لێڤییەکان 1:2-10 - بەراوردکردنی هەموو وەشەنەکان
لێڤییەکان 1:2-10 KSS (كوردی سۆرانی ستاندهرد)
«”ئەگەر یەکێک پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بۆ یەزدان هێنا، دەبێت پێشکەشکراوەکەی لە باشترین ئارد بێت و زەیتی بەسەردا دەکات و بخووری سادەشی دەخاتە سەر و بۆ نەوەی هارون دەیهێنێت کە کاهینەکانن. کاهینەکەش پڕ بە مستی خۆی مستێک لە ئاردەکە و زەیتەکەی لەگەڵ هەموو بخوورەکەی دەبات. کاهینەکە وەک یادەوەری لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، ئەوەی لە دانەوێڵەکەش دەمێنێتەوە بۆ هارون و کوڕەکانییەتی، ئەوە بەشی هەرەپیرۆزە لە قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان. «”ئەگەر پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی بە تەنوور برژاوت هێنا، دەبێت کولێرەی فەتیرەی بە زەیت شێلراو و ناسکە نانی فەتیرەی بە زەیت چەورکراو بێت. ئەگەر پێشکەشکراوەکەت دانەوێڵەی سەر ساج بێت، دەبێت لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراوی فەتیرە بێت، پارچەپارچەی دەکەیت و زەیتی بەسەردا دەکەیت، ئەوە پێشکەشکراوی دانەوێڵەیە. ئەگەر پێشکەشکراوەکەت دانەوێڵەی ناو تاوە بێت، لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو دەیکەیت. پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەت لەمانە دروستدەکرێت و بۆ یەزدان دەیهێنیت، دەیدەیتە کاهینەکە و ئەویش بۆ لای قوربانگاکەی دەهێنێت. کاهینەکەش لە پێشکەشکراوە دانەوێڵەکە بەشی یادەوەرییەکەی دەبات و لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە. ئەوەی لە دانەوێڵەکەش دەمێنێتەوە بۆ هارون و کوڕەکانییەتی، ئەوە بەشی هەرەپیرۆزە لە قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان.