یەشوع 11:24-18
یەشوع 11:24-18 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
«”ئینجا لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و هاتن بۆ ئەریحا و خەڵکی ئەریحاش، ئەمۆری و پریزی و کەنعانی و حیتی و گرگاشی و حیڤی و یەبوسییەکان لە دژتان جەنگان و منیش ئەوانم دایە دەستتان و زەردەواڵەشم لەپێشتانەوە نارد و هەردوو پاشای ئەمۆرییەکانم لەبەردەمتان دەرکرد، نە بە شمشێرەکەت و نە بە کەوانەکەت. ئینجا زەوییەکم پێدان کە پێوەی ماندوو نەبوون و چەند شارێک کە بنیادتان نەناوە و تێیدا نیشتەجێن و ڕەزەمێو و زەیتوونێکیش کە نەتانچاندووە و دەیخۆن.“ «ئێستاش لە یەزدان بترسن و بە تەواوی و دڵسۆزییەوە بیپەرستن. ئەو خودایانەش لە خۆتان دابماڵن کە باوباپیرانتان لەوبەری ڕووباری فورات و لە میسر دەیانپەرست و یەزدان بپەرستن. بەڵام ئەگەر بەلاتانەوە خراپە یەزدان بپەرستن، ئەوا ئەمڕۆ بۆ خۆتان هەڵبژێرن کێ دەپەرستن، ئەگەر ئەو خوداوەندانە بن کە باوباپیرانتان لەوبەری ڕووباری فورات دەیانپەرستن یان خوداوەندەکانی ئەمۆرییەکان ئەوانەی ئێوە لەناو خاکەکەیاندا نیشتەجێن. بەڵام من و بنەماڵەکەم یەزدان دەپەرستین.» جا گەل وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «لە ئێمە بەدوور بێت واز لە یەزدان بهێنین و خوداوەندانی دیکە بپەرستین، چونکە یەزدانی پەروەردگارمان ئێمە و باوباپیرانمانی لە خاکی میسر، لە خاکی کۆیلایەتییەوە هێنایە دەرەوە و ئەو هەموو نیشانە گەورانەی لەبەرچاوماندا کرد. لە هەموو ئەو ڕێگایەی پێیدا ڕۆیشتین و لە کاتی تێپەڕینمان بەناو ئەو هەموو گەلانەدا پارێزگاری لێکردین. هەروەها یەزدان هەموو ئەو گەلانە و لەنێویشیاندا ئەمۆرییەکانی نیشتەجێی خاکەکەی لەبەردەممان دەرکرد، لەبەر ئەوە ئێمە یەزدان دەپەرستین، چونکە ئەو خودامانە.»