لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەهوزا 3:1-16

یەهوزا 3:1-16 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

خۆشه‌ویستان، ئه‌وپه‌ڕی كۆششم كرد تاكو له‌باره‌ی ڕزگاریی هاوبه‌شمان بۆتان بنووسم، به‌ڵام ناچار بووم ئه‌مه‌تان بۆ بنووسم، ئامۆژگاریتان بكه‌م كه‌ تێبكۆشن له‌پێناوی ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ته‌نها یه‌ک جار ڕاده‌ستی پارساكان كراوه‌. چونكه‌ كه‌سانێک به‌ دزییه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ناوه‌وه‌، له‌كۆنه‌وه‌ بۆ ئه‌م حوكمه‌ نووسراون، خوانه‌ناسن، به‌خششی خوداوه‌ندمان بۆ به‌ڕه‌ڵایی ده‌گۆڕن و نكۆڵی له‌ ئیشۆعی مه‌سیح ده‌كه‌ن، تاقه‌ سه‌روه‌ر و په‌روه‌ردگارمان. جا ده‌مه‌وێت به‌ یادتان بهێنمه‌وه‌ كه‌ خۆتان ده‌یزانن، په‌روه‌ردگار كه‌ گه‌له‌كه‌ی خۆی له‌ خاكی میسڕ ده‌رباز كرد، دواتر ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان نه‌هێنا له‌ناوی بردن. هه‌روه‌ها ئه‌و فریشتانه‌ی پایه‌كانی خۆیان نه‌پاراست، به‌ڵكو شوێنی خۆیان به‌جێهێشت، به‌ كۆتی جاویدانی بۆ سزای ڕۆژی مه‌زن له‌ ژێر تاریكیدا هه‌ڵگیران. هه‌روه‌ها سه‌دوم و عامووڕه‌ و شاره‌كانی ده‌وروبه‌ریان به‌ هه‌مان ڕێگا داوێنپیسییان كرد و به‌ ناسروشتی هه‌وه‌سبازییان كرد، جا بوونه‌ په‌ندی چێژتنی سزای ئاگری جاویدانی. ئه‌وانیش به‌ هه‌مان شێوه‌، جه‌سته‌ گڵاو ده‌كه‌ن و گه‌وره‌یی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و بوختان به‌ شكۆداران ده‌كه‌ن. به‌ڵام میخائێلی سه‌رۆكی فریشته‌كان، كاتێ دژایه‌تی شه‌یتانی كرد و سه‌باره‌ت به‌ ته‌رمی مووشێ به‌رگریی كرد، نه‌یوێرا به‌ بوختان سكاڵای لێ بكات، به‌ڵكو وتی: “په‌روه‌ردگار سه‌رزه‌نشتت بكات!”. كه‌چی ئه‌مانه‌ قسه‌ بۆ شتێک هه‌ڵده‌به‌ستن كه‌ نایزانن. ئه‌وه‌ی به‌ سروشتیش ده‌یزانن، وه‌ک ئاژه‌ڵی به‌سته‌زمان، له‌مانه‌دا تێكی ده‌ده‌ن. وه‌ی به‌حاڵیان! چونكه‌ ڕێگای قائینیان گرتووه‌، بۆ بڕێک ده‌ستكه‌وت خۆیان داوه‌ته‌ ده‌ست چه‌واشه‌یی به‌لعه‌مه‌وه، له‌ یاخیبوونه‌كه‌ی قۆڕه‌ح له‌ناوچوون. ئه‌وانه‌ له‌ داوه‌ته‌كانی خۆشویستنی ئێوه‌ له‌كه‌دارن، بێ ترس نانتان له‌گه‌ڵ ده‌خۆن، خۆیان ده‌له‌وه‌ڕێنن. هه‌وری بێ ئاون و به‌ با ده‌هاژوورێن، داری بێبه‌ری پاییزن، دوو جار مردوون و هه‌ڵكه‌ندراون، شه‌پۆلی ده‌ریای هه‌ڵچوون به‌ كه‌فی شه‌رمه‌زاری، ئه‌ستێره‌ی وێلن كه‌ تاهه‌تایه‌ ڕه‌شایی تاریكییان بۆ هه‌ڵگیراوه‌. ئه‌خنوخی حه‌وته‌م له‌ ئاده‌مه‌وه‌، له‌باره‌ی ئه‌وانه‌وه‌ پێشبینی كرد و وتی: “ئه‌وه‌تا په‌روه‌ردگار له‌نێو هه‌زارانی پارسایاندا دێت، تاكو هه‌مووان حوكم بكات و هه‌موو خوانه‌ناسان سزا بدات، له‌به‌ر هه‌موو كرداره‌ خوانه‌ناسییه‌كانیان كه‌وا له‌ ڕێبازی خوانه‌ناسی كردوویانه‌ و ئه‌و قسه‌ ڕه‌قانه‌ی ئه‌و گوناهباره‌ خوانه‌ناسانه‌ له‌ دژی وتوویانه‌”. ئه‌وانه‌ بۆڵه‌بۆڵكار و گله‌ییكارن، به‌گوێره‌ی هه‌وه‌سه‌كانیان ڕه‌فتار ده‌كه‌ن و قسه‌ی گه‌وره‌ ده‌كه‌ن، به‌ ڕووپامایی ستایشی خه‌ڵک ده‌كه‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان.

