لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 13:1-38

لۆقا 13:1-38 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

فریشته‌كه‌ پێی فه‌رموو: “زخه‌ریا مه‌ترسه‌، چونكه‌ داواكاریه‌ت بیسترا، ئه‌لیساباتی ژنیشت كوڕێكی بۆت ده‌بێت و ناوی ده‌نێیت یوخه‌ننه‌ن. بۆ تۆ ده‌بێته‌ خۆشی و شادی، زۆر كه‌س به‌ له‌دایكبوونی دڵخۆش ده‌بن، چونكه‌ له‌به‌رده‌م په‌روه‌ردگار مه‌زن ده‌بێت. مه‌ی و سه‌رخۆشكه‌ر ناخواته‌وه‌، له‌ سكی دایكییه‌وه‌ پڕده‌بێت له‌ ڕووحی پارسا و زۆر له‌ ڕۆڵه‌كانی ئیسڕائیل بۆ لای په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندیان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌. به‌ ڕووح و هێزی ئیلییاوه‌ به‌ پێشی ده‌كه‌وێت، تاكو دڵی باوكان بۆ ڕۆڵه‌كان و یاخیبووانیش بۆ هزری خوداناسان بگه‌ڕێنێته‌وه‌، تاكو گه‌لێكی ئاماده‌ بۆ په‌روه‌ردگار ڕێک بخات”. زخه‌ریاش به‌ فریشته‌كه‌ی وت: “به‌ چی ئه‌مه‌ بزانم، چونكه‌ خۆم پیرم و ژنه‌كه‌شم به‌ ساڵدا چووه‌؟” فریشته‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “من جبرائیلم كه‌ له‌به‌رده‌م خودا ڕاده‌وه‌ستم، نێردراوم تاكو له‌گه‌ڵت بدوێم و ئه‌م موژده‌یه‌ت بده‌مێ. ئه‌وه‌تا تۆ بێده‌نگ ده‌بیت و ناتوانیت قسه‌بكه‌یت تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌مه‌ دێته‌ دی، چونكه‌ بڕوات به‌ قسه‌كه‌م نه‌كرد، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ كاتی خۆیدا دێته‌ دی”. گه‌ل چاوه‌ڕوانی زخه‌ریایان ده‌كرد و سه‌رسام ببوون له‌ دواكه‌وتنی له‌نێو په‌رستگادا. كاتێ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌یتوانی له‌گه‌ڵیان بدوێت، جا تێگه‌یشتن كه‌ له‌ په‌رستگادا بینینێكی دیوه‌، ئه‌ویش ئاماژه‌ی بۆ ده‌كردن و به‌ بێده‌نگی مایه‌وه‌. كاتێ ڕۆژانی ڕاژه‌كردنه‌كه‌ی ته‌واوبوو، گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵ. دوای ئه‌و ڕۆژانه‌، ئه‌لیساباتی ژنی سكی كرد، پێنج مانگ خۆی شارده‌وه‌ و ده‌یووت: “په‌روه‌ردگار ئاوای له‌گه‌ڵ كردم له‌م ڕۆژانه‌دا ئاوڕی لێم دایه‌وه‌، تاكو له‌نێو خه‌ڵكی شوره‌ییم لابه‌رێت”. له‌ شه‌شه‌م مانگی بوو، جبرائیلی فریشته‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ بۆ شارێک نێردرا له‌ گلیلا، ناوی ناسڕه‌ت‌ بوو، بۆ پاكیزه‌یه‌كی ماره‌بڕاو له‌ پیاوێک به‌ناوی یۆسپ له‌ بنه‌ماڵه‌ی داوید، ناوی پاكیزه‌كه‌ش مه‌ریه‌م بوو. فریشته‌كه‌ هاته‌ لای و فه‌رمووی: “ئاشتی بۆ تۆ، ئه‌ی به‌خششدار! په‌روه‌ردگارت له‌گه‌ڵه، تۆ پیرۆزیت له‌نێو ژناندا”. كاتێ بینیی له‌ قسه‌كردنه‌كه‌یدا شڵه‌ژا و بیری كرده‌وه‌: “ده‌بێ ئه‌م‌ سڵاوه‌ چی بێت!”. فریشته‌كه‌ پێی فه‌رموو: “مه‌ترسه‌ مه‌ریه‌م، چونكه‌ خودا به‌خششی پێت داوه‌. ئه‌وه‌تا سكت ده‌بێت و كوڕێكت ده‌بێت ناوی ده‌نێیت ئیشۆع. مه‌زن ده‌بێت و به‌ ڕۆڵه‌ی خودای هه‌ره‌به‌رز ناوده‌بردرێت، په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندیش ته‌ختی داویدی باوكی پێ ده‌دات. تا جاویدان حوكمڕانی ماڵی یاقوو ده‌كات، پاشایه‌تیه‌كه‌شی بێ پایانه‌”. مه‌ریه‌م به‌ فریشته‌كه‌ی فه‌رموو: “ئه‌مه‌ چۆن ده‌بێت، كه‌ پیاوم نه‌ناسیوه‌؟” فریشته‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ڕووحی پارسا دێته‌ سه‌رت و هێزی هه‌ره‌به‌رز سایه‌ت ده‌بێت. بۆیه‌ ئه‌و پارسایه‌ی لێت ده‌بێت به‌ ڕۆڵه‌ی خودا ناوده‌بردرێت. ئه‌وه‌تا ئه‌لیساباتی خزمیشت به‌و پیریه‌ی سكی به‌ كوڕێک هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی به‌ نه‌زۆک ناوده‌برا له‌ شه‌شه‌م مانگیه‌تی. چونكه‌ هیچ شتێک له‌لای خودا مه‌حاڵ نییه‌”. مه‌ریه‌م فه‌رموی: “ئه‌وه‌تا من به‌نده‌ی په‌روه‌ردگارم. با به‌گوێره‌ی قسه‌كانت بۆم ببێت”. فریشته‌كه‌ش به‌جێیهێشت.

