لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 26:1-56

لۆقا 26:1-56 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌ شه‌شه‌م مانگی بوو، جبرائیلی فریشته‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ بۆ شارێک نێردرا له‌ گلیلا، ناوی ناسڕه‌ت‌ بوو، بۆ پاكیزه‌یه‌كی ماره‌بڕاو له‌ پیاوێک به‌ناوی یۆسپ له‌ بنه‌ماڵه‌ی داوید، ناوی پاكیزه‌كه‌ش مه‌ریه‌م بوو. فریشته‌كه‌ هاته‌ لای و فه‌رمووی: “ئاشتی بۆ تۆ، ئه‌ی به‌خششدار! په‌روه‌ردگارت له‌گه‌ڵه، تۆ پیرۆزیت له‌نێو ژناندا”. كاتێ بینیی له‌ قسه‌كردنه‌كه‌یدا شڵه‌ژا و بیری كرده‌وه‌: “ده‌بێ ئه‌م‌ سڵاوه‌ چی بێت!”. فریشته‌كه‌ پێی فه‌رموو: “مه‌ترسه‌ مه‌ریه‌م، چونكه‌ خودا به‌خششی پێت داوه‌. ئه‌وه‌تا سكت ده‌بێت و كوڕێكت ده‌بێت ناوی ده‌نێیت ئیشۆع. مه‌زن ده‌بێت و به‌ ڕۆڵه‌ی خودای هه‌ره‌به‌رز ناوده‌بردرێت، په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندیش ته‌ختی داویدی باوكی پێ ده‌دات. تا جاویدان حوكمڕانی ماڵی یاقوو ده‌كات، پاشایه‌تیه‌كه‌شی بێ پایانه‌”. مه‌ریه‌م به‌ فریشته‌كه‌ی فه‌رموو: “ئه‌مه‌ چۆن ده‌بێت، كه‌ پیاوم نه‌ناسیوه‌؟” فریشته‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ڕووحی پارسا دێته‌ سه‌رت و هێزی هه‌ره‌به‌رز سایه‌ت ده‌بێت. بۆیه‌ ئه‌و پارسایه‌ی لێت ده‌بێت به‌ ڕۆڵه‌ی خودا ناوده‌بردرێت. ئه‌وه‌تا ئه‌لیساباتی خزمیشت به‌و پیریه‌ی سكی به‌ كوڕێک هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی به‌ نه‌زۆک ناوده‌برا له‌ شه‌شه‌م مانگیه‌تی. چونكه‌ هیچ شتێک له‌لای خودا مه‌حاڵ نییه‌”. مه‌ریه‌م فه‌رموی: “ئه‌وه‌تا من به‌نده‌ی په‌روه‌ردگارم. با به‌گوێره‌ی قسه‌كانت بۆم ببێت”. فریشته‌كه‌ش به‌جێیهێشت. له‌و ڕۆژانه‌دا، مه‌ریه‌م هه‌ستا و خێرا به‌ره‌و چیاكان بۆ شاری ئیهوود چوو. چووه‌ ماڵی زخه‌ریا و سڵاوی له‌ ئه‌لیسابات كرد. كاتێ ئه‌لیسابات گوێی له‌ سڵاوه‌كه‌ی مه‌ریه‌م بوو، كۆرپه‌له‌كه‌ له‌ سكیدا هه‌ڵبه‌زی و ئه‌لیسابات پڕبوو له‌ ڕووحی پارسا. به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد و وتی: “له‌نێو ژناندا داڕشتكراویت، به‌رهه‌می سكت پیرۆزه‌! ئه‌مه‌م له‌كوێ بوو، دایكی په‌روه‌ردگارم بێته‌ لام؟ ئه‌وه‌تا هه‌ركه‌ ده‌نگی سڵاوه‌كه‌ت به‌ر گوێم كه‌وت، كۆرپه‌له‌كه‌ له‌ خۆشیدا له‌ سكم هه‌ڵبه‌زییه‌وه‌. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی باوه‌ڕی هێناوه‌ كه‌ له‌ په‌روه‌ردگاره‌وه‌ چی پێ وتراوه‌ دێته‌ دی”. مه‌ریه‌میش فه‌رمووی: “ده‌روونم په‌روه‌ردگار شكۆدار ده‌كات، ڕووحم به‌ خودای ڕزگاریده‌رم دڵشاده‌، چونكه‌ سه‌یری خاكساریی به‌نده‌كه‌ی كرد. ئه‌وه‌تا له‌ ئێستاوه‌ هه‌موو نه‌وه‌كان پارسام ده‌كه‌ن، چونكه‌ توانادار شتی مه‌زنی بۆ كردم، پارسایه‌ ناوی. به‌زه‌ییه‌كه‌ی بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ لێی ده‌ترسن، نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌. به‌ بازووی كاری به‌هێزی ئه‌نجام دا، لووتبه‌رزانی به‌ بۆچوونه‌كانی دڵیان په‌رتوبڵاو كرده‌وه‌. تواناداره‌كانی له‌ ته‌خته‌كان هێنایه‌ خواره‌وه‌، خاكساره‌كانی به‌رز كرده‌وه‌. برسییه‌كانی له‌ خێر تێر كرد، ده‌وڵه‌مه‌ندانی به‌ ده‌ستی به‌تاڵی ڕه‌وانه‌ كرده‌وه‌. پاڵپشتی ئیسڕائیلی ڕۆڵه‌ی خۆی كرد، بۆ یادكردنه‌وه‌ی به‌زه‌یی، وه‌ک قسه‌ی بۆ باوكانمان كرد، بۆ ئه‌وڕاهه‌م و نه‌وه‌كه‌ی تاهه‌تایه‌”. مه‌ریه‌م نزیكه‌ی سێ مانگ له‌لای مایه‌وه‌ و پاشان گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی.