هاوبەشی بکە
یەهوزا 1 بخوێنەوە

یەهوزا 3:1-16 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

خۆشەویستان، هەرچەندە زۆر بە پەرۆش بووم تاکو لەبارەی ڕزگاریی هاوبەشمانەوە بۆتان بنووسم، بەڵام بە پێویستم زانی ئەمەتان بۆ بنووسم، لێتان دەپاڕێمەوە تێبکۆشن بۆ ئەو باوەڕەی کە تەنها جارێک دراوەتە دەست گەلی پیرۆزی خودا. لەبەر ئەوەی کەسانێک بە دزییەوە هاتوونەتە ناوەوە، لەمێژە بۆ ئەو حوکمە نووسراون، خوانەناسن، نیعمەتی خودامان بۆ بەڕەڵایی دەگۆڕن و نکۆڵی لە عیسای مەسیح دەکەن، کە تاقە سەروەر و پەروەردگارمانە. هەرچەندە خۆتان پێشوەخت دەیزانن، بەڵام هەر دەمەوێت بیرتان بخەمەوە کە یەزدان گەلەکەی خۆی لە خاکی میسر ڕزگار کرد، بەڵام دواتر ئەوانەی لەناوبرد کە باوەڕیان نەهێنا، هەروەها ئەو فریشتانەی کە پلە و پایەکانی خۆیان نەپاراست، بەڵکو شوێنی خۆیان بەجێهێشت، بە کۆتی هەتاهەتایی بۆ سزای ڕۆژی گەورە لەژێر تاریکیدا هەڵگیران. هەروەها سەدۆم و عەمۆرا و شارەکانی دەوروبەریان بە هەمان ڕێگا بەدوای داوێنپیسی و هاوڕەگەزبازی کەوتن، جا بە ئاگرێکی هەتاهەتایی سزادران و بوون بە پەند. خەیاڵخاوەکانیش بە هەمان شێوە، جەستە گڵاو دەکەن و دەسەڵات ڕەت دەکەنەوە و بوختان بە فریشتەکان دەکەن. بەڵام میکائیلی سەرۆکی فریشتەکان، کاتێک دژایەتی شەیتانی کرد و سەبارەت بە تەرمی موسا مشتومڕی کرد، نەیوێرا بە بوختان سکاڵای لێ بکات، بەڵکو گوتی: «یەزدان سەرزەنشتت بکات!» کەچی ئەوانە قسە بۆ شتێک هەڵدەبەستن کە لێی تێناگەن. ئەوەی وەک ئاژەڵی بەستەزمان بە سروشتی دەیزانن، دەبێتە هۆی لەناوچوونیان. قوڕبەسەریان! ڕێگای قایینیان گرتووە؛ بۆ بڕێک دەستکەوت خۆیان داوەتە دەست چەواشەیی بەلعامەوە؛ لە یاخیبوونەکەی قۆڕەح لەناوچوون. ئەوانە لە داوەتە برایەتییەکانی ئێوەدا لەکەیەکن، بێشەرمانە نان دەخۆن، شوانێکن کە تەنها خۆیان دەلەوەڕێنن. ئەوانە هەوری بێ بارانن و با هەڵیگرتوون، وەک داری بێ بەری پاییزن، لە ڕەگەوە هەڵکەنراون، دوو جار مردوون. ئەوان شەپۆلی دەریای هەڵچوون و کارە شەرمهێنەرەکانیان وەک کەف دەردەکەون، ئەستێرەی گەڕۆکن کە بۆ هەتاهەتایە ئەوپەڕی تاریکاییان بۆ هەڵگیراوە. حەنۆخ کە لە نەوەی حەوتەمی ئادەمە لەبارەی ئەوانەوە پێشبینیی کرد: «سەیر بکەن، یەزدان لەگەڵ هەزاران فریشتەی پیرۆزی خۆی دێت، تاکو هەموو خەڵک حوکم بدات و تاوانباریان بکات بە ئەنجامدانی هەموو ئەو کردەوە خوانەناسییانەی کە بەهۆی خوانەناسییان ئەنجامیان داوە، هەروەها هەموو ئەو قسە ڕەقانەی کە گوناهبارە خوانەناسەکان لە دژی ئەو گوتوویانە.» ئەوانە بۆڵەبۆڵکەر و گلەییکەرن، بەگوێرەی ئارەزووە خراپەکانیان هەڵسوکەوت دەکەن و قسەی گەورە دەکەن، بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە دووڕوویی ستایشی خەڵک دەکەن.

هاوبەشی بکە
یەهوزا 1 بخوێنەوە