لۆقا 1:10-42
لۆقا 1:10-42 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
پاش ئه‌مه په‌روه‌ردگار حه‌فتای دیكه‌ی ده‌ستنیشان كرد، له‌پێش خۆی دوو دوو ناردنی بۆ هه‌ر شار و جێگایه‌ک كه به‌ته‌مابوو بۆی بچێت. جا پێی فه‌رموون: “دروێنه زۆره، به‌ڵام سه‌پان كه‌مه. جا داوا له خاوه‌ن دروێنه بكه‌ن تاكو سه‌پان بۆ دروێنه‌كه‌ی بنێرێت. بڕۆن! ئه‌وا من وه‌ک كاوڕ بۆ نێو گورگان ده‌تاننێرم. نه كیسه‌ی پاره و نه توره‌گه و نه سۆل هه‌ڵمه‌گرن، له ڕێگاش سڵاو له كه‌س مه‌كه‌ن. چوونه هه‌ر ماڵێكیش، یه‌كه‌مجار بڵێن: ئاشتی بۆ ئه‌م ماڵه، ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ی ئاشتی له‌وێ بێت، ئه‌وا ئاشتیتان ده‌چێته سه‌ری، ئه‌گینا بۆ خۆتان ده‌گه‌ڕێته‌وه. له‌و ماڵه بمێننه‌وه و له‌وه‌ی هه‌یانه بخۆن و بخۆنه‌وه، چونكه كارگه‌ر شایانی كرێی خۆیه‌تی. ماڵه و ماڵیش مه‌كه‌ن. چوونه هه‌ر شارێک و پێشوازییان لێ‌كردن، ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌متانی داده‌نێن بیخۆن، ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی تیایه‌تی چاكی بكه‌نه‌وه و پێیان بڵێن: پاشایه‌تی خودا لێتان نزیكبۆته‌وه. به‌ڵام چوونه هه‌ر شارێک و پێشوازییان لێ نه‌كردن، بڕۆنه سه‌ر شه‌قامه‌كانی و بڵێن: ته‌نانه‌ت تۆزی شاره‌كه‌تان كه به پێمانه‌وه لكاوه بۆتانی ده‌ته‌كێنین، به‌ڵام ئه‌مه بزانن: پاشایه‌تی خودا لێتان نزیكبۆته‌وه. پێتان ده‌ڵێم: له‌و ڕۆژه‌دا دۆخی سه‌دوم سوكتر ده‌بێت له‌و شاره. وه‌ی به‌حاڵت كوره‌زین! وه‌ی به‌حاڵت به‌یتسه‌یده‌ن! چونكه ئه‌و په‌رجوانه‌ی له‌نێو ئێوه‌دا كران، ئه‌گه‌ر له سووڕ و سه‌یده‌ن بكرابوونایه، هه‌ر زوو به به‌رگی ماته‌م و له نێو خۆڵه‌مێش داده‌نیشتن و تۆبه‌یان ده‌كرد. به‌ڵام له لێپرسینه‌وه‌دا، دۆخی سووڕ و سه‌یده‌ن سوكتر ده‌بێت له‌وه‌ی ئێوه‌یه. تۆش ئه‌ی كپه‌ڕناخوم، كه بۆ ئاسمان به‌رز بوویته! تۆ ده‌كه‌ویته دۆڵی بێ‌بن. ئه‌وه‌ی گوێتان لێ بگرێت، گوێ له من ده‌گرێت، ئه‌وه‌ی ڕه‌تتان ده‌كاته‌وه من ڕه‌ت ده‌كاته‌وه. ئه‌وه‌ش من ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، ئه‌وه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه كه منی ناردووه”. حه‌فتاكه به شادییه‌وه گه‌ڕانه‌وه و وتیان: “په‌روه‌ردگار، ته‌نانه‌ت شه‌یتانه‌كانیش به ناوی تۆوه ملكه‌چمانن!”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “شه‌یتانم بینی وه‌ک بروسكه له ئاسمانه‌وه ده‌كه‌وت. ئه‌وه‌تا ده‌سه‌ڵاتم پێتانداوه پێ به مار و دووپشک و هه‌موو هێزی دوژمن‌دا بنێن، هیچ زیانیشتان پێناگه‌یه‌نێت. به‌ڵام به‌مه دڵخۆش مه‌بن كه ڕووحه‌كان ملكه‌چتانن، به‌ڵكو دڵخۆشبن كه ناوتان له ئاسمانان‌دا نووسراوه”. له‌و كاته‌دا ئیشۆع به ڕووحی پارسا شادمان بوو و فه‌رمووی: “سوپاست ده‌كه‌م ئه‌ی باوک، په‌روه‌ردگاری ئاسمان و زه‌وی، چونكه ئه‌مانه‌ت له دانا و تێگه‌یشتووان شاردۆته‌وه و بۆ منداڵان