لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 39:1-56

لۆقا 39:1-56 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌و ڕۆژانه‌دا، مه‌ریه‌م هه‌ستا و خێرا به‌ره‌و چیاكان بۆ شاری ئیهوود چوو. چووه‌ ماڵی زخه‌ریا و سڵاوی له‌ ئه‌لیسابات كرد. كاتێ ئه‌لیسابات گوێی له‌ سڵاوه‌كه‌ی مه‌ریه‌م بوو، كۆرپه‌له‌كه‌ له‌ سكیدا هه‌ڵبه‌زی و ئه‌لیسابات پڕبوو له‌ ڕووحی پارسا. به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد و وتی: “له‌نێو ژناندا داڕشتكراویت، به‌رهه‌می سكت پیرۆزه‌! ئه‌مه‌م له‌كوێ بوو، دایكی په‌روه‌ردگارم بێته‌ لام؟ ئه‌وه‌تا هه‌ركه‌ ده‌نگی سڵاوه‌كه‌ت به‌ر گوێم كه‌وت، كۆرپه‌له‌كه‌ له‌ خۆشیدا له‌ سكم هه‌ڵبه‌زییه‌وه‌. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی باوه‌ڕی هێناوه‌ كه‌ له‌ په‌روه‌ردگاره‌وه‌ چی پێ وتراوه‌ دێته‌ دی”. مه‌ریه‌میش فه‌رمووی: “ده‌روونم په‌روه‌ردگار شكۆدار ده‌كات، ڕووحم به‌ خودای ڕزگاریده‌رم دڵشاده‌، چونكه‌ سه‌یری خاكساریی به‌نده‌كه‌ی كرد. ئه‌وه‌تا له‌ ئێستاوه‌ هه‌موو نه‌وه‌كان پارسام ده‌كه‌ن، چونكه‌ توانادار شتی مه‌زنی بۆ كردم، پارسایه‌ ناوی. به‌زه‌ییه‌كه‌ی بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ لێی ده‌ترسن، نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌. به‌ بازووی كاری به‌هێزی ئه‌نجام دا، لووتبه‌رزانی به‌ بۆچوونه‌كانی دڵیان په‌رتوبڵاو كرده‌وه‌. تواناداره‌كانی له‌ ته‌خته‌كان هێنایه‌ خواره‌وه‌، خاكساره‌كانی به‌رز كرده‌وه‌. برسییه‌كانی له‌ خێر تێر كرد، ده‌وڵه‌مه‌ندانی به‌ ده‌ستی به‌تاڵی ڕه‌وانه‌ كرده‌وه‌. پاڵپشتی ئیسڕائیلی ڕۆڵه‌ی خۆی كرد، بۆ یادكردنه‌وه‌ی به‌زه‌یی، وه‌ک قسه‌ی بۆ باوكانمان كرد، بۆ ئه‌وڕاهه‌م و نه‌وه‌كه‌ی تاهه‌تایه‌”. مه‌ریه‌م نزیكه‌ی سێ مانگ له‌لای مایه‌وه‌ و پاشان گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی.

هاوبەشی بکە
لۆقا 1 بخوێنەوە

لۆقا 39:1-56 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لەو ڕۆژانەدا، مریەم هەستا و خێرا بۆ شارۆچکەیەک چوو لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی یەهودیا. چووە ماڵی زەکەریا و سڵاوی لە ئەلیسابات کرد. کاتێک ئەلیسابات گوێی لە سڵاوەکەی مریەم بوو، منداڵەکە لە سکیدا کەوتە جوڵەجوڵ و ئەلیسابات پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز. ئەلیسابات بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «لەنێو ژناندا بەرەکەتداریت، بەرهەمی سکت بەرەکەتدار دەبێت! بۆ من کێم تاکو دایکی گەورەکەم بێت بۆ لام؟ چونکە هەرکە دەنگی سڵاوەکەت بەر گوێم کەوت، منداڵەکە لە خۆشیدا لە سکمدا هەڵبەزییەوە. خۆزگە دەخوازرێت بەوەی باوەڕی هێناوە کە لە یەزدانەوە چی پێ گوتراوە دێتە دی.» مریەمیش گوتی: «گیانم ستایشی یەزدان دەکات، ڕۆحم بە خودای ڕزگارکەرم دڵشادە، چونکە سەیری بێفیزی کارەکەرەکەی کرد. ئەوەتا لە ئێستاوە هەموو نەوەکان خۆزگە بە من دەخوازن، چونکە توانادار کاری گەورەی بۆ من ئەنجام دا، پیرۆزە ناوی ئەو. بەزەییەکەی بۆ ئەوانەیە کە لێی دەترسن، نەوە دوای نەوە. بە بازووی کاری بەهێزی ئەنجام دا، ئەوانەی بە بۆچوونەکانی دڵیان لووتبەرز بوون، پەرتوبڵاوی کردنەوە. تەختی توانادارەکانی سەرەوژێر کردووە و بێفیزەکانی بڵند کردەوە. برسییەکانی لە خێروبێر تێر کرد، دەوڵەمەندانی بە دەستی بەتاڵ ڕەوانە کردەوە. بە یارمەتیدانی گەلی ئیسرائیلی بەندەی خۆی هەتاهەتایە بەزەییەکەی بەبیر هێنایەوە لەگەڵ ئیبراهیم و نەوەکەی، هەروەک بەڵێنی بە باوباپیرانمان دا.» مریەم لەلای ئەلیسابات نزیکەی سێ مانگ مایەوە، پاشان گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی.

هاوبەشی بکە
لۆقا 1 بخوێنەوە