هاوبەشی بکە
لۆقا 1 بخوێنەوە

لۆقا 26:1-56 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک ئەلیسابات سکی شەش مانگ‏‏ بوو، خودا جبرائیلی فریشتەی نارد بۆ شارێک لە ناوچەی جەلیل کە ناوی ناسیرە بوو، بۆ لای پاکیزەیەک کە دەستگیرانی پیاوێک بوو لە بنەماڵەی داود بە ناوی یوسف، ناوی پاکیزەکەش مریەم بوو. جبرائیل هاتە لای مریەم و گوتی: «سڵاو، ئەی ئەو کەسەی نیعمەتی خودات بەسەردا ڕژاوە، یەزدانت لەگەڵە.» بەڵام ئەو بە پەیامەکە زۆر شێوا و بیری کردەوە دەبێت ئەمە چ جۆرە سڵاوێک بێت. فریشتەکە پێی گوت: «مەترسە مریەم، چونکە لەلای خودا ڕەزامەندیت بەدەستهێنا. ئەوەتا سکت دەبێت و کوڕێکت دەبێت ناوی لێ دەنێیت عیسا. پایەبەرز دەبێت و بە کوڕی خودای هەرەبەرز ناودەبردرێت، خودای پەروەردگاریش تەختی داودی باوکی پێدەداتەوە. هەتاهەتایە حوکمڕانی نەوەی یاقوب دەکات، شانشینەکەشی کۆتایی نایەت.» بەڵام مریەم بە فریشتەکەی گوت: «ئەمە چۆن دەبێت، کە من هێشتا پاکیزەم؟» فریشتەکە وەڵامی دایەوە: «ڕۆحی پیرۆز دێتە سەرت و هێزی خودای هەرەبەرز دەبێتە سایەی سەرت. لەبەر ئەوە ئەو پیرۆزەی لێت دەبێت بە کوڕی خودا ناودەبردرێت. ئەوەتا ئەلیساباتی خزمیشت بەو پیرییە سکی پڕە بە کوڕێک. ئەوەی پێیان دەگوت نەزۆک سکی شەش مانگە، چونکە هیچ شتێک لەلای خودا مەحاڵ نییە.» مریەم گوتی: «ئەوەتا من کارەکەری یەزدانم. ئەوەی تۆ دەیفەرموویت با بێتە دی.» فریشتەکەش بەجێی هێشت. لەو ڕۆژانەدا، مریەم هەستا و خێرا بۆ شارۆچکەیەک چوو لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی یەهودیا. چووە ماڵی زەکەریا و سڵاوی لە ئەلیسابات کرد. کاتێک ئەلیسابات گوێی لە سڵاوەکەی مریەم بوو، منداڵەکە لە سکیدا کەوتە جوڵەجوڵ و ئەلیسابات پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز. ئەلیسابات بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «لەنێو ژناندا بەرەکەتداریت، بەرهەمی سکت بەرەکەتدار دەبێت! بۆ من کێم تاکو دایکی گەورەکەم بێت بۆ لام؟ چونکە هەرکە دەنگی سڵاوەکەت بەر گوێم کەوت، منداڵەکە لە خۆشیدا لە سکمدا هەڵبەزییەوە. خۆزگە دەخوازرێت بەوەی باوەڕی هێناوە کە لە یەزدانەوە چی پێ گوتراوە دێتە دی.» مریەمیش گوتی: «گیانم ستایشی یەزدان دەکات، ڕۆحم بە خودای ڕزگارکەرم دڵشادە، چونکە سەیری بێفیزی کارەکەرەکەی کرد. ئەوەتا لە ئێستاوە هەموو نەوەکان خۆزگە بە من دەخوازن، چونکە توانادار کاری گەورەی بۆ من ئەنجام دا، پیرۆزە ناوی ئەو. بەزەییەکەی بۆ ئەوانەیە کە لێی دەترسن، نەوە دوای نەوە. بە بازووی کاری بەهێزی ئەنجام دا، ئەوانەی بە بۆچوونەکانی دڵیان لووتبەرز بوون، پەرتوبڵاوی کردنەوە. تەختی توانادارەکانی سەرەوژێر کردووە و بێفیزەکانی بڵند کردەوە. برسییەکانی لە خێروبێر تێر کرد، دەوڵەمەندانی بە دەستی بەتاڵ ڕەوانە کردەوە. بە یارمەتیدانی گەلی ئیسرائیلی بەندەی خۆی هەتاهەتایە بەزەییەکەی بەبیر هێنایەوە لەگەڵ ئیبراهیم و نەوەکەی، هەروەک بەڵێنی بە باوباپیرانمان دا.» مریەم لەلای ئەلیسابات نزیکەی سێ مانگ مایەوە، پاشان گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی.

هاوبەشی بکە
لۆقا 1 بخوێنەوە