ئاشكرات كردووه. به‌ڵێ ئه‌ی باوک، چونكه به‌لای تۆوه ئاوا خۆش بوو!” ئینجا ئاوڕی له قوتابیه‌كانی دایه‌وه و فه‌رمووی: “له باوكمه‌وه هه‌موو شتێكم پێ دراوه. كه‌س نازانێت ڕۆڵه كێیه باوک نه‌بێت، یان باوک كێیه ڕۆڵه و ئه‌وه نه‌بێت كه ڕۆڵه ده‌یه‌وێ بۆی ئاشكرا بكات”. به ته‌نیا ئاوڕی له قوتابییه‌كان دایه‌وه و فه‌رمووی: “به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و چاوانه‌ی ئه‌وه ده‌بینێت كه ئێوه ده‌یبینن! چونكه پێتان ده‌ڵێم: زۆر پێغه‌مبه‌ر و پاشا ویستیان ئه‌وه ببینن كه ئێوه ده‌یبینن، به‌ڵام نه‌یانبینی، ئه‌وه‌ش ببیستن كه ئێوه ده‌یبیستن، به‌ڵام نه‌یانبیست”. ته‌وراتزانێک هه‌ستا تاكو تاقی بكاته‌وه، وتی: “ڕابی، چی بكه‌م تاكو ژیانی جاویدانی به میرات بگرم؟” ئه‌ویش پێی فه‌رموو: “له ته‌وراتدا چی نووسراوه؟ چۆن ده‌یخوێنیته‌وه؟” وه‌ڵامی دایه‌وه و وتی: “په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندت به هه‌موو دڵ و هه‌موو ده‌روون و هه‌موو توانا و هه‌موو بیرته‌وه خۆشبووێ، هه‌روه‌ها نزیكه‌كه‌ت وه‌ک خۆت خۆشبووێ”. پێی فه‌رموو: “وه‌ڵامه‌كه‌ت ڕاسته، ئه‌مه بكه ده‌ژیت”. به‌ڵام ویستی پاكانه بۆ خۆی بكات، به ئیشۆعی وت: “نزیكه‌كه‌م كێیه؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه و فه‌رمووی: “مرۆڤێک له یروشلایمه‌وه بۆ ئه‌ریخو ده‌چوو، كه‌وته ده‌ست جه‌رده، ڕووتیان كرده‌وه و برینداریان كرد، ئینجا به نیوه‌مری به‌جێیان هێشت و ڕۆیشتن. وا ڕێككه‌وت كاهینێک به‌و ڕێگایه‌دا ده‌ڕۆیشت، كاتێ بینی، له‌وبه‌ره‌وه تێپه‌ڕی. لیوییه‌كیش ئاوا گه‌یشته شوێنه‌كه، هات و سه‌یری كرد و له‌وبه‌ره‌وه تێپه‌ڕی. به‌ڵام شمرنیه‌كی ڕێبوار هاته سه‌ری، بینی و دڵی پێی سووتا، چووه پێش و برینه‌كانی پێچایه‌وه، ڕۆن و مه‌یی به‌سه‌ردا كرد، سواری وڵاغه‌كه‌ی خۆی كرد و بردییه خانێک و چاودێری كرد. ڕۆژی پاشتر دوو دیناری ده‌رهێنا و دایه خانچییه‌كه و وتی: چاودێری بكه و هه‌رچی زیاترت خه‌رج كرد، كه گه‌ڕامه‌وه ده‌تده‌مه‌وه. كام له‌م سێیانه به نزیک ده‌زانیت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌وته ده‌ست جه‌رده‌كان؟” وتی: “ئه‌وه‌ی به‌زه‌یی پێیدا هاته‌وه”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “تۆش بڕۆ ئاوا بكه”. كاتێ ڕێیان ده‌كرد چووه گوندێک، ژنێک له ماڵه‌كه‌ی خۆی پێشوازی لێ‌كرد ناوی مه‌رتا بوو. خوشكێكی هه‌بوو ناوی مه‌ریه‌م بوو، له‌به‌رپێی ئیشۆع دانیشت و گوێی له فه‌رمووده‌كانی ده‌گرت. به‌ڵام مه‌رتا له‌به‌ر زۆری ڕاژه‌كردن شپرزه‌بوو، ڕاوه‌ستا و وتی: “په‌روه‌ردگار، باكت نییه خوشكم به ته‌نیا به‌جێیهێشتووم و ڕاژه ده‌كه‌م؟ پێی بفه‌رموو با یارمه‌تیم بدات!” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه و پێی فه‌رموو: “مه‌رتا، مه‌رتا، تۆ خه‌م له زۆر شت ده‌خۆیت و په‌شۆكاویت، به‌ڵام یه‌ک شت پێویسته، مه‌ریه‌م به‌شه چاكه‌كه‌ی هه‌ڵبژارد كه لێی ناسه‌ندرێته‌وه”.
