەرمانی پێ کردووین ژنی ئاوا بەردباران بکرێت. تۆ چی دەڵێی؟» ئەمەیان بۆ تاقیکردنەوەی عیسا گوت، تاکو شتێکیان هەبێت سکاڵای لێ بکەن. بەڵام عیسا خۆی چەماندەوە و بە پەنجە دەستی کرد بە نووسین لەسەر زەوی. کاتێک ئەوان بەردەوام بوون لە پرسیارکردن، عیسا هەستایەوە و پێی فەرموون: «کامەتان بێ گوناهە با یەکەم کەس بەردی تێبگرێت.» دیسان خۆی چەماندەوە و دەستی کردەوە بە نووسین لەسەر زەوی. ئەوانەی گوێیان لێ‌بوو، یەک لەدوای یەک ڕۆیشتن، دەستپێک لە پیرانەوە. ئەوسا عیسا بە تەنها مایەوە، ژنەکەش لەوێ ڕاوەستابوو. عیسا ڕاستبووەوە و پێی فەرموو: «خانم، ئەوان لە کوێن؟ کەس تاوانباری نەکردیت؟» گوتی: «نەخێر گەورەم.» عیسا فەرمووی: «منیش تاوانبارت ناکەم. بڕۆ ئیتر گوناه مەکە.»] دیسان عیسا قسەی بۆ کردن و فەرمووی: «منم ڕووناکی جیهان. ئەوەی دوام بکەوێت هەرگیز بە تاریکیدا ناڕوات، بەڵکو ڕووناکی ژیانی دەبێت.» ئینجا فەریسییەکان پێیان گوت: «تەنها خۆت شایەتی بۆ خۆت دەدەیت. شایەتییەکەت ڕاست نییە.» عیساش پێی فەرموون: «تەنانەت ئەگەر تەنها خۆم شایەتی بۆ خۆم بدەم، شایەتییەکەم ڕاستە، چونکە دەزانم لەکوێوە هاتووم و بۆ کوێ دەڕۆم. بەڵام ئێوە نازانن من لەکوێوە هاتووم یان بۆ کوێ دەڕۆم. ئێوە بەگوێرەی پێوانەکانی مرۆڤ حوکم دەدەن، بەڵام من کەس حوکم نادەم. ئەگەر حوکمیش بدەم حوکمدانەکەم ڕاستە، چونکە بە تەنها نیم، بەڵکو من لەگەڵ باوکدام، ئەوەی کە ناردوومی. لە تەوراتی ئێوەشدا نووسراوە کە شایەتی دوو کەس ڕاستە. منم شایەتی بۆ خۆم دەدەم، ئەو باوکەش کە منی ناردووە شایەتیم بۆ دەدات.» ئەوسا لێیان پرسی: «باوکت لەکوێیە؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «نە من دەناسن و نە باوکیشم. ئەگەر منتان بناسیایە ئەوا باوکیشمتان دەناسی.» ئەو قسانەی لە کاتێکدا فەرموو کە لەناو حەوشەکانی پەرستگا لە نزیک گەنجینەکە خەڵکی فێردەکرد، بەڵام کەس نەیگرت، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو. دیسان عیسا پێی فەرموون: «من دەڕۆم و ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام لەناو گوناهەکانتان دەمرن. ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.» لەبەر ئەوە جولەکەکان پرسیاریان کرد و گوتیان: «ئایا خۆی دەکوژێت؟ چونکە دەڵێ: ”ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.“» ئیتر عیسا پێی فەرموون: «ئێوە هی خوارەوەن، من هی سەرەوەم. ئێوە هی ئەم جیهانەن، بەڵام من هی ئەم جیهانە نیم. لەبەر ئەوە پێم گوتن: لەناو گوناهەکانتان دەمرن، چونکە ئەگەر باوەڕ نەهێنن کە من ئەوم، ئەوا لەناو گوناهەکانتان دەمرن.» لێیان پرسی: «تۆ کێیت؟» عیسا پێی فەرموون: «من هەر ئەوەم کە لە سەرەتاوە پێم گوتن. زۆر شتم هەیە لەسەرتان کە بیڵێم و ئێوەی پێ حوکم بدەم. بەڵام ئەوەی ناردوومی جێی متمانەیە، هەرچیم لەو بیستووە بە جیهانی دەڵێم.» ئەوان تێنەگەیشتن کە باسی باوکی دەکات. لەبەر ئەوە عیسا پێی فەرموون: «کاتێک کوڕی مرۆڤتان بەرزکردەوە، ئەوسا دەزانن کە من ئەوم و لە خۆمەوە هیچ ناکەم، بەڵکو بەو جۆرە قسە دەکەم کە باوک فێری کردووم. ئەوەی ناردوومی لەگەڵمدایە و بە تەنها بەجێی نەهێشتووم، چونکە هەمیشە ئەوە دەکەم کە جێی ڕەزامەندی ئەوە.» کاتێک ئەم قسانەی دەکرد، زۆر کەس باوەڕیان پێی هێنا. عیسا بەو جولەکانەی فەرموو کە باوەڕیان پێی هێنابوو: «ئەگەر لەسەر فێرکردنەکانم بمێننەوە، ئەوا بەڕاستی قوتابی منن و ڕاستی