لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لێڤییەکان 14:16-30

لێڤییەکان 14:16-30 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئینجا لە خوێنی جوانەگاکە ببات و بە پەنجەی بەسەر ڕووی قەپاغەکەی کەفارەت، بەلای ڕۆژهەڵات بیپرژێنێت، لەلای پێشەوەی قەپاغەکەی کەفارەتیش، حەوت جار بە پەنجەی خوێنەکە بپرژێنێت. «ئینجا گیسکەکەی قوربانی گوناه کە بۆ گەل سەری ببڕێت و بە خوێنەکەیەوە بچێتە پشت پەردەکە، چی بە خوێنی جوانەگاکە کرد، ئاواش بە خوێنەکەی ئەم بکات و بەسەر قەپاغەکەی کەفارەت و لای پێشەوەی بیپرژێنێت. بەم شێوەیە کەفارەت بۆ شوێنی هەرەپیرۆز بکات لە گڵاوییەکانی نەوەی ئیسرائیل و لە یاخیبوون و هەموو گوناهەکانیان. بۆ چادری چاوپێکەوتنیش کە لەنێویانە ئاوا بکات، لەناوەندی گڵاوییەکانیان. نابێت هیچ کەسێکیش لە چادری چاوپێکەوتن بێت، لە کاتی چوونە ژوورەوەی هارون بۆ کەفارەتکردن لە شوێنی هەرەپیرۆز هەتا کاتی هاتنە دەرەوەی، کەفارەت بۆ خۆی و ماڵەکەی و هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل بکات. «ئینجا بچێتە دەرەوە بۆ لای قوربانگاکەی بەردەم یەزدان و کەفارەتی بۆ بکات، لە خوێنی جوانەگاکە و خوێنی گیسکەکە ببات و بەسەر قۆچەکانی قوربانگاکەیدا بکات. بە پەنجەی حەوت جار لە خوێنەکە بەسەریدا بپرژێنێت و لە گڵاوییەکانی نەوەی ئیسرائیل پاکی بکاتەوە و تەرخانی بکات. «کاتێک هارون لە کەفارەتکردن بۆ شوێنی هەرەپیرۆز و چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە تەواو بوو، گیسکە زیندووەکە پێشکەش بکات. هارون هەردوو دەستی لەسەر سەری گیسکە زیندووەکە دابنێت و لەسەری دان بە هەموو تاوان و هەموو یاخیبوونەکان و هەموو گوناهەکانی نەوەی ئیسرائیلدا بنێت، بەمە گوناهەکان دەخاتە سەر گیسکەکە. هارون لەژێر چاودێری ئەو کەسەی هەڵبژێردراوە بۆ ئەم ئیشە گیسکەکە بنێرێتە چۆڵەوانی. گیسکەکە هەموو تاوانەکانیان هەڵدەگرێت بۆ خاکێکی چۆڵ، ئینجا کەسەکە گیسکەکە لە چۆڵەوانی بەڕەڵا بکات. «ئینجا هارون بچێتە ناو چادری چاوپێکەوتن و جلە کەتانەکانی دابکەنێت کە لە چوونە ژوورەوەی بۆ شوێنی هەرەپیرۆز لەبەری کردبوو، لەوێ دایبنێت. لە شوێنێکی پیرۆز بە ئاو خۆی بشوات. ئینجا جلەکانی لەبەر بکات و بچێتە دەرەوە و قوربانی سووتاندن بۆ خۆی و قوربانی سووتاندن بۆ گەل بکات، کەفارەت بۆ خۆی و بۆ گەل بکات. پیوی قوربانییەکەی گوناهیش لەسەر قوربانگاکە بسووتێنێت. «ئەو کەسەی گیسکەکەشی بەرەو عەزازێل بەڕەڵا کرد، جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات، پاشان بچێتە ناو ئۆردوگاکە. جوانەگاکەی قوربانی گوناه و گیسکەکەی قوربانی گوناهیش، ئەوانەی خوێنەکەیان بردرا بۆ کەفارەتکردن لە شوێنی هەرەپیرۆز، ئەوا بیانباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە و پێست و گۆشت و ڕیخۆڵەکەیان بە ئاگر بسووتێنن. ئەوەی دەشیانسووتێنێت، جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات، پاشان بچێتە ناو ئۆردوگاکە. «ئەمەش دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆتان، کە ئێوە لە دەی مانگی حەوت گیانی خۆتان زەلیل دەکەن و هیچ کارێک ناکەن، نە هاوڵاتی و نە ئەو نامۆیەی لەنێوتانە، چونکە لەم ڕۆژەدا کەفارەتتان بۆ دەکرێت بۆ پاکبوونەوەتان، لە هەموو گوناهەکانتان لەبەردەم یەزدان پاک دەبنەوە.