لۆقا 1:10-42 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)
پاش ئەمە مەسیحی خاوەن شکۆ حەفتا و دوو کەسی دیکەی دەستنیشان کرد، لەپێش خۆی دوو دوو ناردنی بۆ هەر شار و جێگایەک کە بەتەمابوو بۆی بچێت. جا پێی فەرموون: «دروێنە زۆرە، بەڵام سەپان کەمە. لەبەر ئەوە داوا لە خاوەنی دروێنە بکەن تاکو سەپان بۆ دروێنەکەی بنێرێت. بڕۆن! ئەوا من وەک بەرخ بۆ ناو گورگتان دەنێرم. نە کیسەی پارە و نە توورەکە و نە پێڵاو هەڵمەگرن، لە ڕێگاش سڵاو لە کەس مەکەن. «چوونە هەر ماڵێکیش، یەکەم جار بڵێن: ”ئاشتی بۆ ئەم ماڵە بێت،“ ئەگەر پیاوی ئاشتی لەوێ بێت، ئەوا ئاشتیتان دەچێتە سەری، ئەگینا بۆ خۆتان دەگەڕێتەوە. لەو ماڵە بمێننەوە و لەوەی هەیانە بخۆن و بخۆنەوە، چونکە کرێکار شایانی کرێی خۆیەتی. ماڵە و ماڵیش مەکەن. «چوونە هەر شارێک و پێشوازییان لێکردن، ئەوەی لەبەردەمتانی دادەنێن بیخۆن، ئەو نەخۆشانەی تێیدایە چاکیان بکەنەوە و پێیان بڵێن: ”پاشایەتی خودا لێتان نزیک بووەتەوە.“ بەڵام ئەگەر چوونە شارۆچکەیەک و پێشوازییان لێ نەکردن، بڕۆنە سەر شەقامەکانی و بڵێن: ”تەنانەت تۆزی شارۆچکەکەتان کە بە پێمانەوە نووساوە بۆتانی دەتەکێنین، بەڵام ئەمە بزانن: پاشایەتی خودا لێتان نزیک بووەتەوە.“ پێتان دەڵێم: لەو ڕۆژەدا سەدۆم سزای سووکتری دەبێت لەوەی ئەو شارۆچکەیە. «قوڕبەسەرت، ئەی شاری خورازین! قوڕبەسەرت، ئەی بێت‌سەیدا! چونکە ئەو پەرجووانەی لەنێو ئێوەدا کران، ئەگەر لە سور و سەیدا بکرایە، ئەوا هەر زوو خەڵکەکەی بە جلوبەرگی گوش و لەناو خۆڵەمێشدا دادەنیشتن و تۆبەیان دەکرد. بەڵام لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، سزای سور و سەیدا لە هی ئێوە سووکتر دەبێت. تۆش ئەی کەفەرناحوم، ئایا بۆ ئاسمان بەرز دەکرێیتەوە؟ نەخێر، تۆ بۆ جیهانی مردووان دەچیتە خوارەوە. «ئەوەی گوێتان لێ بگرێت، گوێ لە من دەگرێت، ئەوەی ڕەتتان دەکاتەوە من ڕەت دەکاتەوە. ئەوەش من ڕەت دەکاتەوە، ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە منی ناردووە.» حەفتا و دوو نێردراوەکە بە شادییەوە گەڕانەوە و گوتیان: «گەورەم، تەنانەت ڕۆحی پیسیش بە ناوی تۆوە ملکەچمانن.» ئەویش پێی فەرموون: «شەیتانم بینی وەک بروسکە لە ئاسمانەوە دەکەوت. ئەوەتا دەسەڵاتم پێتان داوە پێ بە مار و دووپشک و هەموو هێزی دوژمن‌دا بنێن، هیچ شتێکیش زیانتان پێناگەیەنێت. بەڵام بەمە دڵخۆش مەبن کە ڕۆحە پیسەکان ملکەچتانن، بەڵکو دڵخۆش بن کە ناوتان لە ئاسماندا نووسراوە.» لەو کاتەدا عیسا بە ڕۆحی پیرۆز شادمان بوو و فەرمووی: «ئەی باوک سوپاست دەکەم، پەروەردگاری ئاسمان و زەوی، چونکە ئەمانەت لە دانا و تێگەیشتووان شاردووەتەوە و بۆ منداڵانت ئاشکرا کردووە. بەڵێ ئەی باوک، چونکە ئەمەت پێ باش