دەناسن، ڕاستیش ئازادتان دەکات.» جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «ئێمە نەوەی ئیبراهیمین، هەرگیز کۆیلەی کەس نەبووین. ئیتر چۆن دەفەرمووی: ”ئێوە ئازاد دەبن“؟» عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەرکەسێک گوناه بکات کۆیلەی گوناهە. کۆیلە هەتاهەتایە لە ماڵ نامێنێتەوە، بەڵام کوڕ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە. ئەگەر کوڕەکە ئازادی کردن، ئەوا بە ڕاستی ئازاد دەبن. دەزانم کە ئێوە لە نەوەی ئیبراهیمن، بەڵام هەوڵی کوشتنم دەدەن، چونکە پەیامەکەم لە دڵی ئێوەدا جێگای نییە. چیم لەلای باوکم بینیوە دەیڵێم، ئێوەش چیتان لە باوکتانەوە بیستووە دەیکەن.» وەڵامیان دایەوە: «باوکمان ئیبراهیمە.» عیساش پێی فەرموون: «ئەگەر ڕۆڵەی ئیبراهیم بوونایە، کردارەکانی ئیبراهیمتان دەکرد. بەڵام ئێستا هەوڵی کوشتنی من دەدەن، ئەو کەسەی کە ڕاستیی لە خوداوە بیست و پێی گوتن. ئیبراهیم وەک ئێوەی نەکردووە. ئێوە کردارەکانی باوکتان دەکەن.» جا پێیان گوت: «بە زۆڵی لەدایک نەبووین. یەک باوکمان هەیە کە خودایە.» عیسا پێی فەرموون: «ئەگەر خودا باوکتان بووایە، منتان خۆشدەویست، چونکە لە خوداوە دەرچووم و هاتووم. لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵکو ئەو ناردوومی. بۆچی لە قسەکانم تێناگەن؟ چونکە ئێوە ناتوانن گوێ لە وشەکانم بگرن. ئێوە لە ئیبلیسی باوکتانن، دەتانەوێت ئارەزووەکانی باوکتان جێبەجێ بکەن. ئەو لە سەرەتاوە بکوژ بووە، لە ڕاستیدا نەچەسپاوە، چونکە ڕاستی لە ئەودا نییە. کاتێک درۆ دەکات، بە زمانی خۆی قسە دەکات، چونکە درۆزنە و باوکی درۆیە. هەر بۆیە، کاتێک من ڕاستی دەڵێم ئێوە باوەڕم پێ ناکەن! کامەتان دەتوانێت گوناهێکم لەسەر بسەلمێنێ؟ جا ئەگەر ڕاستی دەڵێم، بۆچی باوەڕم پێ ناکەن؟ ئەوەی لە خوداوەیە، گوێ لە پەیامی خودا دەگرێت. بۆیە ئێوە گوێ ناگرن، چونکە لە خوداوە نین.» جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «ئایا ئێمە ڕاست ناڵێین کە تۆ سامیرەییت و ڕۆحی پیست تێدایە؟» عیسا وەڵامی دانەوە: «من ڕۆحی پیسم تێدا نییە، بەڵام ڕێزی باوکم دەگرم و ئێوەش سووکایەتیم پێ دەکەن. داوای شکۆ بۆ خۆم ناکەم، بەڵام یەکێک هەیە کە بۆم داوا دەکات و حوکم دەدات. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر یەکێک گوێڕایەڵی وشەکانم بێت هەرگیز مردن نابینێت.» پاشان جولەکەکان پێیان گوت: «ئێستا زانیمان ڕۆحی پیست تێدایە. ئیبراهیم و پێغەمبەران مردن، کەچی تۆ دەڵێی: ”ئەوەی گوێڕایەڵی وشەکانم بێت هەرگیز تامی مردن ناکات.“ ئایا تۆ لە ئیبراهیمی باوکمان گەورەتری کە مرد؟ پێغەمبەرانیش مردن. خۆت بە چی دەزانیت؟» عیسا وەڵامی دانەوە: «ئەگەر من خۆم شکۆدار بکەم، ئەوا شکۆمەندییەکەم هیچ نییە، ئەوە باوکمە کە شکۆدارم دەکات، ئەوەی ئێوە دەڵێن خودامانە. هەرچەندە ئێوە نایناسن، بەڵام من دەیناسم. ئەگەر بڵێم نایناسم، وەک ئێوە دەبمە درۆزن. بەڵام دەیناسم و گوێڕایەڵی وشەکانی دەبم. ئیبراهیمی باوکتان دڵشاد بوو کە ڕۆژی هاتنی من ببینێت، جا ئەو ڕۆژەی بینی و دڵخۆش بوو.» جولەکەکان پێیان گوت: «تۆ جارێ تەمەنت نەبووە بە پەنجا ساڵ، ئیتر چۆن دەڵێیت کە ئیبراهیمت بینیوە؟» عیسا پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، پێش ئەوەی ئیبراهیم لەدایک ببێت، من هەم.» ئەوسا بەردیان هەڵگرت تاکو بەردبارانی بکەن، بەڵام عیسا خۆی شاردەوە و حەوشەکانی پەرستگای بەجێهێشت.