هاوبەشی بکە
لۆقا 1 بخوێنەوە

لۆقا 13:1-38 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بەڵام فریشتەکە پێی گوت: «زەکەریا مەترسە، چونکە پاڕانەوەکەت بیسترا، ئەلیساباتی ژنیشت کوڕێکی بۆت دەبێت و ناوی لێ دەنێیت یەحیا. ئەو دەبێتە مایەی خۆشی و شادی بۆ تۆ، زۆر کەس بە لەدایکبوونی دڵخۆش دەبن، چونکە ئەو لەبەرچاوی یەزدان دەبێتە کەسێکی مەزن و پایەبەرز. هەرگیز شەراب و مەی ناخواتەوە. لە سکی دایکییەوە پڕدەبێت لە ڕۆحی پیرۆز و زۆر لە ڕۆڵەکانی ئیسرائیل بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆیان دەگەڕێنێتەوە. بە ڕۆح و توانای ئەلیاسەوە پێش یەزدان دەکەوێت، تاکو دڵی باوکان بۆ لای منداڵەکان ڕابکێشێت و یاخیبووانیش بۆ لای دانایی ڕاستودروستان بگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەی گەلێکی ئامادە بۆ یەزدان پێکبهێنێت.» زەکەریاش بە فریشتەکەی گوت: «چۆن لەمە دڵنیا بم، چونکە خۆم پیرم و ژنەکەشم بە ساڵدا چووە؟» فریشتەکە وەڵامی دایەوە: «من جبرائیلم لەبەردەم خودا ڕادەوەستم، نێردراوم تاکو لەگەڵت بدوێم و ئەم مژدەیەت بدەمێ. ئەوەتا لە ئێستاوە تۆ لاڵ دەبیت و توانای قسەکردنت نامێنێت هەتا ئەو ڕۆژەی ئەم شتانە ڕوودەدەن، چونکە باوەڕت بە قسەکەم نەکرد، ئەوەی لە کاتی خۆیدا دێتە دی.» خەڵکەکە چاوەڕوانی زەکەریایان دەکرد و سەرسام ببوون لە دواکەوتنی لەناو پەرستگادا. کاتێک هاتە دەرەوە نەیتوانی لەگەڵیان بدوێت، جا زانییان کە لە پەرستگادا بینینێکی بۆ ئاشکرا کراوە، چونکە بە ئیشارەت لەگەڵیان دەدوا و بە لاڵی مایەوە. کاتێک ڕۆژانی خزمەتکردنەکەی تەواوبوو، گەڕایەوە ماڵ. دوای ئەو ڕۆژانە، ئەلیساباتی ژنی سکی پڕبوو، پێنج مانگ خۆی شاردەوە و دەیگوت: «یەزدان ئەمەی بۆ کردم، لەم ڕۆژانەدا چاکەی خۆی نیشان دا و ئابڕووی منی لەنێو خەڵکدا کڕییەوە.» کاتێک ئەلیسابات سکی شەش مانگ‏‏ بوو، خودا جبرائیلی فریشتەی نارد بۆ شارێک لە ناوچەی جەلیل کە ناوی ناسیرە بوو، بۆ لای پاکیزەیەک کە دەستگیرانی پیاوێک بوو لە بنەماڵەی داود بە ناوی یوسف، ناوی پاکیزەکەش مریەم بوو. جبرائیل هاتە لای مریەم و گوتی: «سڵاو، ئەی ئەو کەسەی نیعمەتی خودات بەسەردا ڕژاوە، یەزدانت لەگەڵە.» بەڵام ئەو بە پەیامەکە زۆر شێوا و بیری کردەوە دەبێت ئەمە چ جۆرە سڵاوێک بێت. فریشتەکە پێی گوت: «مەترسە مریەم، چونکە لەلای خودا ڕەزامەندیت بەدەستهێنا. ئەوەتا سکت دەبێت و کوڕێکت دەبێت ناوی لێ دەنێیت عیسا. پایەبەرز دەبێت و بە کوڕی خودای هەرەبەرز ناودەبردرێت، خودای پەروەردگاریش تەختی داودی باوکی پێدەداتەوە. هەتاهەتایە حوکمڕانی نەوەی یاقوب دەکات، شانشینەکەشی کۆتایی نایەت.» بەڵام مریەم بە فریشتەکەی گوت: «ئەمە چۆن دەبێت، کە من هێشتا پاکیزەم؟» فریشتەکە وەڵامی دایەوە: «ڕۆحی پیرۆز دێتە سەرت و هێزی خودای هەرەبەرز دەبێتە سایەی سەرت. لەبەر ئەوە ئەو پیرۆزەی لێت دەبێت بە کوڕی خودا ناودەبردرێت. ئەوەتا ئەلیساباتی خزمیشت بەو پیرییە سکی پڕە بە کوڕێک. ئەوەی پێیان دەگوت نەزۆک سکی شەش مانگە، چونکە هیچ شتێک لەلای خودا مەحاڵ نییە.» مریەم گوتی: «ئەوەتا من کارەکەری یەزدانم. ئەوەی تۆ دەیفەرموویت با بێتە دی.» فریشتەکەش بەجێی هێشت.

هاوبەشی بکە
لۆقا 1 بخوێنەوە