بوو! «باوکم هەموو شتێکی پێ سپاردووم، کەس نازانێت کوڕەکە کێیە باوک نەبێت، یان باوک کێیە کوڕەکە و ئەوانە نەبێت کە کوڕەکە دەیەوێ بۆیانی ئاشکرا بکات.» ئینجا ئاوڕی لە قوتابییەکانی دایەوە و بە تەنها بەوانی فەرموو: «خۆزگە دەخوازرێت بەو چاوانەی ئەوە دەبینێت کە ئێوە دەیبینن، چونکە پێتان دەڵێم، زۆر پێغەمبەر و پاشا ویستیان ئەوە ببینن کە ئێوە دەیبینن، بەڵام نەیانبینی، ئەوەش ببیستن کە ئێوە دەیبیستن، بەڵام نەیانبیست.» تەوراتناسێک هەستا بۆ ئەوەی عیسا تاقی بکاتەوە و گوتی: «مامۆستا چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟» ئەویش پێی فەرموو: «لە تەوراتدا چی نووسراوە؟ چۆن دەیخوێنیتەوە؟» وەڵامی دایەوە: «﴿بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو توانا و هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشبوێت،﴾ هەروەها ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾» عیسا پێی فەرموو: «وەڵامەکەت ڕاستە، ئەمە بکە، ژیانی هەتاهەتایی بەدەستدەهێنیت.» بەڵام تەوراتناسەکە ویستی پاکانە بۆ خۆی بکات، بە عیسای گوت: «نزیکەکەم کێیە؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «پیاوێک لە ئۆرشەلیمەوە بۆ ئەریحا دەچوو، کەوتە دەست جەردە، ڕووتیان کردەوە و برینداریان کرد، ئینجا بە نیوەمردوویی بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن. وا ڕێککەوت کاهینێک بەو ڕێگایەدا دەڕۆیشت، کاتێک ئەوی بینی لەو بەرەوە تێپەڕی. هەروەها کابرایەکی لێڤیش بە هەمان شێوە گەیشتە شوێنەکە، هات و سەیری کرد و لەو بەرەوە تێپەڕی. بەڵام سامیرەییەکی ڕێبوار هاتە سەری، بینی و دڵی پێی سووتا، لێی چووە پێش و ڕۆن و شەرابی بەسەر برینەکاندا کرد و پێچایەوە، سواری وڵاخەکەی خۆی کرد و بردییە خانێک و چاودێری کرد. ڕۆژی پاشتر دوو دیناری دەرهێنا و دایە خانچییەکە و گوتی: ”چاودێری بکە و هەرچی زیاترت خەرجکرد، کە گەڕامەوە دەتدەمەوە.“ «کام لەم سێ کەسە بە نزیک دەزانیت بۆ ئەو پیاوەی کە کەوتە دەست جەردەکان؟» تەوراتناسەکە گوتی: «ئەوەی بەزەیی پێیدا هاتەوە.» عیساش پێی فەرموو: «تۆش بڕۆ و بەو شێوەیە بکە.» کاتێک عیسا و قوتابییەکانی بەرەو ئۆرشەلیم دەچوون، عیسا لایدا گوندێک، ژنێک لە ماڵەکەی خۆی پێشوازی لێکرد ناوی مەرسا بوو. خوشکێکی هەبوو ناوی مریەم بوو، لەبەرپێی مەسیح دانیشت و گوێی لە فەرمایشتەکانی دەگرت. بەڵام مەرسا لەبەر زۆری خزمەتکردن شڵەژا بوو، ڕاوەستا و گوتی: «گەورەم، باکت نییە خوشکم بە تەنها بەجێی هێشتووم و خزمەت دەکەم؟ پێی بفەرموو با یارمەتیم بدات.» مەسیح وەڵامی دایەوە: «مەرسا، مەرسا، تۆ خەم لە زۆر شت دەخۆیت و ناڕەحەتیت. بەڵام یەک شت پێویستە، مریەم شتە باشەکەی هەڵبژاردووە کە لێی ناسەنرێتەوە.»